بەڵای گەندەڵی

Thursday, 22/07/2021, 22:42

6415 بینراوە


گەندڵی سیاسی بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی ، بۆ ئامانجی نایاسایی . یان : تاوانی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی . بە گشتیش ئەم خیانەتە ناشیرینە بە نهێنی ئەنجامدەدرێت ، کەسانێکی چاوچنۆکی مفتەخۆر پێی هەڵدەستن ، کە تەنها خەیاڵیان لای گیرفانی خۆیانە و بە هیچ تێر ناخۆن ، هێز و دەسەڵاتی پێشێلکردنی یاسایان هەیە . ئامانجەکەشی بریتییە لە : ١ - دزی و فێڵ و ساختە . ٢ - وەرگرتنی بەرتیل و دیاری گرانبەها . ٣ - سپیکردنەوە و ئاودیوکردنی پارە . ٤ - یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان .. بێگومان هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیش بە شێوەی جیاواز ، ئەگەری تووشبوونی بە پەتای گەندەڵی هەیە . گەندڵیش چەند جۆرێکە ، بڵاوترینییان بریتیین لە : خزمایەتی ، بەرتیل ، ڕووتاندنەوە و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەت . ئاشکرایە لە هەندێک وڵاتدا ، کە یاسا سەروەرە ، داواکاری گشتی و هێزی پۆلیس و ئاسایش ، دەسەڵاتی رەهایان هەیە و زۆر بە چاکی توانای لێپرسینەوە و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی گەندەڵییان هەیە . بەڵام لە هەندێک وڵاتی تردا ، کە بنەماڵە و حیزبە سیاسییە خۆسەپێنەرەکان بە تۆبزی حوکم دەکەن ، یاسا و هەموو جومگەکانی دەوڵەت بە کەڵەگایی بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخدەکەن ، داواکاری گشتی و هێزی پۆلیس و دەزگای چاودێری ، دەبن بە پارێزەری گەندەڵکاران . هەر بۆیە لە ژێر سایەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە پاوانخوازانەدا ، مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ڕێژەی گەندەڵی هەڵدەکشێت و وەک خۆرە هەناوی کۆمەڵگا دادەوەشێنێت . ڕاستەوخۆش کاردەکاتە سەر داهاتی وڵات ، بەمەش هەموو کەرتە گرنگەکان ، تووشی پشێوی و پاشەکشە و دواکـەوتن دەبن .
گەندەڵی یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی بەردەمی پڕۆسەی بوژاندنەوەی ئابوری . لە بواری سیاسیشدا ، شکستی گەورەی بەردەمی دیموکراسی و حکومەتی پاکی نیشتمانییە . لە هەڵبژاردنەکانیشدا ، پڕۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراوەکانی یاسادان تووشی ئیفلیجی دەکەن . پەڕلەمان دەبێتە پەڕلەمانێکی کارتۆنی دەستەمۆی بێ ئیرادە ، کە هیچ ڕۆڵێکی لە یاسادانان و بڕیارە سیاسییەکاندا نابێت و لا لە کێشە ڕەواکانی خەڵکی ناکاتەوە . لە دادگاکانیشدا ئەوەی بوونی نەبێت سەروەری یاسایە .
پاشان گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ، دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری و دانانی کەسانی نەشیاو لە شوێنی شیاودا و هەموو دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە ئەرکەکانی خۆیاندا پاشەکشەدەکەن . دامەزراوەکانی دەوڵەتیش تووشی کەمتەرخەمی و بێسەروبەری دەبن ، خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی یەکسان دابەش ناکرێن ، کۆمەڵگا دووچاری قەیران و پشێوی و برسێتی دەبێتەوە . حکومەتیش جگە لە حکومەتێکی پۆلیسی ستەمکاری بەرژەوەندی خواز ، هیچی تر نابێت . باشترین نموونەش حکومەتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و عیراقە . دیارە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیش زۆرن ، کە لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان دەکەین :
١ – نەبوونی دیموکراسی . سەرۆک و ئەندامانی خێزانەکەی هەموو شتێکن ، هیچ کەس و لایەنێکی خوارخۆیان ناتوانن بە بڕیار و ڕێنماییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن .
٢ - پێشێلکردنی یاسا و لاوازی دادگاکان و دەزگای چاودێری .
٣ – نەبوونی ئازادی ، کە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر هۆکارێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی گشتی و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد . بەمەش گەندڵکاران بێ ترسی فشار و دەنگی رکابەر ، بەردەوامی بە خیانەت و گەندەڵی خۆیان دەدەن .
٤ – هەژاری و کەمی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و بێکاری و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و گوزەران .
٥ – نە بوونی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا و پڕکردنەوەی پۆستە گرنگەکان ، لە لایەن خزم و دۆست و نۆکەرە بێ تواناکانی گەندەڵکارانەوە.
٦ – ڕەوشت ، دیارە ڕەوشت پاڵنەری سەرەکی هەموو مرۆڤێکە بۆ کاری چاکە ، یان خراپە . کەسانی خاوەن ڕەوشتی بەرز و دەستپاکی ڕاستگۆی لە خواترس ، دوورن لە خیانەت وخراپە ، بەڵام بە پێچەوانەوە کەسانی بێ ڕەوشتی چاوبرسی ، گویێ نادەنە دزی و خراپە و سەرپێچی ، کۆش لە هیچ ناکەن و بە ئاسانی دەستدرێژی دەکەنە سەر مافی کەسانی تر .
٧ – بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان .
٨ – باج وەرنەگرتن لە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت ، کە سەر بە دەسەڵاتن و زیادکردنی باج و سەرانە لەسەر هاوڵاتییان .
٩ – لاوازی ڕۆڵی کۆمەڵگا و دامەزراوەکان ، لە چاودێریکردن و دۆزینەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵیدا .
١٠ – بێباکی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی هاوڵاتییان ، کە بە ئاسانی لە خشتەدەبرێن و پشتگیری و هاوکاری دزەکان دەکەن ، لە هەڵبژاردنەکانیشدا دەنگییان پێدەدەن ، لە هەمان کاتدا بێ توانایی ڕای گشتی بۆ دیاریکردنی لایەنی سیاسی پاک و دڵخوازی خۆیان .
ئەوەی شایانی باسە گەندەڵی هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی گەلان و ڕوخانی پایەکانی دەوڵەت و شارستانییەتە ، لە ئەنجامیشدا دەوڵەت ڕووبەڕووی لاوازی و پووکانەوە دەکات و بە ئاسانی تووشی هەرەس و نسکۆ و نەمانی دەکات . ئاشکراشە ئەمڕۆ سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کورد ، لە هیچ گەندەڵییەک خۆیان ناپارێزن . هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها پارە و سامانە . کار گەیشتۆتە ئەوەی هەر لە پێناوی پارەدا ، هەزاران خانو و باڵەخانە و زەوی و زار بە عەرەب بفرۆشن و دیموگرافی و شوناسی ڕەسەنی شار و گوندەکانمان ، وەکو کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بگۆرن ، ئەوەی بەعسیش بۆی نەکراوە بۆی تەواوبکەن . پاش چەند ساڵێکیش حکومەتی عیراق بە تۆپزی لە هەرێمدا سەرژمێری بۆ ڕێژەی کورد و عەرەبمان بۆ بکات . جا ئەو کاتە سیاسییە خەمساردە بازرگانەکان ، چییان بۆ کەرکوک و خانەقین کردووە ، هەر ئەوەندەشییان بۆ سلێمانی و هەولێر و دهۆک پێ دەکرێت . هەر خواش خۆی دەزانێ چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵەمان بەرەو کام هەڵدیر دەڕوا .
لەدواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکەماندا هەموو جۆرەکانی گەندەڵی ( سیاسی ، ئابوری ، خاک فرۆشی و بەدڕەوشتی ) ئەوەندە بڵاوە ، دۆخێکی وایان هێناوەتە کایەوە ، کە بە درێژای مێژوو میللەتەکەمان تووشی بارودۆخی وا خراپ نەبووە . ئەوەتا خەڵکی لە تاو برسێتی و نەداری و بێکاری و زوخاوی هەرا و بەڵاوە ، ئەوەندە ناخیان وێرانە ، بە ناچاری ئاوات بە نان و ئاو و کارەبا و شــــەقـی داگیرکەران دەخوازن .. بە ڕاستی مرۆڤی ژیر و بە ئاگا ناتوانێ سەر لە کاری ئەم دەسەڵاتە بێباکە دەربکا ، هەر دەڵێی قوڕقوشمی کراوەتە ناو گویێ ، نازانێ لێشاوی دزی و گـەنـدەڵی و زۆر و ستەم ، تەخت و تاراجی زۆرداران ڕادەماڵێ و کارەساتی گەورە و گران بە دوای خۆیدا دەهێنێ .
*****

٢٠ / ٧ / ٢٠٢١
 تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە