ئەردوغان گۆڕ بە شایەنی مردووەکانی عەفرین نازانێت!

Sunday, 07.18.2021, 0:54

2462 بینراوە


چەند ڕۆژێکە تورکیا پروپاگەندەی ئەوە دەکات، کە گوایە گۆڕی بەکۆمەڵی کراوەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری سوریادا دۆزیەوەتەوە و دەیەوێت ڕێبەرانی کوردی ئەو ناوچەیی پێ تاوانبار بکات.


  کاتێک کە بیرۆکەی شۆڤێنیستی لەنێو قوڵایی مێشکی دیکتاتۆرێکی وەک ئەردوغاندا هەڵدەقوڵێت، ئەو کاتانەیە کە ئیتر ئەو لە مرۆڤبوون و مرۆڤدۆستبوون دادەماڵدرێت، هیچ شتێک بە سروشتی خۆی نابینێت، خۆی وەک دروستکەری کەون دەبینێت، خۆی بە خاوەن ئەرز و ئاسمان دادەنێت، پێی وایە خوایە و تا ئەو دنیایە مابێت ئەو حوکمڕانی دەکات، لەبەرئەوە بەبێ هیچ شەرمەزاریەک دەست بۆ هەموو پیرۆزیەکانی مرۆڤایەتی دەبات، تا دەگات بە مردووی گۆڕستانەکان، وەک ئەوەی کە ئێستا ئەو لەگەڵ مردووەکانی  میللەتی کورد لە عەفرین ئەنجامی دەدات!
  ئەردوغان سەرەڕای داگیرکردنی عەفرین و دەربەدەرکردنی سەدان هەزار لە ژن و منداڵ، هەنووکە بەهەقی خۆی دەزانێت، کە مردووەکانیشیان لە گۆڕەکانیان دەربهێنێت و سیاسەتیان پێوە بکات. ئەردوغان بۆ گەیشتن بە مەرام و بەرژەوەندیی مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات و بەردەوامییدان بە کۆمەڵکوژییەکانی دژی نەتەوەی کورد، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو ئەگەر ئەو بۆی بلوێت لە هەر سوچێکی ئەو دنیایەدا هەر کوردێک شک ببات، هەوڵی کوشتنی دەدات.
  ئەردوغان لە سەدان وتاردا، دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو لە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە و بە مێژووی داگیرکاری عوسمانی سەری بڵندە. لای ئەو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نموونەی هەرەبەرزە لە سیاسەت و وڵات بەرێوەبردن، مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و میللەتانی ژێردەستی دەوروبەری خۆی، بۆیە لە وتارەکانیدا هەمیشە ڕەخنە لە ئەتاتورک دەگرێت، کە بە ئاسانی دەستبەرداری وڵاتانی عەرەبی بووە تا دەگات بە باشووری شاری موسڵ. ئەو خۆی زۆر بە نیشتمانپەروەرتر و تورکتر لە ئەتاتورک هەژمار دەکات، کە لە مێژوودا بە دامەزرێنەری تورکیای مۆدرن پێناسە دەکرێت.
  ئەردوغان لە میدیا لۆکەلییەکان و جیهانییەکاندا بە ڕاشکاوانە پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکات، کە ئەو بە مێژووی سیاسەتەکانی ئەتاتورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرسام و سەربڵند نییە، بۆیە ئاسایە کە ئەردوغان هەنووکە هەوڵبدات لاسایی بەرێوەبەرانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکاتەوە، کە مێژووەکەی پڕە لە هەڵکوتانە سەر میللەتان، تاڵانکردن و کوشتنی بەکۆمەڵ، نمونە لە ساڵی ١٥١٧دا لەژێر ناوی "لێدانی هێبرۆکان" سەربازی تورکیی هێرشیان کردە سەر جو و لەسەر ئەرز و خاکی خۆیان بەکۆمەڵ کوشتیانن، دەستدرێژیان کردە سەر ژن و منداڵ و تاڵانیان کردن. لە هەمان ساڵدا ٩،٤٠٠ کەسیان لە ئەلپۆ لە سوریا  کوشت، کە لە مێژوودا بەکۆمەڵکوژیی و کارەساتی "ئەلپۆ" لە سوریا لەژێر ناوی هێرشی  "ئەلتەلال" ناسراوە.
کۆمەڵکوژیی "تەفەس" کە سوپای عوسمانی لە ساڵی ١٩١٨دا ئەنجامیان دا. کۆمەڵکوژیی ئەرمینیەکان. کۆمەڵکوژیی کوردەکان لە  دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٤، ئەمە جگە لە شەڕفرۆشتنیان بە یۆنان و قوبرس و میسر و لیبیا و دەیان وڵاتی دی. لە سەرەتایی سەدەی بیست تا ئێستا بە هەزاران جار سوپای تورکیا و میلیشیاکانی، هەڵیانکوتاوەتە سەر کوردستان و کۆمەڵکوژیان ئەنجام داوە. نزیکترین مێژوو ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦دا سوپا و میلیشیای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتون"یان بۆ شاری عەفرین ئەنجامدا و داگیریانکرد. ئەو بەڵگە مێژوویانە دەیسەلمێنن، کە بەکۆمەڵ کوشتن و دەستدرێژی کردن لە ژن و منداڵ، بەشێک بووە لە کوولتوری عوسمانییەکان لە جەنگدا.
  لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت، کە ئەردوغانێک ئەوەندە عاشقی مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بێت، ئاسایە و ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و بە سەدان بەڵگە و دۆکیومێنتیش لەبەردەستدا هەیە کە دەیسەلمێنێت، کە ئەوان کۆمەڵکوژیان لە عەفرین ئەنجام داوە، لەبەرئەوە سروشتییە و چاوەڕوانکراوە، کە نەک ئەمڕۆ بەسەدان ساڵی دیش، گۆڕی بەکۆمەڵ لەو شارەدا بدۆزرێتەوە، کە ئێستا ئەردوغان دەیەوێت، ئەو کوژراوانە لە گۆڕەکانیشیان بە ئارامی سەرنەنێنەوە، بەبێ بەزەیی و هەژمارکردن بۆ هەستونەستی خەڵک، ئەو کوژراوانە  لە گۆڕەکان دەردەهێنێت، دەیانخاتە بەر تیشکی کامیراکان، هەوڵدەدات لە مێژوودا خۆی لەو تاوانانە ڕزگار بکات و بینخاتە مل ڕێبەرانی ئەو دەڤەرەی میللەتی کورد، بەڵام نووسینەوەی مێژووی ئەمڕۆ وەک جاران نییە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دنیای ئازادی ئەنتەرنێت، کۆسپێکی مەزنن لەبەردەم ئەوانەی کە دەیانەوێت مێژوو بشێوێنن. ئەوەی لە ڕابردوودا بۆ دەسەڵاتداران دەلوا لە شاردنەوەی ڕاستییەکان ئەمڕۆ بۆیان نالوێت، لەبەرئەوە ئەردوغانیش دەبێت هەر سیر بخوا و زوڕنا لێدا!