لاھور و پاڤێڵ

Wednesday, 11/08/2021, 18:21

6814 بینراوە


زۆر جاران لە جادەکانی پاریسدا ماتۆر سوارێک دەبینیت، رێکلامێکی بچوکی بە ماتۆرەکەیەوە لکاندووە، لێی نوسراوە؛ بڕۆ ملت بشکێنە داماوی بێ ئەقڵ. لە ژێریا بە بچوکی نوسراوە: سارکۆزی وەھا گووت.

 لەبەر ئەوەی ڕۆژێک لە جادەیەکی پاریسدا، سارکۆزی ویستی دەستی پیاوێکی پیر بگوشێت، کابرای پیر خۆی ڕاپسکاند و بە سارکۆزی ووت : بڕۆ لاچۆ، دەستم پیس مەکە . سارکۆزیش شڵەژا و بە کابرای ووت: بڕۆ ملت بشکێنە داماوی بێ مێشک .
سارکۆزی چەکلترین سەرۆکی فەرەنسا بوو، وەک پاڤڵ خۆی ڕادەوەشاند و خۆی فش دەکردەوە، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەقڵێکی دارێژراو و کامڵ نەبوو، وەک ھەرزەکارێکی گەوج ھەڵس و کەوتی دەکرد، بە خۆ ڕاوەشاندن و باڵ فشکردنەوە و پۆز لێدان، بۆیە خەڵکی ڕێزیان لێ نەدەگرت، لە کاتێکدا کەس نەی دەوێرا قسەیەکی وەھا بەرامبەر بە میتران بکات، تەنانەت کەسانی بەرەی ڕاستی توندڕيویش، بۆیە میترانیان ناونابوو؛ ھێزی ئارام، بە شۆخیشەوە لە بەرنامە کۆمێدیەکاندا بە خودا ناویان دەبرد .

وابزانم سوقراتە کە دەڵێت: مرۆڤ، ئاژەڵێکی سیاسیە.

سیاسەتیش تەنھا پرۆگرامی پارتێکی سیاسی نیە.  لە بەر ئەوەی ئێمە مرۆڤین، خاوەنی ھۆشین، هەر بۆیەش خاوەنی سیاسەتین، ئەو کەسەی کە نازانێت چۆن هەڵس و کەوت بکات، نازانێت بە وشە گوزارشت لەهەستی خۆی بکات، پەنا دەباتە بەر هەڵس و کەوتی ئاژەڵی، واتە خۆ ڕاپسکاندن و لوت فشکردنەوە و پۆز لێدان، لەبەر ئەوەی خاوەنی هزرێكی داڕێژراو و کامڵ نیە، کەسێکی بە ئاگا نیە. ئەو کەسانەشی کە نازانن بدوێن، واتە زمانێکی دەوڵەمەندیان نیە بۆ گوزارشت کردن لە بیر و بۆچونیان، پەنا دەبەنە بەرهەڵسوکەوتی ئاژەڵی، واتە بە جەستە گوزارشت لە بیر و بۆچونی خۆیان دەکەن، زۆر توڕە دەبن و هەڵدەچن لە بەر ئەوەی بەستە- زمانن، هەربۆیەش لە کوردەواریدا بە ئەژەڵان دەڵێین ؛ بەستەزمان، لە بەر ئەوەی ناتوانن گوزارشت لە هەست و سۆزی خۆیان بکەن.
خۆ ئەگەریش کەسی سیاسی بیەوێت ڕویەکی تری خۆیمان پیشانمان بدات لەوەی کەهەیە، واتە دەورێکی تر ببینێت بۆ شاردنەوەی ناخی خۆی، ئەوا بە ڕوکەشیا دیارە و ناتوانێت ناخی خۆیمان لێ بشارێتەوە، هەڵسوکەوتی شایەتی شوناسی ئەون. چەندە ئەو کەسە ھۆشمەند بێت، خاوەنی ھزرێکی دەوڵەمەند بێت، ئەقڵانی بێت، ھێندەش ئەو ھەڵس و کەوتە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ دەوروبەرەکەی. لە بەر ئەوەی مرۆڤ وەک ئاژەڵ ونە لە شارستانیەتا، ئەوەی ڕێ پیشاندەریەتی، ئەوەی جودای دەکاتەوە لە ئاژەڵ، سیاسەتە، واتە ئاگایی، ئەو کەسەی بتوانێت مۆدێلێک بئافرێنێت دەبێتە سەرۆک و نمونە.
کاتێک سەرنج لە پاڤێڵ دەدەین، لە بەر ئەوەی ناتوانێت کۆنترۆلی بیر و ھۆشی خۆی بکات، ئاگایی نیە بە خۆی، خاوەنی هزرێکی داڕێژراو نیە، ھەست دەکەین کە ئەو کەسە بە دەم و چاو و سەر راوەشاندن و لوت فشکردنەوە گوزارشت لە ھزری خۆی دەکات، ئەمەش هەڵس و کەوتێکی ئاژەڵیە، کاتێک بەپێوە دەوستێت، سەری جودایە لە بەدەنی، لە ئاستی بەدەنیدا نیە، ڕێک ناکەوێت؛ بە ستونی ناوەستێت، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو کەسە لەگەڵ خۆیدا نەبوە بە یەک، ناکۆکە لەگەڵ خۆیدا. ئەم ھەلسو کەوتانەش تایبەتن بەو کەسانەی کە ئەقلانی نین، کاتێکیش ئەدوێت بە زمانێکی ھەژار ئەدوێت. بۆیە پاڤڵ لە ناچاریدا بۆ گرنگی دان بە خۆی، بە زمانی ئنگلیزی ئەدوێت، بە زمانی کوردیش وتی: من خۆم بە سەربازێکی شاژنی ئنگلتەرا دەزانم. پاڤڵ نازانێت چەندە ئەم وتەیە بێ رێزی کردنە بە جەماوەرەکەی ! کاتێکیش دەچێتە بەردەم مەسعودی سەرۆکی ھەرێم، خۆی دەچەمێنێتەوە ھەتاوەکو سەرۆکی گچکە تێ بگەیەنێت کە ئەو لەو گەورەتر نیە، بۆیە سەرۆکی ھەرێم لە  بەردەم پاڤڵدا دەزانێت بە ستونی بوەستێت، لەبەر ئەوەی پاڤڵ خۆی بچوک دەکاتەوە لە بەردەمیدا، ئەوان پێویستیان بەو کەسانەیە کە ئاستی ڕۆشنبیریان لە سەرۆک زیاتر نیە. دواجار سەرۆکی ھەرێم والیەکی گچکەی لە خۆی گچەکەتر دۆزیەوە کە ئەو هێزەی پێ ئەدات بە ستونی بوەستێت .
بەڵام لاهور کەسایەتیەکی تەواو جیاوازە؛ بە کوردیەکی پاراو ئەدوێت، هەڵس و کەتو جل و بەرگر و جۆری دوانی کەسێکی بە ئاگا و کامڵمان بۆ دەستنیشان دەکات، هەر بۆیەش پاڤڵ هەست بە کەمی دەکات لەبەردەمیا و ئێرەیی پێ دەبات.
گوێم راگرت بۆ وتارەکەی لاھور شێخ جەنگی، ئەمە یەکەم جارمە گوێم لە پیاوێکی سیاسی کوردستانی باشور بێت کە بزانێت بە زمانی کوردی بدوێت، رستەکانی، دەستەواژەکانی، ھەڵقوڵاوی ئەقڵێکی دارێژراو و ھۆشمەندن، بە بێ خوێندنەوەی تێکست قسەی دەکرد، دەیزانی چی دەلێت، وتارەکەی شیعار نەبون وەک وتارەکەی شانازی برایم ئەحمەد، ڕونکردنەوەی پرۆژەکانی بوون، لە ھەمان کاتا جۆری وەستانی بە ستونی و بە ئارامی، ئەتوانین دەستەواژەی ؛ ھێزی ئارامی بەسەردا بچوێنین. ھەر کەسێک بزانێت گوزارشت لە ھزری خۆی بکات واتە بە ئاگایە و بیر دەکاتەوە.
جلکە کوردیەکانی تایبەتن بە خۆی؛ پشتێنەکەی، جۆری وەستانی بە میکرۆفۆنەکەوە، کەوشەکانی، ھەموو ئەمانە دەمان بەنەوە بۆ ئەقڵێکی پتەو، بۆ کەسێکی مۆدێرن، ئارام، بە ئاگا، وەک سەرنجیش ئەدەین بە خۆ راوەشاندن و لوت فشکردنەوە و پۆز لێدان ھێزی خۆیمان پێ ناناسێنێت. ئەو ھێزەیە ئەو قەلافەتەی پێ داوە، ئەو شوناسەی پێ داوە، ھەر ئەو ھێزەشە دەی گەیەنێتنە ئاستێکی بەرز و دەتوانێت، ببێتە نمونە بۆ کۆمەڵگەیەکی کوردی کە هاتا ئەم ساتە نمونەی مۆدێلی سەرۆکێکی ئەقڵانیان نیە، بۆیە لاهور دەتوانێت ببێتە پێشڕەو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە