روونکردنەوەیەک لە سەر لێدوانێکی خۆم سەبارەت بە پلانی فڕاندنی جەمیل بایەک

Tuesday, 27/07/2021, 20:27

10443 بینراوە


ئەو هەواڵ و گرتە ڤیدۆیەی کە لە دوو رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە  پلانی فڕاندنی جەمیل بایک لەلایەن تورکیاوە و بە هاوکاری نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  قوباد تالەبانی کە ئەو کات لە ئەمەریکا نوێنەری حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بوو.، هەواڵێکی زۆر کۆنە وەک لە یادم مابێت مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان ٢٠٠٤  و ٢٠٠٥. هەواڵەکە بۆ یەکەمجار  لە سەرچاوەیەکی نهێنی و باوەڕپێکراوەوە دەستمان کەوتبوو، ئەم هەواڵە دەنگێکی زۆری دایەوە،  ئەو کاتەش بوو، کە ژوورەکانی پاڵتاڵک لە گەرمەی چالاکییدا بوون، ژوورە کوردییەکان سەردانی زۆر دەکران.
بەیانییەک کە من لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە سوید لە سەر کار بووم. یەکێک لە ئەدمینەکانی پاڵتالک بە ناوی کاک (بۆتین کوردستانی) پەیوەندیی پێوەکردم،  سەبارەت بە راستیی و دروستی هەواڵەکە  پرسیاری لێکردم ، منیش بەبێ ئەوەی خۆم ئامادەکردبێت، قسەم لەسەر کرد،  ئەوەی لە بیرم مابێت ئەو کاتەش بوو، کە رۆژێک پێشتر خودی قوباد تالەبانی پەیوەندیی پێوەکردم  زمانی تەتەڵەی دەکرد، پەشۆکابوو، ویستی هەواڵەکە بە درۆ  بخاتەوە پێی وتم: (ئەوەی هەواڵەکەی پێداون ئێسکی مرێت و شکڵی خواتەوە).
ئەو سەردەمە قوباد هێشتا بە تەواوی نەگەڕابووەوە بۆ کوردستان، چۆن سیاسەتی نەکردبوو، نەیدەزانی بە زمانی سیاسیی بدوێت،  دەربڕینی زمانە کوردییەکەشی پەروەردەی  دەستی گەلاوێژ خانی نەنکی و شانازی برایم ئەحمەدی پوری بوو، لە ناو ئەواندا گەورە کرا بوو، کە گەورەش بوو چۆن لە ناو پیاواندا هەڵنەستابوو، بۆیە بەو شێوەیە ناڕەزایەتییەکەی دەربڕی، کوردییەکەی زمانی ژنانی سەرتەنوور بوو. (ئاخر ژن، پیاو منداڵ)، هەر یەکە کۆمەڵێ زاراوە و قسەی تایبەت بە خۆیان هەیە.
ئەو روونکردنەوەیەم لێرەدا بە پێویست زانی، چونکە  پەیوەندیی زۆرم پێوەکراوە و داوای روونکردنەوە دەکەن، هەرچەندە تا ئیستا و لەو ماوە دوور و درێژەدا کاک بۆتین کوردستانی چەند جارێکی تر ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردۆتەوە، من دەستخۆشی لێدەکەم، بەڵام دەبوو وەک هەواڵیکی کۆنی ئەو دەردەمە  باسی بکردایە، کە من بەش بە حاڵی خۆم حەزم دەکرد لە ئاستی کاری راگەیاندنی لێهاتوودا ئەوسا  لێدوانەکەم بدایە، بەڵام  قسەکانم نە کات و نە شوێنەکەش گونجاو نەبوون.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە