هەڵبژاردن و دەنگدان پاشەقولێک بوو گۆڕان لەخەڵکی گرت

Thursday, 29/07/2021, 7:54

3609 بینراوە


بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی لەهەناوی خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستاندا درووست بوو. گۆڕانکاری ڕیشەیی لەسیستەمی حوکمڕانی و چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و دەرهێنانی دۆسیەی نەوت لەدەستی حیزب، سەروەری یاسا و دادی کۆمەڵایەتی کردە ئامانجی خۆی. لەیەکەم بەشداری کردنی بزوتنەوەکە لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا (٢٥) کورسی و لەدووەم بەشداریکردنیدا (٢٤) کورسی و لەسێیەم بەشداری کردنیدا کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی (٢٠١٨) بوو (١٢) کورسی بەدەستهێنا. ئەوە دوو خولی پەرلەمانیشە بەکۆمەڵێک درووشمی چاکسازی وەک بنەبڕکردنی گەندەڵی و سەروەری یاسا و فراوانکردنی ئازادییەکانی تاک ....هتد بەشداری حکومەتی کردووە، کۆمەڵێک پۆست جومگەی گرنگیان لەحکومەتدا وەرگرتووە.
خەڵکی ستەم دیدە و غەدرلێکراوی کوردستان بەچاوی هیواوە، بەئومێدی گۆڕانکاری لەچوونە حکومەتی بزوتنەوەکەیان دەڕوانی، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک و جەماوەرەوە، بزوتنەوەکە وەک نوێنەرێکی کوێری خەڵک بەرامبەر بەتاڵان بردنی نەوت و هەرزان فرۆشکردنی لەلایەن مافیاکانی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتەوە دەرکەوت، وەک چاودێرێکی کەڕ و دەم چەورکراو بەرامبەر شانۆگەرییە گاڵتەجاڕییەکەی دادگایکردنی چالاکوانانی بادینان بینرا، کە جورئەتی ئەوەی نەکرد بەدەسەڵات (کەخۆی بەشێکە لێی) بڵێ: ئیتر بەسە، ئەو شانۆگەرییە ڕاگرن. وەک کۆترێکی پەڕوباڵ کراو بەرامبەر قاچاخچێتی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان خۆی نواند، هەروەها وەک دەربارێکی کۆشک  لەبەرگریکردن لە بڕیاری کەمکردنەوە و لێبڕینی مووچەی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە خۆی نمایش کرد.
لێرەدا ئەوە دەپرسم، ئەوە ئێوە نەبوون وەک قارەمانێکی ڕاستەقینە بەرامبەر جەماوەر خۆتان نیشان دەدا و دەستان بەمەنەسەی ووتارداندا دەکێشا و دەتانوت: خەمی ئێمە خەمی خەڵکە، مژدەی یەکسانی و دادپەروەری و سەروەری یاساتان بەخەڵک دەدا ؟
نا نەخێر، خەمی ئێوە خەمی خەڵک نەبوو، خەمی ئێوە تەنها و تەنها ئەوە بوو، کە ئێوەش پارچەیەک لەکێکەکە بپچڕن و بەشی خۆتان بەرن، ئەوەتا چراخان ڕەفیق ژنی وەزیری پێشووی سامانە سرووشتییەکان دوو ڕۆژ لەمەوبەر  لەنووسینێکدا کە لەدرەو میدیادا بڵاو بووەتەوە، ئەوە باس دەکات کە بەفەرمانی پارتی (٣٥) ملیۆن دۆلارمان پێچایەوە، سەعات یەکی شەو سایەقەکانیان نارد، ڕادەستمان کردن و بردیان بۆ نەوشیروان مستەفا، لەبەشێکی تری نووسینەکەیدا باس لەهاوبەشی کردنی عەلی حەمە ساڵەح لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی دەکات (کە بەرهەمە نەوتییەکانی پێدراوە)، ناوبراو (٥٠) ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە. لەبەشێکی تری نووسینەکەیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرامبەر بەپێدانی بەرهەمە نەوتییەکان بەپاڵاوگەی گۆڕان لەقەزای دوکان، عەلی حەمە ساڵەح هێرشەکانی وەستاندووە بۆ سەر وەزارتی سامانە سرووشتییەکان.
هەموو ئەوانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە بۆنی دۆلارەکانی دەسەڵات کە لەبەرامبەر بێ دەنگبوونتان لەبەتاڵان بردنی سەروەتی و سامانی گەل سەرخۆشی کردوون،   بیرتان چوو ئێوە لەکوێوە هاتوون ؟ کێ ئێوەی بەو شوێنە گەیاند ؟ بەداخەوە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان پاشقولێکی تر بوو لەخەڵکتان گرت، خیانەتان لەدەنگیان کرد و دوای بەرژەوەندی تایبەتی و شەخسی خۆتان کەوتن، بۆیە وا کوێر و کەڕبوون بەرامبەر ژیانی خەڵک، کە هەژاری و بێ پارەی و بێ دەرمانی دایڕزاندوون، دڵنیابن ڕۆژێک دێت ئەو جەماوەرە حیساب و کیتابتان لەگەڵ دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە