سلێمانی و خاکی

Tuesday, 13/07/2021, 22:56

8021 بینراوە


بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا (مەسعوود محەمەد) باسی سلێمانی دەکات:

« سلێمانی بە دڵی کوردستان و دەماری ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و قوربانیدان دەزانم و 
منیش وەک شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەڵێم: مەربووتە حەیاتم بە سلێمانی و خاکی 
خۆشم دەوێ و بەلامەوە پیرۆزە و شانازی پێوە دەکەم، لە پێناوی خۆی و کوردستاندا بەگشتی و لە
بەر ئەوەشی شانازیم بە سەروەرییەکانی و پیرۆزییەکانی و پاشاکانی بابانی و مەولانا خالیدی 
و کاک ئەحمەدی شێخ بەخوێنمدا دێ و دەچێ و شانازی بە بەرەڵاکانی کۆڵانیشییەوە دەکەم کە تایبەتمەندی خۆیان ھەیە و فشەیان بە دنیادێ.
بەبێ سلێمانی کوردستان لەسەر یەک لاق دەشەلێ و کوردستان بەیەک چاو دەڕوانێ و کوردستان بە کەللە سەرێکی نیوەبەتال تێدەفکرێ».
سلێمانی: ھەر بەتەنیا شارێک نییە، ناوەندی کۆبوونەوەی کلتووری کوردییە و بزووتنەوەیەکی
         کوردستانییە.
لە ڕووی خانووسازییەوە، کۆپییەکی دووبارە سازدراوی سنەی ئازیزە، چوونکە باڵەخانە 
گرنگەکانی وشوێنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک  قوتابخانە،  باخچەکانی و 
گەڕەک و گەرماو وئاوەدانییەکانی، دەسکردی بیری کوردی و دەستی وەستا کوردستانییە
 سنەییەکانن.
پیشەکانی ناوشار، ئەو ھونەرانە بوون، کە لێزانترین وەستاکانی بانە، مەریوان، سابڵاغ و 
سنەییەکان  بەھەستکردنیان، کە زەمینەیەکی کوردستانی لەم خاکەدا ھەیە، جارێکی دی 
بەڕێیان خستەوە و لاوەکانیان پێگەیاندوە.
چوونکە ئەوسا ( بەر لە مێژووی پڕ لە نەنگیی سەرکردەیەتی حیزبەکانتان)، پێوانەکە 
خزمەت بوو بە گەشەپێدانی کوردایەتی، کە مامۆستا مەسعوود: کوردایەتی بە شەرفاتمەندیی تاکی کورد وەسف دەکات.
ھەر کوردێک ھونەرێکی بووبێ و ڕووی لە سلێمانی کردبێت، زەمینەی گەشەدان بە 
ھونەرەکەی لەم شارەدابینیوەتەوە.
لە ڕووی زمانەوە، ھەموو ئەو کەسانەی کە بۆ ھەر مەبەستێ لەم شارەدا، مابنەوە، ماوەیەکی 
کورت یا درێژ، یا ئیتر لەوێ نیشتەجێ بووبن، لە ڕەوتی گەشەی زمان و کلتوورەکەیدا، 
ھاوبەش بوون، ئەو گیانی قوبوڵکردنەکە لە ناو کۆمەڵگاکەیدا ھەر لە دروست بوونییەوە 
بۆتە خەسڵەتی خەڵکەکەی، ھیچ بەربەستێکی نەھێشتۆتەوە بۆ ئەو کوردە کە پێنەگات و 
ھاوبەشی پێگەیاندنیش نەبووبێت.
ڕەسەنایەتی، بە واتای ھەرشتێک ھەڵقوڵاوی خۆی بێت  بێ دەست تێوەردانی دەرەکی، 
سیمایەکی دیاری ھەوڵەکان بوون لەم شارەدا.
بیری ئاینی کوردی بوو، مزگەوت و حوجرەکانی قوتابخانەی بیری کوردی بوون، 
مامۆستاکان کورد بوون ( ھەر بە ڕەگەز نا، بە فکر کورد بوون).
ئەگەر حیزب و حیزبایەتی، بۆ ھەر شارێکی ئەم دنییایە، کۆمەڵێک بەڕێوەبەرانی دڵسۆز و 
 لێزانیپەروەردەکردبێت، سەرکردەیەتی حیزب بۆ سلێمانی، بەڵایەکی ناگەھان و برینێکی قوڵ و ناکۆکییەکی درێژخایەنی بەرھەم ھێنا، کە ھەموو سەروەرییەکانی لێ سەندەوە و کردی 
بە شاری تۆڵە و قین و نەفرەت چوونکە: 
تێگەیشتنی سەرکردەیەتییەکان خۆماڵی و ڕەسەن و داوایەکی پێویستی قۆناغێکی 
پێگەیشتوویی کلتووری وداخوزییە کلتوورییەکەی نەبوون، پێوانەکە خزمەتکردن نەبوو
 بە گەشەی مۆدێرنی ڕەسەنایەتییەکانی:
سەکۆی چالاکی کۆمەڵایتی و ژیاریی شارەکەیان، لە ناو کۆمەڵگاوە، گواستەوە بۆ ناو حیزب
 واتە: بچووک بوونەوە و دابڕان.
سەرکردەیەتیی حیزبی کوردی، نەک ھەر کۆمەڵگای شارێکی زیندووی وەک سلێمانی دابەش 
و ناکۆک کرد، بەڵکوپەیوەندییە ئۆرگانیکییەکەی نێوان نەتەوەکەی لە ھەر چوارپارچەی کوردستاندا، لەیەک دابڕی و  دژایەتی یەکتر وگاڵتەکردن بە سیما و زاراوە کوردییەکانی زمانێکی دەوڵەمەندی 
وەک زمانی کوردی، برەو پێدا، کە سلێمانی ببووە سەکۆی کۆکردنەوە و خەمڵاندنی زمانێکی 
یەکگرتووی تۆکمە.
مێژووی ئەم شارە شەھیدکراوە، ئاوێنەی مێژووی نەتەوەیەکە کە ھەزاران ساڵە، لە دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە دوای دەروازەیەکدا وێڵە کە لێوەی بگەڕێتەوە ناو مێژووی 
مرۆڤایەتی، سلێمانی یەکێک لەودەروازە گرنگانەی نیشتمانی کوردە.
ئەوانەی بوونە پێشەنگی ڕووداوەکان لەم شارەدا، ئەگەر خەڵکی شارەکە بووبن یا کوردایەتی کردن سەری پێ ھەڵگرتبن بۆ ئەم شارە، لە ماوەی پەنجاساڵی ئەم دواییانەدا، حیزب لە جلوبەرگی کوردیدا، 
یا حیزب لەبیروباوەڕێکی غەوارەدا، سەری لێ شێواندن و لە نووسەران و زمانزان و پێشەنگی
 ئەدەبیات و   پێشەوایانی شارەزای ئاینێکی کوردییەوە، کردنی بە بەرپرسی تاقمێکی چەکداری
دژ بە تاقمێکی چەکداری تری کوردی، یاحیزب بۆیان بوو بە بازرگانییەکی ڕەواجدار کە خوویان
پێوە گرت و بوون بە سەربڕ و نیشتمان فرۆش وچاوساغی دوژمنان لە پێناویدا.
ئەو ئیدیۆمە خۆماڵی و پڕ لەھەستی نزیکییەی ( ئەم دیو و ئەو دیو ) کە باسی لە دوو پارچەی نیشتمانێکی دابەشکراو دەکرد، سەرکردەیەتیی حیزبی کوردی 
کردییە: کوردی عێراق و کوردی ئێران. 
سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور، ھەستی کورد بوون و گیانی (نا ) وتنی لە ناو کۆمەڵگای
 شارەکەدا، بە ناوی کوردایەتیەکی ( ساختە) وە، بۆ مەرامی پیسی خۆی قۆستەوە و 
براکانیان دا بە گژ یەکدا، چون مانەوە وبازرگانی و فەرمانڕانییەکەیان، لە ناکۆکی نێوان 
 تاکەکانی نەتەوەکەدا دەبیننەوە.
ھێندەی دوژمنی کورد، ھەوڵی یەخسیرکردن و ملکەچکردنی شاری سلێمانی داوە، بە ئەندازەی ئەوە و پتر،سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشووریش  ویستوویانە و ھەوڵیان بۆ داوە.
کورد ڕەقیب و دوژمنی خۆی باش دەناسێت، بۆیە ھەرگیز ملی لە بەرانبەریدا کەچ نەکرد، باڵای 
بەرزی نەچەماندەوە.
ئەوە سەرکردەی حیزبەکانی بوون، تا ئاستی پێڵاوەکانی دوژمنی کورد، نوشتانەوە. فێڵیان لە ھەستی پاکی نەتەوەکرد و گومڕایان کردن و دەستیان بڕین و بۆ دوژمنانیان جێ ھێشتن و کەییش 
پێویست بووبێت، بوونەتە ڕێنمای پۆستاڵی دوژمن بۆ سەر دڵی نەتەوەکە.

دەتانەوێ بەزۆر چی بە کورد بسەلمێنن؟!

چی بێ قەبوڵ بکەن؟!
زانستان؟!
فەلسەفەتان؟!
فکری گەشەکردووتان؟!
بەرنامە و پڕۆژەتان؟!
توانای بەڕێوەبەرێتی و خزمەتتان؟!
دڵسۆزیی و جوامێریتان؟!
سیاسەتان؟!
دبلۆماسییەت و پلانی چەند ساڵەتان؟!
ھەموو ئێوە، بریتین لە چەند ھێزێکی شڕەخۆری لەبەر دوژمندا ھەڵھاتوو، سەڕۆ و بێ دسپلین.
کەچی ئێستا لە زوڕناخانە زۆرەکانتانەوە، دەتانەوێت، وێنەیەکی قێزەوون و 
ناشرین بۆ شارێکی ناوەندینی نیشتمانپەروەریی و قوربانیدەر،  بکێشن؟!
ئەوە ئێوە نەبوون،  نمرەی پێنج ئەستێرەتان دا بە تیاترۆخانەکان لە ژێر ناوی ھوتێل و کۆمپانیای 
(عەجەم و تازی و مەغۆل) دا، کە بێ دودڵی دەتانزانی، ناوەندی سیخوڕی و بڵاوخانەی فەساد و  
ھەڵوەشاندنەوەی بەھاو نرخەکوردەوارییەکان بوون لەم شارەدا و لە باشووری نیشتماندا؟!
ئەو ھێزانەی، بۆ چاوترساندنی منداڵانی شاری سلێمانی و یەخسیرکردنی ئیرادەی باوانیان 
دەیانجوڵێنن، پیشاندەری ئاستی شارستانەتی و ترستانە لەو ئازادیخوازییەی لەم شاردا 
ڕەگی وا لە ناو ناخ و ڕۆحی خەڵکەکەیدا.
ئێوە لەو ئاستەدا نەبوون کە سایکۆلۆجییەتی خەڵکی ئەم شارە دەرک بکەن، چون نامۆن بە رۆحی 
ئەم شارە،  تێگەیشتنتان تا ئەو ئاستە بڕ ناکات، کە بتوانن، ئارامی و سەبر و لێبووردەییەکانی ئەم شارە بخوێننەوە.
ئامانجی حوکومەتەکەتان، لەم جۆرە خۆڕانانە لە شاری سلێمانیدا بە تایبەتی ئەوەیە، کە ڕاپێچی ناو شەڕی دژایەتی قەندیلیان بکات و ئەوکاتە، بەناوی ھێزی پێشمەرگە و حوکومەتەوە، 
پەلامارەکانی بۆ سەر شورای بەرگری نەتەوەکەمان، وەک حەرەکەتێکی فەرمی  ھەرێم 
بانگەشە بکات و بە ڕەسمی ڕێنمایی پۆستاڵی داگیرکەران بکات، بۆ ناوچەی سلێمانی و گەرمیان.

لە کۆتایدا دەڵێم:

لە ئێستاداھێزی ( گەوھەرین) ی گەل، ئەو کچە کوردە ھەرە شەرافەتمەندانەن، 
کە بوونەتە شورای پۆڵاینی بەرگریکردن لەبوونی نەتەوەکەیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە