عەمیدێكی سواڵكەر

Thursday, 08/07/2021, 12:29

10317 بینراوە


لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی لوبناندا،لەکۆڵانەکانی بەیروت سواڵکەرێکی پیس و پۆخڵ ئەسووڕایەوە،بۆنێکی ناخۆشی هەبوو، پێ پەتی٫جگە پاڵتۆیەکی ڕەشی درێژ زیاتر شتێکی تری نەبوو .بەنێو شەقامەکانی بەیروتدا دەگەڕا .خەڵکی بەیروت زۆریان خۆش دەویست ،خێریان پێدەکرد،ئەویش کەسێکی نەفس بەرز بوو .گەر نانێکت پێ بدایە وەری دەگرت ،گەر دە نانت پێ بدایە ڕەتی دەکردەوە.چایەك یان جگەرەیەکی لێ وەردەگرتی ،بەڵام پارەی وەرنەدەگرت .هەمیشە ڕووی خۆش بوو، لەگەڵ گەورەو بچووك نەرم و نیان بوو .
هیچ ناوێکی نەبوو ،تەنیا پێیان دەگوت: سواڵکەرە لاڵەکە ،کەس گلەیی لێی نەبوو، ئازاری کەسی نەئەدا
شەڕی نەگریس بەرۆکی خەڵکی ناوچەکەی گرت .
سوپای ئیسرائیل هاتنە ناو بەیروت ، بۆردومان و دەنگی فیشەك هەمووانی بێزار کرد.بەڵام سواڵکەرە لاڵەکە وەك ڕۆژانی ئاسایی دەهات و دەچوو، وەك ئەوەی لەجیهانێکی دیکەدا بژی .
سەرباری ئەو بارە دژووارە،سواڵکەرە لاڵەکە لەسەر شەقامەکان دەخەوت .چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئیسرائیل لە سواڵکەرە لاڵەکە نزیك بونەوە.
لەولاشەوە خەڵك بەترسەوە تەماشایان دەکرد .
سێ فەرماندەی پلەدارو پێنج سەرباز چوار دەوری سواڵکەرە لاڵەکەیان گرت .
چەکەکانیان ڕووکردە سواڵکەرەکەو بە ترسەوە لێی چوونە پێش .سواڵکەرەکەش لەسەر زەوییەکە پاڵکەوتووە ، دۆخێکی ترسناك و خوێناوییە ، سواڵکەرەکەش نازانێ چ دەگوزەرێ .
دوو هەنگاو ماوە سەربازەکان لێی بچنە پێش ، لەوکاتەدا سواڵکەرە لاڵەکە سەری بەرز کردەوە .
ئەفسەرێکیان خێرا سڵاوێکی سەربازی بۆ کردو بەزمانی عیبری پێی وت: 
بەناوی سوپای بەرگری ئیسرائیلەوە سڵاوت لێدەکەم جەنابی عەمید ،سوپاس بۆ ئەو خزمەتەی پێت کردین ،گەرتۆ نەبوویتایە بەو ئاسانیە نەدەهاتینە بەیروت !
سواڵکەرە لاڵەکەش بەهێمنی وەڵامی سڵاوەکەی دایەوەو زەردەخەنەیەکی کردو بە عیبری وتی؛( کەمێك دواکەوتـن)!!
پاشان سواری ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بوو، سێ ئۆتۆمبێلێش پارێزگازییان لێکرد.خەڵکی ئەو ناوچەیەش بەجارێك تووشی شۆك بوون ، دەیان پرسیاریان بۆ دروست بوو .
ئەوانەی زمانی عیبریان دەزانی لەقسەکان تێگەشتن ، بەڵام نەیانتوانی لە ڕووخساری پەشۆکاوی ئەو خەڵکە تێبگەن، زۆر 
قورسە چەندین ساڵ سیخوڕێکی دوژمن ئازادانە لە ناو کۆچەو کۆڵانی شارەکەتا بژی و تۆش هەستت پێ نەکردبێ!!

Aras Mhamad



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە