بەنزینى.. شاکەى جاڤیلاند

Thursday, 01/07/2021, 5:19

6223 بینراوە


پێنج چالاکوان و هەڵسوڕاوى چاونەترس و دلێر لەدادگاکەى مەسرور بە شەش ساڵ حوکمەکەیان بۆ جێگیر ئەکەن ، باسى باسى بەنزینى شاسوارە . هێرشى تورک بۆ داگیرکرنى خاک وێرانکردنى لەلایەک و هێرشى فرۆکەى بێفرۆکەوان لەتەویلە و پشوخانەى مەسعود بەرزانى نزیک ئەبێتەوە باسى سەرەى بەنزین دێت پێشەوە ، گەڕەکى سەرچنارى سلێمانى ئەبێتە مەیدانى جەنگێکى گەورەى نێوان میلیشیاکانى یەکێتى بۆ ڕۆژى دواتر قڕو قەپی لێئەکرێت باسى نرخ و کوالیتى بەنزینى شاکەى چاڤیلاند دێتە ئاراوە ، قەرزى حکومەت ڕولەهەڵکشانە بۆ ٣١ ملیار و نیو بەرز بوەوە ، بەنزینى شاسوار کۆڕ گەرم ئەکات . 

دەبێت نهێنى ئەم بەنزینەی شاسوار چى بێت؟ 

هەموو حکومەتێکى سەرکوتکەر و تاڵانچى دوو وەسیلەى بەدەستەوەیە بۆحوکمکردن و درێژەدان بە حوکم , لەوانە حکومەتى جوتبنەماڵە لەهەرێمى کوردستان، ئەویش: 
• یەکەم: بەهۆى هێزەوە، بۆ ئەوەش دەزگاى سەرکوتکەرى جۆراو جۆر و میلیشیاى هەمەڕەنگیان بەناو شێوەى جیاواز پێکهێناوە بۆ سەرکوت و تۆقاندن و گرتن و کوشتن و زیندانى و ئەشکەنجەدان. جوتبنەماڵە دەیەها دەزگاى لەم چەشنەیان بەئاشکرا و بە نهێنى و بێناسنامە و دەمامکدار دروستکردوە بودجەی قەبەیان بۆ تەرخانکردون.
• دووەم: لەڕێگەى بێمێشکردنى خەڵک و سڕکردنى هۆش و بیریان بۆ ئەمەش سوپایەکى زەبەلاحى نووسەر و شاعیرو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار و... هتد دروستکردوە، کایەیەک و مەکینەیەکى ڕاگەیاندنى جۆراو جۆر و قەبەى بۆ فەراهەمکردون. شەو ڕۆژ لەکاردان لەپاڵ ئەمانەشدا: 
کایەى بۆسەدەها مەلا و بانگخواز و سەلەفى و توندڕەو کردۆتەوە و سەدەها مزگەوت و دەیەها کەناڵیان هەیە ئەمانیش یەکبینە خەریکى ژەهراویکردن و سڕکردنى بیر و زەینى خەڵکن، شەو و ڕۆژ سەرقاڵى بڵاوکردنەوەى بیرى توندڕەوى وەهابى و ئەردۆغانى و کەلتورى بیابانن و لوت ئەژەننە ژیانى تاک بەتاکى خەڵک، ئاینیان کردوە بە یەک تۆپەڵ لە ڕق و کینە و دڵڕەقى و دڵڕەشى. هەمو گیانێکى یاخیبون و ئازایەتى و بوێرى دژ بەتاڵانچێتى و گەندەڵى و بێکارى یان لە ئینسانى کورددا کوشتوە و یان خەریکى کوشتنین، کێشەى ئەم مەلا و بانگخواز و سەلەفى تەنیا قودس و ناوگەڵى ئافرەتانە. خەڵکیان دەستەپاچەکردووە، بۆ ئەوەی تەنیا ڕویان لەئاسمان بێت بۆپاڕانەوە و خۆیان هەنگاوێک بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانیان هەڵنەهێنن. 
 شاسوار واحید کە (سەرمایەدار)ێکى هەلتۆقیوى بێ پێشینەى ئەم وێرانەیەى هەرێمە، بەهەموو یاسایەکى ئابوریی ئیمکانى نیە کەسێک ئاوەها وەکو قارچک هەڵبتۆقێت ئەگەر کۆمەڵێک چەتە و دزی لەپشتەوە نەبێت، کە بەفێل و تەڵەکەبازى و ساختەچێتى پارە کەڵەکە بکات. کەسێکى ئاوەها بێمەعریفە و بەبێ هیچ بنەمایەکى فکرى و سیاسی کە ئەبێت پێش هەموشتێک لەسەر سەرمایەکەى لێپرسینەوە و دادگایی بکرێت، کەسێک کە هیچ دیدێکى ڕۆشنى لەسەر ئازادیی سیاسیى و مەدەنیەکان نییە، کەسێکە ئەیەوێت لە گۆشە نیگایەکی ترەوە درێژە بەپرۆسەى بزوتنەوەى گۆڕان بدات ئەویش بە کەلاوەکردن و داڕزاندنى کۆمەڵگا و هەموو ناڕەزایەتى و بەرەنگارییەک بەکۆمەڵێک دروشمى پۆپۆلیستى و کردەوەى هەڵخەڵەتێنەر و نائەخلاقی.
لەم ماوە کەمەدا خاوەنى (بزوتنەوەى) نەوەى نوێ دوو هەنگاوى زۆر بەنرخى و بە بەهاى بۆ دەسەڵاتى سیاسیکردووە، کە ئەگەر شاسوار نەبوایە تێچونێکى بەرچاوى لەسەر دەسەڵات ئەکەوت چارەسەرى چ لە ڕووى مادیی و مەعنەوییەوە، ئەمە تەنها دوو نمونەى زەق و بەرچاوە و هەنوکەییە:
• پێش ماوەیەک کرێکارانى ژینگەپارێزى بەهۆى خراپى کرێ و بارودۆخى سەخت و مەترسیدارى کارەکەیان مانیان گرت و خەڵکیش هاوسۆزبوو لەگەڵیاندا بۆ داخوازییەکانیان بەتایبەت توێژێکن لەژیانێکى زۆر ناشایستە و نالەباردا ئەژین. 
شاسوار لەبرى ئەوەى (حیزبەکەى) پشتگیرى داخوازیەکانیان بکات و لە کەناڵى ڕاگەیاندنەوە بیکات بەبابەتێک بۆ پشتیوانى هاوسۆزى بۆیان لەو بارەسەختەى ژیان و گوزەرانیان داخوازییەکانیان بەدی بێت و ئاڕاستەى مانگرتنەکەى گۆڕى و بەچەند ئۆتۆمبیلیکى خاشاک کۆکردنەوەى گوندى ئەڵمانى خاشاکى کۆئەکردەوە و کردى بە مزایەدە بەسەر خەڵک و دواتر دەسەلات و میدیاکەشى کردبوو بەسەکۆى ستایشکردنى خاشاک کۆکردنەوە و هەرئەوەندەى مابوو شاسوار بە دەستە سەقەتەیەوە خاشاک بماڵێت. لە زۆر وڵاتدا کاتێک مانگرتنێک دێتە ئاراوە ئەوانەى ئەیانەوێت بەو شێوازە مانگرتنەکە بشکێنن مۆرکى خیانەتیان پێوە ئەلکێنن. 
• چالاکوانان و خەڵکانى بە دەربەست و خەمخۆر بە ئیمکاناتى سنورداریانەوە لەهەوڵى ئەوەدان، کەوا گرانى بەنزین و خراپى کوالیتیەکەى کەمپین و حەرەکەتێکى جەماوەرى بەدوادا بهێنن و خەڵک بەوە ئاراستە بکرێت، کە بایکۆتى بەنزین کڕین بکەن بەتایبەت لەئاستى جەماوەریدا ناڕەزایەتى و بێزارى گەیشتۆتە ئاستێکى باڵا، ئەگەر ئەوە سەرى بگرتایە - وەک لەزۆر وڵاتانى دنیادا کراوە – ئەگەر بەشێوەیەکى سنورداریش بوایە ئەوا دەسەڵاتى ئەهێنایە ژێر بار لانی کەم جوڵەیەکى ئەخستە مەیدانەکەوە، بەڵام شاسوار ئەمجارە خزمەتێکى گەورەى بە دەسەڵات کردەوە لەبرى ئەوەى بەدەنگ داخوازییە گشتیەکانەوە بچێت و بایکۆتى بەنزین کڕین بکرێت و هەتا مل بەدەسەڵات کەچ بکرێت لەکاتێکدا پاڵاوگەکانى قەیوان و کار ى جوتبنەماڵە بەنزینەکەیان لە کەرکوک و مەخمور بە ٤٥٠ دینار ئەفرۆشرێت و لەناو هەریم بە ٧٠٠ دینار، شاسوار هات و لە چاڤیلاندەوە کەشوێنێکى گەشتیاریە بەبێ هیچ مەرجێکى سەلامەتى ڕۆژانە تەنکەرێک دوو تەنکەر بە ٥٠٠ دینار ئەفرۆشێت، ڕیزبەستنى ئۆتۆمبیلەکان و قسەى هەندێک هاوڵاتى نزیک لەخۆیانی کردووە بە خۆراکى تەلەفیزۆنەکەى. بەم کردەوەیە لەلایەک حکومەت نرخى بەنزینەکە وەکو خۆى ئەهێڵێتەوە لەلایەکیترەوە ناهێڵێت بزوتنەوەی جەماوەرى و یاخیبون و بایکۆت سەر هەڵبدات.
نەوشیروان مستەفا ئاڕاستەى خۆپیشاندان و مانگرتنەکانى بەرەو (خەبات)ى پەرلەمانى و دەستکەوتى پلە و پۆست بۆ حەملان و جەماعەتەکەى برد، وا شاسوار واحیدیش لە هەوڵدایە، کە شکست بەهەر هەوڵێکى زیندوو کردنەوەى بزوتنەوەى جەماوەرى و ناڕەزایەتى بهێنێت.
 ئیستا کاتى پێش هەڵبژاردنە و حیزبى کوردى ئەوەندە سوک و ڕیسوا و بێبەهایە لە پێناوى دەستکەوتى یەک دوو کورسی و پۆستدا پاشەڵیان ڕووتکردووە.
ئەوە ئەو نهێنیەیە ئەوەتەی (ئۆپۆزیسۆن)ى بێئیرادە و درۆینە دەرکەوتووە و دروستبووە کە بەهەزار و یەک تەون و داوى نهێنى و ئاشکرا بە جوتبنەماڵەوە بەستراوە، لەوێشەوە جوتەى جوتبنەماڵە قایمتر بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە