دەرفەتێکی نوێ بۆ دەڤەری سلێمانی

Saturday, 14/08/2021, 19:57

2430 بینراوە


بەهەرێم کردنی دەڤەری سڵێمانی

دانیشتوانی دەڤەری سلێمانی دەبێت، هەرچی زووە بڕیارێکی نەتەوەیی بدەن و ئەو کەمە ئەکادیمیست و قەڵەمە شەریفانەی، ئالودەی کوردفرۆشی و پارە و دەسەڵات پیسی نەکردوون، داواکاری دەڤەری سلێمانی لە فۆڕمێکی، سەردەمیانە و بنەما یاسایدا، بۆ دانیشتوانی دەڤەرەکە ڕێک بخەن و پێشکەش بە دادگای فیدراڵی بکەن، بەم کارە یارییەکی قێزەون و پیلانیکی گڵاو سەبارەت بە دەڤەری سلێمانی و هەرێم پوچەڵ دەکەنەوە، داواکارییەکە لە بناغەدا یاساییە و لە یاسای عێراقدا هاتووە، هیمەتێکی نەتەوەیی و ڕێکخستنێکی کوردستانی دەوێت، چوونکە:
گۆڕانکاریی گەورە لە عێراقدا بەڕێوەیە، کە سەرتۆپەکەی دەسکاری کردنی سیستەمی فیدراڵییە و ئەگەر زوو فریا نەکەون، سەرکردەیەتی خێڵەکی چارەنووستان دەفرۆشیت بە چەند ملیارێک و پاشان ناوی دەنێت، (ناچاریی و شەقی زەمانە) و لە چەقی ڕێگادا بەزەریایەک خوێنی ڕژاوەوە بەجێتان دێڵێت.
ئەم کارەسات و مەرگەساتانەتان چەندین جار بەدەست ئەم سەرکردەیەتییەوە، ئەزموواندووە و دڵنیا بن، بارودۆخەکە، لە ئەنفالەکان مەترسیدارترە، هەر ئێستا بناری چیاکانیان پڕ کردووە، لە بەگرێگیراوانی شەڕگەکانی تورکیا و ڕاهێنانیان پێدەکەن لە شەڕەکانیاندا دژ بە قەڵای بەرگری نەتەوەکەمان لە قەندیل.  
ئەمە دواین دەرفەتە بۆ دەڤەری سلێمانی، کە بەهۆیەوە بتوانێت ڕۆڵی کوردستانی خۆی بگێڕێت، سبەی درەنگە!!
هەموو سیاسەتمەدارێکی باشوور، کە کوردستانی و دڵسۆزی نەتەوەکەیە، دەتوانێت بەهۆی ئەزموون و پەیوەدندییەکانییەوە، هاوبەشی چالاکی ئەم هەوڵدانە کوردستانییە بکات و ئەرکی سەرشانییەتی کە هاوبەش بێت.
بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، دەڵێت:
" نەفرەت، هیچ لەەدەسەڵات ناگۆڕێ، گەر دەتوانی ڕێگای خلۆربوونەوەی بەرەو لوتکەی هەرەمی لێبگرە".
هەرەوەها دەڵێت:
" ئەگەر کەوتمە سەر دوورییانێک و نەمزانی کام رێگایە هەڵبژێرم، پرسێک بەم حیزبە شیت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگەیان پیشاندام، من ملی رێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕێگا ڕاستەکەم هەڵبژاردووە". 
ئێمە نازانین لەکام پێچەی مێژوودا، بەڵینیان لیوەرگرتین کە هەمیشە دژ بە کورد بین.
بڵێی نوێترین هەڵەمان ئەم هاوکێشەیە بووبێت:
( پارتی ژیانەوەی کورد) لە گۆڕ نرا و حزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئیران دروستکرا.
پاشان حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لقێکی لێ جودا کرایەوە و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان/عیراقی لێ پێک هات، کە لە زۆر قۆناغدا دەستی خۆی سوور کرد بە خوێنی ئەندامان و سەرکردەیەتی حدک / ئێران.
ئێمە یەک پارچە بووین، خیانەت و دووڕەنگ بوون و خۆشەویستی دەسەڵات  ئێمەی کردە دووبەش، پاشان بەرژەوەندی ئیمپریالیزم/ کۆمۆنیزم / ئێمەی کردە چواربەش، جا ئەوسا خۆمان وەک کوڕی باوکی خۆمان، خۆمان دابەشکرد بۆ چل  بەش، چوونکە حیزب بووە کۆمپانیایەکی بەبرەو، ئەم تاوانانەش هەر بەناوی کورد و کوردستانەوە ئەنجام دراون.
پاش ساڵانی زۆری دەسەڵاتڕانی لە باشووری کوردستاندا و تاقیکردنەوەی کەمی مێتۆدی بەرێوەبردنێکی مۆدێرن و سەردەمیانە کە بناغەکە ئازادی و سەرچاوەکە ئازادی و مەرجەعەکە ئەو بەشە لە نەتەوەکە بێت، دەرکەوت کە شێوازی ئەمجۆرەی هەرێم فۆرمێکی لاوازە و وێنەیەکی نا سەرکەوتووی بەرێوەبردنی ئەم بەشە لە نەتەوەی کوردە، کۆبوونەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە یەک ناوچەدا و بڕیاردانی یەک لایەنە ( ئەگەرچی بەرواڵەت فرەحزبی و لایەنیش بێت)، بەبوونی دەسەڵاتە بڕیاردەر و هەستیارەکان لە دەستی یەک لایەندا، چ مانایەک بۆ دیمۆکراسی و فرە لایەنی نامێنیتەوە، هەرچەندە دوای تێپەڕینی دوو دەیە بەسەر فەرمانڕانیی بەیەک مێتۆدی خێڵگەرایی و بنەماڵەیی، ئیتر باسکردنی ئەم زاراوانە هیچ مانایەکی مەعنەوی و یاساییان نەماوە، هەر خۆی بەردەوام بوون لە فەرمانڕانیدا بۆ زیاتر لە ٨ ساڵ نیشانەی وێرانبوونی مێتۆدی دیمۆکراسییە.
ئەگەر چی بەدەنگی خەڵکیش بێت، دەبێ دادگای چاودێری بەرێوەبردن، رێگە بەم خواستە نادروستەی خەڵک نەدات. 
بەهەرحاڵ هەموو بابەتە هەستیار و چارەنووسسازەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دووهەرێم لە رووی ئیدارییەوە بەتواناترو باشتر بەرێوە دەچێت، دیارە ٣ شار بەڕێوە بردن، بەم مێتۆدانە شکستی هێناوە و بۆ ڕاگرتنی هاوتایی ئابووری، رۆشنبیری و بژێوی ئەو بەشە لەنەتەوەی کورد لە باشووردا، هەرێمی دەڤەری سلێمانی دەتوانێ پارسەنگێکی تەواو بێت، بۆ ئەو لاسەنگییەی کە هەیە.
بەبوونی دەڤەری سلێمانی کە گەرمیان و هەڵەبجەش دەگرێتەوە بە هەرێمێک، هەرێمە کۆنەنەکە دەخاتەوە سەر ڕاستە شەقامەکەی گەشەکردنی، چوونکە هۆیەکی گرنگی کارەساتەکانی ئێستای هەرێم، هەر ئەوە بوو کە ڕێگری کرا لەوە کە شارەکانی هەرێم، گەشەی ئاسایی خۆیان بکەن و لە پلانەکان و خەرجکردنی داهاتی خۆیاندا بۆ پڕۆژەکانی هەرێمەکەیان سەربەخۆ بن!!.
 دەبوو حوکومەتی هەرێم، کە لە نوێنەرایەتی هەرێمەکان پێک دەهات، چاودێری بەڕێوەبردنی هەرێمەکان بانایە، خۆ حوکومەت کۆمپانیایەکی خێزانی نییە، چۆنیان بووێت بەوجۆرە بەڕێوەی بەرن و گرفتاری بۆ دروست بکەن تا مایەپووچی دەکەن!!
مایە پووچ بوونی ئێستای هەرێم لە هەموو ڕووەکانەوە، ئاکامی ئەو تەرزە لە فەرمانڕانی خێڵەکی و بنەماڵەیی بوو، ئەمە ڕاستییەکە و فشنبیرانی دەسەڵات چۆنی بۆیاخ بکەن، ڕوخسارە دزێوەکەیان بۆ ناشاردرێتەوە.
لە بڕیاردانە نەتەوەییەکاندا ئازادی و سەربەخۆیی زیاترمان دەبێت کە بتوانین فراوانتر هەنگاو بنێین، نەک ئەوەی خواست و پێویستیەکانی لایەنێک دەیانەوێ بەناوی هەموو نەتەوەی کوردەوە بیسەپێنین، 
لە رووی ئابوورییەوە، ئابووری هەرێمی دەڤەری سلێمانی، ئابوورییەکی زۆر تۆکمە و بەهێز دەبێت و وەک ئاشکرایە سەرچاوەکانی ( کانزایی، ئاو و مرۆیی) گەلێک مەزن لەم هەرێمەدا هەیە و دەتوانێت بە ماوەیەکی کەم وەک پاڵپشت بۆ هەرێمەکەی تری کوردستان  لە گەشەپیدان و ئاوادانکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی کوردستانی مەزندا هاوبەشییەکی کارا بکات. 
دابەشکردنی دەسەڵاتی بەرێوەبردن، نیشانەیەکی بناغەیی هەبوونی کلتوری دیمۆکراسییە، هیوا بەخشینە بەو گەنجەی کە ئەمڕۆ شەو دەخاتە سەر رۆژ بۆ ئەوەی بە پلەیەکی خوێندەواری بگات تا سبەی ئەوەی باوکی بنیاتی نا، ئەم بیپارێزی و گەشەی پێبدات، دەبێت هەموو کەسێک لێپرسرا و و بەرپرس بێت، نەک ئێلیتیێکیحیزبی بەرپرس بن و گەلیش لیپرسراو!!
 نیشتمان دایکی ئازیزی هەمووانە، دڵنیام کەس دایکی خۆی ناداتە دەست بێگانە، ئەو کارە هەر لە خائینانی نەتەوەکە دەوەشێتەوە، وشیەک نییە جگە لە خیانەت بتوانین پێناسەی ئەو کارەی پێ بکەین!!
 ئێمە دەبێت نائومێدی بکەینە خۆشەویستیەکی راستەقینەی نەتەوە و کوردستانی گەورە لە دڵی هەموواندا. تێکۆشانی هەموومان بەرز ڕابگیرێت، تێکۆشانی تاک بە تاکی نەتەوەی کورد لەهەر جێگایەکی کوردستاندا بێت و بەهەر جۆرێک بێت بەنرخە، ئەوەش ئەو رێگایییە کە هەر چوار پارچەی نیشتمان پێکەوە گرێدەداتەوە.
 سڕینەوەی سنوورەکانە، نەک کردنیان  لە هێڵێکی وەهمی سەر نەخشەکانەوە بۆ خەندەق و تەڵی ترکاوی.....وەک بینیمان ئەوەی جاران هێڵیکی سووری قێزەوونی سەر نەخشەکان بوو، ئەمڕۆ سەرکردەیەتی خێڵەکی لە باشووردا کردییە واقع.
ئەم هەرێمانە دەتوانن سەربەخۆ و هاوبەش لەگەڵ هەرێمەکانی دی لە پرسە کوردستانییەکاندا، پلانی درێژخایەنی ئابووری و سیاسی و کلتوریان هەبێت و بەراستی ئەو ڕۆڵە ببینن کە دەبێ هەیان بێت و ئیتر نەبەسترێنەوە بە هەندێ گرفتارییەوە کە حزبی  وبنەماڵەیی دروستکراون و پرسی نەتەوەیی کورد نین.
دەتوانین تێکدان و بەعەرەبکردنی خشکەیی کوردستان ڕابگرین و چی دی بە هیچ ناوێکەوە شارەکانی کوردستان وەک خوانێکی ڕازاوە نەخەینە بەردەست هیچ کەسێک جگە لە نەتەوەی کورد، کوردبوون مەرجی سەرەکی بێت کە تۆ لە کوردستان بتوانیت زەویت هەبێت، هەنارانە کۆنتان لە یاد نەچێت، لە سێ ماڵ دوانیان عارەبن، ئەمە کارەساتی نەتەوەیی گەورەی لە دواوەیە!!
برینی ئیمە هیندە قوڵە بە تۆریست و پارەی گەشتیاران و ئوتێلی پێنج ئەستیرە چارەسەرناکرێت، ئەوانە پرسی ( کەمالیات) ن، ئێستا ئیمە کلتووری خۆمان و تەندروستی نەوەکانمان داوەتە دەست کۆمەڵێ سەرمایەداری لێنەزانی چاوچنۆک، ئەوکەسانەی  کە بارو دۆخەکە و حیزب حیزبێنە، هەر لە پڕێ کردنییە کوڕێ!!
ئێمە دەبێت لە خەمی ئایندەی نەتەوەکەماندا بین و بەو بڕوایە گەیشتبین، کە هەر پارچەیەکی ئەم نیشتمانە دابەشکراوە، موڵکی نەتەوەی کوردە و جێگای پاراستن و پشتیوانی و بەتەنگەوە هاتنی هەموو خەباتکارێکی کوردە، ئێمە لێپرسراوین لە ڕژانی فرمێسک لە چاوی هەر منداڵێکی برسی کورد. 
هەموو خوشک و براکانمان لە هەر سێ بەشەکەی نیشتمان، دەبێت ڕاستییەک بزانن: ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت، سەرچاوەکەی سەرکردەیەتی حیزبی باشووری و سەرکردەیەتی حیزبی ڕۆژهەڵاتییە و ئێمە لە باشووردا، گرفتاری نەخۆشییەکی حەفتا ساڵی بووین کە ناوی سەرکردەیەتی خێڵەکی حیزبی باشوورییە و کاریگەریی ئەو کلتوورە حیزبییەیە کە حەفتا ساڵە خەریکی دروستکردنی ناکۆکییە لە نێوان: تاکەکانی نەتەوەی کوردا، شارەکانی نەتەوەی کوردا، حیزبەکانی نەتەوەی کوردا، بەشەداگیرکراوەکانی نەتەوەی کوردا و زاراوە جوداکانی زمانی نەتەوەی کوردا.
ئەندامان و خێزانی شەهیدانی حیزبەکانی، باشوور و ڕۆژهەڵات، دەبێ ئێستا لەوە حاڵی بووبن، کە خوێنی کچان و کوڕانی ئەوان، بۆتە سامانێکی زەبەلاح بۆ کچان و کوڕانی سەرکردەیەتی حیزبەکان، لاشەی پیرۆزی گٶڕغەریب بووی ئەوان، بویە پەیژە بۆ کچان و کوڕانی سەرکردەیەتی حیزبەکانیان، پێیان پێدا نا و سەرکەوتنە سەر لوتکەی هەرەمەکە!!.
برێشت ڕوو لە دایکە ئەڵمانییەکان دەکات و دەڵێت: بۆ بەرتان بەو شەمەندەفەرانە نەگرت، کە ڕۆڵەکانتانی دەگواستەوە بۆ بەرەکانی جەنگ؟!!. 
منیش لە دایکە کوردەکان، هاوسەرە کوردەکان و خوشکە کوردەکانم دەپرسم: ئەی ئێوە بۆ دەرگای حەوشەکانتان لەسەر: کوڕ و مێرد و براکانتان داناخەن؟! کاتێ سەرکردەیەتی خێڵبازی نەفرەتی، کوڕ و مێرد و براکانتان، بەناوی کوردستانەوە ڕاپێج دەکەن بۆ بەرەکانی جەنگی خوشک و براکانی خۆتان؟!
نابێ چی دی ڕێگە بدەین، یەک دڵۆپ خوێنی کورد بڕژێ، مەگەر لە جێگاکەیدا، نەمامێکی ئازادیی نیشتمانی کورد شین بووبێت.

سەرنجەکان:

1. قسەکانی سەرەوە، هی گەشەکردووترین عەقڵە لە مێژووی کورددا، کارکرن بەو قسانەی مامۆستا مەسعوود محەمەد، ئەرکێکی نەتەوەییە.
2. ئەو ئاڵایەی ناونراوە ئاڵای کوردستان، لە ڕاستیدا، ئاڵای هەرێمی کوردستانە، کە شانازییەکی گەورەی ( پاسۆک) ە و تەنیا و تەنیا لەسەر بنکەکانی ئەوان لە شاخ دەشەکایەوە، هیچ سەرکردەیەتێکی حیزبەکانی باشوور هەر نەشیان دەوێرا، وێنەیەک لەگەڵ ئەو ئاڵایەدا بگرن، بەشێک لە وان پێش لە شکری پاسداران کەوتبوون و ڕاوی کوردیان دەکرد لە ڕۆژهەڵاتدا، لە دوای ڕاپەڕین، کەسێک ئەمەی سەپاند بە سەر خەڵدا و کۆمەڵێک قسەی بێ بنەمای بۆ هۆنییەوە بۆ خۆشەویستکردنی خۆیی و بنەماڵەکەی.
3. بەهۆی ڕەفتارە سیاسیە کاڵ و کرچەکانی و لوتبەرزی و فڕوفیشاڵی فشنبیرانی دەورییەوە، چەندین جار سوکایەتی بەم شکۆ و شانازییەی ( پاسۆک) کراوە و ناشرین کراوە.
4. لە دوا سوکایەتیدا، ئێران بە کوردی وت: ئەو سێ شارە لە باشوور ئەو کوردستانەیە کە ئێوە باسی دەکەن و هیچی تر. هەر چۆن لە ئێران چەند شاریان ناو ناوە ئوستانی کوردستان و ئەو شارانەشیان، ناواخنکردووە بە چەندین شاری تورک.  ئیلام، کرماشان، لوڕستان و لە بۆکان بەولاوەیان لە کوردستان دابڕی و ئوستانی کوردستانیان قوت کردۆتەوە.
 هەمان مێتۆدیان بۆ سوکایەتی کردن بە نەتەوەی کورد بەکارهێنا، لە ڕێگای سوکایەتی کردن بەو شانازییەی پاسۆکەوە و بەهۆی سیاسەتی چەواشەکارانەی سەرکردەیەتی باشوور کە کاریان بریتییە لە جوڵاندنی سۆزی عەوامی خەڵک: 
ڕۆژێک بە ئاڵا، ڕۆژێک بە پول، ڕۆژێک بە جلی کوردی و ڕۆژێ بە فەرشی سوور و...هتد کە هەموو تاوانەکانیشیان بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، لەژێر ئەو ئاڵایەدا و بەجلی کوردییەوە ئەنجامداوە!!!
5. ئەم وتارە ٢٠١٤ نووسرا و بڵاو بوویەوە، ئەوکاتە هاوارەکەم بۆ ( هەرێمێک بوو کە بریتی بوون، لە سلێمانی، کەرکوک، گەرمیان و هەڵەبجە)، بەڵام بەو هۆیەوە کە حوکومەت، لە لوتکەی لوتبەرزیی خۆیدا بوو، گەرمەی دزی و فزی کردنیان بوو، هەر بایەخشیان پێنەدا، هەڵبەتە من ئەو کاتەش ڕووی دەمم لە خەڵک بوو، ئەکادیمیست و قەلەمە شەریفەکان بوو، چوونکە زۆرینەی خەڵک، سەرگەرمی دۆنم و دۆلار کرابوون... ئێستا بارودۆخەکە گۆڕڕاوە، سەرکردەیەتی کورد کەرکوکی فرۆشت بە ٤٥٠ میلێۆن دۆلار، بۆیە پێشنیازەکەم، وەک دوا هاوار بۆ ڕزگاریی باشووری کوردستانە و ئەو مەترسییەی لەسەر دەڤەری سلێمانییە، کە دەروازەیەکی گرنگی ڕزگاریی نیشتمانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە