ڤاڵگۆمات یان دەنگ نما؟

Thursday, 12/08/2021, 2:07

3630 بینراوە


ڤاڵگۆمات (VALGOMAT) وشەیەکی لێکدراوی نەرویجییە. بێ مانایە بەبێ ڕوونکردنەوە. ئەم وشەیە لە داهێنانی کەناڵی تەلەفزیۆنی (NRK)ی نەرویجییە. کە تێکەڵەیەکە لە وشەی (VALG) واتا هەڵبژاردن بە زمانی نەرویجی و کۆتا پیتەکانی وشەی (AUTOMAT) واتا ئۆتۆماتیکی. ئەمە سایتێکی ئەلکترۆنییە و 30 پرسیار ئاراستەی دەنگدەری نەرویجی ئەکات، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمان لە 13/9 دا. بۆ هەر پرسیارێکیش چوار بژاردە وەڵام دانراوە. دەنگدەر لە نێوان زۆر ڕازیم، کەم ڕازیم، کەم ناڕازی و زۆر ناڕازیمدا، دانەیەک هەڵئەبژێریت. لە پاش وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک نیشانی دەدات، بیروبۆچوونی لە کام  حزبەوە نزیکە لەم خاڵەدا. لە کۆتایی وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانیشدا، نیشانی دەدات بۆچوونەکانی بە ڕێژەی چەند لە سەددا لە بۆچوونی کام حزبەوە نزیکە؟ 
ئەم سایتە نەرویجییە یارمەتیدەرە بۆ نەرویجییەک کە گومان بکات دەنگ بە کێ بدات. نەرویجییەکان بە وێنەی کوردستانیان، دابەشی حزبی و نا حزبی بوون. بەڵام بەو جۆرەی کوردستان نا کە خەڵکانێک هەن لە باوباپیرانەوە پارتیین یان یەکێتین و بە جاشی و بە باشی، سەوز و زەردێکەیان کاڵ نابێتەوە. وەک ئەوانەش نین کە تا بەرژەوەندی لە یەکێتیدا بێت یەکێتییە، کە بەرژەوەندی نەما گۆڕانە و جارجاریش خەبات ئەگوێزێتەوە بۆ لای حزبەکەی چاڤی لاند. نەرویجییەکان لەم جۆرە دەنگدەرەی کوردستانیش نین کە لە سەرەوە گۆڕانن و لە ژێرەوە ئیخوانن یان لە سەرەوە یەکێتیین و لە ژێرەوە پارتین. لەم جۆرە حزبییانەش نین کە دنیا بڕۆخێ بە سەر کوردستاندا، ئەو پشتی مەلا یان بانگخوازە سەلەفییە، یەکگرتووە، کۆمەڵەکەی خۆی بەر نادات. ئەوانەی هێندەی خەریکی ژن و هونەر و مولحیدەکانن هێدە لە خەمی کێشە ئابوری و سیاسییەکانیدا نین. لەوانەش ناچن کە ساڵەهایە بە مووچەیەکی مامناوەندیۍ گووڵەخانە یان بارەگای داس و چەکوشەکە یاخود لە بەرەی کەمە نەتەوەکان...هتد ڕازین و چاویان لە دەستی حزبەکانی دیکە نییە، جا با سەرۆکە پشتوێن پانەکانیان شەو و ڕۆژ لە دەرباری دەسەڵات تۆز بکەن!
 بە کوردی لە کوردستان ئەوەی حزبیی بێ یان لایەنگر خۆی ساغ کردۆتەوە و پێویستی بە ڕێگە نیشاندان نییە. 
بەڵام جۆرێک دەنگدەریش هەن، بەسودن بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان، کە دەنگی ویژدانی خۆیان بە کارتی مۆبایل و هەشە بە نان و کەبابێکی لاکۆڵانی ئەگۆڕێتەوە. بەڵام لێرە بۆیە ڤاڵگۆمات گرنگە!! چونکە کەمترین نەرویجی ئەزانن و دڵنیان دەنگ بە کێ دەدەن یان نادەن. حزب لێرە جگە لە ژمارەیەکی کەمی هەڵسوڕێنەر و چالاکوانی خۆبەخش، مووچەخۆر و کۆمپانیا و سەتەڵایت و چی و چی نیە. حزب لێرە ئەختەبووت (چل پەل) نیە پەل بۆ هەموو شوێنێک بهاوێت. حزب لێرە یەک پەلی هەیە ئەویش بەرنامەی کارە، کاتێکیش ئەگاتە دڵی جەماوەر کە چوار ساڵی پێشووی پڕ بووبێ لە کار و کردەوەی جوان و چاکەی گشتی. حزب لێرە بە بەرنامەی جوان و جەماوەر ئەژی. ئەو دەنگدەرەی ئەمڕۆ دەنگی بۆ فڵانە سبەی ڕەنگە بۆ فیسار بێت. نەرویجییەکان ڕقیان لە حزبەکان نیە و لە توڕەییشدا نیە کە بایکۆتی دەنگدان ئەکەن یان ڕێژەی بەشدارییان هەندێ جار زۆر بەرز نییە.   لێرە چونکە هەموو شتێ لە سەر سککەی خۆیەتی وەکو ئەڵێن. لە بەر ئەوەی ژیانی هەمووان بە ئارامی دەڕوات. دابین کردنی ژیان لێڕە لە بەرنامەی سەرەکی هیچ حزبێک نیە، ژیان دابینە و شەڕەکە لە سەر باشترکردنێتی. هەڵبژاردن لە لای زۆربەیان بێ بایەخە و زۆر کات نایگۆڕێنەوە بە ساتێکی ئارام بە دیار کوپێک قاوەوە یان بیرەیەکی ساردەوە. نەوەک لە کوردستان کە دەست بۆچی ببەی وێرانەبێ!! بویە هەمیشە چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان، کە بایکۆتیش ئەکەن لە کوردستان، بە هۆی بێ ئومێد بوونە لە کۆی خودی پرۆسەکە. لێرە بەر لە هەڵبژاردن ڕیکلامی حزبی و شەڕە پەڕۆ و تیپی مۆیسیقا و ئامادەکاری و داپۆشینی شار بە پۆستەری پیاوە توڕە و کیژە جوانکیلەکان بوونی نییە. جگە لە چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردن، کە هەموو حزبەکان لە پەنا یەکتریدا، لە شەقامێکی دیاریکراوی نێو شارەکان، دەوارەکانیان هەڵدەدەن و شیرینییەک یان کوپێک قاوە یاخود چڵە گووڵێکت لە گەڵ کارتێک کە پرۆگرامەکانی حزبی لە سەر نووسراوە، پێ دەدەن، نەک کارتی مۆبایل. لێرە حەملەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی ڤالانتاین ئەچێت نەک شەڕە پەڕۆ.
 لێرە بە پێچەوانەی کوردستانەوە ئەوانەی لە خوارەوەن توندنتر و تیژترنین بۆ یەکتری تا ئەوانەی سەرەوە. لێرە کەسی یەکەمی حزبەکان بەرانبەر بە یەکتری وەک کەو ئەخوێنن، نەک وەک ئەوانەی لای خۆمان شەوان بە یەکەوە ئەخۆنەوە و بە ڕۆژیش شەڕەکە بە ئەندام ولایەنگرانی خۆیان ئەکەن. جارێکیان، بەدەستوری لای خۆمان لە نەرویجییەکم پرسی ئەوە دەنگ دەدەیتە کێ؟ وتی: نازانم، بیرم لێ نەکردۆتەوە. دوای ئەوە شتێکی شەخسییە، بۆ ئەپرسیت؟ منیش لە دڵی خۆمدا وتم خۆ پرسیاری کۆدی مۆبایلەکەی یان ژمارە بانکییەکەیم لێ نەکردووە، بۆ هەڵئەچێت؟  ئەوە لە کوردستاندا بووایە لە کاتی هەڵبژاردندا، ئەنجا ئەیزانی چ شەڕە قسە و چ هەرایەکە، پێش هەڵبژاردن!!
هەمووان لێرە دڵنیان لە دڵسۆزی هەموو حزبەکان، کە خاک و وڵات پەرستن و خیانەت ناکەن. کێشەی ئەمان تەنها لە سەر ڕێگەچارە و دیدگای جیاوازە.  دەنا مووچە و ژیان و خزمەتگووزاری هەر وەک خۆیانن و باشتر ئەبن. بەڵام لای خۆمان هەموو حزبەکان ئەڵێن:-
- کەرکووک کوردستانییە و هەوڵ ئەدەین بیگەڕێنینەوە و هەر هەمووشیان دەستیان لە فرۆشتنیدا هەیە. 
- هەموو حزبەکان ئەڵێن ئەم سیستمە گەندەڵە و دەبێت بگۆڕدرێ، بەڵام ئەوەی زۆر سوورە لە سەر گۆڕینی، گەندەڵترینە. 
- هەموو حزبەکان ئەڵێن هێزی پێشمەرگە و چەکدار ئەبێت رێکبخرێ، بەڵام هەر ڕۆژە و لیوایە یان فەوجێکی تازەی فڵان یان فیسار ‌جیا ئەکرێتەوە.
- هەموو ئەڵێن داهاتی نەوت نادیارە بەڵام کاتێ لێیان بپرسیت کێ بردی؟ کەس دەنگی لێوە نایات و کەس بکەرنادیاری پشتی ئەم کێشانەمان، بۆ دەستنیشان ناکات. 
بە کوردی و بە کورتی... - حزب نیە ڕۆژی هەزار جار نەمرێ بۆ نشتیمان و هەر خۆشی ڕۆژی نوکە شەقێک نەگرێتە لایەکی نشتیمان. 
- ئەگەر جاران مووچەی بەردەوام هەبووبێ، ئەمڕۆ هاتنی مووچە ‌وەکو مژدەی بەهەشتە. 
- ئەگەر جاران نەوت بە بەرمیل بوو بێ، ئەوا ئەمڕۆ چووەتە ئاو و بووە بە تەنەکە. 
- ئاوی بەلوعەش چۆڕە چۆڕە و تاسەی جادەکانیش جاران تاکە تاکە و ئێستا هەزار بە هەزارە. 
لە کوردستان زۆربەی حزبەکان تاقی کراونەتەوە بە شێوەیەکی کوشندە لە؟ یەک ئەچن. هەر بۆیە دەنگدەر کەمترین بەشداری ئەکات و ساڵ بە ساڵ خۆزگەی حزبەکانیش بە ڕێژەی بەشداربووانی پارە. خۆ ئەگەر دەنگی مردوو و هەندەرانی و تەزویر نەبووایە هەموو کوردستان چوار سنوقی دەنگدانی  ڕەنگە بەس بووایە. لە کوردستان وەکو نەرویج مافی دەنگدەر لە دەستێکی ئەمیندا نیە! ئەوەتانی لێرە، لە ١/٧ ەوە تۆ بۆت هەیە دەنگی خۆت بدەی بە هۆی هەبوونی کۆدی نشتیمانی و تەکنەلۆژیاوە، تا ڕۆژی بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان لە ١٣/٩. لێرە نە دەنگ ئەسووتێ، نە دەفەوتێ، نە بە بێ ئاگاداری خاوەنەکەی دەدرێ. لێرە ئەوە دەنگدەرە حزب و کەسەکان ڕەوانەی پارلەمان ئەکات، نەوەک تەزویری حزب و دەنگی علوج و گۆڕینی ئەلکترۆنی ڕێژەی دەنگەکان.
هەر بۆیە ئەوێ ڕۆژێ چاوم بەم سیستمە ڤاڵگۆماتەی نەرویج کەوت بۆ یارمەتی دانی دەنگدەر، تا کەسی شیاو و حزبی شیاوی خۆی دیاری بکات. بیرم لەوە کردەوە کە ڤاڵگۆماتێکیش بۆ کورد دابمەزرێنم و ناوی بنێم (دەنگ نما). کاتێ بیرم لەو پرسیارانەش کردەوە کە بیکەم بە پێوەر تا لە ڕێیەوە دەنگدەر حزب و کەسایەتی پاک و بێگەردی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێ. لە کۆتاییدا گەیشتمە ئەو ڕاستییەی کە دەبێ وەڵامی ئەم چەند پرسیارە سەنگی مەحەک بێت بۆ دەنگدەر کە بزانێت ڕای ئەو بە ڕێژەی چەند لە چ حزبێکی کوردستانەوە نزیکە!؟ پێوەرەکان:-
١/ سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی کام حیزبی کوردی دەتوانن بە بێ چەکدار بە ئۆتومبیلەکەی یان بە سواری پاس، ڕۆژانە بچنە ناو بازاڕ و وەکو خەڵکی ئاسایی بازاڕی بکەن، لە قاوەخانەیەک پشوویەک بدەن، لە سووچێکا لەفەیەکی گەس فەلافل نۆش بکەن، لە چاخانەیەکدا لا بدەن بۆ چاخواردنەوە، بۆ ئێوارەش بە دەم پیاسەوە، کۆڵانە و کۆڵان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە؟ ئەگەر ناتوانن، ئاخۆ لە خۆت پرسیوە بۆچی؟  دە لێرە سەرکردە و سەرۆکی هەموو حزبەکانی نەرویج ئەتوانن هەموو ئەمانە، بە بێ دوو دڵی بکەن. مەگەر خەڵکی بە دەگمەن لە شەقامدا کاتی خۆی بۆ سێلفییەکیش بەمانە بدات.
٢/ سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی کام حزبی کوردی ئەتوانن پێمان بڵێن گەشەی ئابوری و داراییان و جێگەی نیشتەجێبوون و جل و بەرگ وسەفەر و گەشتی وڵاتانی ئێستای چ فەرقێکی لە گەڵ ساڵی ١٩٩١ و دواتر کردووە؟ ئاسمان و ڕێسمان یان بە تۆسقاڵ؟ کامیان ئەتوانن وێنەکانی سەردەمی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین و ئێستای خۆیانمان نیشان بدەن؟ ئەی ئەتوانن پێمان بڵێن ئاخۆ چ جیاوازییەک لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا هەیە؟ دە لێرە ساڵ دێت و ساڵ ئەڕوا و حزب و کەسایەتیش دێن و دەڕۆن، جیاوازییان هەر وەکو خەڵکە ئاساییەکەیە، هیچ کەس دوای تەواو بوونی ڕۆڵە پارلەمانی و سیاسییەکەی لە کفنەکەی بەری زیاتر ناباتەوە بۆ ماڵەوە.
٣/ بیرە نەوت، حسابی بانکی لە دەرەوە، فرۆکەی تایبەتی، زیاد لە ژنێکی شەرعی و چەند دانەیەکی ناشەرعیش، خوێندنگەی تایبەت بۆ مناڵ، ماشێنی دوا مۆدێل بۆ هەر تاکێکی خێزان، زیاد لە خانوویەک و کۆشک و تەلارێک، یانەی وەرزشی، کەناڵی ئاسمانی، کۆمپانیا، فەوج یان لیوای سەربازی، خەدەم و حەشەم و حیمایە، هوتێل، مۆڵ، باڵەخانە، ڕۆژنامەنووسی دەربار و سایت و پەیجی سێبەر و فەیک، دەزگای هەواڵگری و جاسوسی، خەتی پەیوەندی نهێنی بە وڵاتانی ئیقلیمییەوە، خیانەتی گەورە و بچووک، کچە مۆدێل و گەعدە و شەوانی  سوور، کۆمەڵێ مووچەخۆری وەهمی، هێزێک لە مووچە خۆری بندیوار، ...هتد.  بە کورتی کام سیاسی وسەرکردەی کامە حزب یەکێ یان دوو، یاخود زیاتر یان هەر هەموو ئەم خرووقات و گەندەڵییانەی تێدا نیە؟
٤/ دەنگدەری ئازیز، بۆ سەرۆک و سەرکردە و بەڕێوەبەرێکی گشتی و وەزیر و دادوەر و پارلەمانتار و ئەندامێکی سەرکردایەتی یان مەکتەب سیاسییەکی حزبێک بگەڕێ، لە بەر کپکردنی دەنگی ئازاد، لەپێناو لاسەنگی تەرازووەکەی دادگا، کامێرا شکاوەکەی ڕۆژنامە نووس، قەڵەمە کوژراوەکەی نووسەر، بارهەڵگرە قاچاخەکەی سنور، خیانەتەکەی کەرکوک و شنکاڵ، کەتنەکەی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی چاکسازییە ناسازییەکە...کاغەزێکی سپی دەرهێنابێ و ئێمزای کردبێ لە ژێر ناوەکەی خۆی و تێکستێکی کورت کە بڵێ (من چی دی ئەمەم پێ قبووڵ ناکرێ) و دەستی لە کار کێشابێتەوە!؟ ئەرێ کەست شک برد ئەی دەنگدەر؟ 
زۆر خاڵی دیکەش هەن کە بکرێن بە پێوەر بەڵام بەدەر لە هەر بەرنامەیەکی حزبی، کام حزب و کەسایەتی لەم چوار خاڵە دەرچێت هونەرە، بەهرەیەکی خواییە لەم هەرێمەدا و دەنگی پێ بدە.
کەواتا لەم چوار پێوەرەی دەنگ نماکەی منەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ سەرۆک و سەرکردە و حزبێکی ئێستای گۆرەپانی سیسی کوردی، شایەنی دەنگی تۆ نین و دەنگ نەدەی بە کەس. بەڵام چوونت بۆ دەنگدان و دەنگدانت بە سپی ، دەرفەتی پڕکردنەوەی دەنگت لە دەستی حزبەکان دەردەهێنیت. بەم جۆرەش  هەر حزب و سیاسیەک هێندەی بەخشینەوەی پارەکانیان دەنگ ئەهێنن، بزانە ((چۆن ئەوەی بە خوێنی سور بۆت ناگۆڕدرێ بە کاغەزی سپی ئەیگۆڕیت)). ئەمە ئەگەر پرۆسەکە پڕ نەکەن لە تەزویر بە شێوازێکی تر و ڕێگەیەکی نوێ تر!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە