(داگیرکردنی تاریکی) یا ڕۆمانێک بۆ خەڵاتی نۆبل !

Friday, 20/08/2021, 4:23

4186 بینراوە


بە شێوازێکی ئەدەبیی ڕند، بەرز، قوڵ و مرۆڤدۆستی، بە گێڕانەوەی مێژوی ٣٥ ساڵی تورکیا بەختیار عەلی، کەمالیزم و هەمو دام و دەسگا نەتەوەپەرستەکانی دەوڵەتی تورک ڕوت و قوت دەکاتەوە و دەیخاتە بەردەم دادگایەکی نێونەتەوەیی دادپەروەر و بێبەزەیی، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەمو حکومەتەکانی تورکیا دەخاتە سەر سەکۆی شانۆیەکی نێونەتەوەیی کە گاڵتەجاڕی و تراجیدیا بەشەکانی پێکدێنن.
(عیسمەت ئۆکتای) سەر بە ڕێکخراوی فاشیستی تورکیی(گورگەبۆرەکان) ە، بەیانیەک کە لە خەو هەڵدەسێ زمانی تورکیی بیرچۆتەوە و بە کوردی قسەدەکات، ئەمە لە سەردەمێک دایە هەرکەسێ بە کوردی بدوێ حسابی مرۆڤی بۆ ناکەن، مادام تورکیی بیرچۆتەوە کەواتە تورک نییە، کەواتە ئینسان نیە یا ئینسانێکی بێ بەهایە، ژن و دو کچەکەی و براکەی حاشای لێدەکەن و دەیکەن بە مردو، عیسمەت ناچاردەبێت کۆچی یەکجاری بکات بۆ باشوری کوردوستان.  
سەدان هاوڵاتیی تری تورکیا وەک عیسمەت تورکییان بیردەچێتەوە و دەکەونە دووان بە کوردی و یۆنانی و ئەرمەنی، ئەمە دەبێتە کێشەی پلە یەکی تورکیا، بە فەرمانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ هەمو ئەمانە دەخرێنە نەخۆشخانەیەکی دەرونی و وەک کەسانێکی بەردەوام هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا حسابیان بۆ دەکرێت و لە دنیای دەرەوە و خزم و خێزانەکانیان دادەبڕێنرێن. لە دەرەوەی ئەم نەخۆشخانەیە زمانی کوردی قەدەغەیە، ئەو کوردە جیڕ و نیشتمانپەروەرانەی نایانەوێ زمانی دایکیان لەبیربچێتەوە خۆیان نەخۆشدەخەن و لە نەخۆشخانەکە وەردەگیرێن بۆ ئەوەی بە ئازادی بە کوردی قسەبکەن، لە ناو چواردیواری نەخۆشخانەکەوە دەنگی لاوک و حەیرانی کوردی بەرزدەبێتەوە و ئەمە گورگە بۆرەکان شێت دەکات و دەدەن بەسەر نەخۆشخانەکەدا و لە ئەنجام دا هەمویان بێ ناو و نیشان لە ناودەبرێن جگە لە عیسمەت کە لە کۆتاییدا دەبێتە شایەتی زیندوی ئەم تاوانە.
پرۆفیسۆر (تاریق ئاکانسو) لە کەمال ئەتاتورک تۆرانی ترە، خۆی و دو کوڕەکەی (ئارسین ) و (عەلی ئیحسان) لە ئەنقەرەوە دەگوازنەوە بۆ دیاربەکر، تاریق وەک کاربەدەستێکی گەورەی حکومەت دەبێتە بەپرسیاری بەرنامەی تواندنەوەی کورد و زمانەکەی لە ناو تورک و زمانی تورکی دا ، لە ڕێی کوردێکەوە عەلی ئیحسانی کوڕی فێری کوردی دەکات و وەک مێردمناڵێک کە لە سەر سابون دزین گیراوە دەیان جار دەینێرێتە ناو زیندانەکانی شارەکانی کوردستان بۆ جاسوسی کردن بە سەر گیراوەکانەوە، ئینجا عەلی دەبێتە وەرگێڕی باوەڕپێکراوی میت و سوپا. تاریق گەردێک بەزەیی ئینسانیی تێدا نییە، پێنج ساڵ کۆت و زنجیر دەکات پێی ئارسین ی کوڕی و لە ژورێکی ماڵەکەیدا زیندانیی دەکات. تاریق بەوە کۆتایی دێت کە عەلیی کوڕی لەسەر داوای خۆی لە نزیک لوتکەیەکی زۆر بەرزی شاخێکی هەکاری دەیبەستێتەوە بە درختێکەوە و جێی دەهێڵێ و کە دوای دوو هەفتە عەلی دەگەڕێتەوە سەری دەبینی لە لایەن زیندەوەرانی دڕندەوە لەت و پەت کراوە و هەر ئێسقانەکانی ماوەتەوە.
عەلی ئیحسان: "یەکەم جارە لە هەموو ژیانم دا ناترسم و دەیڵێم من زۆر زۆریشم تەرجومە نەکردوە، ئەوەی تەرجومەم نەکردوە زۆرترە لەوەی کردومە. گەر هەمو شتێکم تەرجومە بکردایە، ئەو کینە و خوێنەی دەکەوتە نیوان کورد و تورکەوە زۆر لەمە زیاتر دەبو....زۆر شتم دەشاردەوە، نەم دەهێشت تورکەکان بزانن کوردەکان چۆن بیردەکەنەوە،...نەم دەهێشت کوردەکان بڕی ئەو قێز و کینەیە هەست پێبکەن لە دڵی تورکەکان دا هەبو...گرنگترین ئیشی تەرجومان لەو جێگایەدایە کە تەرجومە ناکات ". عەلی پەشیمانە لە کارەکانی بەڵام تازە درەنگە و فریای دەس لەکارکێشانەوە و گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی لە ئەنقەرە ناکەوێت. عەلی لە لایەن گروپی (دوی نیوە شەو)ی کوردیەوە دەکوژرێت، ئەم گروپە سەدان هەزار کورد ڕێکدەخەن کە هەمو ڕۆژێ سەعات دوی شەو دور لە چاودێریی تورکەکان لە ماڵەکانیان کۆدەبنەوە و بە کامی دڵ و بە ئازادیی تەواو بە زمانی شیرینی کوردی دەدوێن و گۆرانی دەڵێن.
ئارسین لە کانزایەکی ترە، لە باوکی هەڵدەگەڕێتەوە و دەبێتە چەپێکی شۆڕشگێڕی چەکداری لایەنگری کورد و دو جەنرالی گەورەی گورگە بۆرەکان دەکوژێت و لە کۆتاییدا بەرەو سوریا و لبنان کۆچ دەکات،
ئارسین: " سەیری وێنەکەی کرد و ویستی بگری، تورکیا هەمو پۆلەکەیانی کردبو بە پیاوکوژ، هەمو ئەم مێردمنداڵە بێگوناهانەی کردبو بە ئامێر..... ئەمیش بوبو بە پیاوکوژ، دەستی تا سەر ئانیشک چوبو بە خوێندا... چۆن مێژو سەیری دەکات؟ نەیدەزانی.وەک خەباتگێڕ؟ وەک شۆڕشگێڕێکی دۆڕاو؟ وەک پیاوکوژێک کە جیاوازیی نیە لەگەڵ پیاوکوژەکانی ناو گورگە بۆرەکان؟".
لە ڕۆمانەکەدا باسی پۆگرۆمی کورد و عەلەوی و یۆنانی و جولەکە و چەرکەس و... لە لایەن تورکە فاشیستەکانەوە لە ئەستەنبول و مەرعەش و ئیلازگ. دەکات.
بەختیار عەلی وەک دەرونناسێک لە سایکۆگرامێکدا دەچێتە قوڵایی و تاریکی و باڵایی و ڕۆشنیی کەسێتی و دەرونی پاڵەوانەکانیەوە، وات لێدەکات لەگەڵیاندا بگریت یا پێبکەنیت، دەست بنێیت بە پلەپیتکەی دەمانچەدا یا خۆت بکەیت بە مەرتالی زیندو و نەهێڵێت پاڵەوانێکی پەشیمان بدرێتە بەر فیشەک.
من سەدان ڕۆمانی  ڕۆماننوسی ناودارم (هی هەڵگری نۆبل یش) بە زمانەکانی کوردی و عەربی و فارسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی خوێندۆتەوە، ئەو توانای فەنتازیا و خەیاڵەی ، ئەو توانای وێناندنەی لە بەختیار عەلی دا بینیومە لە هیچ ڕۆماننوسێکی تردا نەم بینیوە!
ئینجا بەختیار عەلی لە (داگیرکردنی تاریکیدا) باسی چیی نەکردوە؟
ئاخ... بڵێی من فریای بینینی فیلمی سینەمایی هۆلیۆدی بکەوم کە لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی ئامادە کرابێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە