مەترسییە گەورەکان

Saturday, 14/08/2021, 18:46

4505 بینراوە


دورستکردنی بەنداوەکان لە زۆنی ئیرهاب، پلانە یا پیلانە؟!.

وەک هەواڵەکان باس دەکەن ، گوایە وەزارەتی کشتوکال بە تەمایە ژمارەیەکی زۆر بەنداو دورست بکات . هەر دارێک لەسەر بەرد دانانێک ،جێگای دەستخۆشیە ، لێ ٣٠ ساڵە ئەو دەسەلاتە چەتەگەراییەی هەرێم جگە لە تاڵانکردن و هێنانی دەستی داگیرکەر هیچی بینا نەکردووە ، بۆیە جێگەی گومانە ئەگەر باس لە دورستکردنی بەنداو و بەو ژمارە زۆرە بکرێت!.
کاتێ سەرۆکی پارتی ، گوتی هەولێر دەکەین بە دوبەی ، نەک هەر نەبووە دووبەی بەڵکو بوو بەمەقادیشۆ ، سەرباری ئەوەی بۆتە ناوەندی ئیرهابی داگیرکاریی تورکیا وئێران ، ئەوەتا سادەترین خزمەتگوزاری کە دابینکردنی ئاوە لە هەولێر بوونی نییە ، پارێزگاری هەولێر هانا بۆ دەوڵەتان و خێرخوازان دەبات بۆ دابینکردنی ئاو !.
تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان بەتەنها هێزی سەربازی نەجوڵاندووە ، بەڵکو پرۆژەی وێرانکاریی مەترسیداریش دەیەوێت لە باشور جێبەجێ بکات.
لەم پیلان و پرۆژە مەترسیدارانە ، پارتی وپانیکەکان(پارتیەکانی ناو یەکێتی- کۆدەتاچییەکان) دەیانەوێت جێبەجێی بکەن ، بریتیە لە زیاتر وردوخاشکردن و پارچەپارچەکردن و دابڕینی پارچەکانی کوردستانە لەیەکتر.
پیلانەکە بریتیە لە دورستکردنی چەندین بەنداو لێ مەبەست سێ بەنداوی گەورەیە لە سەر سنوری باشور وباکور بۆ غەرقکردنی ئەو دەڤەرە فرەوانە بە ئاو و رێگەگرتن لە هاتووچۆ و یەکگرتنەوە.
پارتی چۆن بۆ دابڕینی رۆژئاڤا و باشور ، لە سنورە دەستکردەکانی سایککس -پیکۆ، خەندەقی لێدا بۆ ئەوەی پەیوەست بوون و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و کۆمەڵایەتی نەبێت ، ئاواش دەیەوێت باکور وباشور لەیەک دابڕێنێت.
لەم پیلانەیدا ، پێشتر سەرۆککۆمار ، دکتور بەرهەم ، بەشدارە و ئەو بە فەرمانی ئەردۆگان لە دوایین سەردانیدا ، پێیڕاگەیەنراوە کە کار بۆ ئەم پیلانە بکات.
لە دوایین دیداریدا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی تەزویری هەرێم و ئامادەبوونی سەفیری تورکیا لەبەغدا ، بڕیار لە پیلانەکە دراوە.
پارتی و کۆدەتاچییەکانی یەکێتی وا بانگەشە دەکەن گوایە بۆ دورستکردنی کارەبایە بە بڕی ١٢٠ مێگاوات ، بەڵام دیارە ئەم بانگەشە بێ بنەمای تەکنیکییە ، ئەو بڕە کارەبایە لە یەکەیەکی گازیی لە هەر شارێکی هەرێم دەتوانێت بەرهەم بهێنرێت.
ئەم پیلانە بۆ دابڕینی باشور و باکورە و قوڵکردنەوەی هێلی سنوری نێوان پارچەکانە و لێدانیشە لە تەڤگەری ئازادی کە پەکەکە رێبەرایەتی دەکات ، تورکیا دەیەوێت هەرێمەکان گەریلا لەیەکتر دابڕێنێت و بۆ  ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دورست بکات.
پارتی بە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە ١٩٩٤ رۆڵی گەورەی هەبوو لە دورستکردنی دوو زۆن لە هەرێمی کوردستان و، هەروەها لە میانەی گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم ، بەفەرمانی تورکیا وئێران ، ناوچەکانی دیکە کە ٥١٪ ی باشوری کوردستان پێدەهێنیت ، خستییەوە ژێر رکێفی حەشدی شەعبی و ئێران و بەرەی تورکمانی تیرۆریست.
پارتی هەمیشە کاری پارچەپارچەکردنی باشوری کوردستان بووە ، لە پارچەکردنی باشور تێیدا سەرکەوت ، ئێستا دەیەوێت بەفەرمانی تورکیا پیلانێکی چەپەڵ بۆ دابڕاندنی باشور و باکور ئەنجام بدات.
هەر لایەنێک پشتیوانی لەوەها پرۆژەیەک بێت ، بێ سێ و دوو ناوی وەک خیانەتکار دەچێتە مێژووە ، دیارە مەبەستمان لە پارتی وکۆدەتاچییەکانی ناو یەکێتی نییە ئەوان وا لە زبڵدانی مێژوون و، هیچ جیاوازییەکیان نامێنێت لەگەڵ داگیرکارانی ودوژمنانی گەلی کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە