لێکەوتەکانی گۆڕان و ڕاوکردنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن!

Monday, 02/08/2021, 9:25

7336 بینراوە


لە هەرێم سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بڕبڕەيی پشتی ئۆپۆزیسیۆنیان دا.  ئەو شکەستەی کە تووشی ئۆپۆزیسیۆن هات و ئیفلیجی کرد، نەخێزانی تاڵەبانی و نەبنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە لە دەسەڵاتن، بەخەرج کردنی میلیۆنان دۆلار، ئەوجا ئەوەی سەرانی گۆڕانیان بۆ نەدەکرا، هەرگیز سەرانی ینک و پدک  بەو شێوەیەی ئەمڕۆ ڕێگەیان بۆ تەخت نەدەبوو، بێباکانە لە نەبوونی حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی خاوەن قەوارەیەکی جەماوەریی بەهێز و ڕێبەرێکی لێهاتوو ببن بە دەسەڵاتداری یەکەم لە هەرێم و باکیان بە ڕای شەقام نەمێنێت.
 دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ کە گۆڕان ٢٥ کورسی پەرلەمانی کوردستانی هێنا، سەرانی گۆڕان بزوتنەوەکەیان لە بێژینگ دا. زۆربەی ئەوانەی کە خاوەن کەسایەتی بەهێز بوون، بە پۆست و پارە نەدەکڕان، لە ئایندەدا ملیان بۆ کوڕەکانی بارزانی، کۆڕ و زڕبرازاکانی تاڵەبانی و کوڕەکانی نەوشێروان شۆڕ نەدەکرد و پێشبینی ئەوەیان لێ دەکرا کە لە داهاتوودا ببن بە سەرکردەی لێهاتوو و بێدەنگ نەدەبوون لە ئەگەری بەلارێدا بردنی بزوتنەوەکە، هەوڵیان دەدا کە خاوەن دەنگ و بڕیار بن، داوای ڕوونکردنەوەی دۆخی دارایی و سەرچاوەکەیان دەکرد و ڕێگر دەبوون لە گەشەکردنی ڕۆحی وەریسی سیاسی و تاپۆکردنی گردەکە لەسەر نما و چیا، سەرانی گۆڕان هەموو ئەو جۆرە کەسانەیان تەرتەووەرتە کرد، لە ئەنجامدا بزوتنەوەکە کۆمەڵێک کادیری پشێکەوتووی ڕۆشەنبیری دڵسۆزی لەدەستدا. 
سەرانی گۆڕان دواتر، بزوتنەوەکەیان تەسلیمی مەڕەمردوویەک و حاجی ڕێوی و خەڵکی ڕاڕا و بێهەڵوێست و بەرژەوەندییپەرست کرد. ئەم پۆلینە سروشتی بزوتنەوەکەی گۆڕی، زۆربەی ئەوانەی مانەوە، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هاندەری سەرەکیی نەوشێروان بوون، کە بچنە دەسەڵات و ببن بە کۆڵەکەیک، بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان لەهەردوو زۆنی سەوز و زەرد. ئەمە یەکێک بوو لەو هۆیانەی کە بووە هۆی لاواز بوونی بزوتنەوەکە و نەبوونی واجیهەی باش بەتایبەتی لە هەولێر و سلێمانی.
سەرانی گۆڕان، بەدریژای تەمنیان دەستیان هەبوو لە هێنانە پێشێ هەندێک گەنج، کە زانیارییان دەربارەی هەبوو کە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن پارەی ڕەشوڕووتی خەڵکی سلێمانییان خواردبوو، دواتر لە بزوتنەوەکە جیابوونەوە و  بۆ خۆیان حزبێکی دیان ڕاگەیاند و بە جڕەجر چەند کورسیەکی پەرلەمانیان بردەوە و ئەمیش بوو بە سەرچاوەیەکی دیکەی دەرامەت پەیدا کردن و گرفێتی دی لە باشوور.  کە بێگومان ئەمیش لێدانێکی دی بوو بۆ لەتبوونی زێتری دەنگی ناڕەزا و دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا.
سەرانی ئەو بزوتنەوەیە، هەندێک کەسی نەشیاویان لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ هێنایە پێشێ، کردنیان بە واجیهە و ئەندام پەرلەمان لە کوردستان و بەغداد، کە پێشوەخت دۆسەی گەندەڵی و ڕەوشتیان لەسەر بوو، یان بە دەیان جار کاتێک کە لەنێو یەکێتی بوون جێگۆڕکیان لەنێو کتلەکاندا کردبوو بۆ ئەوەی پارە و پۆستیان دەستکەوێت، یان لە ئەنجامی ڕاقابەری سەرانی کتلەکانی دی نێو یەکێتی کەسانێکی ڕاڕا و هەلپەرست گرنگیان پێ درا، هەندێک لە کۆنەبەعسی و جاش و خۆفڕۆشیش لەو بزوتنەوەیەدا هەژماری تایبەتیان بۆ کراو بە ڕێزەوە پۆستی حزبی و حکومیان وەرگرت. ئەم جۆرە واجیهەیە لەنێو میللەت، لە شکۆی بزوتنەوەکەی دا، وەک دیاردە لەنێو خەڵکدا باسی دەکرا، کە سروشتی بزوتنەوەکە لەگەڵ سروشتی پارتی و یەکێتی جیاوازی نەمابوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە  خەڵک وەک گەڵای دار لە بزوتنەوەکە ببێتەوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە میدیاکاندا دەبینرێت کە پۆل پۆل لایەنگرانی ڕیزەکانی  ئەو بزوتنەوەیە بەجێدەهێڵن.  
سەرانی گۆڕان بەمەبەست ئەویان دەکرد، دەیانزانی کە ئەو جۆرە کەسانە بۆ ئەوان کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسانتر دەبێت، بە پارە و پۆست بێدەنگ دەکرێن. لەئەنجامدا زۆرێک لەو کادیرانەیان ئێستا بوون بە نۆکەری ماڵی بارزانی و تاڵەبانی، هەندێکیان ژێربەژێر پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەیە، هەندێکیشیان بەرەو هەمان ئاراستە بەڕێوەن و هەندێکیش مەرتەقە دژی بنەماڵەی بارزانی تاڵەبانی لە دەمیان ناێتەدەرەوە. واتە قەوارەیەکی لەرزۆکیان بۆ ئەو بزوتنەوەیە پێکەوەنا، کە کوڕەکانی تاڵەبانی و بارزانی بە ئاسانی  زەفەریان پێ ببەن.
لە بواری میدیادا بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بە کۆمەڵێک نووسەر دا، کە دواتر نووسەری ڕاڕاو بێهەڵویستیان لێ بەرهەم هات، ئەم نووسەرانە کە تا دوێنێ لەنێو میدیاکاندا بە نووسەری ئەو بزوتنەوەییە ناسراو بوون، بەڵام دواتر زۆربەیان بەپارە لەلایەن کوڕەکانی مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی و جەنگی کڕان. هەندێک لەوانە بەتایبەتی یەکێکیان تا سەرئێسقان نەوشێروانی بوو، ئێستا تووشی حاڵەتێکی سایکۆلۆژی هاتووە، جاران بەهێزی کەسایەتی خۆی و قەڵەمەکەی لەسێبەری نەوشێرواندا دەدۆزیەوە، ئەمڕۆ بە ئاشکرا، لە وتارەکانیدا کە لە میدیا سێبەرەکانی وڵات بڵاو دەکرێتەوە، خۆی بەوە هەڵدەکێشت کە لەگەڵ، مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان کاری کردووە، واتە هەرسێکیان لەیەک ئاست و خانەدا دەبینێت و هەژماریان بۆ دەکات و جیاوازی لەنێوان ئەو سێیانە ناکات. دوای تەقینەوەی گرفتی نێوان لاهور و بافڵ، ئەو نووسەرە وەک ئەوەی جاران بۆ نەوشێروانی دەکرد، ئەمڕۆ بەهەمان نەفەس بۆ لاهوری دەکات. ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت، کە لاهور بەدەست و بازوو و ماندووبوونی خۆی بۆتە هاوسەڕۆکی یەکێتی و دەوڵەمەند بووە، برا و خوشک و منداڵەکانیانی تا دەگات بە پورزاکانی لە پۆستە هەستیارەکانی نێو یەکێتی و حکومەت دانەمەزراندووە، خۆی و براکانی وەک کوڕەکانی مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی لەسەر دەرامەتی خوێنی شەهیدان نەبوونەتە میلیۆنێر!
ئەم جۆرە هەڵوێستەی ئەو نووسەرانە، کە دەستیان هەبوو لە گەیشتنی بزوتنەوەی گۆڕان بەو چارەنووسەی ئەمڕۆ، دەیانەوێت هێشتا لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا بمێننەوە و ڕاوی دەنگی ناڕەزا بکەن، بە وتارەکانیان پشتیوانی لەم و لەو بکەن. لاهور بە بەدیلی سیاسی دابنێن، بانگەشەی بۆ بکەن و سەر لە خەڵک بشێوێنن.
 لە باشووری کوردستاندا دەنگی ناڕەزای وێل هەیە، کە ئیران و تورکیا نایانەوێت بەدیلێک لەنێو جەرگەی میللەت و لە دڵی ئازرەکاندا لە دایک بێت، بۆ ئەجێندای ئەوان کار نەکات و ڕۆحی بەرنگاریبوونەوەی هەبێت. سروشتی ئەو جۆرە بەدیلە لە کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی و مەلا مستەفا و  ئەدەهەم بارزانی و کوڕەکانی نەوشێروان مستەفا و کوڕەکانی جەنگییدا بەدیناکرێت، یان لەپاشماوەی ینک و پدک، لەبەرئەوە زەقبوونەوەی گرفتی نێو باڵەکانی یەکێتی، بۆ ئەوەیە وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان کردی، قاعیدەیەکی لەنێو یەکەتییدا هەبوو کە کردی بەهەوێنی دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆن، ئینجا دەنگە ناڕەزاکانی نێو میللەتیشی لە دەوری کۆکردەوە، کە ئەمڕۆ لاهور هەمان قاعیدەی لەنێو یەکەتییدا هەیە، ئینجا بە هەموویان دەیانەوێت دەنگە ناڕەزاکانی نێو میللەتی لێ کۆبکەنەوە، بۆ چەند دەیەکی تر شەقام بەبێ حزبێکی ئۆپۆزیسیۆن و رێبەرکی لیهاتوو بێت، ئەو جۆرە نووسەرانەش بۆ ئەو جۆرە بەدیلە هەوڵدەدەن، بۆیە هەڵوێستیان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، کە ئایا ئەوانە بۆ پارە ئەوە دەکەن؟ یان هۆی دیکەی لە پشتەوەیە کە تەنیا پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی نەبێت بەهیچی دیەوە نییە. 
لە سلێمانی و هەولێری ئەمڕۆدا، تەنیا هێزی چەکدارە کە بۆ یەکلایی کردنەوەی گرفتەکانی کە تەنیا لەسەر پارە و پۆست و دەسەڵاتە بەکاردەهێنرێت. کێ ئەو هێزەی هەبێت و پشتیوانی بکرێت لەلایەن دەزگەی هەواڵگری ئیران و تورکیاوە، ئەوا ئەو براوەیە، کە ئەمە بۆتە هۆیەکی کارێگەر لەوەی چارەنووسی گردەکەش لە مەترسیدا بێت. ڕەنگە پێش مردنی نەوشێروان و پێش ئەوەی زانیاریی بڵاوبێتەوە کە گردەکە لەسەر چیا و نما تۆمارکراوە، خەڵک هەبووبێت بەخۆبەخشی ئامادە بووبێت دیفاع لە گردەکە بکات، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، گۆڕان ئەو جەماوەری جارانی نەماوە، لە سلێمانی و هەولێریش ئەوەی شمشیری بەدەستەوەیە ئەو خاوەن بڕیارە، بەهێزی چەکدار ئەوەی بیانەوێت بەسەر میللەت و حزبە بچووکەکان و کەسەکان دەیسەپێنن، بۆیە لە ئایندەدا چاوەڕوان دەکرێت کە بزوتنەوەی گۆڕان هێندە بێهێز بێت، کە کوڕەکانی تاڵەبانی بیانوی گردەکەش بگرن و بڵێن بە پارەی یەکێتی کڕاوە و چیا و نما نەک لە گردەکە بەڵکو لە کوردستانیش وەدەرنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە