ئەوەی داعیش بچینێ، دایە تێریزا و نیلسۆن ماندێللا نادرووێتەوە!

Tuesday, 24/08/2021, 16:16

3995 بینراوە


ڕۆژی چوارشەممە، بارانێکی بەتاو و بەردەوام لە ناوچەیەکی سوید باری و زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند، سەرەڕای هەموو ئامادەکارییەک ئەوە یەکەم بارانی ئاوا بەهێز و بەخوڕ و بەردەوام بووە، لەم دووسەد ساڵەدا لە سوید، پاش دوو ڕۆژ هەموو دامودەزگا و قوتابخانە و جادەکان ئامادەکرانەوە و ژیان چووەوە حاڵەتی ئاسایی خۆیی، لە ماوەی بارانەکەدا، (بەرپرسیاری لیژنەی شارەوانی ناوچەکە) یەکەم جارسەردانی هەموو خەڵوەتگەکانی کرد بوو بۆ دڵنیا بوون لە بارودۆخی بەتەمەنەکان و هەروەها ئەو دووڕۆژە لە شوینی کاری خۆی شەو و ڕۆژ سەرپەرشتی کارەکانی کردبوو، ئەمڕۆ ٢٢/٠٨/٢٠٢١ هەموو وردەکاریی لافاوەکە و وردەکاریی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی سوید و وەزیری ناوخۆدا، لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا بۆ ڕای گشتی بڵاوکردوە، نە کۆدێکی تیدا بوو، نە ئاماژە و نهێنی و ڕەمز و ڕازێک. داوای لەو کەسانە کرد کە دەیانەوێ ڕاپۆرتەکەیان هەبێت، سەردانی شارەوانی بکەن و کۆپییەکی چاپکرا و بێ بەرانبەر وەربگرن و سەرنجی خۆیان و پێشنیازەکانیان و ڕەخنەکانیان بۆ شارەوانی بە زووترین کات بنێرنەوە و شارەوانی پێشەکی سپاسیان دەکات.
من دوای ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەم ڕاپۆرتە بوومەوە، بەڕێکەوت چاوم بە کەناڵی( دیبلۆماتیک پرێس) کەوت کە کەناڵێکی ڤیدیۆییە لەسەر تۆڕی فەیس بووک، باسی لە وتارێکی لە ناکاوی!! مەسعوود بەرزانی دەکرد و بە سەرسوڕمانێکی سەیرەوە، وشەگەلی وای بەکار دەهێنا وەک، ئەوەی بەرزانی داهێنانی ڤاکسینێکی نوێ، چەکێکی فرە سەرسووڕهێنەر، یا دۆزینەوەی ڕێگایەکی کاکێشانی نوێی کردبێ، لەو وشانە:
• کۆد
• ڕەمز
• ڕاز
• ئاماژە
• ئەزموونی سیاسی
• پشتی وشەکان
• لە ناکاو
• پێش ڕووداوەکان
• بە فانیلەی عەلاگەوە
• هیچ میدیایەکی جیهانی و....هتد

مەسەلەکە چی بوو؟!

 دیبلۆماتیک پرێس، وای لە بیسەرانی دەگەیاند، کە مەسعوود بەرزانی پێش ڕووداوەکان کەوتووە و ئەویش لە خۆیەوە قسان ناکات و کەمدووە و ئەگەر قسەش بکات، ئەوە بەڵایەکی خراپ ڕەنگە ڕوو بدات.
دەیووت:
ئەلیف:  ئەم کەم قسەکردنانە و پێشبینیانەی مەسعوود بەرزانی، هەندێک لەچاودێرانی سیاسی و سەربازی دەیگێڕنەوە بۆ ئەزموونی فراوانی ئەو لە سیاسەتدا.
بێ : کۆمەڵێک لە چاودێرانی تریش پێیان وایە، کاتێک مەسعوود بەرزانی قسە دەکات، بە ڕەمز و راز و کۆدی تایبەتی قسان دەکات.
نموونەیان دەهێنایەوە بۆ قسە بە ڕەمز و ڕازەکانی کە لە ڕابووردودا هاتوونەتە دی وەک:
• هەرەشەکردنی لە حوکومەتی عێراقی کە شتێکیان بەسەر دێنی کە کەس (تەوەقوعی)* نەکردبێ و هەرکەسێک باوەڕ ناکات، با چاوەڕوان بێت بزانێ ئەتوانین یا ناتوانین.

نووسەری لێکۆڵینەوەکە لە شاگەشکە ببونییەوە کە کۆد و ڕەمز و ڕازی ناو قسەکانی  هەڵ‌هێناوە، دەکەوێتە ناو چاڵێکەوە و مەسعوود بەرزانی تاوانبار دەکات، کە داعشی هێناوەتە سەر لەشکری عێراق لە موسڵ دژ بە نووری مالیکی، واتە خستنی موسڵ بەهاوبەشی داعش و مەسعوود بەرزانی بووە.

- پرسیار، وەک بیستوومانە لە مەسعوود بەرزانی، هەمیشە ئەوەی داوەتەوە بە چاوی جیهاندا کە ئەمان بە هەزاران پێشمەرگەیان بە کوشت داوە لە شەڕەکانی دژ بە داعشدا.
دەی ئەمە چۆن یەکدەگرێتەوە، لە لایەکەوە کوڕی کورد بدەی بە کوشت بە دەستی داعیش و لە لایەکی ترەوەوە، دەستی داعیش بگریت و پشتیوانیان لێ بکەیت بۆوێرانکردنی موسڵ؟! ئەوەندە خێراش، هەروەک لێکۆڵەرەوە سیاسییەکی دیبلۆماتیک پرێس دەڵیت، سپای عێراق بە دەرپێ و فانیلەی عەلاگەوە بەرەوە بەغدا تێیان تەقاند.
مانای وایە موسڵ و شەنگال و هەموو خوێنی یەزیدییەکان و کوژراوەکانی تر و زەرەر و زیانەکان دەخاتە ئەستۆی مەسعوود بەرزانی.
بەمپێیەش بێت ئەم خاڵە، کە مەسعوود بەرزانی تاوانبار دەکات و لە مەسەلەی موسڵ و شەنگالدا وای نیشان دەدەن کە تاوانباری یەکەمە، ئەو بۆچوونەی یەکەم ڕەتدەکاتەوە کە هەندێ لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، قسەکانی مەسعوود بەرزانی، لە ئەزموونی فراوانی سیاسی ئەوەوە دێت، چوونکە من پێم وایە، مرۆڤی خاوەن ئەزموونی سیاسی، بەو جۆرە لە داخ و ڕق و بۆ بردنە سەریی هەڕەشەکانی، وەک دیبلۆماتیک پرێس لێکیان دایەوە، ئاوا سیاسەت ناکات. 
نموونەی دووەمیان: مەسعوود بەرزانی پێشبینی کردووە کە بەغدا مووچەی هەرێم دەبڕێت و پارە بۆ هەرێم نانێرێ.
نموونەی سێیەمیش، ئەو قسانەی ئەمڕۆیەتی ٢٢/٠٨/٢٠٢١ کە بە پێی لێکدانەوەی دیبلۆماتیک پرێس، بە کۆد و ئاماژە و رەمز لە پشتی قسەکانییەوە، خەڵکی باشوور و ناوەندە جیهانییەکانی ئاگادار کردۆتەوە، لە ڕوودانی کارەساتێکی گەورە کە بەڕێوەیە لە کوردستان و عێراقدا.

• لێکدانەوەی من:

ئێمە کوردین و کوردیش دەڵێت، چی بچێنیت ئەوە دەدروویتەوە.
کاتێ مرۆڤ داعیش بچێنێ، نابێت چاوەڕوانی دروونەوەی (دایە تێرێزا یان نیلسۆن ماندێللا) بکات.
ئەو باش دەزانێ، لەگەڵ هەموو هێرشێکی تورکە فاشییەکاندا، وەجبەیەکی نوێ لە داعیش وبەرەی نوسرە و شەڕکەری بەکرێگیراویی چەند میللیەتی، دەگوێزرێنەوە بۆ باشووری کوردستان و لە شەڕەکانی تورکدا بۆ سەر ( قەڵای بەرگری لە بوونی نەتەوەکەمان لە قەندیل)، ڕاهێنانیان پێدەکرێت و ئامادە دەکرێن، بۆ هێرش کردنە سەر باشووری کوردستان، بە تایبەت کەرکووک.
هەموو جموجوڵێکی بەرەکانی شەڕ دژ بە هێزی کوردستانی قەندیل، بە هاوئاهەنگی و ڕاوێژ و ڕینمایی هێزەکانی ئەو ئەنجام دەدرێت. 
- وەڵام بۆ پێشبینی دووەم، کە گوایە پێشبینی کردووە، کە بەغدا مووچەی هەرێم دەبڕێت و  ڕاست دەرچووە، جا ئەمە پێشبینی بۆ چییە؟! بەپێی یاسای عێراقی، کە مەسعوود بەرزانی دەڵێت ئێمە بە شێکی دانەبڕاوین لە عێراق و عێراق وڵاتی خۆمانە و ئەو یاسایانەی واژۆ کردووە، دەبوو هەرێم نەوت بدات بە سۆمۆ بە ئەندازەی ئەو پارەیەی عێراق بۆ هەرێمی دەنێرێ، مەسعوود بەرزانی دەیووت: ئێمە پارەی نەوت نادەین و دەبێت پارەشمان بۆ بنێرن، ئەوبوو هەڕەشەی لێکردن و وەک دبلۆماتیک پرێس دەڵێت، شەڕی موسڵی خوڵقاند و کارەساتی شەنگالی دروست کرد. 
٢٠١٤ کاتێک گرژی دروست بوو لە نێوان ئەو و مالکیدا، من پێشنیازی بەهەرێم کردنی کەرکوک و دەڤەری سلێمانیم کرد( بە سوودمانە کەرکوک و سلێمانی ببنە هەرێمێک ٢٠١٤ ڕۆژنامەی هاوڵاتی)، بەڵام چوونکە هێزێکی کوردستانی لە سلێمانی نەبوو، ئەوا پاش ماوەیەک لە باتی بەهەرێم کردنی کەرکوک و دەڤەری سلێمانی، کەرکوکی فرۆشتەوە بە ٤٥٠ میلیۆن دۆلار و عەبادی ئەوەی چەندین جار دووبارە کردۆتەوە و ئەو هیچ  قسەیەکی نەکردووە و کاردانەوەیەکی نەبووە، نە بەکۆد و نە بەبێ کۆد!!.
- وەڵام بۆ پێشبینی سێیەم: بەر لە دەرچوونی ئەمێریکا لە ئەفگانستان و گێڕانەوەی فەرمانڕانی بۆ تالیبان، وتار نووسراوە و نووسەرانی وتارەکان پێشبینی ئەو حاڵەیان کردووە ( من خۆم ٠٢/٠٧/٢٠٢١ گرێ کوێرەکانم نووسی، سەبارەت بە ئاڵۆزی ناوچەکە)، مەسەلەی ئەفگانستان خەریکە کۆن دەبێت، ئەو ئەمڕۆ باسی ئەو مەسەلەیە دەکات، ئیتر نازانم پێشبینی چی کردووە؟! کە هەموو چاودێرانی سیاسی و سەربازی سەرسام کردووە و کۆمەڵێکیان جارێ هەر کۆدی قسەکانایان بۆ هەڵنەهاتووە و لە قسەکانی واقیان وڕماوە، بەپێی لێکدانەوەی دبلۆماتیک پرێس!!.
- بڵێی ناوەندە سیاسییە جیهانییەکان، هێندە ( لا خەبەر) بن، وەک بە شێکی کەم لە خۆمان، کە بەم قسانە تۆشی شۆک بووبن و ئاگایان لە بارودۆخی هەرێم و عێراق نەبێت و نەزانن دەرئەنجامەکانی گێڕانەوەی فەرمانڕانی بۆ تاڵیبان، لە کوێی تری ناوچەکە، سەری کام کۆمەڵ و ڕێکخراوی توندڕەوی و تیرۆریست، دەخورێنی ؟!
نا، گیانی گیانەکەم، ئەو دەزانێ چی چاندووە، ئێمە دەبێت وەک ئەو بەشە لە نەتەوەکە
لەتەک یەکدا ڕوون و ئاشکرا و بێ غەل و غەش بین و چارەنووسمان، بە کۆد و ڕەمز و ڕاز بۆیەک دەرنەبڕێن، کارەساتەکان وەک ڕەنگە ڕوو بدەن بخەینە بەر زەینی زۆرینەی نەتەوەکەمان و داوای هاوکاری و پێشنیاز لە هەموو نیشتمان پەروەرێکی کوردستانی بکەین و هەموو کورد لە دیاریی کردنی چارەنووسیدا هاوبەش بێت، مەگەر ئەوە چارەنووسی نەتەوەی کورد نییە؟!

بەڵام چونکە:

ئێمە دوای ئاشبەتاڵ، نەهاتین لێکۆڵینەوەیەکی جدی لە کارەساتەکە بکەین و چارەنووسی نەتەوەکەمان دایەوە دەست، ئەو سەرکردەیەتییەی کە کارەساتەکەی خوڵقاندبوو، بۆیە ئەنفال و هەڵبەجەیان خوڵقاندەوە.
دوای ئەنفال و هەڵەبجەش، نەهاتین لێکۆڵینەوەی جدی لە هۆکانی بکەین، دیسانەوە چارەنووسی نەتەوەکەمان دایەوە دەست، ئەو سەرکردەیەتییەی کە کارەساتەکانی خوڵقاندبوو، بۆیە ئەم سی ساڵ گەندەڵی و برسی بوون و سەربڕینی ئازادی و داگیرکردنی باشوور و کوشتنی ئازادیخوزانیان خوڵقاندەوە.

ئێستا دەگەینە سەر ئەو خالەی، کە بەرزانی بۆیە بە ڕەمز و ڕاز قسە دەکات:

1- دەترسێ حسابە کۆنەکانیشیان بۆ زیندوو بکەنەوە.
2- بۆ داپۆشینی گەندەڵییەکان و گومڕا کردنی باشووریانە
3- دەیەوێ بەهۆی، لێکدانەوەی، لەو جۆرەی دیبلۆماسی پرێس، خەڵک سەرگەرمی
ڕاز و نهێنی ناو قسەکانی بکات و بیان تۆقێنێ و ئیرادەی بەرگریان سست بکات و 
وای نیشان بدات کە بڕیاری کۆتایی و قسەی کۆتایی ئەو دەیکات و ئەم ئەفسانە و چیرۆکانە بۆ قسەکانی هەڵبەسترێت و لە دوایشدا، بۆ بە جێهێنانی قسەکانی، زەریایە خوێن بڕژێت و دیسانەوە ئەم بازنەیە بخولێتەوە و هەر لە دەوری تێگەیشتنە سیاسیەکانی و ئەزموونی کەڵەکەبووی درێژخایەنی ئەو و پێشبینییەکانی ئەو بسووڕێتەوە.
دەنا هیچ نەتەوەیەک وەک کورد، پێویستی بە ڕۆشنایی و ڕوونی نییە لە نێوان خۆیی و سەرکردەیەتییەکەیدا، چوونکە دەستی بە هەزاران تێکشکانی بچووک و گەورەدا چزاوە، بە دەست ئەم سەرکردەیەتییەوە و لە هەنگاوی خێریشیان( کە نیانە) بە گومانە!!

 ئێدی بۆ دەبێت:

بابای سویدی ئاوا ڕوون و ئاشکرا و شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و خەمخۆرانە، نەتەوەکەی خۆی لە کارەساتی لافاوێک کە گوناحی ئەویشی تێدا نییە، ئاگادار بکاتەوە و داوایان لێ بکات، بە ڕەخنە و پێشنیازەکانیان، هاوبەشی ئیشوکاری شارەوانییەکەیان بکەن.
بەڵام بابایەکی کوردی خۆ بە سەرکردەزانی، نەتەوەیەکی داگیرکراوی، دابەشکراوی ستەملێکراوی، نیشتمان زەوتکراوی، دەیان جار فرۆشراو بەدەستی سەرکردەکانی، ئاوا بە ڕەمز و ڕاز و هێما و مەتەڵ و پێچەڵپێچ و مانای نادیاری پشتی وشە و کۆد و قفڵ و زنجیر و ئەداو ئەتوارەوە، بیەوێت، پەیامی ئاشبەتاڵێکی تر، بە نەتەوەکەی بگەێنێ!!.
کورد لە سەرکردەیەتییە داسەپاوەکەی ڕاهاتووە، کە هەرگیز موژدەیەکی خۆشیان بۆ ئەم گەلە ستەم دیدەیە پێنەبووە، تا ئێستا، لەم ئاڵۆزییەی باشوور و عێراق و ناوچەکەدا، چاوەڕوان بێت لە سەرکردەیەتییەکی موژدەیەکی خۆش بدەن بە نەتەوەکە، بێگومان ئەوان کە خالقی دەرد و بەڵا و نەهامەتی و حەسرەتی بەدی نەهاتووی نەتەوەیەکن بن، هەر باسی بەڵا و کوردقڕان و ئازار و ئەشکەنجەیان لایە، چوون چاک دەزانن ئەوەی ئەوان چاندوویانە، گەل هەر ئەوەی لێ دەدرووێتەوە، خۆشیان سامانی کەڵەکە بوو لەسەر ئاه و حەسرەت و خوێنی شەهیدەکانی، بۆ ئەوە یەکەم جارە لە باشووردا بیقەومێنن و لە ناوەڕاستی ڕێگای سەختکراوی ژیاندا، نەتەوەکە بە نەمانزانی و پیلانی دەرەکی و شەقی زەمانە بسپێرن؟!.
 ئێدی ماوەتەوە سەر نەتەوەکە خۆی کە هیچ بوارێکی بۆ نەماوەتەوە، جگە لە ڕێکخستنێکی کوردستانی خۆی لەبنی هەرەمەکەوە  ڕا، ئەگەر ئەمەش نەکات، ئەوە دەتوانێ لەبازنەی سەرکردەیەتییەکانیدا، خەریکی بابەخولێ بێ و ڕامان لە کۆد و تەلیسمی وشە و پشتی وشەکانیان!
*ئەوە: وشەیەکە هەم بەرزانی و هەم دیبلۆماتیک پرێس بەکاریان هێنا، من گێژنیم!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە