زۆر جار دڵم لای تۆ جێهێشتووە

Friday, 30/07/2021, 22:29

4802 بینراوە


من شەوان دەچوومە نێو تەنیایی و
بێئاگا بووم
زۆر جار تەنیایی خەیاڵی لێ دەدزیم
خەیاڵ لە من تەنیاتر
من لە وجوودی خەیاڵ بێ ئاگا
بێ ئاگایی، دابڕانە.
دڵم قوربانی ئەو جێهێشتنانەیە
کە شەوان مانگ بە دیارمەوە حوزن دەیبردەوە
چش، ئەوان خاڵین لە دابڕان
بە کۆترەباریکەیەک سکاڵام نارد
خوداوەند، لە هەموو قابیلەکان  تووڕەیە.
من لە نەوەی ئەو ئەهریمەنانەم
کە خەیاڵ دایبڕین لە شەڕ
من و خۆم بەیەکەوە دەچینەوە سەر ئینجانەکانی تەمەن و
ڕابردوو لە یاد دەکەین
ئێستا کەسێکی دیکەین
لە ماڵە باجێنەمان ڕا دەکەین
تا ڕێگای ئاوی هەبێ ناچینەوە سەر ڕێی باران
تا خودا حەزکات
پیکەنینمان جوان
تا جوانی حەزکات
دابڕانم هەنگوین
تا چیا حەزکات
نەسیمی بەیانیانم شاد
چ شیرینە ئەو چاوانەی گۆڕدران.
کە بێ ئاگابووم
دڵی منداڵیم، دایبڕیبووم لە قاپی خانەقای دراوسێمان و
منداڵانە دەچوومەوە ناو جوانی قانگدراو
چ بێ ئاگابووم
ئێستا من خەیاڵێکی دیکەی ناو هەنبانەی منداڵیم
ئێستام ئێستایەکی ونە
ونتر لە ماڵی نەوڕەسێکی ماندووتر لە هەتاو
هەتاو، تواندنەوەی مۆمە لە داڵانی قەیسەر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە