هێزی پێشمەرگە وەک بیرە نەوتەکان سەرچاوەی دەرامەتن بۆ ینک و پدک!

Thursday, 01/07/2021, 22:38

7531 بینراوە


هێزی پێشمەرگە لە ئاست خوارەوەدا، پێکهاتەی نێو چینی هەرە هەژاری نێو کۆمەڵگەی باشوورە. زۆرن ئەوانەی کە ئاگاداری ئەو ڕاستییەن کە ئەمڕۆ زۆربەی پێشمەرگە لەبەر بژێوی ژیان و نەبوونی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ پەیداکردنی دەرامەت و قوتی ڕۆژانەی خێزان، دەبن بە پێشمەرگە. 
هێزی پێشمەرگە لە ئاست خوارەوەدا، هێزێکی مەغدورە، بە نەبوونی و برسیەتی جەنگی سەپێنراوی داعشی کرد، بە شێوەیەکی گشتی ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو هێزە ئاگاداری ئەوە نەبێت کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کە ئەو هێزە ئەنجامی دەدا و کوڕی هەژاری باشوورییەکانی تێیدا دەبنە قوربانی، ئەوە بە دڵنیاییەوە بە خۆرایی نییە، هەقەکەی بە دۆلار مەزەندە دەکرێت و پێشوەخت دەچێتە باغەڵی سەرانی ینک و پدک کە کۆنتڕۆڵی ئەو هێزەیان کردووە. کەواتە هەر تاکێکی پێشمەرگە دەبێت بزانێت کە ئەو دامەزراوەیە یان ئەو دەزگەیە وەک کۆمپانیەیەکی بازرگانییە بۆ سەرانی ینک و پدک، وەک هەر کۆمپانیەکی دیکەی نەوت و گاز و سامانە سروشتیەکانی وڵات، گومرگ و دەرامەتی دەروازە سنوورییەکان و بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد. واتە بەناوی دابینکردنی خەرجی هێزی پێشمەرگە، ئەوان ساڵانە بە میلیۆنان دۆلار لە وزارەتی بەرگری ئەمریکا وەردەگرن. گاردیەن لە ١٩/٤/٢٠١٦دا دەنووسێت:

 "ئەش کارتەر، ددانی بەوەدا نا کە پێنتاگۆن ٤١٥ میلیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە تەرخان دەکات لە جەنگیان دژی داعش لە موسڵ".

لەگەل ئەوەی سەرانی ینک و پدک لەژێر ناوی خەرجی پێشمەرگە پارە لە وزارەتی بەرگری ئەمریکا وەردەگرن، کەچی دوای ڕووخانی سەدام و بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و جەنگی دژ بە ئەو، خەرجی ئەو هێزە ڕاستەوخۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەیکێشێت. وێرای ئەوەش مەشق پێکردن و دابینکردنی ئامرازی سەربازیی و چەک و تەقەمەنیش بەجیا خەرجیەکەی ئەمریکا دەیکێشێت. واتە ئەو پارانەی کە سەرانی ینک و پدک وەریدەگرن بۆ خەرجی پێشمەرگە نییە بەڵکو هەقی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانەیە کە هێزی پێشمەرگە ئەنجامی دەدا و ئەو پارەیەش دەچێتە گیرفانی سەرانی ینک و پدک و دارودەستەیان. چاک دێتش لە ٢/٤/٢٠١٩دا لە وتارێکیدا کە لە ئەلمۆنیتەر بڵاو کرایەوە نووسی:

 " بۆ شەڕی دژی داعش لە مێزانیەی پینتاگۆنی ساڵی ٢٠٢٠دا کە لە مانگی دەی ئەمساڵدا دەست پێ دەکات، بودجەی پێشمەرگە بۆ نیوە کەمکراتوەتەوە کە ٢٩٠میلیۆن دۆلار بوو، کراوە بە ١٢٦میلیۆن دۆلار. پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە، خواردن و سووتەمەنی و ئامرازە بۆ  ١٢ لیوای پێشمەرگە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدا کە ئەم کەم کردنەوەیە بۆ ئەوەیە کە بەغداش یارمەتی هێزی پێشمەرگە بدات بۆ ئەوەی بتوانێت لەنێو سوپای عیراقی نیشتیمانییدا کۆیان بکاتەوە کە لە مانگی یەکدا پەرلەمانی عیراق بڕیاری داوە کە ١١٢ میلیۆن دۆلار مووچەی پێشمەرگە بنێرێت بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەرێم و بەغداد واژۆ کراوە".

ئەوانەی یەک لە دوای یەکدا لە هەموو حزبە جیاوازەکان کە پۆستی باڵاو یان وەزیری پێشمەرگەیان وەرگرتووە، ئاگایان لەو گەندەڵییە سەربازییە هەیە، هەر یەکە لە قۆناغێکی دیاریکراودا لەگەڵ نوێنەری سەربازیی هاوپەیمانان کۆبوونەتەوە و کەم یان زۆر ئاگاین لە جۆری مامەڵەی سەربازیی ئەمریکا لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەبووە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەو وەزیر و بەرپرسانە پێشمەرگەی دێرینن، بەڵام کەسیان تا ئێستا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان متەقە لە دەمیان نەهاتۆتە دەرەوە، ئەڵبەتە ئەمەش بابەتێکی نامۆ نییە، لەبەرئەوەی بە پارە ئەوانیش چاویان نوقاندوە، لە حکومەتی هەرێمدا کاریان پەردەپۆش کردنی ئەو زانیاریی و گەندەڵییانە بووە. لە ٢١/٤/٢٠١٧دا لە وٶرد میدلئیست، لە زمانی جەبار یاوەر کە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنادۆڵدا باسی کردبوو دەنووسێت:

 وزارەتی بەرگری ئەمریکا ٢٠٠ میلیۆن دۆلار تەرخان دەکات  بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەرجی جەنگی دژی داعش  و دوو لێوای پێشمەرگەش مەشق پێ دەکات و بە ئامرازی سەربازیی دەوڵەمەندیان دەکات". 

 سەرانی ینک و پدک دەستیان لە هێزی پێشمەرگەی سەربەخۆیان نابێتەوە، لەبەرئەوەی سەرچاوەیەکی بەهێزی دەستکەوت و دەرامەتی دۆلاری کاشە کە بەبێ دەنگی هەردوولایان حەپەلوشی دەکەن و کەم هەن لەنێو کۆمەڵگەی باشووردا سەرنجیان بۆ ئەو کۆمپانییە پڕ دەرامەتە بچێت! لە ٢٤/٥/٢٠١٨دا لۆریا میرۆیی لە واشینگتۆون دی سی دەنووسێت:

 "لە بودجەی ٢٠١٩دا کە لە مانگی دەی ئەمساڵدا دەست پێ دەکات، ٢٩٠میلیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە".

 لە بەشێکی وتارەکەی ئەوەش دەڵێت:

 "لە ٢٠١٨دا ٨٥٠ میلیۆن دۆلار بۆ حکومەتی عیراق و ٥٦٠میلیۆن دۆلار بۆ سوپاکەی، ئەوەی دەمێنێتەوە دەدرێت بەهێزی پێشمەرگە کە دەکات %٣٤ی ئەو پارەیە".

ماڵپەڕی وزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ٢٨/٥/ ٢٠٢١ بودجەی پەسندکراوی ٢٠٢٢ی بۆ جەنگی دژی داعش لە سوریا و عیراق بڵاوکردەوە کە ٥٢٢ میلیۆن دۆلارە کە ٣٤٥میلیۆنی بۆ هێزەکانی عیراقە کە بێگومان بەشی هێزی پێشمەرگەش لەو بڕە پارەیەدا ١١٢ میلیۆن دۆلار دەبێت بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد کە لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا واژۆ کراوە. 
ئەمریکا بەخۆڕایی خەرجی هێزی پێشمەرگە ناکات، ئەڵبەتە بۆ بەرژەوەندیی ئەجێندای سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی خۆیتی لە ناوچەکە، بۆیە نایەوێت هێزی پێشمەرگە ژێراوژێر بۆ بەرژەوەندیی تورکیا و ئیران بەکاربهێنرێت، یان خاکی باشوور لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا دەربچێت، لەبەرئەوە ئەمریکا هەوڵدەدات هێزی پێشمەرگە یەکبگرن، ببن بە بەشێک لە سوپای عیراقی و پارێزگاریکردنی ناوچەی خۆیانیان بخاتە ئەستۆ.  باڵوێزی ئەمریکا لە عیراق ماتیۆ تولەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەڕەشەی لە لاهور و بافڵ و مەسعود کردووە، کە ئەگەر هێزی حەفتا و هەشتا نەخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوە ئەمەریکا ئامادەنییە چیتر یارمەتی هێزی پێشمەرگە بدات و هاوکاری مانگانە دەبڕێت کە زێتر لە هەڤدە میلیۆن دۆلارە!
سەرانی ینک و پدک هێزی پێشمەرگە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەو هیزە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دەستکەوتی ماڵیی و مانەوەیانە لەسەر کورسی دەسەڵات و نەهێشتنی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزا لە شەقامی باشووردا و بۆ یەکلایی کردنەوەی گرفتەکانی نێوانیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی باشووردا ئەگەر گەیشتە ئاستێک شەڕی براکوژیان پێ دەکەن.  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەرانی ینک و پدک ڕێبەرایەتی هێزی پێشمەرگە دەکەن، بۆیە زلهێزە ناوچەییەکان و دنیاش لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەو هێزە بەکاردەهێنن و پارەکانیش کە میلیۆنان دۆلارە دەدرێتە دەستی ئەوان. 
 دوای چارەکە سەدەیەک لەو هەموو پارە وەرگرتنە لە ئەمریکا و پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمان، کەچی تا ئیستا سەرانی پارتی و یەکێتی ڕێگر بوون لە دامەزراندنی سوپایەکی فەرمی ئەکادیمی پەروەردەکراو بە ڕۆحی نیشتمانی و خوڕەوشتی سەربازی. ڕاهێنانی پێشمەرگە و ڕۆشەنبیرکردنی دەربارەی بەپراکتیککردنی مۆڕاڵی مرۆڤایەتی لە مەیدانەکانی جەنگدا. 
چاک دێتش لە ٢/٤/٢٠١٩دا لە وتارێکیدا کە لە ئەلمۆنیتەر بڵاوبۆتەوە دەنووسێت:

 "دوو حزبی سەرەکیی کە یەکیتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە کە هەریەکیان کۆنتڕۆڵی بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی کردوە نەگیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە".

بەخشینی پلەی سەربازیی و دانانی کەسەکان لە وزارەتی پێشمەرگە و بەشەکانی دی ئەو دامەزراوەیە، بەگوێرەی بوونی بڕونامەی سەربازیی و شەرەزایی لەو بوارەدا نییە، بەڵکو بەگوێرەی ئەوەیە کە کێ لە سەرانی پارتەکان نزیکە و گوێڕایەڵیانە. 
سەرەڕای هەموو ئەو دەراماتەی کە  سەرانی ینک و پدک بەهۆی ئەو هێزەوە دەستیان دەکەوێت، هەمیشە دەڵێن، پارەیان نییە و بودجە کورتی هێناوە و مووچەی مانگانەشیان لەکاتی خۆیدا و بەبێ لێبرێن بەسەردا دابەش ناکەن! بۆیە زۆربەی پێشمەرگە لە کاتی پشوودان کە دەگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان، بەناچاری پەنا بۆ کارکردنی دیکە دەبەن، هەندێکیان بۆ شەرمەزارکردنی سەرانی ینک و پدک و لە ڕقان، پەنا بۆ سواڵ کردنیش دەبەن! لە کاتێکدا ئەو ڕقە ئەو کات پیرۆز دەبێت ئەگەر هەوڵبدرێت بەشێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێت، لەنێو ریزی پێشمەرگەدا هەوڵی گەشەکردنی دەنگی ناڕەزا و ڕێکخستن بدرێت یان هەوڵی ئینقلابی سەربازیی بدرێت. لە کۆتاییدا دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنرێت کە  دۆخی نالەباری هێزی پێشمەرگە لە باشووردا بوووە بە ئەمری واقیع و پێویستی بە هیمەتێک هەیە بۆ ئەوەی لەژێر دەستی چەند کەسێک لە سەرانی ینک و پدک دەربهێندرێت، کە ئەم هێزە کلیلی مانەوەیانە لە دەسەڵات و پارە حەپەلوش کردن!

تێبینی:

ئەو زانیارییانەی لەو وتارەدا هاتووە تەنیا خاڵێکە لە دەریایەکی گەورە، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دێت  بەسەدان دۆکیومێنت دەکەوێتە ژێر دەست و دەیسەلمێنێت کە ئەو پارانەی بە ناوی ئەو هێزە وەرگیراوە گەلێک لەو ژمارانە زێترە کە لەو وتارەدا هاتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە