هەوڵدانێك بۆ تێگەیشتن لە داگیرکردنی تاریکی (بەشی سێهەم)

Wednesday, 07/07/2021, 4:10

5408 بینراوە


وێنەی قوربانی وجەلاد

ئەتوانین داگیرکردنی تاریکی بە ژیاننامەی قوربانییەکان ناوبەرین ، یان بە شێوەیەك لە شێوەکان بە بەشێك لە جینۆلۆجی قوربانی دایبنێین ، ئەو زۆر جار ئەمانگەرێنێتەوە بۆ سەرتایەك رەنگە بتوانین لە دەستپێکیدا پەی بە سەرەتای قوربانی بەرین . لێرە ژیان ماکینەیەکە بۆ دوورست کردنی قوربانیەکان ، ئەگەرهەندێ لەسۆزی تەسکی خودی دەرچین ، تەنانەت دوژمنەکانیشمان وەك قوربانی دەبینین . لە کوێ ستەم هەبوو لەوێ قوربانی هەیە ،،لەکوێ لادانێك هەبوو لە سروشتی باڵای مرۆڤایەتی لەوێ ئیتر بە ئاشکرا، قوربانی یەك لە ژێر پێستی هەموان بێ جیاوازی راکشاوە . کە ئەڵێم سروشتی باڵای مرۆڤایەتی ، دیارە ئاماژەم بۆ خودی مرۆڤ نی یە چونکە مرۆڤ چینەری قولی سەرتایی تێدایە، هەمیشە بۆ باوەشی درندەیەك دەیبات ،تەنها ئەو کاتەی ناخی خەفە دەبێت وتێکەڵ بە دووروویەکی دەستکرد دەبێت لە ژێر چەتری پەروەردە وکەلتور وپێشکەوتن، ئەوسا رەنگە سێبەری روویەكی شارستانی پشان بدات .بەڵام هەر کاتێ کەوتە ژێر کاریگەری ترسی کۆمەڵ (رعب الجماعة) ئیتر دوور ئەکەوێتەوە لە عەقلانی یەت و هەموو دەمامکێکی شارستانی لە سەر دەموو چاوی دائەماڵێ و وەك درندەیەك دەرئەکەوێ .  
داگیرکردنی تاریکی وێنەیەکی تا ئەندازەیەك بەرچاو بە قوربانی ئەبەخشیت ، وێنەیەك ئەگەر لە دووربینی مرۆڤانەوە سێری بکرێ ،هەدەف و ئامانجی نوسەرت بۆ دەرئەکەوێ ،، هەر وەك چۆن ئەو جنسانەی کە تورك نین ، بونەتە قوربانی دەستی راسیستی تورکی ، بە کورد و ئەرمەنی ویۆنانی هتد  ئاوهاش لە زۆر شوێن هەمان کارەکتەرە تورکەکانیش ئەگەر رەنگی جودایان هەبێت هەر هەمان قوربانین . تورکیایەكمان بە دورستترین شێوەی خۆی، نیشان ئەدات، تورکیایەك لەوەتی هەیە ئەیەوێت ببێت بە یەك رەنگ ، یەك زمان ، یەك بیرکردنەوە ، یەك تێگەیشتنی چەق بەستوو ،یەك هەڵسوکەوت و یەك هەڵسان و دانیشتن .ئەو لەوێ ئەیەوێ شتێکمان پیشان بدات کە دەرچوە لە ترسی یاسا ورێسا ،، دەرچوە لە ترسی دادپەروەری و ئەخلاق ،ئەو ئەیەوێ ترسناکی کۆمەڵێکی بەمەر بوومان پیشان بدات ، کاتێ ئەبن بە کۆیلەی بیری ناسیونالیستی تەسك و ئیحای نەتەوەی باڵا و بەرز و رەچەڵەکی پاك بە گوێچکەیان دەدرێتەوە بەبەردەوامی .بەختیار لەم شاکارەیدا ،هەموو کارەکتەرەکانی کردۆتە قوربانی ،،رەنگە  ئێمە ئەگەر بیرکردنەوەمان بەرامبەر ژیان بگۆرین ، ئێمەی خاوەن بینینی جێگیر لە بابەتەکان بتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی هیچ هێڵێك لە نێوان قوربانی و جەلاد نەبینینەوە ،، من ئەگەر نمایندەی جەستەی قوربانی بکەم ئەو هەڵگری روحێکی قوربانی یە ،بەسۆتر لە جەستەی من ، بە ئازارتر لە جێ قامجیەکانی جەستەی من  .منی جەستە، قوربانی دەستی ئەشکەنجەو چەندین جۆری سرینەوە ،، ئەوی روح قوربانی ترسێکی بەردەوام و واهیمەی هەڵسانەوەی من و نەتواندنی سرینەوەم.  
بەختیار وێنەی قوربانی وجەلاد لە ئامێزی (هیچی شەرەنخوازی) هەنا ئارێنت دەرئەکات وئەیبەخشێ بە داگیرکردنی تاریکی ،، هیچ فاسیڵەیەك بەدی ناکەم لە نێوان ئەو فۆرمە فەلسەفییەی هەنا ئارێنت کە ئەیبەخشێ بە کارەکتەرێکی نەگریسی هۆلۆکۆست و هەزاران لاشەی سوتاوی جوەکان لەگەڵ ئەو ماکینە زەبەلاحەی تاریق ئەکانسۆ و کوردەکان. لای ئارێنت چۆن ،( ئایخمان) دەبێتە کەرەسەی ستەم وخراپەکاری لای بەختیاریش تاریق ئەکانسۆ و دەیان ژەنەراڵی وەك نایف وحەقی سونای و هتد هەر هەمان کەرەسەن . قوربانییەکانیش لە تەمو تومانێکی سەیر ئەخولێنەوە . بەختیار لە سەرتاپای رۆمانەکە پرسیارێکی ناوەخنی دەکات بێ ئەوەی زۆر جار بە ووشە بیدرکێنێ . کێ قوربانی یە؟ ، کێ هەڵگری ناسنامەی قوربانی یە ؟ .
ئەوەی بتوانی دوژمنەکەت وەك قوربانی ببینی ،، توانایەکی رادەبەدەری روحی بەرزی ئەوێ ، پرۆسەیەکی بەرزبوونەوەیە بەسەر رق و کینە و بینی بەرامبەر وەك ئاڵەتێك وهیچی تر . بەڵام ئەوەی قوربانی دروست دەکات لە هەردوولا ،لە شوێنێکی ترە ،، ئەو ماکینەیەکی بەرهەم هێنانی رقە ، ماکینەیەک بۆ بەرهەم هێنانی ئایدۆلۆژیای کینە و دژیاەتی و ترس . مرۆڤەکان کاتێ خۆیان تەسلیمی ئەو ماکینەیە دەکەن ، ئیتر ئەوانیش دەبن بە بەشێك لەو جەستەیە ، بەڵام روحی قوربانیەك هەر لە ناخیدایە . داشۆرینی مرۆڤ لە توانای بیرکردنەوە دەیکاتە درندە بەڵام نایکاتە درندەیەکی ئەخلاقی مجەرەد و خاوەن ویستی لە پێشینەی شەنگێزی کە درك بە تاوانەکانی خۆی بکات لەو ئان وساتەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە