قوچاندن نزیک بووەتەوە

Monday, 23/08/2021, 19:28

8173 بینراوە


* لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە عێراق،  هەموو ٣٠ ساڵ جارێک (تەمەنی نەوەیەک)، هەڵگێڕانەوە و کودەتا و جەنگی هەڵتەکاندنی ڕێژمی کۆن بە نوێ، بەرپا ئەبێت؛
١٩٢١-١٩٥٨-١٩٩١-٢٠٠٣، کە لە سەدەی نوێدا کورت کراوەتەوە بۆ ٢٠-٢٥ ساڵێک.
* ڕێژێمێکی ئەغیار و هەڵتۆقێنراو دائەسەپێنن بەسەر ناوچەیەکد ا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیشەی ڕەسانەیەتی خەڵکەکەی و شێواندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتووریی و مێژووییەکانیان.
*سەرۆک و حیزب و ئایدۆلۆژیای ساختە و درووستکراو گشتگیر ئەکەن بە سەر میللەتدا و  پۆست و پارە و پاوەریان بۆ مسەوگەر ئەکەن، تا سنووری بوون بە دیکتاتۆر لەگەڵیاندا ئەڕۆن.
* بەرنامەی گێژاندن و خەڵەتاندن و سەرقاڵاندن و کۆچاندنی (خەڵکی بە ئاگا) دائەڕێژن، بێ ئومێدی وبێ کەرامەتی و بێ ئابڕوویی ئەکەنە خەسڵەتی خەڵک، و پارە  ئەکەنە سەنتەر و ئامانج.
* ئابڕووی ئایین و ئایدیۆلۆژیا  ئەبەن، نەتەوە و زمان و کولتوور پوچ ئەکەنەوە، کەسایەتی و مەردایەتی و جوامێری ناهێڵن وئەیکەنە ڕابردوو.
* بەها بۆ بڕوانامەی زانستی و ئەکادیمی و  شکۆی ڕۆشنبیریی و نیشتمانپەروەری ناهێڵرێت و ڕۆڵی سەرەکی ئەدرێت بە سوک و ڕیسواکان، بە گێل و گەوادەکان و بە لوگلوگیی و ماستاوچی و بێ قیمەتاکاندا، لە هەموو کایەکانی دوڵەت و میللەتدا.
* کاتێک کە کاتی گۆڕینیان دێت و  ڕۆڵەکانیان تەواو ئەبێت، تا دوا خولەکی سەعاتی سفریش، هەر ئومێد و پەیمانی مانەوەیان پێ ئەدەن، کە گوایە پشتیان تێ ناکرێت، بەڵام لە دوای سەعاتی سفر، ئیتر  ئەبنە پەڕۆی بێ نوێژ.
* لەم هاوکێشەدا؛ ئەوەی ٣٠ ساڵە هەڵتۆقاوە و گەورە بووە و پاشایەنە ژیاوە؛ قوچاندنیش دادی نادات، لەو پەڕی دنیاش بگیرسێتەوە، وەک شای ئێران مەراق ئەیانکوژێت.
* لە کۆتاییدا ئەوەی نادۆڕێت؛ ئەو کەسانەن کە خۆیان خەڵک بوون و خیانەتیان لە گەل و نیشتمان نەکردووە،  تێنەگلاون لە گەشکە و گەندڵی و تاوان و دەستکەوتەکانی ڕژێمەکاند.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە