پاڤێڵ تاڵه‌بانی به‌ پشتیوانی كێ كوده‌تای به‌سه‌ر لاهۆر شیخ جه‌نگییدا كرد؟

Monday, 07.12.2021, 18:43

15166 بینراوە


لە چه‌ند رۆژی رابردوودا سلیمانی گه‌وره‌ترین رووداوی به‌ خۆوه‌ بینی، ئه‌ویش كوده‌تایه‌كی سپی بوو، له‌لایه‌ن پاڤێڵ تاله‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كیتی، کە به‌سه‌ر لاهۆر شیخ جه‌نگییدا ئه‌نجامییدا، ئەویش به‌ هێزێكی زۆره‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو قه‌لاچولان و سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری و به‌رپرسی یه‌كه‌می دژه‌ تیرۆر لەگەڵ  23 ئه‌فسه‌ری باڵای ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ ده‌ستگیر دەکات. رۆژی دواتریش (وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی) دەکات بە به‌رپرسی دژه‌ تیرۆر و (سه‌لمان ئه‌مین) ناسراو به‌ (ئه‌ژی مه‌لا ئه‌مین) برای دكتۆر (موسه‌نا ئه‌مینی) یه‌كگرتووی كرد بە به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری.

پاڤێڵ تاله‌بانی و پشتیوانەکانی:

به‌ پێ سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر نزیك له‌ باره‌گای مه‌سعود بارزانی‌ ئاشكرای كرد، كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو شاندێكی سێ كه‌سی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌ردانی تارانیان كردبوو، به ‌مه‌به‌ستی ئه‌و بۆردومانانه‌ی، كه‌ چه‌ند جارێكه‌ گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران ئه‌نجامیان داوه، ئەویش‌ بۆردومانكردن به‌رێگه‌ی فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان (دۆرن) و بوردمان كردنی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر.
شانده‌كه‌ی پارتی به‌ ئێرانیەکانیان راگەیاندووە، ئێوه‌ چیتان ده‌ویت، ئیمه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، بەڵام ده‌سته‌ڵاتیان بەسەر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانمان نییه‌ و، ئه‌گه‌رنا هه‌موو شتێكمان پێ ده‌كرێت.
ئێرانیه‌كان سێ داوایان هه‌بووه‌ به‌وه‌ی، كه‌ نابیت زیاتر له‌ ئه‌مریكییه‌كان نزیك بنه‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك فرۆكه‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بۆردومانی حه‌شدی شه‌عبی بكات، ئێمه‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ینه‌ ئامانج و، خاڵی دووه‌می داواكارییه‌كان زیاتر فشار خستنه‌ سه‌ر حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تا چالاكی له‌ناو شاره‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات ئه‌نجام نه‌ده‌ن، ڕێگه‌ش بده‌ن چه‌ك و تەقەمەنی سه‌ربازی به‌ حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ بگاته‌ سوریا.
له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی داوای له‌ ئێرانیه‌كان كردووه‌، مالی تاڵه‌بانی رێك بخه‌نه‌وه‌ و كوڕانی شێخ جه‌نگی له‌ ناو یه‌كێتی كه‌ دژایه‌تی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كات دووربخه‌نه‌وه‌ .
دوای هه‌فته‌یه‌ك (ئیره‌ج مه‌سجدی) بالیۆزی ئێران له‌ به‌غداد، له‌ ڕێگه‌ی نێوەنگیریی دووه‌م له‌گه‌ڵ توركیا ڕێككه‌وتوون، وەک دەڵێن ئەمەریکاش ئاگاداربوو و بەو گۆڕانکاریی رزایی بووە، بەڵام ئەم زانیارییە پشتڕاسنەکراوەتەوە. كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازییدا، كوڕانی شیخ جه‌نگی دووربخه‌نه‌وه‌ و، متمانە و ناونیشانی هاوسه‌رۆك لاببرێت، پاڤێڵ تاله‌بانی بكرێته‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی. واته‌ ئێرانیه‌كان، توركیا، پارتی و  له‌ سیناریۆكانی لادانی كوڕانی شیخ جه‌نگی به‌شداریان هه‌بووه‌.

چۆنیتی نه‌خشه‌ی پیلانه‌كه‌

ده‌زگای پاراستن به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌یسی بارزانی، به‌ نهێنی بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌عات په‌یوه‌ندی به‌ پاڤێل تاله‌بانی و قوباد تاله‌بانییه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ده‌توانن بۆ جێبەجێ كردنی نه‌خشه‌كه‌تان سوود له‌ هیزه‌كانی جه‌عفه‌ر شیخ مسته‌فا وه‌ربگرن، یه‌ك رۆژ دوای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ جه‌عفه‌ر شیخ مسته‌فا 150 پیشمه‌رگه‌ی لیواكه‌ی به‌ تانك و چه‌كی قورسه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی پاڤیل چوونه‌ته‌ قه‌لاچوالان و ته‌واوی به‌رنامه‌كه‌یان جێبەجێ كردووه‌، سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری و به‌رپرسی یه‌كه‌می دژه‌ تیرۆر و 23 ئه‌فسه‌ری باڵای ئه‌و دوو ده‌زگایه‌یان ده‌ستگیركردووه‌، ته‌واوی به‌رنامه‌كه‌یان جێبەجێ كردوه‌ ، رۆژی پاشتر هه‌موو ده‌ستگیركراوه‌كان نێردراونه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان
ئه‌مرۆ مه‌سعود بارزانی و مه‌سرۆر بارزانی به‌ ته‌له‌فون ده‌ست خۆشانه‌یان له‌ پاڤیل تاله‌بانی كردووه، وەکو سەرۆکی نوێی یەکێتی پیرۆزباییان لێكردووه‌.
ئه‌وه‌ی ماوته‌وه‌ وه‌ك بنه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری ناو یه‌كێتی پشتیوانی لاهۆر جه‌نگی ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاكه‌ کەسێک بووه‌ ، کە سوكایه‌تیان به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی كردووه ‌و حسابیان بۆ مه‌سعود نه‌كردووه‌.
ئێمەش وەکو کوردستانپۆست ئەوە رادەگەیەنین، کەوا  ئەم گۆڕانکارییە وەکو کێشەی باڵەکانی ناو یەکێتی، کە بنەماڵەی بارزانیی و پارتیی دەستیان لەو ئاڵوگۆڕەدا هەیە، کێشەی دەسەڵات و تاڵانییە، کە کۆمەڵێک منداڵەورتکە نیشتیمان و خەڵکەکەیان وەک بوکەڵە لێکردووە و یاری پێدەکەن، بەلامانەوە ئەو گۆڕانکارییە هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر هەڵویستی ئێمە نییە، هەر لایەکیان براوە بن، یان  دۆڕاو، وەکو یەک سەیریان دەکەین، ئێمە وەکو دەنگێکی ئۆپۆزیسیۆن  دژی هەموویانین..

سیروان چوارباخی