لاهور هەموویانی کڕیوە

Monday, 12/07/2021, 1:46

20469 بینراوە


لە و کاتەیدا خامەبەدەستەکانی هەر گەلێك ژێر بە ژێر ئیش بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان  بکەن و پاڵپشتی حیزبیی بکرێن، لەسەرەوەش وای دەرببڕن کە ئەوان دژی سیستەم و دەسەڵاتن لێرەدا کۆتایی بە هەموو  گەمەکان دێت و شتێك نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزیی و کێشەی ڕەوا تا لە پێناویدا بجەنگن و خەڵکیش متمانەیان پێ بکات، چونکە لە حوکم و دەسەڵاتی  مافیاییدا هەموو شێوازێك وەگەڕ دەخرێت بۆ سەرخستنی پلانی مافیاکان، لەوانەش کڕینی قەڵەمەکان و میدیاکان، چونکە ئەوانە  جۆرێک لە چەواشەکارانن خەڵك بە لاڕیدا دەبەن و لە کاتی پێویستدا بەرگری لە خاوەن ئاخووڕ دەکەن. کورد گۆتەنی: ماسیش لە سەریەوە بۆگەن دەبێت، جا بەدبەخت ئەو گەلەیە کە قەڵەم بەدەستەکانی ئاوها ناپاک و خۆفرۆش بن و لە لایەکی تریشەوە خۆیان بە پێشەوای فیکرو ئەدەبیات و خەڵکی مەزڵوم بزانن.
لاهور شیخ جەنگی لەسەرەتای  دەست بەکاربوونی و هاتنە ناو مەیدانی سیاسەتەوە گرنگی رۆڵی میدیاو قەڵەمی زانیوەو هەموو هەوڵێکی چڕکردۆتەوە  لەبۆ بەدەستهێنانی لایەنگر و پشتیوانی  بۆ خۆی، لە بەرامبەردا ئەویش لە پارەی نەوتی دزراوی تەنکەرەکان و داهاتی ناوخۆ کە پارووی خەڵکی رەش و رووتە دەیدا بەو کەس   و میدیایانەی کە کڕیونی و  خۆیان پێی فرۆشتووە ، لێرەدا  چەند نموونەیەك دێنینەوە کە دوای خوێندنەوەیان یەکسەر خوێنەر بۆی دەردەکەوێت ئەمانە ئەدیب و هونەرمەند و میدیای ئازاد نین کە ئاوا بەرگری و سۆز بۆ خوێنڕێژ و ناپاک  و گەندەڵ  دەردەبڕن کە دەستیان سوورە بە خوێنی رۆڵەی کوردو هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو قەیرانانەن کە خەڵکی لێقەوماو  پێوەی دەناڵێنێت، بە تەماشاکردنی  ماڵپەڕە کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان   زوو ئەوەمان بۆ ڕون دەبتەوە کە ئەوانە کێن و میدیاکان کامانەن ئاوها هاوسۆزی بۆ ئەو بەرپرسە حیزبیانە دەردەبڕن کە کوردستانیان کاول کردوە لە زۆنی زەرد و کەسکدا، هەر بەنمونە خەڵك ئەو پرسیارە دەکات کە بۆچی ماڵپەڕی ئاوێنە زۆربەی رۆژەکان  دەربارەی شێخ جەنگی دادەبەزێنێت؟ ئەم گرنگیدان و بایەخپێدانە لە پای چی؟ وەک ئەوەی یەکێتی شێخ جەنگی بێت.. وەكو لە وێنەی ژومارە یەکدا دەیبینین لە یەك لاپەڕەدا لە ٣ جێگادا باسی کراوە:
 
 نمونەی دوهەم پۆستی نوسەرێکە خۆی بە پێشکەتوخواز دادەنێت، کەس ناپرسێت ئەو پرۆژە کتێبانەی کێ پارەی دەدا و چۆن کارئاسانی بۆ چالاکیەکانی دەکرێت و هۆڵەکانی بۆ چوڵ دەکرێت بۆ کۆڕگرتن وەکو هۆڵی کارگەی جگەرە کە یەکێتی داگیری کردووە، ئەم نوسەرە وەکو ئەندامێکی باڵای ناو یەکێتی باس لە کۆنگرە دەکات و لە سایەی هاتنەناوەوەی شێخ جەنگی و هەڵبژاردنیەوە ماستاوێکی خەست دەگرێتەوە، ئەمە پۆستەکەیەتی:

یەکێتی پاش کۆنگرە ؟

ئەم یەکێتییەی پاش کۆنگرە بریتییە لە یەکێتی پارەو پاوەر یەکێتییەکەی ئێستا یەکێک لە سیفەتەکانی ئەوەیە کە بەهێزە، چونکە لەسەر هاوپەیەمانی کارکتەری ئەمنی و دارایی بیناکراوە
سیفاتێکی تریان ئەوەیە توندڕەون بەڵام عەبوس و بیزراو نین هەر خۆی بڕێک لە توندڕەوی لە ناو حزبی ئایدیۆلۆجیدا بوونی هەیە هەروەها ئەم توندڕەوییەی بەشێکی بۆ گەراندنەوەو جەواوندنەوەی یەکێتی بۆ کەشی سلیمانی ئەگەڕێتەوە و سلێمانیش وەک شار گەورەترین قوتابخانەی زەبرززەنگی کوردییە بە حوکمی کەڵکەکەڵە مۆدیرنخوازییەکەی.. سیفەتێکی تری ئەم حزبە ئەوەیە وەک هاوڕێیەکم بە تەلەفون پێی وتم وتی جارێ تا دوای سەری ساڵ ئەوەستین چونکە بۆ خۆشمان قورسە لە حزبە تازەکەمان تێ بگەین لە دراوی تازە ئەچێت کە لە وڵاتێک پارەی تازە تەبع ئەکرێت ماوەیەکی ئەوێت تا لە مەعامەلەی ڕابێیت.
لە کۆتاییدا ئێستا لە سەدا 90 ی کاری کۆنگرەی یەکێتی تەواو بووە کە کۆنگرە کە زۆر قورس تر بوو لە دروستکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 70 کاندا

تێبینی (ئارمەکە کۆنە هی حزبەکەی پێشووە)

+++++++++++++++++
نمونەی سیهەم هی نوسەریكی رۆمانسی و ئاژەڵدۆستە کە بە قودرەتی قادر ئەمیش لێدانی دڵی هەر بە لای ئەوهاو سەرۆکەدا دەڕوات و لێرەدا دەبێتە موحەلیلی سیاسی و دەڵێ هێشتا برنجەکەی شێخ جەنگی ساز نەبووە تا شایی سەرکەوتن و کۆنترۆڵی تەواوی یەکێتی بگێڕین ، دیارە ئەم ماستەش بێ گوریس نیە و ئەم پۆستەش بێ مەبەست نیە:
 

برنجەکە دەمی نەکێشاوە!

شەرعی و قانوونی و دیموکراسیانە لاهوری شێخ جەنگی زۆرترین دەنگی کۆنگرەی حیزبەکەی هێناوە و لە پێش بافڵ تاڵەبانییەوەیە، بەڵام ئێرە ڕۆژهەڵاتە و نەرویژ نییە تا دیمۆکراسی و سندوقی هەڵبژاردن بڕیار بدات کێ کەسی یەکەمە. ماڵی مام جەلال سەنگی ناوخۆیی و هەرێمی و دەرەکییان هەیە و پارتی و باڵێکی ئێران و ئەمریکا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئەم مێژوو و ماڵباتە دەکات.
دیارترین هەڵەی لاهور جەنگی ئەوە بوو کە دەبوو هەر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا بچوبایە سەر ستەیج و وێڕای سوپاسی هەڤاڵانی کە زۆرترین متمانەیان دا بەو؛ بیگوتبایە کە ئەو شوێنە چۆڵ دەکەم بۆ کوڕی مام جەلال و ئەوسا یەکێتی و باڵی بنەماڵە بە فەخرەوە وەک جێگرێکی بەهێزی سکرتێری گشتی ڕێزیان لێ دەنا... سەدام حسین بە ئاسانی دەیتوانی سەرۆکی عێراق بێت لەسەردەمی ئەحمەد حسن بەکردا، بەڵام نەیکرد و جێگریی قبووڵ کرد، چونکە دەیزانی هێشتا برنجی بەختی ئەو دەمی نەکێشاوە.
سەدام حسین لە ڕێگای دەستگرتن بەسەر جیهازی ئەمنی حیزبەکەیدا پێش زەمینەیەکی چنی، کە بوو بە سەرۆک یەکجار بوو بە سەرۆک تا کۆتایی!
ئەگەرچی ئەم کارتە ئێستا بۆ لاهور جەنگی سووتاوە، بەڵام بێکارت نییە و سەپۆرتێکی دەولی و ناوچەیی و ناوخۆیی بەهێزی هەیە، کە دەتوانێت یاریزانانە یاری پێبکات و ئەوانەی جوڵەکانی پێشتری ئەویان خوێندۆتەوە دەزانن ئەو کوڕە سیاسی سوپرایزەکانە، لەوانەیە بیکات و یارییەکە بچێتە گێمێکی گەرموگوڕی ترەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە