شاناز ئەڵێ؛ مەڵبەند ئەکەم بە ماستی مەیو

Thursday, 12/08/2021, 1:25

4882 بینراوە


ئامۆژنە هێرۆ پێش ئەوەی بەتەواوەتی  پەکی بکەوێ و کەنفەتەی جێگا بێ، لەلایەن جەلالی مێردیەوە بە خشکەیی کرا بە مەسئولی مەڵبەندی یەك وە تاکە شتێ کە گوێمان لێی بوو ئەو ڕستە بەناو بانگەیە کە لەقەڕەباڵغیەکی بەردەم مەڵبەند ووتی؛ من ئەڵێم هەموتان بە قوربانی مامە بن، ئێوەش بڵێن ئامین.ئێتر دوای ئەوە مامە ئەم شەوی لەهەموو شەوێکی ناخۆشتربێ جێیهێشتین و خۆی کردە قوربانی هەموومان. 
ئیتر لەو کاتەوە کێشەکانی ماڵی تاڵەبانی بەهۆی هاتنی ماڵی شێخ جەنگی و مناڵەکانی خەو و هۆشی لە عەمید شاناز و ماڵی تاڵەبانی تێك دابوو، بەجۆریك ماوەیەکی زۆر قوباد و پاڤل نەیانهێشت شاناز هیچ ڕۆلێکی هەبێ و لە لەندەنیش سەری خۆی کز و مەلول کردبوو وەك مناڵە بێ باوك و دایکەکان بێ ناز مابۆوە، تاکە شتێك نەیتوانی تەرکی بکا نووسینی هەندێ ووتارۆکە دژی ماڵی بارزانی و هەڵدان بەسەر کوردانی ڕۆژئاڤا و هەندێ جاریش دزینی هۆنراوە و ئاواز بۆ هەندێ شیعری حەماسی. شتەکان بەم ئاقارە ڕۆیشتن و بەخت و ئەستێرەی لاهور و براکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ لەگەڵ دۆلارە دزراوەکانیاندا بەرز و زیادی کرد تا وای لێهات بەپەلە ماڵی بارزانی فریایان کەوتن و لەگەڵ ئێران و تورکیا ئەو کەتنەیان نایەوە کە لاهوریان وەك پۆڕی خوراو لێکرد و براکانیشیان پەرتەوازە پێکردن.
ئێستا هاوکێشەکە قڵپ بۆتەوە و ئەمجارە لاهور و براکانی بۆ لەندەن و ئەوانەی لەندەنیش هاتونەتەوە ئێرە. دیارە عەمید شاناز و خوشکە بچکۆلانەکەی کە ئێستا ئەویش هاتۆتە پێشەوە و لێرە و لەوێ مەدح و سەنای هەریەك لە پاڤل و قوباد ئەکا کەچۆن توانی مووچەی خەڵکی لە بەغدا مسۆگەر بکا و دڵی خەڵکی خۆش کردوە وەك ئەوەی مووچەی مووجەخۆران منەت و پیاوەتی بێ.
شاناز ووتویەتی ئەوە نەما لەمەو بەدوا مەڵبەند بۆ کاری تایبەتی و بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بەکار بهێنرێ، پێوستە مەڵبەند کاری خۆی بکا و ببێتە جێگای ئۆرگانەکای یەکێتی و کار بۆ بنەماڵەی شەهید و ڕێبازەکەی مامە بکا. بەنیازە مەڵبەند تەکەتولاتی تیا نەهێڵێ و لەشوێنی چا خواردنەوە و گاڵتەو گەپ و نوکتە گێڕانەوە بیکات بەو شوێنی جدیات و بڕیاردان. گەر جاران وەك کاروان سەرا وابوە و تەنها شوێنی فشقیات بوە ئەوا لەمەو دوا ئەوەی لەڕێبازەکەی مامە موویەڵ لادا، ئەیکەم بە فلیم. ئەوە نەما هەریەکەو بە تەزبیحێکی ئەبڵەق و قەمسەلەیەکی سەوز بێت و خۆیمان لێبکاتە پێشمەرگەی دێرین و داوای پلە و پۆستمان لێبکا، ئەوە نەما کاری مەڵبەند تەنها ئەرزە دابەش کردن و سوڵحی عەشایەری و سەرانە سەندن..ئیتر خۆم لێرە دەوام ئەکەم و خوا لە خوایەی  ببیستم یەکێ پێی خوار دائەنێ ئینجا بزانە پێی ئەڵێم شاناز کێیە و کچی کێیە.. ئەگەر ئەم مەڵبەندەم نەکرد بە ماستی مەیوو ئەوا خوا ڕووی باوکم ڕەشکا.
هەر بۆ زانیاری ئەم شانازە لە لەندەن کاتی خۆی لەسەرەتاکانی نەوەدەکان مەڵبەندێکی کەلتووری کوردی ئەکرێتەوە و داوای یارمەتی لێ ئەکەن تا نەختێ یارمەتی داراییان بدا بەناوی یەکێتی و مەڵبەندی ئەوسای لەندەن. کەچی ئەو پارەیەی لە بودجەی مەڵبەندەکان تەرخان کرابوو یەك دۆلار و پاوەندیان نەدابوو بەو مەڵبەندەی کە هەموو ستاف و باوك و دایکی مناڵەکان لەسەر لیستی یەکیتی بوون. ئەم شانازە وەك حووت وایە کە پارەی دی وەیان بۆنی پارەی کرد، ئیفلاتۆنی حەکیم بچێ بۆ لای هەر دانێکی یەك مەتر درێژ بوبێ، ئەم شا دزە ئاوڕی لێ ناداتەوە، نەوەڵا تا ئێوارە بڵێ خاوەنی سەد شەهیدی یەکێتیم ، لای ئەم شانازە توورێکی قووڕاوی ناهێنێ.خۆی و لەتیفی مێردی داوای هەموو شتێکیان لێ بکە بەس پارە و یارمەتی دارایی نەبێ ، وا ئەزانن یەکێتی موڵکی دایك و باوکیانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە