لەپێناو کوردستانێکی بەھێز

Thursday, 08/07/2021, 8:03

3094 بینراوە


ئەمە درووشمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ببون بە براوەی ھەڵبژاردنەکە بە بەدەستھێنانی ٤٥ کورسی بەڵام دەی کوا ئەو کوردستانە بەھێزەی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرد ؟.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان  بە درووشمی چاکسازی دەستیپێکرد و ئەو ھوتافە قسەی سەر زار و بن زاری ھەموو کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. ئێستا لە کۆتایی ئەو کابینە نزیک دەکەوین و دەپرسین ئەو چاکسازیە کامە بوو کە بانگەشەی لۆ دەکرا ؟ دۆخی حکومەت و ھاوڵاتی باشترکرا ؟  یا وەک کورد ووتەنی ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بەپار.
بەراوردێکی سادەی ئەم کابینەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین زۆر بە روونی دەبینین لە چەندین لایەنەوە حکومەت ئەو پەندە کوردیەمان بەبیر دێنێتەوە "ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بەپار"   
کەمکردنەوە و لێبرینی مووچەی فەرمانبەران بەناوی خۆ گونجاندنەوە ، گەر لە کابینەکانی پێشوو دەستکاریەک لە مووچەی فەرمانبەران کرابێ بەناوی پاشەکەوتەوە بووە و سەرەرای ئەوەش بەکارێکی خراپی حکومەت ناوزەند کراوە ھەروەک چۆن لە سەرەتای ئەم کابینە جەنابی سەرۆک وەزیران لەگەڵ جێگرەکەی بەڵێنی  لابردنی پاشەکەوتی مووچەیان دا بەڵام دوای چەند مانگێک لە لابردنی پاشەکەوت ئیتر شتێک نەما بەناوی پاشەکەوتەوە کرا بە لێبرین و بەناوی خۆگونجاندنەوە کە ئەوە کاریگەریەکی  زۆر خراپی کردۆتە سەر ژیانی فەرمانبەران بەتایبەتی و ھاوڵاتیان بەگشتی. 
وێرای زۆرترین رەخنە و تێبیبی ھاوڵاتیان لەسەر کابینەکانی حکومەتی نێچیرڤان بارزانی بەڵام ئەوەی تۆزێ ھیوای بە خەڵک بەخشیبوو تا رادەیەک ئازادی رادەربرین بوو . وەلێ کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی حکومەتێکی پۆلیسی و بێ ئازادی رادەربرینە . ھەمووان دەبێ وەک بەرێزیان بیربکەنەوە ئەگینا زۆر ئاسایی چارنووسی ھەر یەکێک لە  چالاکوانانی بادینان باشتر نابێت. 
سەرەرای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی نرخی دۆلار بەرێژەی ٪‏٢٠ کەچی ھێشتا کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان  لە تەواوی سێکتەرەکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری، دابینکردنی موچە، چاکسازی، وە تەنانەت ئازدی رادەربڕینیشدا شکستی هێناوە ، لە بری ئەوەی چاکسازی بکات و قەرزەکان کەم بکاتەوە و دۆخی خەڵک چاک بکات، کەچی قەرزەکانی لە ٢٧ ملیار دۆلارەوە زیاد کردووە بۆ ٣١ ملیار دۆلار. دەپرسین ئەوە بوو ئەو کوردستانە بەھێزەی بانگەشەی لۆ دەکرا ؟. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە