کاک مەحموود لە گەڵتا بین؟

Sunday, 18/07/2021, 0:18

6808 بینراوە


گەر ماستاوێکیان دەرخوارد دایت و هەر تامی ئاوی ڕووتیدا؟ بزانە ئەوە ماستاوکەرەکە یان مەکینەی ماستاوەکەی باش نەبووە. 
خۆ ئەگەر ڕۆژێک و لە پڕێکدا دەوری خۆت بینی بە چۆڵی!؟ ئەوا بە بێ یەک و دوو سەیری دەور و بەری بەرانبەرەکەت بکە و بزانە ڕۆژی چەند سێڵفی ئەکەوێت. خۆ هەر بۆ دڵنیابوونیش کەمێک بە دوای گڵۆلەکەتدا بگەڕێی خراپ نیە، کە ڕەنگە بە خێرایی (وون بوونی ئەوانەی دەوریان چۆڵ کردیت)، ڕووەو لێژی ملی نابێت. ئەوسا لێت مەعلووم ئەبێت کە داهاتووت باش نابێت، چونکە ئیتر کەس خاست پێ نایێژێت. 
ئەگێڕنەوە ئەڵێن لە زەمانی زوو، ئەو دەمەی مۆدی حوکمی ئامۆزاکان بوو. ڕۆژێ بە هاو... بوو، ڕۆژێ بێ هاو...بوو!! 
دەردێکی سەیارەش هەیە بە سەدد فیتەر دەرمان ناکرێ، کاتێ مەکینەکەی تاک و جووت ئەکات، یەعنی دەمێ تاک ئیش ئەکات و دەمێ جووت. جا ئەو زەمانە بەڕێوەبردنی حزب و دەسەڵاتیش وای لێ هات بوو بۆیە وەک سەیارە تاک و جووتی ئەکرد و نەدەڕۆیشت بەڕێوە. ئا لەو سەردەمەدا، کەمال و مارفی وا هەبوون لە تەلەفیزۆنا قسەی وایان بە تاک سەرۆک و جووت سەرۆک ئەووت، وات ئەزانی دوای بەرنامەکە دنیا ئاخر ئەبێت. بەڵام هەر دوای چاوتروکانێک ئەکەوتنە شان ماچ کردنی یەکێکیان و ئەیانووت گەورەم ببورە وامانزانی ڕادیۆیە. هەر کە ئەویش وەکو پەشمەک ئەتوایەوە، خێرا خۆیان ئەگەیاندە لاکەی تر و ئەیانووت کاک مەحموو لە گەڵتا بین!؟ 
مامۆستا سمکۆ ناکام لە حەفتاکان درکی بەم کۆمەڵگای کوردییە کردبوو چ ماستاوکەرەیە، لە شانۆیی خولەچەخماخەدا باسی ئەم کەمال و مارفەی بۆگێڕاوینەتەوە. سەیرە کە سیاسی گەورە و بچووک و حزبی کۆن و نوێ تا ئەمڕۆش لەو مەسەلەی ماستاوە تێینەگەیشت بن. جا  ڕۆڵی کەمال و مارف، لەم شانۆییەدا، گرنگە بۆ باسەکەمان، کە تا کۆتایی شانۆکە بە پشتی خولەی چەخماخ سازەوە لەحیم کراوبوون و وایان ئەزانی پیاوکوژە. بەڵام هەر کە خولە ئەسڵییەکە دەرئەکەوێ، بێ دوودڵی ئەڵێن کاک مەحموو لە گەڵتا بین!؟ 
جا بەس سەیری سۆشیال میدیا و هەواڵەکان و دەوروبەر بکە، بزانە لە ململانێی ئەم دواییەی جووت ئامۆزدا، چەند کەمال و چەند مارفت لێوە دیارە. هەر ڕۆژەی بە مەحموویەک ئەڵێن با لە گەڵتا بین؟
 ئاشکرا و مەعلومیشە، کە ئەو خولە چەخماخانەی، بە شانی کەمال و مارفەکان خولەچەخماخەن، لە کون فە یەکونێکا دەمیان تەتەڵە ئەکات و ئەڵێن من کەی وا وتووە کاکە مەحموو؟ من وتم خولەی چەخماخ سازم نەک خولە چەخماخە.
ئەگێڕنەوە جارێکیان مێردی ژنێکی جوانکیلە ئەمرێ. کەسوکاری مێردەکەش ژنەکە مایەپووچ فڕێ دەدەنە دەرەوە. ژنەکەش بە هۆی جوانێکەی و کاری مۆدێل و بەرنامە و کلیپ، ئەبێ به میوانی ناوەختی هەموو باڵادەستەکانی شار. نەخێر دەمێ پۆستی وەزیریش دەمێ پارلەمانتاری وەرئەگرێ بە کوردییەکەی دەستی ئەگاتە زۆر شوێن و ناوبانگێکی باشیش دەرئەکات. کەسوکاری مێردە مردووەکەشی لە گەڵ چەند پیاوماقووڵێک ئەچنە خزمەتی و لێی ئەپرسن، بەڕێز ... خانم ... گیان نامانناسیت؟ خانم ئەڵێ نەخێر. ئەڵێن ئێمە خزمین بێ قەزا بیت. ئەویش لە وەڵامدا ئەڵێت خزم واتا ئەوەکەم (خۆ پیاو ناوێرێ لێرە بیڵێ) هەرچەندە ئاوازەکەش بەوەوە ڕێکە.
ئێوەش ئەی سەرکردە و سەرۆکەکانی کورد، خۆتان لێ نەبێت بە تەیارە. ئەوەی پێتان ئەڵێ کاکە مەحموو لە بەر پارە و ئیمتییازات و دەسەڵاتە.
 دەنا ئەوە کاکە مەحمووی تەواوە، لە بەر کارە چاکەکانی خەڵکی بە دەورەوە بن نەک لە بەر ئەوەکانی(...؟) تەواو. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە