نۆبەرەی مەرگم دیت، دوومین کتێبی دڵشاد کاوانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

Saturday, 03/07/2021, 5:37

6092 بینراوە


کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) براوەی خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێب. وەک دووەمین کتێبی چاپکراوی چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس دڵشاد کاوانی، لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، لە ماوەیەکی نزیک دا لە کەرنەڤاڵێکی تایبەتی ئەدەبی دا لە هەولێر دەکەوێتە بەردیدی خوێنەرانی.  (نۆبەرەی مەرگم دیت)  لە بیست و سێ کورتە چیڕۆک پێکهاتووە. کە خۆی لە (١١٧) لاپەڕە دەبینێتەوە. لە لایەن شۆڕش غەفوری دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆکی بۆکراوە. لە ساڵی ٢٠١٩ کتێبەکە خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێبی لە هەولێر بەدەست هێنا. سەرجەم چێڕۆکەکانی نێو کتێبەکە، بە شێوە و تەکنیکی جیاوازەوە نووسراون. زۆربەی چیڕۆکەکانی نێو کتێبەکە براوەی یەکەم و باشترینی خەڵاتە ئەدەبییەکانی کوردستانن، لەوانە چیڕۆکی پیاوێکی ڕووت، تارای بووکی ئاشتی، دوانزەهەزارەمین بیرەوەری دوورترین شەوی دونیا، ئیمپڕاتۆریای ژن، نۆبەرەی مەرگم دیت. دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبەکە ڕایگەیاند: کە (نۆبەرەی مەرگم دیت) کۆکراوەی سەرجەم چیڕۆکەکانی بەرهەمی ژیانی ئەدەبییەتی و ئەزموونی نووسینی پێش ڕۆمانی بە ڕێگاوەیە، کە لە ناوەندە ئەدەبییەکانی ناوچەکە و  خوێنەرانی پێشوازییەکی باشی لێکرا.
فکر و مەعریفە، کوشتن و خوێنڕشتن، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری،  ئازار و جەرمەسەرییەکانی کۆمەڵگا و دۆزی نەتەوایەتی و گەڕان بەدوای شوناسی کوردی، ناوەڕۆکی سەرەکی سەرجەم چیڕۆکەکانی ناو کتێبەکەن. زۆربەی چیڕۆکەکان پێشووتر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکراونەتەوە و بەشێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی.  کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپکراوە و بەڵام بە هۆی گرفتی دارایی و نەخۆشی کۆڕۆناوە و وەستانی چاڵاکییەکانی دەزگاکە، پڕۆژەی کتێبەکە دواکەوت و لە ساڵی (٢٠٢١) بۆ یەکەم جار کتێبەکە   بە دیزاین و بەرگێکی  جوانەوە دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە