ڤایرۆسی خیانەت

Wednesday, 04/08/2021, 12:31

4913 بینراوە


(1)

لە هەر کێشەیەکی نەتەوایەتی، نەتەوەی زاڵ و بە توانا، نەتەوە بچوکەکان دەچەوسێنێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی، دارایی، هەواڵگری، دین و هتد بەکار دێنێ. ئەو چەوسانەوەیەش لەزوەوە تا ئێستا شێوەی جیاجیای بەسەرداهاتوە. نەتەوەی ژێردەستە یان دەبێ تەسلیم بە واقیعی تاڵ بێ و یان دەبێ دژی بوەستی. چۆنیەتی کاردانەوەکە لە کاتو شوێن ، لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر دەگۆڕێن. نمونە زۆرن. ئەرمەن و یونانی لە تورکیا بنبڕکران. کلدان و ئاشوری لە سەردەمانێک خاوەن ئیمراتۆر بوون، ئێستا لە تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوینی گەورە کەمینەن. من نامەوێ بچمە ناو قوڵایی مێژوو دیاردەکان باس و شی بکەمەوە، من تەنیا باسی ڤایرۆسی خیانەت دەکەم کە دەکەوێتە ناو نەتەوەی ژێردەستەو بێهێز.
دەسەڵاتدار بە حوکمی تواناکانی میتودی کڕینی ویژدان، لەناوبردنو ترس و تۆقاندن، نەفیکردنی خەڵکانی ژێردەستە بۆ ناوچەی دور و تیکەڵاوکردنی نەتەوەکان و گۆڕینی دیموگرافیای لە خاکی نەتەوەی بێهێز وە شکاندنی نەفس و شکۆی تاک و کۆمەڵی نەتەوەی بێهێز، لەناوبردنی کەلتورو زمان و هتد بەکاردێنن. هەمو ئەو میتودانە لە سەردەمی ئێستا، لە یەک کات بە دوا پلەی توندو تیژی دەستپێ ناکەن. 
باری سیاسی جیهان لەلایەک و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بە گشتی و میدیاش بەتایبەتی وای کردوە تەنانەت راسیسترین پارت شێوە دەربڕینەکانی لە بەرگێکی جوان و نەرم نیشان بدا، بەڵام ئەوە مانای وازهێنان لە بەرنامەو ستراتیژ نیە.
نەتەوەی زاڵ توانیویەتی نەخۆشی خیانەتکردن بەهۆی ڤایرۆسەکی کوشندە لەناو نەتەوەی بندەست بڵاو بکاتەوە، ئەویش كرینی ویژدانە.

(2)

مرۆڤ دێتە سەرزەوی، گەشەدەکا، خواستی دەبێ، خەونی دەبێ. لە کۆمەڵگە، جیاوازیەکان دەبینی، جیاوازی بەدەسەڵات و بێدەسەڵات، داراو نەدار، بەهێزو بێهێز...هتد. مرۆڤ هەمو کات توانای خۆپەروەردەکردنێکی مرۆڤانەی نیە، بەتایبەتی لەوڵاتێکی نادیموکرات، هاوکێشەکە تەواو پێجەوانە دەبێتەوە. زوتر وتومە کە نەتەوەی بەهێز بە بیری خۆبەگەورەزان ، شاناز، لەخۆبایی، دڵرەق بەرامبەر بێهێز پەروەردە دەبن و نەتەوەی بچوکیش ترسنۆک و خۆ بەکەمزان. ئیتر پەندی "دەستێ کە نەتوانم بیبڕم ماچی دەکەم. دەست بە کڵاوی خۆت بگرە با نەیبا" و زۆری تریش سەلمێنەری بۆچونەکەمە .
زۆرینەی نەتەوەی ژێردەست دەکەونە ژێر کاریگەری میتودەکان. تەسلیم بە واقیعی تاڵ دەبن. کەمینە دەبنە قوربانی ڕیی ئازادبون. وەک میرولە بە کێوی قەندیل هەڵگەڕی لێکدەدرێتەوە. 
بەنسبەت دەسەڵات، گەیشتن بە ئامانجی ستراتیژی مەبەستە. ئەو دەبێ لەوڕێگەیە، خودی نەتەوەی ژێردەستەش بکاتە ئامرازێک ئەویش بە بەکارهێنانی دژ بە خەڵکی خۆی. لێرە کڕینی ویژدان دێتە گۆڕێ. ئەگەر شەڕ و دڕندەیی تاکی نەتەوەی سەردەستە جارێک ویژدانفرۆشی بێ ئەوە خیانەتی تاکی نەتەوەی ژێردەستە چەندین جار ویژدانفرۆشییە.
بەڵام ئایا دەسەڵات ویژدانی هەر تاکێک بەیەک نرخ دەکڕی؟ بێگومان نەء. لەو بارەیەوە دەسەڵات توانای شیکردنەوە سۆسیولوجیەکانی بەکار دێنێ. ویژدانی بەگێک، میرێک، زانایەک، مەلایەک، سەرۆک عەشیرەتێک ، شوانێک، جوتیارێک، کرێکارێک...هتد وەک یەک نابن. 
ژیان خۆشە، دڵنیام ئەوە لێکدانەوەی زۆرینەیە. ئەگەر نا چۆن خەڵکانێکی زۆر ئامادەی هەمو جۆرە قوربانیەکن بۆی؟! گەشت و گەڕان، ڕابواردن و سەیران، خانو وتەلاری جوان، گەشتی ناو دەریا ، فڕۆکە و هەلکۆپتەری تایبەت....هتد . داخوازیەکان کۆتاییان نایە. عودەی سەددام حسێن لە کۆتایی هەشتاکان ئەفسەرێکی سەر بە باوکی کوشت، چونکە ئەو ئەفسەرە کاری تەنیا هێنانی ئافرەتی جوان بوە بۆ سەرۆک. سەددامێک هەمو شتێکی هەبوو، خەونی گەورە و سەرکردایەتیکردنی هەمو نەتەوەی عەرەبی هەبو، کەچی ئەفسەرێکی بۆ ئەو خزمەتەی تەرخان کردبوو.

