لە میدیای کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی دا « کوردستانی نوێ ،خەبات، شرق الاوسط، دێر تاگە شپیگل و دێر شپیگل» دا چەند بابەتێکی جۆراوجۆرم لەسەر ئەم بابەتە خوێندەوە... بە وتارەکەی قونسوڵی گشتی چین لە ھەولێریشەوە.... بەتایبەت وتارە کوردییەکان بێ لەزەت و بێ ناوەڕۆک و ھەر ھەموو لە ستایش و پێداھەڵدان و نیشاندانی ڕووە کەم جوانەکەی چین و باسێکی ڕۆژنامەوانی بەولاوە ھیچی تر نەبوون.. واتە کۆمەڵێ وشەی بێ ناوەڕۆک.
چونکە بە دیدی مندا دەبوو جاران ھەر باسێک لە مەڕ ماو و شۆڕەشە کولتوورییەکەیی و سەرکەوتنەوەکانییەوە بکرێ، ھاوت ئاماژە بە ڕەفتار و کردارەکان، بە کوشتن و بڕین و برسی کردن و ڕاوەدوونان و دیوە ناشرینەکەی شۆڕشەکەوە بکرێ... ھەروەک ئێستا کەباسی ھەمان وڵات و حیزبە کۆمینستە حاکمەکەی بەرەوپێشچووبەکانی دەکرێ، باس لە نادیموکراسی تا ڕادەیەی مۆدێرنترین دەوڵەتی « دیکتاتۆریی دیگیتالی» و ستەمەکانی لە کەمینەکان بکرێ...
ئەو کات لە کۆنتسێکدا لە کێشان و نەخشکردنی وێنە ڕاستەقینەکەی ئەو دەوڵەت و حیزب و ئایدۆلۆژیا دوور نەدەکەوتینەوە و کەم و زۆر بەرپرسانە ھەقیقەت و ماھیەتی دەگوێزرایەوە بۆ خۆێنەران و خودی ئەزموونە گەورەکە دەکەوتە بەردەم سەنگی مەحەکی مێژووەوە...
ئاخر هەر وەک چۆن ئیسلام ھەر خودی قسەکانی خوا نییە، وەک لایەنگرەکانی پێمان دەفرۆشنەوە... قەعقاع و خالید و سەقەفی و ھەزاران خوێنڕێژی تر بوونەتە پێکهێنەری مێژووەکەیی و "خامەنەیی و ئەردۆغان و قاعیدە و داعش"ەکانیان و سەدانی تریش ئیمڕۆ نوێنەرایەتی ھەمان ڕێباز دەکەن. باسە بێ بڕاوەکانیش لەسەر تیۆەری مارکس ، وەک زۆرینەیەک لە رۆشنبیرانی کورد خوویان پێوە گرتووە، ھەر دەق و چەمکە دۆگماکان نییە، بەڵکو مێژووە خوێناوییەکەی ستالین و ماو و چاوچیسکۆ و کیم ئیل سۆن و سەدانی ترە و دروشمە بریقەدارەکانمان لە کۆگا دا بۆ دەڕازێنەوە و مەستی خەیاڵ پڵاوییە خۆشەکەی بەهەشت!! باشتر بڵێم دیکتاتۆرێتی پرۆلیتاریاییمان دەکەن.
بە کورتی و کرمانجی: بووک بە ستایشی دایکی جوان و باش نابێت، و ئایدۆلۆژیای ژەهراوی بە شەکر شیرین ناکرێ و دەسەڵاتی ستەمکاریش بە پڕوپاگەندە خۆشەویست ناکرێت و ڕێبازی چەواشەش بە تۆپزی ناسەپێندرێ و هەرگیزیش سەرناگرێ.
کەواتە با لە ئەزموونی ڕاستەقینە و دروستی گەلانی دنیا پەڕۆیەک دادڕین و هەرچیمان کرد و هەڵبژارد بۆ خزمەتی واقیعی وڵات و نەتەوەکەمان بێت، نەک لاسایکردنەوەی کوێرانە و بەخۆڕایی قوربانیدان بۆ شتگەلێک کە هیچ پەیوەندی بە جەوهەری کێشەکەمانەوە نەبێت...
ئێمە باش دەزانین و ئاگادارین کەوا مێژووی نووسراو پڕە لە درۆ و داتاشین و هەڵبەستن و ناشیرینکردنی خۆڕایی و شاردنەوەی ڕاستی و جوانی و هەقیقەتەکان و لێوان لێوە لە بێ دادی و ستەمکاری و خوێن ڕشتنی خۆڕایی.!!..
ئیدی بەسە نە درۆمان لەگەڵدا بکەن! نە هەوڵ بدەن تەفرەمان بدەن، نە خۆشتان ڕیسواو و تاوانباری بەردەم خوا و جەماوەر و مێژوو بکەن... ئاخر هەزاران جارمان وت: ناو و نیشان و بانگاشە٤ و دروشمەکان ڕاستی و پێوەر نین، بەڵکو کردار و ئاکام و بەرهەمەکان دروستی هەقیقەتەکان دەسەلمێنن.