بەیاننامەی دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ، پەکەکە وەک دەوڵەت دەبینێت ؟!

Saturday, 03/07/2021, 23:02

5861 بینراوە


دوژمنی کوردان، تورکیا، لە خودی هەندێ کوردی بێئاگا و مورتەزەقە ، زۆرباشتر لە گەورەیی پەکەکە گەیشتووە و، دەزانێت پەکەکە گەورەتر بێت و، ئیدی  تورکیا بەو فاشیزمیەی ئێستا، پارچەپارچە دەبێت .
کەناڵی RT لە ٢٦ نیسانی ٢٠١٦ دیمانەیەکی ئەنجامدا لەگەڵ تیرۆریستێکی داعش، کە لە شەدادییە نزیک حەسەکە دەستگیرکرابوو. لەوێدا ئەو تیرۆریستە یەک راستی درکاند کە بەلای منەوە زۆر گرنگ بوو ، کاتێ گوتی: تورکیا بەهۆێ کوردبوونی یەپەگەوە، شەڕیان دەکات ، داعش و تورکیا دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە ئەویش یەپەگەیە کە کوردن.
دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی توندی دژی ئەمەریکا بلاوکردەوە . 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، تورکیای تاوانبار کرد بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و چەکدارکردنی منداڵ وبەکاربردنیان لە شەڕدا، لەسەر ئەم بابەتە راپۆرتێکمان دوێنێ نوسی و، میدیاگەلێکی جیهانیش باسوخواسێکی زۆریان لەسەر ئەم پرسە کرد و ، بەردەوامیش دەیکەن.
تورکیا رەتی دەکاتەوە کە ئەو کارەی کرد بێت ، لێ ئەوە گرنگ نییە ، چونکە رەتی بکاتەوە یا نا ، ئەمەریکا بەڵگەی مۆڕداری هەیە ، ئەوەی گرنگە لە ناو بەیاننامەکەدا بە ئەمەریکا دەڵێت: ' رێکخسنێکی یاخی کە چل ساڵە شەری دەوڵەتی تورکیا دەکات و ، ئەوان منداڵ دەڕفێنن و بەکاریدەهێنن لە شەڕدا ، ئێوە ناویان لەو لیستەدا دانانێن ، کەچی دەوڵەتی تورکیای تێدەخەن ، بۆیە ئەو تاوانبارکردنە رەتدەکەینەوە'.
دەوڵەتی تورکیا بەم روونکردنەوە ، خزمەتێکی گەورەیکرد بە جاڕدانی سێ راستی:
- پەکەکە وەک قەوارەیەکی دەوڵەتی هێنا ئاستی دەوڵەتێکی وەک تورکیا. دەوڵەتی تورکیا خۆی بەراورد کرد بە پەکەکە و،  وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری داینا. ئەم درکاندنەش لە وتارێک یا راگەیەنراوێکی سادە نەبووە ، بەڵکو لە نوسراوێکی فەرمی دەوڵەتی تورکیایە، ئاراستەی ئەمەریکا و ئەوروپای کرد.
- راستی دووەم دانینا بەوەی ئەو هەموو پرۆپاگەندەی، کە چل ساڵە دەزگای شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیا دژی پەکەکە دەیکات سەبارەت بە بەکاربردنی منداڵ لە شەڕدا ، هیچ ئەنجامی نەبووە و درۆیەکی رووت بووە و ، تەنانەت نەیتوانیوە قەناعەت بهێنێ بە یەک تاکە دەوڵەتی  هاوپەیمانی خۆی لەناو ناتۆ !. دەبێ بوترێت چەتەکانی پارتیش، لە رێگای میدیاکانیەوە دەیان ساڵە ئەو چەواشەکارییە دەکەن و، بەرپرسی بیانی نەماوە ، لە رێکخراوە جیهانییەکان و کۆنسوڵ و باڵوێز و هەندێ سەرۆک دەوڵەت، ئەگەر ئەو تۆمەتە  لە دژی پەکەکەیان پێنەڵێن ، لێ خۆشبەختانە کەس باوەڕی پێنەکردوون.
- راستی سێیەم: لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمەریکا چەک دەداتە پەکەکە و یەپەگە . راستە ئەمەریکا هاوکاری قەسەدە دەکاتو پڕچەکی دەکات ، لێ هەرگیز یەک فیشەک، ئەمەریکا نەیداوە بە گەریلا . ئەمە راستیەکە هەموو دەوڵەتان ئەو راستیە دەزانن. تورکیا ئەم بابەتەی ورژاند بۆ رای گشتی ناوخۆ و بۆ ئەو گروپە تیرۆریستانەی سەر بەخۆی بووە و، دەیەوێت بڵێت: شکستەکانمان بەرامبەر گەریلا لە هەفتانین ، زاپ ، ئاڤاشین ومەتینا بە هۆی ئەوە بووە ،ئەمەریکا چەکی داوەتە گەریلا ، بۆیە ئەو هەموو زیانەمان رۆژانە وەبەردەکەوێت. 
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم :
- پەکەکە قەوارەیەکی نادەوڵەتی سەرتاسەرییە ، ناوەندەکەی هەرێمی میدیایە بەڵام خەباتی بۆ هەرچوارپارچەی کوردستان و رۆژهەلاتی ناوەراستە.
- هەتا دێت پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا خراپ دەبێت ، هەرچەندە تێکبچێت ، ئەوەندە بەرەو چارەسەریی کێشەی کورد دەچین ، نەک تەنها لە باکور بەڵکو لەتەواوی کوردستانی مەزن.
وێنەکە: گروپی تیرۆریستی سوڵتان مورادی سەر بە ئەردۆگانە ،منداڵانیان رفاندووە و دواتر راهێنانیان پێدەکەن و بەرەو شەڕیان دەبەن..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە