تێڕوانینێک بۆ چەند بەڵگەیەکی بوونی خوا، یان نەخشەسازێکی ژیر (بەشی دووەم)

Saturday, 14/08/2021, 20:07

7786 بینراوە


بەشی دووەم: کێشە و گرفتەکانی لەشی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە؛

ئاشکرایە کە زیندەوەران ملیۆنان ساڵە لە هەوڵی بەردەوامن بۆ خۆگونجان لەگەڵ ژینگەدا، نەک بەپێچەوانەوە بێ و ژینگە بۆ ئەوان ساز و ئامادەکراو بێت. مانەوەش لە ژیان و سەرلەبەری سیستەمی خۆراک بەتەواوی دەوەستێتە سەر کوشتن و بڕین و پەلاماردانی زیندەوەران بۆ یەکدی، بەوەی هەمیشە دەبێ یان بکوژ، یانیش کوژراو بیت، بێگومان ئەمەش بەها و پیرۆزی ژیان دەکاتە بیرۆکەیەکی پووچ و بێمانا. هاوکات کارەساتە سروشتییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمی و ساردی، لە سەرهەڵدانی ژیانەوە تا ئێستە، بوونەتە هۆکاری لەناوچوونی ملیاران جۆرە زیندەوەر. 
پێویستە هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە بدەین، ئێمە دەتوانین ناتەواوی و هەڵەکانی لەشی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە بە پەرەسەندن و میکانیزمەکانی ڕاڤە بکەین، بەڵام باوەڕداران بە خوا و لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر، هیچ وەڵامێکیان بۆ هۆکاری بوونی ئەو هەموو کێشەیەی زیندەوەران نییە. ئێمەی مرۆڤ و گشت بوونەوەران دەستکردی سروشتین، سروشتیش نە هەست و هۆشی هەیە، نە ژیریشە تا بڕوانێتە کێشە و ناتەواوییەکان. مەبەستیش لە سروشت پەرەسەندنە کە وا دەکات کامە جۆر لە زیندەوەران ساز و گونجاوە لەگەڵ ژینگەدا بهێڵێتەوە، ئەوانەی دیکەش بەرەبەرە لەناو ببات. هەڵبژاردنی سروشتی وەک میکانیزمێکی بنەڕەتی پەرەسەندن، بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە هەردوو کرداری پەسندکردن و لابردنی تایبەتمەندییەکان، ئەویش بەگوێرەی چەند هەلومەرجێک و گۆڕانکارییەکانی بەسەر ژینگەی زیندەوەران هاتوون، لە چاخ و سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا. لەسەر بنچینەی ئەو کردارانەی پەسندکردن و لابردنە، لەوانەیە پێکهاتە، یان ئەندامێکی لەش لە پێشینەکانی زیندەوەرێک لە ڕابردوودا، گەلەک چالاک و کارا بووبێ لە فەرمانەکانیدا، کەچی ئەمڕۆکە لە لەشی ئەو زیندەوەرە هیچ سوودێکی ئەوتۆی نەبێت. دەشێ ئەو ئەندامانەی لەش کەموکوڕیان تێدا بێت، هەندێ جاریش ببنە هۆی ئێش و ئازار و دروستبوونی کێشەکانی لەشساغی لە مرۆڤ و چەندان گرفتی دیکە لە زیندەوەراندا. هەموو ئەمانەش لەبەرئەوەیە، هەڵبژاردنی سروشتی تەنیا کار لەسەر ئەو پێکهاتانە دەکات کە هەن، پاشان بەرەبەرە هەوڵ دەدا چاکتریان بکات، بەڵام ئەو میکانیزمە هەرگیز ناتوانێ لە زیندەوەرێکدا شتێکی نوێ لە هیچەوە بهێنێتە کایەوە.
لێرەدا هەندێک نموونە لەو دەرەنجامانەی پەرەسەندن کە کێشە و گرفتیان هێناوەتە ئاراوە دەخەینە بەردەست، بەوەی کە دەتوانین بە مانەوەی شوێنەوار و جێماوی پێکهاتە لابراوەکانیان، چاوگی بێسوودی و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەین.
وەک گوتمان، زۆربەی هەرە زۆری زیندەوەران لە ئەرک و فەرمانی ئەندامەکانی لەشیاندا خەوش و کەموکوڕی هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی بابەتەکەمان درێژنەکەینەوە و پێش ئەوەی بچینە سەر گرفتەکانی مرۆڤ، گەلەک بەکورتی چەند نموونەیەک لەسەر ئاژەڵان دەهێنینەوە، تا بزانین ئایە دەشێت دروستکەر، یاخۆ داهێنەرەکەیان نەخشەساز و ژیر بێت؟

کێشە و ناتەواوی چەند زیندەوەرێک

کەموکوڕی و گرفتەکانی نەهەنگ:
نەهەنگ سەرباری ئێسکەکانی سێ بەند، پاشماوەی ئێسکی پەلەکان تا ئێستە لە لەشیدا هەن، هیچ گرینگییەکییان نییە، نە بۆ مەلەکردنی، نە بۆ هیچ لایەنێکی دیکەی ژیانی. نەهەنگ شیردەرێکە لەناو ئاودا دەژی، لەبەرئەوەی لە ئاژەڵێکی وشکانیی پەرەی سەندووە، بە سییەکانی هەناسە دەدات و بۆیە گەلەک کێشەی هەیە، ئەگەر لە کاتی پێویست بەپەلە نەیەتە سەر ئاو دەخنکێت، بۆیەش چەندان بێچووی نەهەنگ لەکاتی زایینیاندا لەبەر بوونی ئاستەنگێک زوو ناگەنە هەوای دەرەوە و دەمرن. دیسانەوە دەپرسین، لەبەرچی ئاژەڵێکی ئاویی وەک نەهەنگ دەبێ بە سییەکانی هەناسە بدات و هاوشێوەی ماسییەکان نەبێت، ئەوانەی بەبێ گرفت بە کەوانەی ڕیشەدار ئۆکسیجنی تواوەی ناو ئاو هەڵدەمژن؟
چاوی بێسوود:
ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەران لە شوێنە تاریکەکانی قووڵایی و بنەبانی زەریاکان و ئەشکەوتەکان دەژین، پێویستییان بە بوونی چاو نییە. ئەمە چەندان جۆرە ماسی، مێروو، جاڵجاڵۆکە و جۆری دیکە دەگرێتەوە کە لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان چاویان هەیە، بەڵام هیچ پێکهاتەیەکی بنەڕەتی وایان تێدا نییە، بۆ کرداری بینین بشێت. ئەو زیندەوەرانە ناتوانن بەو چاوانەیان هیچ ببینن، هەتا ئەگەر بخرێنە بەر ڕووناکیش. بوونی چاو بۆ ئەمانە لە لایەک پێویستی بە وزەیە، لە لایەکی دییەوە ئەو کاتەی چاو هەیە و کار دەکات، دەبێ گلێنە لەناو چاڵایی چاودا ببزوێت، بەمەش ئەگەری هەوکردن و تووشبوونی بە نەخۆشییەکان پتر دەبێت، بۆیە نەبوون، یان پووکانەوەی گەلەک چاکترە لە بوونێکی بێسوود. ئایە بۆمان نییە بپرسین، دروستکەری ژیر و دانا بۆچی چاو دەداتە زیندەوەرێک کە جگە لە زیان هیچ سوودێکی لێ نابینێت؟
کێشەکانی شەمشەمەکوێرە:
ئەگەر سەرنج بدەینە ئێسکەپەیکەری شەمشەمەکوێرەی شیردەر، لێکچوونی شێوە و ڕواڵەتی لەگەڵ ئاژەڵە وشکەنشینەکاندا زۆر زیاترە لەوەی باڵندەکان. ئێسکی باڵندەکان کلۆر و سووکن، بەڵام ئێسکی شەمشەمەکوێرە ئەو تایبەتمەندییانەی نییە، بۆیە لە فڕینیدا تەواو گرفتی هەیە و ناتوانێت وەک باڵندەکانی دی چالاک بێت. لە لایەکی دییەوە بە بەراوردکردن لە نێوان سییەکانی شیردەرەکان و باڵندەکان، دەبینین شیردەرەکان (بە شەمشەمەکوێرەوەش) لە کاتی هەناسەدان هەوای پاک و هەوای بەکارهێندراو تێکەڵ بەیەک دەبن. ئەم کێشەیەی کرداری هەناسەدان تەنیا هی شەمشەمەکوێرەی وەک باڵدارێک نییە، بگرە کێشەیەی ئێمەی شیردەریشە و سوودێکی کەم لە ئۆکسیجنی هەوا وەردەگرین.

دەماری قوڕگ

 لێرەدا پێمان باشە نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش بهێنینەوە کە لەلای چەندان جۆرە زیندەوەر دەبیندرێت، هاوکات دەبێتە بەڵگەیەکی زەق بۆ نەبوونی ژیری لە دروستکردنی شتێکی ئاوا لەشی زیندەوەراندا.
ئەم شتە سەیرە دەماری قوڕگی گەڕاوەی (Recurrent laryngeal nerve) پێدەگوترێت کە قوڕگ و مێشک پێکەوە دەبەستێتەوە، دەمارێکە لە مێشکەوە دەردەچێت بە بەشی سەرەوەی مل تێدەپەڕێت، تا دەگاتە قوڕگ و لە دواییدا جارێکی دی دەگەڕێتەوە مێشک. ئەمەش پێناسەیەکی کورتی ئەو دەمارەیە و شتێکی ئاسایی و لۆژیکییە، بەڵام لەڕاستیدا بەو شێوەیە نییە کە لە مێشکەوە ڕاستەوخۆ بچێتە قوڕگ و بگەڕێتەوە، بگرە دێتە خوارەوە و درێژ دەبێتەوە بۆ سنگ و خوولێک لێدەدات،  پاشان بەدەوری خوێنبەری سەرەکی دڵ دەسوڕێتەوە و ئینجا دەگاتە قوڕگ.
لێرەدا ئەوەی هەر هیچیش نەزانێت لە ئەندازە و نەخشەکێشان ئەو کارە ناکات، چونکە ئەم هەڵە ئاشکرا و زەقە هی یەکێک نییە، بە داهێنەرێکی ژیر ناو بنرێت. ئەو دروستکەرە نەک تەنیا هەڵەی کردووە، بگرە دەستبڵاوە لەوەی دەمارێکی چەندان جار هێندەی خۆی درێژ کردۆتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر ئەمە ئیشی ئەندازیاری کۆمپانیایەکی دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل بێت، بەوەی تەلی کلیلی بەگەڕخەر کە پێویستە لە داینەمۆوە درێژ ببێتەوە بۆ دەسکی لێخوڕین، کەچی ئەمیان وا لەو تەلە بکات تا بەشی دواوەی ئۆتۆمبیلەکە بچێت و پاشان بگەڕێتەوە بۆ کلیلی بەگەڕخەر. بێگومان ئەو ئەندازیارە دەردەکرێت لەو کۆمپانیایە، لەبەرئەوەی هیچ مانایەکی نییە، ئەو هەموو تەلە بەخۆڕایی بەفیڕۆ بچێت و کۆمپانیاکە زیانی پێ بگات. دەبێ ئەوەش بزانین ئەم هەڵە گەورەیە لە مرۆڤ و گشت ئاژەڵاندا هەیە، لەلای شیردەرەکان (بە مرۆڤیشەوە)، حەفت هێندە درێژترە لە دووری نێوان مێشک و قوڕگ! بە جۆرێک لە ملی زەڕافەدا خۆی لە نێزیکەی پێنج مەتر دەدات، ئاشکرایە کە هیچ ژیریی و داهێنانێکی تێدا نییە، درێژ بکرێتەوە تا ئاستی دڵی زەڕافەکە.
لەمەشدا ئاینداران هیچ ڕاڤەیەکی لۆژیکییان نییە، بەڵام تیۆری پەرەسەندن زۆر بەچاکی دەکارێت بۆمان ڕوونی بکاتەوە، هاوکات بووەتە بەڵگەیەکی گەلەک بەهێز بۆ پەرەسەندنی بایۆلۆژی زیندەوەران. ئەم هەڵەیە ئاساییە ڕوو بدات، چونکە وەک گوتمان، هەڵبژاردنی سروشتی پابەند نییە، بە دانانی نەخشە و چاککردنەوەی کەموکوڕی و گرفت و کێشەکان. ئەم دەمارە لە پێشینانەوە بۆمان بەجێ ماوە، ئەو کاتەی ماسییەکان پەرەیان سەند بەرلە سەدان ملیۆن ساڵ. لای پێشینە چوارپەلە ئاوییە کۆنەکان و ماسییەکان کە ملیان نیییە و مێشک و دڵیان لێک نێزکن، ڕاستەوخۆ لە مێشکەوە دەردەچێت و لەتەک دڵەوە تێدەپەڕی و دەگاتە کەوانەی ڕیشەدار. بەڵام لە ڕەوتی پەرەسەندندا بەرەبەرە وای لێهات ئاژەڵان ملیان درێژ ببێتەوە و دڵیشیان دابەزێتە بەشی خوارەوەی لەش، بەمەش ئەو دەمارە لە تەنیشت دڵ گیرسایەوە و ئەم شێوەیەی وەرگرت.

خەوشی و کەموکوڕییەکانی مرۆڤ

کاتێک دەڕوانینە مرۆڤ و کێشە و گرفتەکانی، بەتەواوی گومانمان بۆ پەیدا دەبێت لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ بە چاکترین و جوانترین شێوە دروست کرابێ.
لە سەرەتاوە ئەگەر لە چەند خالێکی زۆر بەرچاوەوە سەرنج بدەینە مرۆڤ، دەشێ بپرسین، بۆچی بە بەربوونەوەمان لە بەرزاییەکی دە مەتری، ئەگەر نەشمرین ئەوا بەدەگمەن بێ زیانێکی گەورە لێی دەردەچین؟ یاخۆ بە مانەوەمان بۆ دە خولەک لەژێر ئاو، ژیانمان کۆتایی پێ دێت. هەروەها بە سەرکەوتنمان بۆ بەرزاییەکی دە کیلۆمەتری، ئەوا بەهێواشی ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە لەبەر کەمی ئۆکسیجن. کاتێکیش دادەبەزینە قوڵایی پتر لە دوو کیلۆمەتر ، بە گەرمی ناخی زەوی دەسوتێین و هەموو ئەو نەخشەسازییە جوانە هیچ مانایەکی نامێنێت.
پێویستبوون بە هەناسەدان کارێکی هەمیشەییە و وادەکات گشت پێکهاتەکانی هەوا هەڵمژین بە زیانبەخشەکانیشەوە، تەنیا بۆ ڕێژەیەکی گەلەک کەم لەو ئۆکسیجنەی کە تێیدایە. لە %90ی مرۆڤەکان ناتوانن پتر لە یەک خولەک بەبێ هەوا بمێننەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری مردن و خنکانی خەڵکانێکی یەکجار زۆر بەچەندان ڕووداوی جۆراوجۆر. جگە لەوە ناکارین زۆربەی گازە ژاراوییەکان بۆن بکەین، یان ماددە تیشکدەرە ترسناکەکان بینین، ئەوانەی بەشێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە.
پێویستبوون بە خەوتن، یەک لە سێی تەمەنی مرۆڤ دەبات، هەردەم کۆمەڵێک کێشە لەخۆ دەگرێت وەک، پەشێوی و شێوانی دەروونی و لەشی، خەوزڕان و کەمخەوی، خەوی ناخۆش و مۆتەکە و چەندانی گرفتی دیکە.
لەلایەکی دییەوە مرۆڤ لە بوونەوەرە خوێنگەرمەکانە، ئەمە وای لێ دەکات بەبەردەوامی پێویستی بە خۆراک و ئاو هەبێت، کەچی تیمساح، یان مارێکی زل بە هێندەی قەبارەی یەک مریشک، بۆ خۆراکی مانگێک بەس بێت.
لە ڕاستیدا ئەوانەی مرۆڤ بە شتێکی ناوازە و دەرئاسا دەبینن، وەک ئەوەیە تۆ بچیت خانووێک بکڕیت و تەنیا لەدەرەوەیدا سەرنجی بدەیت و شێوە و ڕەنگی پێت جوان بێت، بەڵام بێئاگا بیت لەوەی لەناوەوەدا چەندان خەوش و کەموکوڕی هەیە، ئەوانەی دەبنە هۆکاری کۆمەڵێک نەخۆشی و مردن.
مرۆڤ دووچاری ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە نەخۆشی کوشندە دەبێتەوە وەک، شێرپەنجەکان، شێوان و تێکچوونی فەرمانەکانی مێشک، نەخۆشییەکانی خوێن، کۆمەڵێک نەخۆشی دەمارەکی و دەروونی، گەلەک نەخۆشی دیکە بە هۆی بەکتریا و ڤایرۆسەکان. هاوشێوەی ئەم پەتایەی کۆڕۆنا، یاخۆ لاڕەشەکەی (مەرگی ڕەش) ئەوروپای سەدەی ناوەڕاست کە پتر لە 100 ملیۆن کەسی کوشت لە ئەوروپا.
شێوانی لەشیی لە کۆرپەکان نەخۆشییەکی فرە بەربڵاوە لە جیهاندا، تەنیا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵانە ژمارەیان خۆی لە 100 هەزار لەدایکبوو دەدات. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەبارچوونی ئاوەلەمە، منداڵی کەمئەندام و کێشەی مێشک و هۆشمەندی، ئەوانەی دەبنە کارەسات بەسەر ئەو خێزانانەی تێدا لەدایک دەبن. دەبێ ئەوەش بزانین کە هۆکاری ئەمانە مرۆڤ نین، وەک هەندێک کەس وای بۆ دەچن، چونکە شێوانە لەشییەکان بە سەدان ملیۆن ساڵێش پێش پەیدابوونی مرۆڤ لە زیندەوەراندا بوونیان هەبووە.  
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، مرۆڤی هاوچەرخ، یاخۆ ژیر (Homo sapiens)، ماوەیەکی کورتی بڕیووە لە ڕەوتی پەرەسەندن (200 هەزار ساڵ)، بۆیە گەلەک کەم لەگەڵ ژینگە و دەوروبەرەکەی سازاوە، بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری زیندەوەران. لەڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ خاوەنی ئەو مێشکە مەزنەی نەبووایە کە وای لێکردووە، کێشەکانی خۆگونجان بەدەستی خۆی چارەسەر بکات، بێگومان لەمێژە بنەبڕ ببوو.
لەبەر ئەم هۆکارەی کەمی ڕێژە و پلەی پەرەسەندن، لەشی مرۆڤ چەندان ناتەواوی و گرفتی لەشساغی هەیە. لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندێکیان دەستنیشان بکەین.
ئێش و ئازاری منداڵبوون: پێش هەموو شتێک منداڵبوون گرفتێکی مەزنە و دەرەنجامی گۆڕانمانە لە بوونەوەرێکی ئاسۆیییەوە بۆ ستوونی. ڕێڕەوی هاتنەدەرەوەی ئاوەلەمە لە ئاژەڵاندا ڕاستەڕێیە، بۆیە لەلای ئەواندا کرداری زایین بەئاسانی ڕوو دەدات، بەڵام لە مرۆڤدا ئەو ڕێڕەوە لە قۆناغێکی منداڵبوون تا نێزیکەی 90 پلە لار دەبێتەوە، بۆیە هەمیشە بوونی کەسێکی دی لەو دەمەدا پێویست دەبێت، تا ئاراستەی دەرچوونی منداڵەکە لەو پێچکردنەدا ڕێک بخات. هاوکات ئێسکەکانی سمتی (سێ بەند) مرۆڤ زۆر بچووکن، لەتەک ئەمەشدا بەرەبەرە زلبوونی سەر، واتە قەبارەی مێشکی مرۆڤ، لەلای مێیینەدا بووەتە هۆی منداڵبوونێکی سەخت و پڕ لە ئازار. ڕەگەزی مێیینە جگە لە منداڵبوونیش، لە سووڕی مانگانەکەی بۆ ماوەی 3-4 رۆژ لە مانگێکدا، تووشی ئازار و چەندان کێشەی بێزارکەر دەبێت.
هەناسەی ئاوەلەمە:
کاتێک لە سووڕی خوێنی ئاوەلەمە دەڕوانین، دەبینین لەناو زگدا لەڕێی ناوکییەوە بە دایکی بەستراوەتەوە و هەناسە دەدا، چونکە هێشتا سییەکانی بەتەواوی گەشەیان نەکردووە. لە ئەنجامی ئەو گواستنەوەیە خوێنی پاکی هەڵگری ئۆکسیجن تێکەڵ بە خوێنی پیس دەبێت، ئەمەش وا دەکا ئاوەلەمە بڕێکی کەمی لە ئۆکسیجن بگاتێ، بەڵام لە قۆناغەکانی دیکەی گەشەکردندا، دڵ و سییەکان بەتەواوی گەشە دەکەن و خوێنی پاک و پیس لە یەکدی جیا دەبنەوە. بۆ بوونی ئەم شێوازەی سووڕی خوێن و بۆ ئەوەی جیابوونەوەیەکی هاوشێوە لە ئاوەلەمەشدا ڕوو بدات، دەبینین لە نێوان ژوورۆچکەکانی دڵی ئاوەلەمە زارکێک هەیە بۆ هاتووچۆکردنی خوێن، هەتا ئەم زارکەش کراوە بێت، ئەوا خوێن بەرەو سییەکان ناچێت. ئەم زارکە لە کاتی لەدایکبووندا دادەخرێ، تا کرداری هەناسەدان بە سییەکانەوە بەسروشتی بەڕێوە بچێت، کەچی هەندێ جار ئەگەر ئاستەنگێک بێتە بەردەم، ئەوا ئەو زارکە داناخرێ، لە دەرەنجام کۆرپەلە دەمرێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئایە دەتواندرا ئەمەیان بە شێوەیەکی چاکتر ببوایە؟ زاناکان دەڵێن، بەڵێ! ئەگەر ئاوەلەمە لە سنگەوە (لەبری زگ) بە دایکی ببەسترێتەوە، ئەوا ئەو کاتە خوێنبەرەکانی هەڵگری خوێنی پاک، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنبەری سییەکانی ئاوەلەمە پێک دەگەیشتن، بەمەش نە خوێنی پاک و پیس تێکەڵ بەیەکدی دەبوون، نە پێویستیشی بە بوونی ئەو زارکەیەی دڵ دەکرد.
تۆڕینەی چاو:
لە مرۆڤدا تۆڕینەی چاو دەکەوێتە بەشی دواوەی چاو کە چەند خانەیەک دەگرێتە خۆ، لەوانەی هەست بە بوونی ڕووناکی دەکەن. بوونی ئەمانە لە بەشی دواوەی چاو شتێکی نائاسایی و چاوەڕواننەکراوە، لەبەرئەوەی لە پێش ئەو خانانەدا، چەندان پەردە و تەل و خانەی دی هەن ڕووناکی ناچار بکەن بەهەموویاندا تێ بپەڕێت تا بگاتە خانە هەستییەکان، بێگومان لێرەشدا بڕێکی زۆری پەرتوبڵاو دەبێتەوە. لەلایەکی دییەوە چاو وەک ئەندامێکی یەکجار هەستیار و گرینگی لەش، بۆ ئاستی بینینی شەبەنگی ڕووناکی تەواو کزە، بێ لە تیشکی ئاسایی هیچ جۆرە تیشکێکی دیکە ناناسێتەوە. هەرچەندە چاوی مرۆڤ هەمیشە دەکرێتە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ بوونی نەخشەسازێکی ژیر و بلیمەت، کەچی تا ڕادەیەکی زۆر بێهێز و ناڕێکە، بۆیە هەندێک لە زاناکان پێیان سەیرە، چۆن مرۆڤ بە پێکهاتەیەکی وا خراپ دەتوانێ شت ببینێت؟
بەرزی شوێنی قوڕگ:
خواردن و هەناسەدان دوو کردارن، هەرگیز بەیەکەوە ناکرێن، بۆیە لە کاتی خواردندا هەندێ جار بەرەوڕووی خنکان دەبینەوە.
ڕیخۆڵە کوێرە:
ئەمەیان هیچ دەسکەوتێکی بۆ مرۆڤ نییە، بۆیە زۆربەی جار کێشە پەیدا دەکات، لەلای نەخۆشەکان بە نەشتەرکاری لادەبرێن. 
ددانی ژیریی:
مرۆڤی ئێستە پێویستی بەو کۆمەڵە ددانانە (کۆمەڵەی سێیەم) نییە، ئێش و ئازاریان زۆرە، هیچ سوودێکیشیان لێ نابینێت. ئەم ددانانە لەلای هەندێ کەس لە گەشەکردن وەستاون و بەتەواوی بزر بوونە، کەچی لەلای نەوەکانی هەندێکی دی، پلەی شیاوی دەرکەوتنیان گەلەک بەرزە.
شوێنە خراپەکەی ئەندامی زاوزێ:
شوێنەکەی بەتایبەتی لەلای ڕەگەزی نێرینە زۆر نەگونجاوە لە لەشدا، پیاکێشانێکی بەهێزی توورەگە شۆڕبووەوەکە (گوون)، لەوانەیە ببێتە هۆی مردن، یان لەدەستدانی توانای نەوە نانەوە. 
جینە پەکخراوەکان:
پێویستە بزانین کە نێزیکەی % 99 لە دی ئین ئەی (DNA) لەشی مرۆڤ پەککەوتوون (non-coding) و هیچ کار و فرمانێکیان نییە. بۆ نموونە، مرۆڤ و مەیموونەکان لە خۆراکیاندا پێویستییان بە ڤیتامین سی (C)یە، کەمی ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەند نەخۆشییەک لەوانەش نەخۆشی (ئەسکەربووت). تاکەکانی ئەم کۆمەڵەیە ناتوانن لە لەشیاندا ئەم ڤیتامینە بەبەرهەم بهێنن، بەڵام زۆربەی شیردەرەکان و جۆری دیکە دەکارن ڤیتامین (C) دروست بکەن، بۆیە بۆ ئەمانە گرینگ نییە، لە خۆراکیاندا ئەم پێکهاتەیە هەبێت. ژیریی و لۆژیکی ئەمە لەکوێیە (دروستکەر) جینۆمێک بداتە مرۆڤ، بەشی هەرە زۆری جینی پەککەوتوو و شڕوشیتاڵ بێت؟ 

چاککردنەوەی هەڵەکانی لەشی مرۆڤ 

بۆ ئەوەی لەشی مرۆڤ تووشی گرفت نەبێ و توانای بەرگریکردنی زێدەتری هەبێت، هەروەها تەمەنێکی درێژتر بژی بە کەمترین کێشە، پێویستە پێکهاتەی هەندێک لە ئەندامەکانی لەشی بە شێوەیەکی دیکە بن، بە جۆرێک زۆربەی ئەو چەوتی و گرفتانەی کە هەڵبژاردنی سروشتی توانای لابردنیانی نەبووە، تێدا چارەسەر کرابێ. هەموو ئەوانەش وایان لە هەندێک زانا کردووە، بیر لە نەخشەکێشانی لەشێکی نموونەیی بۆ مرۆڤ بکەنەوە. لەڕاستیدا ئەگەر لەشی مرۆڤ ئەو پێکهاتە چاکانەی هەبێت، ئەوا ڕەنگە بەلایەنی کەمەوە بتوانێت بەبێ کێشە، سەد ساڵ بژیێت. ئایە ناکرێ بپرسین، چۆن دەبێ مرۆڤ کە ژیرییەکەی بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەوەی (نەخشەساز و دا‌هێنەرە زانا و داناکە)، کەچی دەتوانێت کەموکوڕی و ناتەواوییەکانی ئەو، چاک بکاتەوە؟
گەورەترین گیروگرفتەکانی مرۆڤی ئێستە لەبەرئەوەیە کە لەسەر دوو پێ دەڕوات، ئەمەش ناچاری دەکا بەستوونی بجووڵێت و بەبەردەوامی کێشێکی زۆر بخاتە سەر بڕبڕەکانی پشتی (لە ٨٠%ی مرۆڤەکان لە ژیانیاندا تووشی ئازاری پشت دەبن). بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشە لەسەر بڕبڕەکان، پێویستە مرۆڤ بۆ پێشەوە بچەمێتەوە لەبری پشت ڕاستکردنەوە و ڕۆیین بەستوونی، بێگومان ئەمەش تووشبوونی بە نەخۆشیەکانی پشت، کەمتر دەکاتەوە.
ئێسکەکانیشمان ئەو چڕی و پتەوییەی کە هەیبوو نەماوە، ئەمەش تووشبوونی بە نەخۆشی ئێسکەنەرمە و چەندان گرفتی لەشساغی زێدەتر دەکاتەوە. کێشەیەکی دیکەی لەشمان ئەوەیە، ئێمە هەتا دێ باڵامان درێژتر دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێکی بۆمان هەبێ، کەچی باشترە ئەگەر کورتتر ببین، چونکە کورتی باڵا پێویستی بە وزە و خۆراکی کەمترە، هەروەها دەبێتە هۆی نێزیکبوونی خاڵی هاوسەنگیمان لە زەوی، بەمە ئەگەری کەوتن و شکانی ئێسکەکانیشمان کەمتر دەبێتەوە. پێکهاتەی ئەژنۆ خاڵێکی دی گرینگی بێهێزی لەشی مرۆڤە، چونکە جومگە و دەمارە لێک گرێدەرکانی ئەژنۆ، گەلەک جار دەئاوسێن و ئازار پەیدا دەکەن. شارەزایان دەبێژن، گەر ئەژنۆ وەک چۆن بۆ پێشەوە دەنوشتێتەوە، بۆ دواوەش بنوشتابووایە، ئەوا بەئاسانی دووچاری هەڵئاوسان و داخوران نەدەبوو. لەشی مرۆڤ پێویستی بە چاکسازییەکی دی هەیە، بەوەی ئەگەر ژمارەی پەراسووەکانی زیاتر بووایە، ئەوا ئەندامەکانی ناو زگی چاکتر دەپارێزران، لەو کاتەی مرۆڤ تووشی ڕوداوێک دەبێت.
پێویست ناکات لە هەموو نەخۆشییەکانی پیربوونیش بدوێن، چونکە هەندێکیان ئاشکران و لە زۆربەماندا هەستی پێ دەکرێت وەک، تێکچوونی ددان و چاوکزی و گوێگران بوون، هەڵئاوسانی پڕۆستات لە پیاوان، لە ژنانیشدا لە پاش منداڵبوون گرفتەکانی خاوبوونەوەی ماسوولکەکانی میزڵدان و چەندانی دیکە. بۆ ئەوەی ئەو کەموکوڕی و گرفتانە چارەسەر ببن، مرۆڤ پێویستی بە گەلەک گۆڕان و پەرەسەندنی جیاجیا هەیە، بێگومان ئەمانەش بە ساڵێک و دووان ناکرێن، بگرە زۆربەیان هەزاران، یاخۆ ملیۆنان ساڵیان گەرەکە. ئامانجی سەرەکی پەرەسەندنی مرۆڤ بۆ نانەوەی نەوە و مانەوەی جۆرەکەی بووە، نەک بۆ ئەوەی لەشێکی ساغمان بداتێ، لە پیریدا بەبێ گرفت بین. هەڵبژاردنی سروشتی بەلایەوە گرینگ نییە، چەند تایبەتمەندییەکمان هەبێ لە پیریدا تووشی کێشەمان بکەن، چونکە ئەمانە گشتیان لە کاتێکدا دەبن کە ئێمە لەقۆناغەکانی پێکهێنانی خێزان و بەخێوکردنی منداڵەکانمان تێ پەڕیووین.
ئایە پاش ئەو هەموو  کارەسات و  ڕووداو  و کێشە و گرفت و ناتەواویانەی هەن، لە سەرلەبەری گەردوون بە ئەستێرە و هەسارەکان و بوونەوەرە زیندووەکانەوە، کامەیان هی ئەوەن بدرێنە پاڵ داهێنەرێکی دانا، یاخۆ نەخشەسازێکی ژیر؟
..........................


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە