لاهور ماخۆلانێتی

Wednesday, 04/08/2021, 22:14

6137 بینراوە


 پەندێکی کوردی هەیە ئەڵێ؛ بزن کەهار بوو،نانی شوانەکەی ئەخوا.

 لاهور کاتێ لە لەندەنەوە هینایانەوە لە پڕدا کەوتە سەر ناز و نیعمەتیك کە هەرگیز بە خەوی شەویش، نەهاتوە بە خەیاڵیدا..ئەم کەسە هەروەك کوردی دۆ نەدیو نەیزانی چۆن چۆن و ئاوا لە پڕێکدا ئەبێ بەو کوڕەی ئیستا و ڕابردووی خۆی و باوکی هەروا بە زوویی لە بیر ئەکا.. ئاخر ناهەقی نیە ، کەسێك خۆی شایەستەی شتێك نەبێ و بەزۆر بێن و دەستی بگرن و داڵە کەر خۆرەکە لەسەر بەختی بنیشتێتەوە هەروا ئەکا کە کردی.
ئەم هەموو هاش و هووش و خۆ قەرەباڵغ کردنەی لاهور تەنها بۆ یەك مەبەستە، ئەویش ئەوەیە داوای پارەی زۆرتر ئەکا پێش ئەوەی ملی پانی بشکێنێ و بگەڕێتەوە بۆ لەندەن. ئاخر کاتی خۆی وای باس کردوە کە ماوەیەکی تر ئەبێ بە جێگرەوەی جەلال تاڵەبانی و دوای نزیك بوونەوەش لە خانەنیشینی خۆی ئەکا بەسەرۆك کۆماری عێراق. ئێستا ئەم خەونە وەك بڵقی سەر ئاوی لێهات ، ناچار ئەبێ هەر چۆنێك بێ ئەو ڕاستیە قبوڵ بکا کە ماڵی جەلال ئەیدەنێ، دەنا ئەوەی باسی مێژووی یەکێتی و خوێنی ووشکی شەهیدان و سەروەری و پەیڕەوی ناوخۆ و کۆنگرە و تەبایی ، ئەمانە تەنها بۆ ئەو کۆمەڵە کۆیلە ونەزانەی چوار دەورێتی کە وەك دەرویشەکانی نەهرۆ کەسنەزانی هەر خەریکی سەر ڕاوەشاندنن. وە ئەوەی وا تێگەیشتبێ کە ئەم کەسە لەخەمی خەڵك و هەژار و پیشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدانە، ئەوا با بچێ بۆ حەلاوی باس بکا، ئەگەر ئەویش لەوێ نەبوو ئەوا با بۆ لەعلی خانی باس بکا.
لاهور ئێستا ئەوەی لەلای ڕوونە ئەوەیە بچێتەوە لەندەن ئەبێ بچێتەوە سەر کارەکەی جارانی وەیان بەو پارە زۆرەی لە نەوت دزی و تلیاك فرۆشتن وسەرانە سەندن و  ڕەتاندنەوەی بازرگانەکان دەستی کەوتوە لە لەندەن و ئەوروپا سەرفی بکا.. بەڵام ئەوەی زیاتر ئەم کەسە بیری لێ ئەکاتەوە کە لە لەندەن چیتر ئەو کۆمەڵە کوردە نەفامە نامێنێ لە چوار دەوری فشەیان بۆ بکا و چیرۆکی قەبە قەبەیان بۆ بهۆنێتەوە. ئەو لەبەرچاوێتی هەموو خەونەکانی هەڵوەرین و دوای ماوەیەکی کەم و دوای ئەوەی پارەکەی سەرف ئەکا ئیترناوی لە کولەکەی تەریشدا نامێنێ.
لاهور وەك هەموو ئەوانەی پێش خۆی دوای ئەو هەموو تاوان و دزی و پیاو کوشتن وەك بەرزەکی بانان بۆی دەرئەچن و بەبێ هیچ دادگاییەك وەیان لێپرسینەوەیەك  بەرەو ئەوروپا  بە گیرفانێکی پڕەوە هەنگاو ئەنێن و بێ ئەوەی کەسێ لە گوڵ کاڵتری پێ ووتبن.. ئاخر گەر کۆمەڵگایەکی ساغ و تەندروستمان هەبوایە ، ئەوا هەرگیز ئەم سیناریۆیانە هەموو ڕۆژێ دووبارە و سەد بارە نەئەبوونەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە