تێڕوانینێک بۆ چەند بەڵگەیەکی بوونی خوا، یان نەخشەسازێکی ژیر (بەشی یەکەم)

Monday, 26/07/2021, 23:59

8780 بینراوە


ئەلفۆنسۆی دەیەمی شای ئیسپانیا: ئەگەر من ڕاوێژکاری خوا بوومایە لە ڕۆژی دروستکردنی جیهان، ئەوا بێگومان زۆر باشتری دروست دەکرد لەمەی ئێستە!


بەشی یەکەم: زەوی و شتگەلەکانی دیکەی گەردوون

نەخشەسازیی ژیر (Intelligent design)، ناونیشانێکە بۆ بیروڕای ئەوانەی پێیان وایە سەرلەبەری گەردوون بە زەوی و زیندەوەران و مرۆڤەوە دەستکردی نەخشەسازێکی ژیرە. ئەمەش زۆرینەی ئەوانە دەگرێتەوە ئایندارن، دەیانەوێت باوەڕدارییان بە زانست پەرەدەپۆش بکەن. ئەمانە دەڵێن، هەموو شتێک لە لایەن هێزێکی لە ئاسابەدەرەوە، بە بوونی چەند مەبەست و ئامانجێکەوە دروست کراون، لەبەرئەوەی ئەو ئاڵۆزی و ڕێکوپێکییەی لە گەردوون و بوونەوەرەکاندا هەن، دەبێت نەخشەسازێکی ژیر و بەتوانای لە پشتەوە هەبێت. ئاشکرایە لایەنگرانیان هاوشێوەی ئایندارەکان، مەبەستیان لەو هێز و داهێنەرە خوایە، بەڵام ناوی نابەن، هەتا لە لایەک بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە نەبنەوە لەبارەی چیەتی ئەو داهێنەرە و چۆنەتی بەدیهێنانی بوونەوەرەکان دەکرێن، لە لایەکی دییەوە تا بۆچوونەکانیان بە شێوەی تیۆرێکی زانستی دوور لە ئاین، نیشان بدەن.
بیرۆکەی بوونی جوانی سروشت، هەڵکەوتن و گونجانی زەوی بۆ ژیان، ئاڵۆزی و ڕێکوپێکی لەشی مرۆڤ و زیندەوەران، وەک بەڵگە بۆ بوونی خواوەند، بۆ ڕابردووێکی دوور دەگەڕێتەوە. گەلەک گفتوگۆ و لێکدانەوە لەم بارەیەوە دەکران، لەلایەن چەند فەیلەسووف و بیرمەندێکی کۆنی وەک، ئەفڵاتون و ئەریستۆ، دوای ئەوانەش هاوشێوەی، تۆماس ئەکویناس و ویلیەم پێلی.
لێرەدا دەشێ بیر لەوە بکەینەوە، ئەگەر گەردوون و بوونەوەرەکانی دەستکردی خوا، یاخۆ داهێنەرێکی ژیر و دانا بن، بێگومان پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێت گشت بەرهەمەکانی لەوپەڕی چاکیدا بن، هیچ کەسێکیش لە توانایدا نەبێ ڕەخنەیەکیان لێ بگرێت، یان چاکسازییەک ئەنجام بدات بۆ ئەو خەوش و کەموکوڕییەی لەو بەرهەمانەدا هەیە. بەو واتایەی ئەگەر دروستکراوەکان کێشەیەکیان هەبێ و پێویستیان بە چارەسەری و چاککردنەوە هەبێ، ڕاستەخۆ دەبێتە بەڵگە کە خاوەنەکەیان دا‌هێنەرێکی دانا و زانا نییە.
زۆربەی هەرە زۆری ئاینداران پێیان وایە، گەلەک بەڵگە هەن لەم گەردوونەدا بۆ بوونی خواوەندێکی مەزنی زانا، بەڵام بە تێڕوانینێکی ورد بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو بۆچوونانەیان زۆر سادەن و پشت نابەستن بە زانست و لۆژیک، تەنیا خۆدزینەوەیەکن لە هەموو ئەو کارەسات و ڕووداوە سروشتییانەی گەردوون و زەوی، هەروەها لەو هەڵە و ناڕێکییانەی لە لەشی زیندەوەران و مرۆڤدا هەن.
با سەرنجێک بدەینە بیروڕای باوەڕداران بە خوا، یان لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر، بۆ ئەوەی بزانین تا چی ئاستێک ڕاستن و لەگەڵ زانستەکاندا یەک دەگرنەوە.
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر و نموونەی گونجاو، بابەتەکەمان دەکەینە دوو بەش ؛ زەوی و تەنەکانی دیکەی گەردوون، مرۆڤ و چەند زیندەوەرێک.

گەردوون، زەوی؛

سەرەتا دەبێ بزانین کە گەردوون بەتەواوی نموونەیی و ڕێکوپێک نییە، بگرە پڕیەتی لە شێوان و هەڕەمەکییەت، بەوەی هەڕەمکییەتی (بنەمای ئینترۆپی) لەگەردووندا هەمیشە پتر دەبێت، شتگەلەکان هەموویان بەرەو تێکچوون و نەمان دەچن، هیچ شتێک نییە لەم گەردوونەدا نەمرێت، بە خودی گەردوونیشەوە.
گەلەستێرەکەمان (ڕێی شیری)، بێ هیچ گومانێک بەر گەلەستێرەی ئەندرۆمیدای دراوسێمان دەکەوێت، هەروەها هەر سەد ملیۆن ساڵ جارێک ڕەوتی جووڵەی گەلەستێرەکەمان نێزیک دەبێتەوە لە تەقینەوەیەکی مەزنی سوپەرنۆڤایەک، ئەوانەی دەکارن بەتەواوی چینی ئۆزۆنی زەوی وێران بکەن، بەمەش سەرلەبەری ژیان لەسەر زەویدا نەهێڵن. بە زانینی تەمەنی زەوی کە خۆی لە چوار ملیار ساڵ پتریش دەدات، دەبێ چەندان جار ئەم هەسارەیەمان کەوتبێتە بەر مەترسی لەدەستدانی تاکە پارێزەری زەوی لە تیشکە زیاندەرەکانی خۆر و تیشکە گەردوونییەکانی دی.
خۆ ئەگەر خوا گەردوونی لەپێناو مرۆڤدا دروست کردووە، ئەوا دەبینین ڕووبەرێکی لە ئەندازەبەدەر بەخۆڕایی و بێسوود هەیە لەگەردووندا کە ناشێ مرۆڤی تێدا هەڵبکەوێت. تەنیا ڕێژەی %3ی گازەکانی بۆشایی گەردوون دەبنە ئەستێرە، ئەو 97%ی دەمێنێتەوە هەرگیز ناتوانێت ببێ بەشتێک ناو بنرێت بە ئەستێرە، ئاشکراشە کە هەر ئەستێرە مەزنەکانن بە تەقینەوەیان ئەستێرە و هەسارەی دیکەیان لێ دێتە بەرهەم. جگە لەمە خوا کاتێکی یەکجار زۆری بەفیڕۆ داوە، چونکە نۆ ملیار ساڵی پێویست بووە پاش بوونی گەردوون تا زەوی دروست بکات، پاش ملیارێکی دیکە ئینجا ژیان سەری هەڵداوە، دوای چوار ملیاری دی مرۆڤ پەیدا بوو. کەواتە مرۆڤ نەیتوانیووە لەسەر زەوی بڕوات، تەنیا کەمتر لە ٪1ی تەمەنی زەوی نەبێت. 
کاتێکیش سەرنج بدەینە بەفیڕۆدانی گەردیلە، یاخۆ ماددە، دەبێ بڕوانینە سەرلەبەری گەردوونی ماددەیی، ئەوەی پتر لە سەد ملیار گەلەستێرەی هەیە، هەریەکەشیان زیاتر لە سەد ملیار ئەستێرە لەخۆ دەگرن. پێویستە بشزانین کە گەردوونی بینراو %0.5ی کۆی گشتی گەردوونەکەمانە، ئەویش لە %3.5ی ماددەی ناڕۆشنە، %2ی لە توخمی قورستر لە هیلیۆم پێک دێت، ئینجا %0.5ی ئەو توخمە قورسانە توخمی کاربۆنە. واتە تێکڕای ماددەی گەردوون تەنیا %0.0007ی کاربۆنە. ئایە دەکارین ببێژین، خوا گەردوونی بەتایبەتی بۆ ئەوە دروست کردووە تا کاربۆنی تێدا بێتە بەرهەم کە بۆ بوونی ژیان پێویستە؟ ئەمەشمان لەبیر نەچێت ڕێژەیەکی یەکجار کەمی ئەم کاربۆنە بۆ هێنانەدی مرۆڤ بەکار هاتووە. هەموو ئەوانەشی کە ئاماژەمان پێی دا، بەبێ ناوهێنانی وزەی تاریک (Dark Energy) بوو کە لە %70ی گەردوون، هەروەها ماددەی تاریک (Dark Matter) کە لە%26ی گەردوون پێک دەهێنن.
ئەی چی بڵیین دەربارەی ئەو وزەیەی خۆر دەیبەخشێت؟ ئەوەی تەنیا دوو فۆتۆن لە کۆی ملیارێک فۆتۆن دەگاتە زەوی، ئەوانەی دیکەی بەو گەردوونەدا بەبێ سوود لێوەرگرتن پەرتوبڵاو دەبنەوە. دەبێ ئەوەش بزانین خۆر لە هەر چرکەیەکدا 4.2×10^44 فۆتۆن دەردەهاوێژێت، ئەمەش لەو کاتەیە گەلەستێرەی ئێمە نێزیکەی 200 ملیار ئەستێرەی وەک خۆری ئێمە و گەلەک گەورەتریشی تێدایە.
بەکورتی ئەگەر پێوانەی بکەین بەم شێوەیەیە؛
- لە %99.9999999999999999999999999999999927ی قەبارەی گەردوون، مرۆڤ ناتوانێت بۆ یەک چرکە تێیدا بژیێت. ئەمەش تەنیا گەردوونی بینراو.
- لە %99.9999999999999999999999998ی وزەی ئەستێرەکانی گەردوون بەبەرهەمی دەهێنن، بەفیڕۆ دەچێت و مرۆڤ سوودی لێ نابینێت.
- لە %99.999125ی تەمەنی گەردوون هی ئەوە نەبوو مرۆڤ تێدا سەرهەڵ بدات.
- لە %99.999998ی وزەی خۆر پەرتوبڵاو دەبێتەوە و سوود بە مرۆڤ ناگەینێت. 
- لە %99.93ی تێکڕای (قەبارەی) زەوی دەست نادات بۆ نیشتەجێ بوونی مرۆڤ.
دەربارەی زەویش، ئەگەر سەیری کۆمەڵەی خۆرەکەمان بکەین کە زەوی بەشێکە لێی، پڕە لە بەرکەوتن و خۆپیاکێشانی تەنە کشاو و کلکدارەکان بە هەسارە و مانگەکانیان. ناسراوترین نموونە ئەو تەنە ئاسمانییە گەلەک گەورە و زەبەلاحە بوو بەر زەوی کەوت (پێش 65 ملیۆن ساڵ)، بووە هۆکاری نەمانی دیناسۆرەکان و زۆربەی هەرە زۆری زیندەوەرەکان. لەوەتەی ژیان سەری هەڵداوە، ئەم زەوییەمان چەندان بنەبڕی و لەناوچوونی مەزن و بەکۆمەڵی بوونەوەرە زیندووەکانی بەخۆوە بینووە، لە ٪99ی ئەو زیندەوەرانەی لەمێژووی ژیان لەسەر ئەم زەوییەدا ژیاون بەیەکجارەکی بنەبڕ بوونە، تا ئێستەش هەر بەردەوامی هەیە. ئایە ناشێ بپرسین، بۆچی ئەمانە دروستکران و پاشان لەناوبران؟
ئاشکرایە کە لە تەواوی کۆمەڵە خۆرەکەمان هیچ جێیەک نییە بۆ ژیان بشێ، تەنیا زەوی نەبێت، بەڵام دیسانەوە وەک گوتمان ڕووبەرێکی یەکجار زۆری بۆ زیندەوەران، بەتایبەتیش بۆ مرۆڤ نەگونجاوە. بۆچی و سوودەکەی چییە، ناخی زەوی لە کوڵاندایە و هیچ زیندەوەرێکی تێدا ناژیت؟ ئەمە چی ژیرییەکە چارەکی وشکانی زەوی لە بیابان پێک بێت و مرۆڤ نەتوانێ تێیدا بژیێت، کەچی خەڵکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا، چری دانیشتووان لایان هێندە زۆر بێت، ژمارەیەکیان لەناو گەمییەکانیاندا ژیان بەسەر ببەن؟ بۆچی 70%ی زەوی داپۆشراوە بە دەریای سوێر کە نە بۆ خواردنەوە و نە بۆ کشتوکاڵ دەست دەدات، چەندانێکیش لە تێنوویەتی و لە برسان بمرن، لەبەر وشکی و بێ ئاوی و کەمی بەرهەمی زەوییەکانیان؟ دانایی لە چیدایە، ڕووبەرێکی فرەوان سەهۆڵبەندانە، شوێنیش هەیە لەبەر گەرماکەی کەسی تێدا هەڵناکات؟
بەکورتی، جیهان پڕیەتی لە ڕووداو و کارەساتی سروشتی وەک، بوومەلەرزە، گڕکان، ڕەشەبا و بروسکە، داتەپینە سەهۆڵینەکان، ئاگرکەوتنەوە مەزنەکان، لافاو و تسوونامییەکان، ئەوانەی ساڵ نییە بەهەزاران و هەندێ جار بە سەدان هەزار کەس نەکوژن لە کەسانی بێتاوان و مناڵانی هیچ نەدیوو لە ژیان. ئەو هەموو دیاردە ترسناکە کاتێک هەژاری و نەبوونی دادپەروەریشی دێتەسەر، هیچ لۆژیکێک بەدەستەوە نادات بۆ بوونی داهێنەرێکی ژیر و دانا، یاخۆ خوایەکی چاکەکار و بەبەزەیی و میهرەبان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە