نێچیرەوان و نوێ کردنەوەی جاشایەتی بۆ تاران!

Sunday, 08/08/2021, 16:31

5224 بینراوە


نێچیرەوان بارزانی و چەند کۆیلەیەک، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ پیرۆزبایی لە سەرۆکینوێی  ئێران، بۆ تاران چوون. هێشتا ئەوان بۆ کوردستان نەگەڕابوونەوە، نووسەر و هەندێک دکتۆری زانکۆکانی کۆیلەی پارتی، کەوتنە ‌هەڵکێشانی نێچیرەوان. گوایە ئەو لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێم، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران ئەوەندە دیبلۆماسی و سەرکەوتوو بووە، بۆیە حکومەتی نوێ بەسەرۆکایەتی ڕەئیسی، بۆ پێشوازیی لە شاندی هەرێم، ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد. هەندێک لە ئەوانە هەر بەوە نەوەستان، بەڵکو لە میدیا کوردییەکاندا بە دەنگێکی زوڵاڵتر ڕایانگەیاند کە: 
"ئەوە ڕێبەرانی ئیرانن کە هەرێم دەکەن بە دەوڵەت، نەک ئەمریکا".  
دواتر ئیران ڕایگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی عیراقن و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، هەڵەیەکی پرۆتۆکۆڵی بووە! ئێران بە فێل ئەو ئالایەی بۆیە دانا و دوایی لایبرد، تا ئەو پەیامە بگەیەنێت کورد لەگەڵ ئێراندایە و ئەمەریکا و ئەوروپا و ئەو دەوڵەتانەی کە دژی ئێران و لایەنگری مافەکانی کوردن، پشت لە کورد بکەن،  هاوزۆزییان بۆ کورد نەمێنێت.
دوای ئەزموونێکی دوور و درێژی پڕ لە نەهامەتی گەلی کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران، تا ئەو ڕادەیەش ئەگەر ئەوان لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش پاشگەز نەبوونایە، ئەوجاش هەرگیز دەسەڵاتدارانی ئیران، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ نەدەکرا، کە پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن و ئاڵاکەی هەڵکەن. ئەوەی تەنیا لە ئەلف و بێی سیاسەت بگات، ئەم ڕاستیە دەزانێت. 
لە مێژووی ڕزگاری گەلاندا نەبووە، سەڕۆکی گەلێکی دی یان وڵاتێکی بەهێز یان میللەتێکی دی، غەمی ئەوەی بووبێت کە گەلێکی ژێر دەستی خاک داگیرکراو ڕزگار بکات.  ئەزموونی خەباتی گەلان سەلماندوویەتی، کە هەر میللەتێک بەدەستوبازووی خۆی، بەبوونی ڕێبەری دڵسۆز و لێهاتوو، بە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چەکداری و ژێرزەمینی و تا دەگات بە خەباتی مەدەنی ڕەتبووە و ئینجا ئازادی ڕاگەیاندووە، ئاڵای هەڵکردوە و سنووری جوگرافیای خۆی دیاریکردووە، بۆیە پرسیاری گرنگ  لێرەدا ئەوەیە کە، بۆ دەبێت یان تا کەی چاوەڕوانی ئەوە لە سەڕۆکی ئیران یان لە سەڕۆکی ئەمریکا بکرێت، کە میللەتێکی ٤٠میلیۆنی کە لەسایەی سەرانی جوڵانەوە سیاسییەکانی تا ئێستا خۆی هیچی بە هیچ نەکردووە، ئەوان بێن بیکەن بە دەوڵەت و سنووری جوگرافیای دیاری بکەن و ئاڵاکەی بۆ هەڵبکەن؟ 
لە مێژوودا ڕوویداوە کە بۆ میللەتان هەلی زێرین ڕەخساوە، کە توانیویانە لێ سوودمەند بن، وەک ئەو هەلە مێژوویەی کە چارەکە سەدەیەکە بۆ میللەتی کورد لە باشووری کوردستاندا ڕەخسا، بەڵام سەرانی یەکێتی و پارتی لەباریانبرد. 
ئەمریکا لە سی ساڵی ڕابردوودا، هەلی بۆ میللەتی کورد ڕەخساند، جگە لە یارمەتیدانی ماڵی و سەربازیی، لە میدیاکانی دنیادا بە ئاشکرا پێشوازیی لە سەرانی کورد بەتایبەتی لە باشوور و ڕۆژئاوای وڵات کرد. بێگومان ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئەوەی کرد و ئەنجامی ململانێی ئیقلیمی و جیهانی بوو، بەڵام هەلێکی چارەکە سەدەیەک بۆ میللەتی کورد ڕەخسا کە تێیدا حزبە سەرەکییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنران، ئەرز و ئاسمانی پارێزراو بوو، ئابووریی هەرێمی لەبەردەستدا بوو جگە لە پشکی لە حکومەتی بەغداد، بەڕێزەوە مەمەڵە لەگەڵ هێزە چەکدارەکەی کرا، بەڵام ماڵی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی ئەو هەلەیان لەباربرد، چارەکە سەدەیەک نەیانتوانی سەرخان و ژێرخانێکی پتەو بونیات بنێن،  هەوڵی یەکگرتنی میللەتی کورد بدەن، بیکەن بە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانیی پەروەردەکراو، تا ئەمڕۆ بە زەلیلی نەچنە بەردەستی تاران و نەپارێنەوە، وەک ئەوەی نێچیر لە دانیشتنەکەی لەگەڵ سەڕۆکی ئیران درکاندویەتی و بەدەنگی بەرز لە بەرامبەر میدیای ئەو وڵاتەدا گوتی:
"ئێمە بەشێکین لە ئیران و شۆڕشی ئیسلامی". 
جگە لە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان کە بەنێوی ئاوەرەبوون، بەتایبەتی کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١، سەرانی پارتی و یەکێتی وەریانگرت، نێچیرەوان بارزانی دوای حەپەلوش کردنی ٣٠ساڵی دەرامەتی هەرێم، کە بە سەدان هەزار میلیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، تازە وەک پێش ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ ئیراندا مامەڵە دەکات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بنەماڵەکەی، وەک چۆلەکەی ئاو پێداکراو بەرامبەر بە ڕەئیسی بچووک بۆتەوە و دەڵێت: 
 "ئێمە قەرزداری کۆماری ئیسلامین، ئیران هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا پشتوپەنامان بووە، شەهید حاجی قاسم سلێمانی ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە، لە پاراستنی عیراق دژی داعش، لەوەش گەیشتووین کە هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین لە خاکی ئێمەوە دژایەتی ئەو وڵاتە بکرێت و  ئاسایشی خاکی ئیران بکەوێتە مەترسی".
دەسەڵاتدارانی تاران، دنیا و میللەتی کوردیش دەزانن، کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شۆڕشی چەکداری کورد دژی دەسەڵاتدارانی تاران لە شاخەکانی کوردستاندا هەن، هەروها هەموویان ئەوەش دەزانن، کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان تورکیا یان ئەمریکا یان هەر هێزێکی ناوچەیی و جیهانی دی، لە خاکی هەرێمەوە بیانەوێت هەڕەشە لە ئاسایشی ئیران بکەن، حکومەتی جووت ئامۆزاکە ناتوانێت ڕیگری بکات. تەنیا دوو  شت هەیە کە ئەوان بۆ ئێران پێیان دەکرێت،
یەکەم:  ئابووریی کوردستان بخەنە خزمەت ئیران و میلیشیاکانی،
دووەم: بۆ ئەوەدووبارە وەک ساڵانی نێوان شەستەکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، ببنەوە جاشی ئیران، نەهێڵن دەنگی ناڕەزایی کورد گەشە بکات، ڕێگە خۆشکەر بن لە شارەکانی باشوور کە ئەندام و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات تیڕۆر بکرێن، هاوشانی سوپای پاسداران  هەڵکوتنە سەر بنەکە و بارەگاکانیان، کە ئەمە چاوەڕوان کراوە، بەتایبەتی لە ئایندەیەکی نزیکدا دوای ڕۆیشتنی ئەمریکا و بەهێزبوونی زێتری دەسەڵاتی تاران لە عیراق و هەرێم، قۆناغێکی تازە دەستپێدەکات، ئینجا ئەوان بۆ مسۆگەر کردنی پشتیوانیی تاران لە کورسیەکانیان، دەبێت نیەت سافی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئیران دەرببڕن، بە مەرجەکانیان ڕازی بن، لەمەودوا بۆ ئەجێندای تازەی ئیران لە عیراق کار بکەن، کە پێشوەخت نێچیرەوان، لەم سەفەرەیدا ئەوەی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران سەلماند.  

چەند سەرچاوەیەکی میدیای ئیرانی:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە