چاکسازی چۆن دەکرێ؟

Friday, 16/07/2021, 2:21

2881 بینراوە


دوای دوو ساڵ بەسەر تێپەربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەرچی میدیا و ئەندامی حیزبەکانی دەسەڵاتە ھێندە بەئازایانە و بوێرانە باسی سەرکەوتنی ئەو دوو ساڵە دەکەن وەک بڵێی کوردستان شامی شەریف و خەڵک لە کوردستان نەژیت و کوێربێت ھیچ نەبینێت. ئەو چاکسازیەی باسی دەکەن نازانم لەکام شوێندا کراوە ! تا ئێستاش لە پایتەختەوە کێشەی ئاو و کارەبا و موچە و سەرەتاییترین خزمەتگوزاریەکان لە ئاستێکی یەکجار خراپدایە، ھەر دوێنی مامە حاجیەک لە سەرەی مووچە خانەنیشینیە لێبراوەکەی جەڵتە لێیدا و مرد. ئەوەی حکومەت خەریکیەتی ھەرگیز چاکسازی نیە بەڵکو پرۆسەیەکی پینە و پەرۆکردنی ئەو سیستەمە خراپەیە کە چەندین ساڵە ھەرێمی پێ بەرێوەدەبرێت.
جا چاکسازی چۆن دەکرێت ؟. چەمکێک ھەیە لە دونیای بەرێوەبردن و ئەندازیاریدا پێی ئەوترێت (Re-engineering)، ئەم پرۆسەیە بریتیە لەوەی کە سەرلەبەری سیستەمێک لەجێگایەکدا ھەڵدەتەکێنیت و سەرلەنوێ درووستی ئەکەیتەوە بە دیزاینی باشتر و رێکوپێکتر.  ئەم ھەڵتەکاندن و بیناکردنەوەیە کاتێک روو ئەدات و پێویستە بکرێت کە ئیتر ھەرچی دەکەیت و دەکۆشیت کێشەکانی ئەو سیستەمەی ھەیە بۆت چارەسەر نابێت، ھەرچۆنێک کێشەیەک چارە دەکەیت تەنھا ماوەیەکی کورت کێشەکەت چارە دەکات و لەولاوە دوو کێشەی ترت بۆ درووست دەبێتەوە کە لەوانی پێشووتر گەورەترن، بۆچی؟ چونکە چارەسەرەکان چارەسەری راستەقینە نین، بەڵکو پینەوپەڕۆن، ھەروەھا بنەمای ئەساسی کارەکە سەرلەبەری سەقەتەو بە سەقەتی ھاتووە. بەکورتی سیستمەکە چاکسازی کەم کەمە ھەڵناگرێت. بۆیە دەبێت گۆڕانکاری گەورە بکرێت. دەبێت رێک لە بنەوە ھەڵیتەکێنیت و لە سەرەتاوە دروستی بکەیتەوە بەشێوەیەکی باشتر و دیزاینێکی جوانتر.

ئەمە نە دوژمنایەتی و نە رقبوونە لە حکومەت،  لە ئێستادا حکومەتی ھەرێم رێک کاتی ئەمەیەتی، بەپێی پلانێکی جوان سەرلەبەری سیستمەکە ھەڵتەکێنرێتەوە و دەستکاری بکرێتەوە بە پەروەردەو تەندروستی و ئابوری و کشتوکاڵ سەرجەم سێکتەرەکان. ئەمەی من دەیڵێم روخاندن نیە، چاکسازیش نیە، ھەڵتەکاندنە بە پلان، دروستکردنەوەیە بە پلان، جگە لەمە یەک تروسکایی تر چیە بەدی ناکرێت و نیە.

تۆ سەیری حکومەت بکە  لە دۆخی ئێستا و تەنانەت سەیری دە ساڵی تر بکە، بزانە لە ئێستاوە بۆ دە ساڵی تر، تاکە پرۆژەیەکی ستراتیژی یاخود تاکە تروسکاییەک شک دەبەیت ھیوای دروستکردنی گۆڕانکاری لێبکەیت تۆزێ دڵخۆشی بدات بە تاکی خێر لەخۆنەدیوی ئەو مەملەکەتە . ئیدی گەر بمانەوێت چاکی کەین، تاکە چارە ئەوەیە ھەڵتەکێندرێت و دروست بکرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە