بەهۆی بەرهەمەکانیانەوە بەهرەمەندان بە درێژایی مێژوو جێگەی بایەخ و ڕێز و لەپێگەی شایستەدا بوون، بەرهەمەکانیان لەسەردەمی خۆیان و لەپاش مردنیشیان سەدە لەدوای سەدە بە زیندوو ماونەتەوە و هەمان چێژو کاریگەریان لەسەر موتەلەقی هەیە.
گەر ئاوڕێکی خێرا لە مێژوو بدەینەوە و ناوی چەند بەهرەمەندێک لە کایە ئیبداعیە جیاجیاکاندا دەستنیشان بکەین بەتایبەی لە نێو کەلتوورە هۆشیار و زیندوەکاندا و بەراوردیان بکەین بە مرۆڤە سیاسیەکانی سەردەمی خۆیان یا پاشتر و ئێستاش، دەبینین ئەوانە {ناوە نەمرەکانن} .
لە وەختی شەکسپیرەوە تا ئێستا هەزارەها سیاسی و سەدەها دەسەڵات و ژمارەیەکی زۆر وەزیرو سەرۆک وەزیران لەسەردەمە جیاجیاکاندا لەسەر شانۆی سیاسی ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان هەبووە، ئەوان ئێستا لەکوێن و سەکسپیر لەکوێیە.؟یا چارلی چاپلین لە کوێیە کە تا ئێستاش منداڵ و گەورە دەخاتە پێکەنین.