(3)

ویژدانەکان یەک نرخیان نیە. ئەوەی خیانەتی گەورەتری پێبکری ویژدانی پارەی زیاتر دەکا. کە پارەی زیاتر وەردەگرێ، بێگومان شێوەژیانیشی دەگۆڕێ. لە خانوەکی سادە بۆ ژیانی ناو تەلار، قەڵاو تەنانەت شاری تایبەتی. کۆپتەری تایبەت و سەیارەی ڤی هەشت و ڤی دوازدەی دەبل شوێنی ئێستر و ئەسپ دەگرنەوە. منالەکانی لە جێی مەکتەبی سادە دەنێردرێنە مەکتەبە بەناوبانگەکانی دنیا کە خەرجی خوێندنیان مەسروفی هازاران مەکتەبی وڵاتی خۆیانی پێدەکرێ. بۆسەر ئێشەیەک دەگەنە ناودارترین نەخۆشخانەی ئەوروپا. ئیتر ئەوها، تەلاری هەرەمی خیانەتکاران هەم بەرز دەبێتەوەو هەم قەبە. خیانەتکار دەسەڵاتەکی زۆر دزێوترە لە دەسەڵاتی سەید ەکەی. 
بەڵام ئایا بۆ سەید و ویژدانفرۆش بەیانکردنی خودی هەقیقەت گرنگە یان شاردنەوە وە یان نیشاندانی بەشێوەیەکی تەواو پێچەوانە؟
با سەددام و ڕژێمەکەی بە نمونە وەرگرین. سەددام لەکاتی بێهێزی خۆی لە ساڵی ١٩٧٠ دانی بە ئۆتۆنۆمی کوردستان نا، بەڵام یەک دەققەش لە سیاسەتی بەعەرەبکردنی کوردستان و بە بەعسیکردنی خەڵک نەوەستا. تا هێزی زیاتر بو بازنەی چەوساندنەوەی زیاترو توندتر بوو. دیسانیش لە میدیا سەدام باسی برایەتی کورد و عەرەبی دەکرد. زۆر باسکراوە کە هێزی گاردی کوماری سەددام ئەگەر چی هێزی هەرە شەڕکەری بوون بەڵام وەک جاشە کوردەکان کاری کەم و ئیهانەی خەلکیان نەکردوە. ئێستا بابەتەکە ڕونە.
مرۆڤی ویژدانفرۆش و ویژدانکڕ نابێ بێن و دەهۆڵ و زوڕنا لێدەن کە یەکیان ئەوی تری کڕیوە، دەبێ وەک عیسا پژمانی ساواکی ئێران لە کۆتایی پەنجاکان پێشنیاری بۆ ڕژێمی شا کرد و گوتی " با دژایەتی کەریم قاسم بە کوردەکان بکەین، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە ئێمە دەبێ ڕادیوی کوردی دانێین، گۆڤاری کوردی دەرکەین. وە ئەوانەش با لەژێر دەستی ساواک بن. هیچ زەرەر لەوە ناکەین" بەو شێوەیە دەمی زۆر لە ڕەخنەگرانیان لە دەسڵاتی شادا بەست. ئەوجۆرە یاریە ئێستاش بەردەوامی هەیە.
ویژدانفرۆش دەستی شارەوەی دوژمنە، بەناوی دیموکراسی. لەباربەری سەربەخۆییە بەناوی دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆ. روخێنەری هەمو بەهایەکی جوانی کۆمەڵگەیە بەناوی ئازادی، دڕندەترین ڕەفتاری هەیە بەناوی پاراستنی ئاسایش، هەمو سەروەت وداهاتی وڵات و پێویستیەکانی لە سندوقێک بێ، کلیلی بەدەست دوژمنە. دەیان مەکینەی زەبالاحی مێدیایان بۆ چەواشکردنی خەڵک هەیە بەناوی بڵاوکردنەوەی شارستانی و پێشکەوتن. ئەوەی کە دەستی شاراوەی دوژمن دەیکا، خودی دوژمن پێی نەکراوەو پێی ناکرێ. 

کۆتایی



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە