بەرکوڵێ لە مێژووی شۆڕشی سەربەخۆیی و شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا

Friday, 20/08/2021, 19:53

2838 بینراوە


بەشی دووەم و کۆتایی

"شۆڕشی ئەمەریکا سەرەتایەک بوو،هێشتا تەواو نەبووە". W.Wilson

+ لە فیدڕاڵی دەوڵەتەوە بۆ دەوڵەتی فیدڕاڵی..

ھەر لە سەرووبەندی شەڕی سەربەخۆییدا، کۆلۆنییەکان دەستووری خۆیان ھەبوو، جۆرێکیش لە فیدڕاڵی دەوڵەتی پەیوەندی شل لەنێوانیان ھەبوو. لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستووری ساڵی 1787دا بوونە دەوڵەتێکی فیدڕاڵ. سەرۆک کۆمار بەشێوەیەکی دیموکراتی ھەڵدەبژێردرێ... پەرلەمانیش دەبێت بە دوو بەشەوە.. ئەوەی جێی مشتومڕ بوو نوێنەرایەتی دەوڵەتە بچووکەکان بوو،ھەروەھا دەوڵەتەکانی باشوور بەو ژمارە زۆرەی کۆیلەکانیانەوە. سیستەمێک لە Checks and balances دەبوو پێکەوە کارکردنی تاکەتاکەی ئۆرگانەنەکانی دەستوور مسۆگەر بکات و ڕێگری بکات لە خراپ بەکار ھێنانی دەسەڵات. دەستوور چارەسەرێکی پراگماتیکی بوو.
لێرەدا 11دەوڵەتۆکە لە ھەر 13 دەوڵەتەکە لە نێوان 1776-1780 دا لەسەر ڕاسپاردەی « کۆنگرەی کیشوەر» دەستوورێکیان نووسی لەسەر بنەمای « پرنسیپی سەروەرێتی گەل» Massachusetts ساڵی 1780 دەستوورەکەی لەلایەن خەڵکەوە لە چوارچێوەی ناسراو بە Town Hall Meetingsپەسەند کرا. ئەم دەستوورە کۆنترین دەقە و ئێستاش کاری پێ دەکرێت. ماف لە پلەیەکی بەرزدا ناوەڕۆکی دەستوورەکەیە، بەس گەل دەتوانێ دەستوور بگۆڕێ نەک زۆرینەی پەرلەمان . لەلایەن زۆر لە دەوڵەتۆکەکانەوە پێشنیاز کرا شتی نوێ بۆ دەستوور زیاد بکرێ و فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکرێ. دواتر لە 12.6.1776 دا Virginia Declaration of Rights، دەستوور دەرچوو کە ھاوڵاتی دەپارێزی لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەت دا و ڕەوایەتی بە سیستەمی کۆماری دەبەخشێ... پاشان کاتالۆگی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندرا، کە گوشاری بۆسەر سیستەمی کۆیلایەتی ھێنا، کە لە دەوڵەتانی سەروو ھێڵی Mason- Dixon -Linie لە نێوان Pennsylvania & Maryland قەدەغەی بکەن.
ساڵی 1777 کار لەسەر یاسای کۆنفدڕاڵی کرا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵۆتەکەکان. لێرەدا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی ھاتە کایەوە، بە چ شێوەیەک بێت مەترسی دروست نەکات! بۆیەکا فیدڕاڵی دەوڵەتۆکەیەکی شلیان پێ باش بوو، کە ناونرا The United States of America. لەم سیستەمەدا ھەر دەوڵەتۆکەیەک تا ڕادەیەکی باش پاڕێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی دەکات، بەڵام بۆ دەرەوە دەزگایەک پێویست بوو. لەسەر گۆنگرێس/ Kongress ڕێک کەوتن، کە شوێنی نوێنەرایەتی تەواوی دەوڵۆتەکە پەرلەمانییەکان بێت... ھەر دەوڵەتۆکەیەک دەنگێکی ھەبێت بۆ پێکھێنانی زۆرینەش پێویست بە دەنگی 9 دەوڵەتۆکە ھەبوو.
ھەڵبژاردنی یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بە سەرۆک،ئەو کەسە مافی نوێنەرایەتی تەواوی ھەیە. بەڕەزامەندی گشت لایەک لە 1781 ئەم دەستوورە کەوتە کار.. دیارە گۆنگرێس کۆمەڵی مافی تری گرنگی ھەیە.. « بڕیادان لەسەر شەڕوئاشتی، دانانی ھێزە چەکدارەکان، ناردن و پێشوازی شاندەکان، وەرگرتنی قەرز، دەرکردنی پارە و ڕێکخستی ھەرای سنووری نێوان دەوڵەتۆکەکان»...دوای سەرکەوتنی شۆڕش بەسەر بەریتانیادا تووشی کۆمەڵێ گرفتی سیاسی و ئابووری بوونەوە تا ناچار بوون لە 17.9.1787 دا دەنگ بە دەستوورێکی نوێ بدەن.
بە کورتی دەسەڵات لە نێوان یاساداڕێژەر و جێبەجێکەر و دادوەریدا بە چاکترین شێوە دابەش بووە، ھەر لایەک سەربەخۆیی تەواو و دروستی خۆی ھەیە، لەبەر ڕۆشنایی دەستوور و یاسادا ھەڵسوکەوت دەکەن. فیدڕاڵی لەچاو کۆنفدڕاڵیدا تا دەھات بەھێزتر دەبوو و دەسەڵاتی زۆر شتی دەگرتە دەست. دەزگا گرنگەکان «گۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەرایەتی و ئەنجومەنی پیران»ن. ھەڵبەت کێشە و ئاڵۆزی نێوان دەوڵەتۆکەی گەورە و بچووک و باکوور و باشوور بە کۆیلەکانەوە تا دەگەیشتنە ڕێککەوتن زۆر کێشەی گەورەی لێ کەوتۆتەوە. لێرەدا پرنسیپی Checks and Balances ھاوسەنگی پێدەھاتە کایەوە..بەکورتی پرسی دەستوور، وەک بەیاننامەی سەربەخۆیی بە ئاسانی لەسەری پێک نەھاتن، بەڵکو کێشمەوگێرەی زۆری تێکەوتوو زۆری پێچوو تا لەسەری ڕێک کەوتن. دوا دەوڵەتۆکە Rhode Island بوو ساڵی1790 ڕازی بوو بەدەستوورەکە. لێرەدا پرسی ھەڵبژاردنی George Washington لە فێبرایەری 1789 بەیەکەم سەرۆک و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ساز بوو . ئیدی دۆلار وەک دراو چاپ کراو و بانک دامەزرێندرا . تۆماس جێفەرسۆن وەک کۆمارخواز بووە وەزیری دەرەوە و دواتر لەسەر سیاسەتی دەرەکی بیروبۆچوونی جیواز بوو، وەک ئۆپۆزیسیۆنێک دەھاتە بەرچاو و بزاڤێک بەناوییەوە دروست بوو. کە شۆڕشی فەرەنسا سەری ھەڵدا ئەمانە مەیلداریان بۆ شۆڕشەکە ھەبوو، بەشێکی تری حکومەت پێیان باش بوو لەگەڵ بەریتانیا ڕێک بکەون، بۆئەوەی پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە و کەشتییەکانی بازرگانی بە سەلامەتی ھاتوچۆ بکەن و ئینگلیز ڕێگرییان لێ نەکات..
ئینگلیز وازی لە گێچەڵ و ڕێگری و پەلاماری کەشتییەکان ئەمەریکا نەدەھێنا بۆیە لەسەردەمی سەرۆک کۆماری ئەمەریکاJames Madison 1809-1817 شەڕ دژ بە بەریتانیا گەورە ڕاگەیەندرا.. بەریتانیا 1814 پەلاماری ئەمەریکای دا و توانی پایتەخت بگرێ... حکومەتەکە ھەڵات. دواتر بە شێوەیەکی ئاشی چارەسەری کێشەکان کرا و ئاشتی بەسەرکەوتن لەقەڵەم درا، تاوەکو ساڵی1815 Andrew Jackson گورزی دا لە بەریتانییەکان . بەم پێیە شەڕی دوومی سەربەخۆییان ئەنجام دا... ئەم کۆمارە ساوایە سەرەتا پایتەختەکەی لە فلۆریدا بوو، دواتر گوێزرایەوە بۆ واشنتن. ھەتا دەھات سەقامگیر دەبوو و گوزەرانیشی باش دەبوو، بەڵام ھیندسوورەکان، کۆیلەکان و ژنان ھێشتا بێ بەش بوون لە تەواوی مافەکانیان. لە بەیاننامەی سەربەخۆییدا سەربەخۆیی و سەروەرییان ڕوون کردەوە. دەبوو دەوڵەتە نوێ دروستکراوەکان دەستوورێکیان بدرێتێ و ھەروەھا ماف و شێوازی پەیوەندییان پێکەوە ڕوون بکرێتەوە، تاوەکو پێکەوە خۆڕاگرن بەرەنگاری بەریتانیای مەزن بن. ھەر لەسەر بنەمای ئەم دەستکەوتە گەورانە بوو، دواتر دەستووری ئەمەریکا بە تێروتەسەلی گەڵاڵە کرا و نووسرایەوە. ئەمەریکا بووە یەکەم دەوڵەتی دیموکراتی لە جیھان دا و پاشان گەورەترین دەسەڵات تا ھەڵکشا بۆ سوپەر دەسەڵات و یەکەم زلھێزی جیھانی . ئەم شەڕە نزیکەی چارەکە ملیۆنێ کەس خوێنی پێ بەخشی، بۆیە ئەو ئازادییە بێ ھاوتایەی لێ بەرھەم ھاتووە،کە ئێستاش بایەخی لەدەست نەداوە و هێشتا بێوێنەیە... 
شایانی وتنە سەرباری زۆر شت و گۆڕانکاری،هێشتا سیما و تایبەتمەندی باکوور و باشوور جیاواز بوو:
باکوور: بە پیشەسازیبوونێکی خێرای دەڤەرەکەی بەخۆیەوە دت، کەم بوونەوەی بایەخی کشتوکاڵ تێیدا زەق بۆوە. بەڕادەیەک چوارقاتی باشوور کارخانە و کۆمپانیا لە باکوور ھەبوو. گورجوگۆڵانە بونیاتی ژێرخانی بە تۆڕبەندی ھێڵی ئاسن کرا، کە دوو ھێندەی باشوور بوو. پاراستنێتی/Protecßtionism. گەشەکردنی دانیشتوان و بەشارستانی بوون« لەدەمی ھەڵگیرسانی جەنگدا 22 ملیۆن دانیشتوان بوو»... دەستەی ھەڵبژاردەی سەرمایەداری پیشەسازی... کۆمەڵگەیەکی یەکسان و تاکگەرا. بەرھەمھێنان، دیسپلین و زیرەکێتی. سەروەرێتی دەسەڵاتی ناوەندی...
باشوور: چاندنی لۆکە و کێڵگەی کشتوکاڵ. گەشەکردنێکی لاوازی ژێرخان. بازرگانی ئازاد. زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان بەستی و لەدەمی ھەڵگیرسانی جەنگدا 9 ملیۆن دانیشتوان و لەوانەش 4 ملیۆنی کۆیلەبوون. ئەستۆکراتێکی کشتوکاڵی، کۆمەڵگەیەکی باوکایەتی/ پاتەرنالیستی ھەڕەمی، سوارچاکێتی، شانازی بەخۆکەر و خاوەن ئابڕوو. سەربەخۆیی تاکەتاکەی دەوڵەتەکان...

+ شەڕی ناوخۆ 1861-1865 و ئازادکردنی کۆیلەکان

بە نزیکەیی ساڵی 1830 بزاڤێکی دژە کۆیلایەتی لە باکووری ئەمەریکا سەری ھەڵدا بەناوی Fugitive Slare Act بڵندگۆکەشی William Lloy بوو، لەم پێناوەدا ساڵی 1831 دەستی کرد بە دەرکردنی گۆڤاری بەناوبانگیLiberator. شایانی باسە ساڵی 1796 «یەکێتی» لەنێوان 13 دەوڵەتۆکەکەدا دروست بوو. ئەم دەوڵەتانە: بریتی بوون لە Vermonts 1791, Kentuckys 1792,Tennessees 1796بە دروست بوونی ئەم سێ دەوڵەتۆکەیە ھاوسەنگی پەیدا بوو لە نێوان 8 دەوڵەتەکەی باکوور، کە کۆیلەیان تێدا نەبوو، لەگەڵ 8 دەوڵەکەی باشوور کە خاوەن کۆیلە بوون.
ئەم دۆخە وا مایەوە تا ساڵی1819 Missouri,Louisiana 1812 کە لە ڕۆژئاوای Mississippi بوون ھاتنە ناو یەکێتییەکەوە،کە لەساڵی 1854 دروست ببوو. ساڵی 1850، کالیفۆڕنیا داوای کرد وەک دەوڵەتێکی ئازاد بێتە ناو یەکێتییەکەوە. ئیتر بەتەواوی ھاوسەنگی نێوان ھەردوو بەرەی دەوڵەتی بێ کۆیلە و دەوڵەتی کۆیلەدار دروست بوو.. بەھەموو مانای وشەیەک کێشەی کۆیلەکان و کۆیلایەتی ھەمیشە دەبووە چەقی هەرا و باسەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی Dred Scott کە کۆیلەیەکی خەڵکی Missouri بوو، بانگاشەی ئەوەی دەکرد کەوا ئازاد کراوە، بەڵام دادگا بە بیانووی ئەوەی« كۆیلەکان ھاوڵاتی نین» و ئازاد لە ئەمەریکا ئازادبوونیان نییە، داواکەی ڕەت کرایەوە. ئەم باسە مشتومڕ و ھەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا. ھەڵبژاردن ھاتە پێشێ، کۆمارییەکان داوای ھەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆیلایەتییان دەکرد، بەتایبەت کە دەیانزانی لە باشووردا ھیچ پێگەیەکیان نییە. ئەوەبوو لینکۆلن 40% ھێنا و وەک دەنگی زۆرینە تەواوی باکووری مسۆگەر کرد. کاتێ « Abraham Lincoln » ی کاندیتی کۆمارییەکان ساڵی 1860بەسەرۆک ھەڵبژێردرا، بە وتەیەکی ناو ئینجیل دەستی پێ کرد: «ماڵێکی پەرتەوازە و دابەشکراو ناتوانێ خۆی ڕاگرێ»...
دیموکراتەکان بە دوو کاندید بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، یەکێ بۆ باکوور و یەکێکیش بۆ باشوور. ئەمەش ئەو ھەڵە زەقە بوو کە تێی کەوتن و بووە ھۆی دۆڕاندنیان لە ھەڵبژاردنەکەدا... لینکۆلن ھەڵبژاردنەکەی بردەوە، بێ ئەوەی یەک تاکەس لە باشووریش دەنگی پێ دابێت.. دەنگی ناڕەزایی لە بەشێک لە دەوڵۆتەکانی باشوور بڵند بۆوە. دەستبەجێ کارۆلینای خواروو/ South Carolina وەک پرۆتێستێک لە یەکێتییەکە/Union کشایەوە. دواتریش دەوڵەتۆکەکانی تر « Mississippi,Florida,Alabama,Georgia, Louisiana,Texas » یش کشانەوە و پێکەوە دەوڵەتانی کۆنفدراڵی ئەمەریکا/ Confederte states of America یان دروست کرد و بەسەرۆکایەتی Jefferson Davis ی خاوەن کێڵگەی چاندی پەموو، و سیستەمەکەیان بەدەستوورێکی «کۆنفدراڵی» و پەیوەندی نەرم لەگەڵ یەکتردا و ناوەندێکی لاوازدا ھاتە کایەوە... ئەم هەنگاوەش بووە مایەی هەرا و کێشە و ئەوە بوو یەکەم فیشەکی شەڕی ناوخۆ لە خوارووی کارۆلینا لە 12.4.1861 تەقێندرا..
لەڕاستیدا کێشەی باکوور و باشوور ھەر پرسی کۆیلەکان نەبوو، جیاوازی ئابووری و سیاسی و جڤاکیش ھەبوون. بە کورتوکرمانجی: ئامانجی جەوھەریی شۆڕش ئەوە بوو" ئایندەی ئەم وڵاتە چۆن داڕێژرێت و 

ئەمەریکا بەرەو کوێ ببرێ؟!. 

لینکۆلن لەم ڕووەوە قسەیەکی بەناوبانگی ھەس: « من گەر یەکێتییەکە/ Union ڕزگار بکەم، ھەموو کۆیلەکان ڕزگار دەکەم ئەگەر بێت و تاکە کۆیلەیەک ڕزگار نەکەم»...
وەک ئاماژەمان پێدا باکوور پێشکەوتوو بوو بە پیشەسازی و باشوور ھەژار و خەریک بوون بە کشتوکاڵ.
لینکۆلن دژ بە ھەنگاوی کشانەوەی دەوڵەتۆکەکان لە «یەکێتی» یەکەیان وەستایەوە و ڕایگەیاند پارچەکردنی «یەکێتی/ فیدڕاڵ»یەکەیان شیاوی قبوڵ کردنییە. ئەوە بوو لە دواجاردا بەشەڕ ئەو مەسەلە یەکلایی کرایەوە. دوای شەڕێکی سەخت و خوێناوی سەرباری باڵادەستی زۆری باکوور، بە زەحمەت توانیان شەڕەکە ببنەوە و یەکێتییەکەی نێوانیان ڕاگرن و ھاوشانی ڕووداوەکان کۆیلەکان ئازاد بکەن، کە دوو ئامانج بنەڕەتی نێو شەڕەکە بوون: دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ باشوور ناچار کرا کۆیلەکان ئازاد بکات و ڕەش پێستەکان ھەمان مافی سپییەکانیان ھەبێت . ئەوجا دەست بە بونیاتکردنەوە کرا...
ستراتیژی شەڕەکە بریتی بوو لەم ھاوکێشەیە: باشوور دەبێت خۆڕاگری بکات، تاوەکو باکوور شەکەت دەبێ ئەوجا شەڕ یەکلایی بکرێتەوە... باکوور بۆ ئامانجی ڕاگرتن و پاراستنی « یەکێتی» یەکە پێویست بوو باشوور داگیر بکات .لینکۆلن ئابڵوقەی دەریایی بەندەرەکانی باشووری کرد بۆ ئەوەی جموجوڵە بازرگانییەکان ڕاگرێ ھەروەھا ڕێگە بگرێ لەھاتنی ھێز و بژێوی بۆ ھێزەکانی باشوور.
دەرئەنجام کوشتارێکی بێ شومار کرا 600 ھەزار کوژراو و 400 ھەزار بریندار. باشوور تەواو کاول بوو. لە شارێکی وەک Virginia نزیکەی 25 جار شەڕ بەرپا بوو. ئەوەی لە شەڕەدا کرا:
{{١ـ ھەردوو خەڵکێکی زۆریان چەکدار کرد بۆ شەڕ کردن.٢ـ یەکەم جار بوو چەکی مۆدێرین و پێشکەوتوو لەشەڕدا بەکار بێت. سەرھەڵدانی پیشەسازی و بوونی تۆڕی ڕێگەی ئاسن و گواستنەوەی بە لێشاوی سەرباز بە شەمەندەفەر بۆ بەرەکانی شەڕ، ھۆکارێکی تری کوشتارە زۆرەکەیە. سەرەتای ساڵی 1830 نزیکەی 20km کیلۆمەتر ڕێگەی ئاسن ھەبوو.. پاش 10 ساڵ بوو بە 53,000km و پاش 20 ساڵ دوای ئەوە 1860 بوو بە خاوەنی 44,800km ھێڵی ئاسنین...٣ـ باکوور بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەدەست سەرکردەی ناکارامەوە بوو، بەڵام باشوور خاوەنی سەرکردەی ھەڵکەوتوو، وەک جەنەڕاڵ Robert E.Lee ... خاڵێکی بێ مانا لای باشوورییەکان ئەوە بوو بەھۆکاری ڕاسیستی، ڕێگەیان نەدا بە کۆیلە ڕەش پێستەکان بەشداری شەڕ بکەن}}، چونکە پێیان وابوو:
{{ ئەوانە نابێت ھاوشانی خۆیان لەسەنگەرەکان دا بەرگری بکەن، پێکەوە خوێنیان بڕژێت باشوورییەکان ھەستی خۆشەویستی وڵاتیان زۆر بەھێز بوو، بۆیە بە ئاگای و ھوشیاری و گەرموگوڕییەوە داکۆکییان لێ کرد.. باوەڕیشیان بەسەرکەوتن ھەبوو}}..
باکوورییەکان زۆر یەکگرتوو نەبوون، زۆر شەڕیان دەکرد و بەزەحمەت سەرکەوتوو دەبوون.. بۆ نموونە لە ناوچەکانی Antietam,New Orleans بەڵام دواجار شەڕی یەکلاکەرەوە لە 1863 لە ناوچەی Gettysburg کرا. کاتێ ھێزەکانی جەنەڕاڵ Lee نزیکەی 28,000 ھەزار کەسیان لێ کوژرا و باکوورییەکانیش 23,000 لێ کوژرا، دواجار باشووریتەکان خۆیان دا بەدەستەوە. دواجار لە کۆتایی ھاتنی شەڕدا، لینکۆلن وتارێکی بەناوی Gettysburg Address دا و داوای ئاشبوونەوەی ڕاگەیاند و ھیوای خواست خوێنی قوربانییەکانیان بێتە ھەوێنی دروستکردنی نەتەوەیەک لە ئازادی و دیموکراسیدا بژی...

+ ھۆیەکانی دۆڕاندنی باشوور

ـ توانای مرۆیی و ماتریالی باڵادەستتر بوو بە شێوەیەکی باش ڕێکخران، لەبەرانبەردا جیاخوازەکان داوای ئازادکردنی کۆیلەکان و گرێدانیان بە ھێزەکانەوە نەبوو.
{{١ پاراستنی یەکێتی ئەمەریکا و ئازادکردنی کۆیلەکان دروشمی سەرەکی باکوور بوون. ئەوەبوو لینکۆلنLincoln لە 1.1.1863 لە ڕاگەیاندنی Emancipation Proclamation دا ئازادبوونی ھەموو کۆیلەکانی بڵاوکردەوە. سەرۆک بەمە پشتیوانی لە داوای جەماوەری ناوخۆ کرد و ڕێگەی بڕی لە دەوڵەتەکانی باشوور لەوەی ددان پێدانی دەرەکی و نێونەتەوەیی بەدەست بھێنن.
«دییبلۆماتی لۆکە»ی باشوور گوایە پیشەسازی ناوخۆی بەریتانیا لەسەر لۆکەی باشووری ئەمەریکا وەستاوە. ئەم ڕووداوانەش دەبێتە ھۆیەک دەست تێوەردانی دەرەکی، بەتایبەت چاوەڕێ بوون لەشەڕەکەدا بەهایانەوە بێت!!. چونکە باکوور گەمارۆی کەشتییەکانی بەریتانیایان دابوو. ئەم ھیوایە شکستی ھێنا...ئەمەریکا یەدەگی زۆر بوو، لەگەڵ ھیندە سوورەکان و وڵاتی میسردا رێکەوتنی لەسەر ھاوردەکردنی لۆکە ھەبوو.٢ـ تێچووی جەنگ لەسەر باشوور بە ھۆی پرسی باج و پارەی کاغەزەوە، خراپ کەوتەوە و زۆر کەوت لەسەریان و باری ئابوورییان داڕما و بەرگەی درێژەکێشانی جەنگییان نەدەگرت}}..

+ ئاکامەکانی شەڕ:

{{ ١ـ کۆتایی پێھێنانی کۆیلایەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دا.٢ـ پاراستنی «یەکێتیی» نێوان دەوڵەتۆکەکان کە پێکیان ھێنابوو..٣ـ جەختکردنەوە لەسەر سەروەرێتی فیدراڵی بەسەر تاکەتاکەی دەوڵەتەکان دا.٤ـ وێرانکردنی ئابووری باشوور و تازەکردنەوەی چوارچێوە جڤاکی و سیاسییەکەی.٥ـ ئازادکردنی دینامیکێتی ئابوورییەکی نوێ}}.
دوای کۆتایی شەڕی ناوخۆ، ئەبرەھام لینکۆلن بەچەند ڕۆژێکی کەم لەلایەن کەسێکی لایەنگری کۆنفدڕاڵی/ باشوورەوە کوژرا!!... ھەموو دەوڵەتۆکەکانی باشوور بڕیاری پەسەندکردنی نەھێشتن و قەدەغەکردنی کۆیلایەتییان کرد بەڵام ئەم دیاردەیە و ڕەگەزپەرستێتی بنەبڕ نەبوو!!!..

+ ڕەگەزپەرستێتی

دیارە سەرباری شەڕی ناوخۆش و یاسا و بڕیاری قەدەغەکردنی کۆیلایەتی، ھێشتا نەتوانراوە بەتەواوەتی کۆتایی بەم دیارەدەی ڕەگەزپەستێتییە قێزەونە نامرۆڤانەیە بھێنرێ. بەتایبەت بەیارمەتی Black Codes ڕەشپێستەکان دەچەوسێندرانەوە و مافی ھەڵبژاردنی شوێنی کاریان نەبوو، بۆیە کۆنگرێس گەڵای 14 بڕیاری سەرباریی بۆ دەستوور دا و کە گرنگترینییان ئەوەیە: ھەر منداڵێک لە ئەمەریکا لەدایک بێت خاوەنی ھەموو مافێکە و ئەمەریکاییە و ھیچ کۆسپ و تەگەرە و جیاوازییەک نابێتە ڕێگری بەردەم ژیانی... ھەموس یەکسانن لەبەردەم یاسادا. بەم جۆرە ڕەش پێست و کۆیلەکان بەردەوام بوون لەسەر خەبات بۆ مافەکانیان و بەداخەوە ھەتا ئێستاش بە ھەمووی مافەکانیان نەگەیشتوون... وەک دەزانین گرووپ و ڕێکخراوی دژە ڕەشپێست و راسستیش لە بەرانبەردا سەری ھەڵدا و دیارترینیان Ku-Klux-Klan کە ساڵی1867 دروستبوو، لەلایەن پێشەنگەکانی جەنگەوە، بە نھێنی دروست کرا و بەڕێوە برا... + ڕەگەزپەستێتی
هەرچۆنێک بێت کۆیلەکان ئازادکران بەڵام ئازاد نەبوون ... ئەمەریکا بەو ھەموو ئازادی و خۆشگوزەرانییەی خۆیەوە ھێشتا نەیتوانیوە، بەتەواوەتی کۆمەڵگەیەکی ھارمۆنی ساز بدات... ئیتالیایی و چینییەکان و کاسۆلیکەکان و جولەکەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا ھێشتا پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بەر لە ھی ئەمەریکایی دەکەن..Chinatown,Little Italy .ناوچەی دیکەش بەرچاو دەکەون...کۆیلەڕاگرتن دوو رەھەندی« ئاینی و ڕەگەزپەرستی" ھەبووە. 

ئاکامگیریی:

گەر بە وتەیەکی هانا ئارێنت دەست پێ بکەین: "شۆڕش بریتی نییە لە گەڕانەوەی دۆخی پێشتر،وەک گەڕانەوەی ئەستێرەکان،بەڵکوو بریتییە لە دەستپێکێکی تەواو نوێ. شۆڕش بریتییە لە لەدایکبون،لەدایکبوونیش واتە دەستپێکێکی تر،هەموو دەستپێکێکی تازەش بریتییە لە کرۆکی ئازادی". ئەوە پێناسەی شۆڕشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. 
ئەوەی لێرەدا لە میانەی شۆڕشدا ناسراوە، کۆلۆنییە ئەمەریکاییەکان لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەمەریکا نین و پێکهاتەیەکی شێوە کۆلۆنیالیستین، کە دواجار خۆشیان بە ڕووی دەسەڵاتی ناوەندی دەوڵەتی دایکی خۆیان لە دوورایی هەزاران کیلۆمەترەوە لە پێناوی "ئازادی" دا دەجەنگ و بڕیاری سەربەخۆیی و خۆقوتارکردن لە چنگی هەژموونی قورسی "ئایینی و ئابووری"دەدەن. واتە ئەم پێکهاتە کۆلۆنییە نیشتمانێکی داگیرکراو نەبوون، تا بە شۆڕش ڕزگاریان بێت،بەڵکوو جەنگێکیان بەرپا کردووە لە فۆڕمی شۆڕش دا،کە ئازادی کرۆک و ناوەڕۆكێتی، بەدەستەکەوتی تری گەورەی هێنانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و بەدەستهێنانی بەختەوەری بۆ گشت مرۆڤەکان و پاراستنی شکۆ و ئابڕووی هاوڵاتی لەئاست دەسەڵاتی ناوخۆشدا. ئەمەش پڕاوپڕ مانای ئەو گۆڕانەیە کە شۆڕش دەیخوڵقێنێ. شۆڕشەکە ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراوی نییە و بۆ سیستەمێکی نەخشە بۆ کێشراویش هەوڵی نەداوە..ڕەهەندی کۆمەڵایەتیشی نییە،بەوەی خۆی بە نوێنەری دەستەوتاقم و توێژێ بزانێ. کاتێکیش شۆڕش سەردەکەوێ،لەناوەوە ڕووبەڕووی کێشەی ناوخۆ دەبێت و جیابوونەوەیەکی نوێ دێتە بەردەم شۆڕشگێڕان و بەناچاری بە زەبری چەک و توندوتیژی چارەسەری ئەم "شەڕە نێوخۆییە" دەکرێت. کەواتە شۆڕشگێڕە سەرکەوتووەکان فریای ئەوە نەکەوتوون خۆیان بەری شۆڕش بچننەوە و بیخۆن و ببنەوە بە ستەمکارێکی نوێ،ڕووبەڕووی بڕیاری جیابوونەوەی کۆمەڵێ دەوڵەتۆکە دەبنەوە کە بەو "یەکێتی"یە ڕازی نین،کە لەسەری پێک هاتوون. 
دەبێت ئەوەش بڵێین کەوا هەموو مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە ئامانجەکانی شۆڕش و بنەماکانی دەستووردا ئاماژەیان پێدراوە،ئەمەش گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بە سوودی مرۆڤ،وەک مرۆڤ بە ڕەنگ و بنەچەی جیاوازەوە هێنایە کایەوە. مافەکانی تر مرۆڤ لە یەکسانی و دادپەروەریی و خاوەندارێتی و شکۆمەندی هێنایە پێشەوە، بێ جیاوازی ئەو مرۆڤە لە هەر پلەو پۆست و دەسەڵاتێکدا بێت.
بەم پێیە بێروڕامان هاوجووتی گوتەیەکی بێردنارد شۆ دەبێتەوە کە دەڵێ:" ئازادی وەک هەناسەدان وایە بۆ نەتەوەکان". 
ئەمە شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا چ مانا و فەلسەفەیەکی سیاسی و ئیدیۆلۆژی پێوە نالکێ بۆ ڕەوایەتی بەخشین بە دیاردەی "شەڕی ناوخۆ" وەک بەشێک لە بەناو شۆڕشگێڕەکانی جیهانی سێیەم،دەیانەوەی بە قەدوباڵایدا ببڕن.بەواتایەکی تر لەم نموونانەوە ڕەوایەتی وەرگرن بۆ کوشتنی براکانی خۆیان. ئەمە شەڕی حیزبایەتی و توێژ و دەستەی دیاریکراو نەبوو، لەسەر فکر و ئیدیۆلۆژی،بەڵکوو شەڕێک بوو لەسەر گۆڕەپانی پاراستنی "یەکێتی" نێوان کۆلۆنییەکان،بەواتای یەک پارچەیی جوگرافیای سەرزەمینێکی دیاریکراو.
شاراوە نییە، مێژووی ئەمەریکا چەندین لایەن و خاڵ و لاپەڕەی سپی و ڕەشی تری تێدایە، سەدەیەکیشە زلهێزی جیهانییە و لە ڕووی ئابووری و سەربازی و زانست و تەکنەلۆژیا و سیاسەتەوە... کاریگەرێتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەسەر تەواوی گۆی زەوییەوە دیارە. 

چەند وتەیەکی ناوداران دەربارەی ئازادی و ئەمەریکا..

+ ئازادی ژیان وا لە دڵی بازرگانی و مامەڵەدا، لەئەقڵ و رۆحی مرۆڤ دا، بۆیە پێویستە ڕۆژانە قازانج بکات و سوودی پێ بگات و نوێ بێتەوە، دەنا وەکوو گوڵێکی لێ دێت، کە لە ڕەگی ژیانی خۆی دەبڕدرێتەوە و وشک دەکات و ھەڵدەوەرێت!!!Dwight D. Eisenhawer
+ ھەرگیز ڕێگە نەدەیت ئازادیت لەدەست بچێت.J.Adison
+ ئازادی ھەمیشە ترسناک و بڤەیە، بەڵام ئەوە زامنترین شتە،کە ئێمە دەمانەوێت..H.E.Fosdick
+ لەھەر شوێنێک ئازادی بژی ئەوێ نیشتمانمە.Benjamin Franklin
+ ئەو شەماڵەی لە چیاکاندا بە نێو ئاسمانی فراواندا ھەڵی کردووە، ئەو ھەوایەی لە کەنەداوە بەناو مەسیکۆ و لە پاسیفیکەوە بۆ ئەتڵەنتیک ھەڵی کردووە بە لوورەلوور دێ، ھەمیشە فوو دەکەنە پیاوانی ئازاد..Franklin D. Rooselvelt
+ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاکە وڵاتە کە ڕۆژی لەدایکبوونی بەناوبانگە..J.G.Blaine
ئەمەریکا میلۆدییەکە، پێویستە پێکەوە بیچڕین..Gerald Stanley Lee
+ من بەختەوەرم بەوەی ئەمەریکاییم، کەبەلانی کەمەوە، دەزانم کەوا ئازادم. من ئەو پیاوانە لەبیر ناکەم کە لەم ڕێیەدا مردن و ئەم مافەیان بە من بەخشیووە.Lee Greenwood
+ھاوڵاتیانی خۆشەویستی ئەمەریکاییم: پرسیار مەکەن کەوا وڵات دەتوانێ چی بکات بۆ ئێوە!، بپرسن داخۆ ئێوە دەتوانن چی بکەن بۆ وڵاتەکەتان.. ھاوڵاتیانی جیھانم: پرسیار مەکەن ئەمەریکا دەتوانێ چی بۆ ئێوە بکات، بەڵکو ئێمە پێکەوە دەتوانین چی بکەین بۆ ئازادی مرۆڤەکان..John .F. Kennedy
+ با ھەموو نەتەوەکان بزانن، ئایا باشی ئێمە دەخوازن یاخود خراپەمان، ئێمە ھەموو نرخێک دەبەخشین، ھەر ئەرک و بارێک بخەینە سەرشانمان، ڕووبەڕووی ھەر تەنگانە ببینەوە، پشتیوانی ھەموو دۆستانمان دەکەین، بەرەنگاری ھەر دوژمنێک دەوەستینەوە، بۆئەوەی مانەوە و ژیان و سەرکەوتنی ئازادی مسۆگەر بکەین...Kennedy
+ ئەوانەی گەوھەری ئازادی بۆ بەدەستھێنانی ئاسایشێکی کاتی لەدەست دەدەن، نە شایستەی ئازادی و ئاسایشن و نە ھیچیان بەدەست دێنن..

** بۆ ئەم نووسینە سوود لە بینینی چەند ڤیدیۆیەک و ئەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
١ـ هانا ئاڕێنت  شۆڕش و ئازادی و. لە ئەڵمانییەوە بەکر عەلی
1. USA. Christine Metzger 2008
2.USA- von der Kolonien zur globalen Supermacht Matthias Ehm 2011
3. Die Geschichte der USA Wolfgang Jäger /Cosuelsen Verlag 2015
4. Geschichte der USA Alexander Emmerich. 2013
5. Geschichte der USA Horst Dippel. 2015
6. Nationsbildung im 19j.h USA,Polen, Deutschland in Vergleich Eugen Kosle 2016
7.Der Amerikanische Bürgerkrieg.1861-1865 UDO Sautter 2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە