خاڵە لەیەکچووەکانی نێوان عیراق، ئەفغانستان و کوردستان (بەشی سێیەم)

Wednesday, 18/08/2021, 22:14

5443 بینراوە


لە ٢٠٠١دا دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ئەمریکا بەخەستی خاڵە سەربازییەکانی تالیبانییان لە ئەفغانستان بۆردوومان کرد، ئینجا ١٣٠٠ سەربازی لە هێزی زەمینی ڕەوانەی ئەفغانستان کرد.  ئەو کات ئەمریکا بە هاوکاری ئەفغانەکانی باکووری ئەفغانستان کە دژی تالیبان بوون، شار لە دوای شار و گوند لە دوای گوندیان ئازاد کرد. لە مانگی ١٢ هەمان ساڵدا ئەمریکا هێزی زەمینی کرد بە ٢٥٠٠ سەرباز شاخی تۆرەبۆرەین کۆنتڕۆڵ کرد و حکومەتی ئەفغانیان دامەزراند دواتر ١٠٠٠هەزار سەربازی ئەمریکیان ڕەوانەی ئەفغانستان کرد.  بەشێوەیەکی کاتی حەمید کەرازی کرا بە سەڕۆکی وڵات تا هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٤دا تا ساڵی ٢٠١٤ حەمید کەرازی بە سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا. دەبێت ئەوە بگوترێت کە هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان شێوەی هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی دوای ٢٠٠٣ی عیراق بوون، واتە ساختەکاری ئامرازی هەرە بەهێزی بردنەوە بوو لە هەڵبژاردنەکان. 
جورج دەبلیوبۆش و حەمید کەرازی ٢٠٠١
تالیبان خۆیان ڕێکخستەوە، پەیوەندییان لەگەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبی و بیانی کرد، لە شاخەکانی ئەفغانستان درێژەیان بەکار کردن دا و وازیان لە جەنگ دژی حکومەتی تازەی ئەفغانستانی سەر بە ئەمریکا نەهێنا. لەهەمان کاتدا حکومەتەکەی حەمید کەرازی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەندەڵتر دەبوو، گەندەڵی هەموو جومگە سەرەکییەکانی نێو دامودەزگا حکومیەکانی گرتەوە. دزینی سامانی گشتی بووە گەورەترین سیمای دەسەڵات. دزینی میلیارد دۆلار لە بانکی کابول، کە حەمید کەرازی و محمەد کەرازی خزمی تێوەگلابوون، یەکێک بوو لەو گەندەڵیانەی کە کاردانەوەی هەبوو لەسەر ناوبانگی حکومەتەکەی کە ئەمریکا پشتیوانی دەکرد، ئەو هەواڵانە دەگەیشتەوە ئیدارەی ئەمریکا.
ئەشرەف غەنی لە ٢٠١٤ تا ٨/٢٠٢١ لە دەسەڵاتدا بوو وەک حەمید کەرازی گەندەڵی و دزی بوو بە دوو سیمای حکومەتەکەی. بەگوێرەی میدیا جیهانیەکان کە ئاماژەیان پێداوە یەک دوو ڕۆژ پێش ئێستا کاتێک کە ئەشرەف کابولی بەجێهێشت، بە ئۆتۆموبیل پارەی بۆ فڕۆکەخانەی کابول گواستۆتەوە، پارەکە هێندە زۆر بووە، هەندێکی لەسەر مێزەکانی فرۆکەخانەی ئەفغانستان بەجێهێشتووە.  
ئەشرەف غەنی
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ٢٠١٨ی ڕێکخراوی "تراسپەرەنسی ئینترنەشنەڵ"، ئەفغانستان یەکێک بووە لە گەندەڵترین وڵاتەکانی دنیا وەک عیراق و هەرێمی ئەمڕۆ. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا بە پارە و چەک و تەقەمەنی و بەکارهێنانی سوپای ئەمریکی پشتیوانی لەو دوو حکومەتە کرد، بەڵام ئەم حکومەت نەیتوانی لەسەر پێی خۆیدا بوەستێت، سوپایەکی نیشتمانی پەروەردەکراو بە ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە دابمەزرێنێت. دەزگای پۆلیس و ئاسایشی وڵاتەکە بە شێوەیەک بەرێوەربەرێت کە بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و لە ئاستی لێپرسراوەتی بن. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی گەلێک خراپدا بوون، کەرتی پەروەردە و تەندروستی لاواز بوون. ئەوانەی لە پۆستە باڵا حکومیەکاندا کاربەدەست بوون، تەنیا هەوڵی خۆشگوزەرانی خۆیان و ماڵومنداڵ و دەوەروبەری خۆیانیان دەدا، تەنیا خەریکی خۆ دەوڵەمەند کردن بوون، وەک مافیا هەموو سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەفغانستانیان بۆ خودی تایبەتی خۆیان قۆڕغکرد. 
مەترسی مەزنی  مافیا لەوەدایە کە جومگە سەرەکییەکانی دامودەزگە حکومییەکانیان  بەدەستەوە بێت، واتە حکومەت ببێت بە مافیا، نەک ئەو مافیایانەی کە لە حکومەتدانین تەنیا پەیوەندییان بە هەندێک دەسەڵاتدار هەیە، لە ڕێگەی ئەوانەوە لە حکومەتەدا بۆ پڕۆژە ئابوورییەکان و بەرێوەبردنی بەرژەوەندیەکانییان لە حکومەت، کارئاسانیان بۆ دەکرێت و چاودەنوقێنن و  یاسا پەیڕەو ناکەن بەرامبەر دەسەڵاتە نامەشروعیەکانی ئەوان لەنێو کۆمەڵگە و ئەنجامدانی تاوان.
 توێژێک لەنێو کۆمەڵگادا کە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بوون، بوون بە میلیۆنێر، زۆرینەی خەڵکیش بەهەژاری مایەوە.  بێکاری گەیشتە لووتکە، بەدڕەوشتی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو گەنجاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا گەشەی دەکرد، بە شێڵاو خەڵک وڵاتەکەی بەجێدەهێشت، ڕووی لە هەندەران دەکرد، وەک دۆخی عیراق و هەرێمی ئەمڕۆ.  بێگومان ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی نێو ئەفغانستان ڕاپۆرتی لەسەر جۆری حوکمڕانی ئەو وڵاتە پێ دەگەیشت، گەیشتە ئاستێک کە لێیان بێ هیوا بوو.
مەلا عەبدوڵا غەنی برادەران لە دانیشتنی دوحە ساڵی ٢٠٢٠
ئەمریکا ژێر بە ژێر لە کاتی ترامپ لە دەسەڵاتدا بوو، هەوڵیدا لەگەڵ نوێنەرانی تالیبان بەتایبەتی لەگەڵ سەڕۆکی مەکتەبی سیاسی تالیبان "برادەران"  لە قەتەر کۆببنەوە، واتە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان ڕوودەدا بە کتوپڕی نەبووە. بایدن چەند مانگێک لەمەوپێش داوای لە تورکیا کرد لێپرسراوەتی پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول لە ئەستۆ بگرێت تا هێزەکانیان بەتەواوی دەکشێننەوە، بێگومان ئەردوغان بەم پێشنیارە ڕازی بوو، بەڵام حکومەتی ئەشرەف غەنی و تالیبان، بەمە ڕازی نەبوون کە جەندرمەی تورکی بێتە فڕۆکەخانەی وڵاتەکەیان. بەڵام ینک و پدک بەبێ هیج مەرجێ کوردستانیان ڕادەستی میتی تورکیی و ئیتیلاعاتی ئێران و میلیشیاکانیان کردوە. 
ڕەنگە ئەو پرسیارە بکرێت، ئەی ئەگەر زووتر ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی غەنی و تالیبان و ئەمریکا کرابوو، بۆ ئەمریکا پێشوەخت هێزەکانی خۆی و هاوپەیمانان و ئەو خەڵکانەی کە کاریان لەگەڵدا کرد بوون لە ئەفغانستان نەکشاندەوە؟ بێگومان وەڵامەکە ئەوەیە: لەبەرئەوە بووە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ تالیبان ئاشکرا نەبێت. لە توێترێکدا پۆمپیۆ ددان بەو ڕێککەتن و دانیشتنەدا لە دوحە دەنێت:
Secretary Pompeo
@SecPompeo
What an honor to join today's Intra-Afghan Negotiations in Doha. It is remarkable - and a testament to the human spirit - that the pain and patterns of destruction are no match for the enduring hopes for peace held by the Afghan people, and their many friends.
7:49 PM · Sep 12, 2020·Twitter Web App
هاتنی تالیبان بۆ  ئەفغانستان بەوشێوەی ئەمڕۆ، ڕێککەوتنی ژێربەژێر بوو، گرنگی پێدانی میدیای دنیا بە هاتنە دەسەڵاتی تالیبان و لە چاوپێکەوتنی رێبەرانی تالیبان لە میدیاکانی دنیادا، بە ئاسانی ئەوە تێبینی دەکرێت. بەگوێرەی هەندێک ئامار کە لە میدیا بیانیەکان بڵاوبۆتەوە، لە ماوەی ٢٠ساڵدا ٧٧٥،٠٠٠ سەربازی ئەمریکی بۆ ئەفغانستان هەناردرا، ٢٣٠٠ سەربازیی ئەمریکی کوژران، ٢٠،٥٨٩ هەزار سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. زێتر لە ٦٠،٠٠٠ هەزار سەربازی ئەفغانی کوژران جگە لە بریندار. زێتر لە ٤٣ هەزار لە خەڵکی مەدەنی ئەفغانی کوژران. 

تەواو



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە