نەوەی حەفتاکان لە نێوان بەعس و کورددا

Wednesday, 25/08/2021, 17:37

3611 بینراوە


نەوەی حەفتاکانی کورد لە باشوری کوردستان (کوردستانی عێراق) یەکێکن لەو نەوە نەگبەتانەی کورد کە هاڕدراون لە نێوان بەرداشی دوو پەروەدەی یەک لە یەک خراپتر کە ئەوانیش پەروەردەی سەردەمی بەعس و پەروەردەی دوای ڕاپەڕینن.
ئەگەرچی من نە پسپۆری بواری پەروەردەم و نە لێکۆڵینەوەیەکم هەیە لەو بوارەشدا، بەڵام خۆم سەر بەو گروپە تەمەنەم و وردەکاری سیستمی پەروەردەی سەردەمی بەعس و سەردەمی دەسەڵاتی خۆماڵیم لە بیرە و بە سەر خۆمدا سەپاوە. نەوەی حەفتاکان مەبەستم ئەو کۆمەڵە کوردەیە کە لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە دایک بوون. ئەوان بە دوو جۆر پەروەردەی دژ بەیەک، خراپ، نازانستی و دزێو گۆشکراون. ئەوان هەم خراپەکاری وتاڵاوی  سیستمی بەعس و هەم کوردیشیان چەشتووە. ئەویش بەم جۆرەی لای خوارەوە:-

١- سەردەمی بەعس:-

نەوەیەک لە حەفتاکان لەدایک بووە و تەواوی مناڵی و هەرزەکاری لە سایەی جەنگی کورد-بەعس و عێراق-ئێران بە سەربردووە. ئەو نەوەیە لاپەڕەکانی وێنەکێشانی سەردەمی سەرەتایی تەنها بە وێنەی دەبابەی شکاو و مەیدانی جەنگ و ئاڵای شەکاوەی عێراق و ئاڵای شکاوی ئێران و لاشەی لەت و پەتکراو پێ نەخشێنراوە لە جێی وێنەی گووڵ و مناڵ و سروشت و جوانی.
ئەو لە جێی ئەوەی لە ناوەندی و دواناوەندی خەریکی وەرزش و مەلەوانی بێ و پەروەردەی دروستی جەستەیی و دەروونی بکرێت، بەرگی تەڵایع و فتووەی پێ پۆشراوە و بۆ ڕێپێوانەکانی بەعس بردراوە و فێری چۆنێتی هەڵوەشاندن و پێکەوەنانی کڵاشینکۆف و دەمانچەکراوە.  ئەوە جگە لە سەعاتێک بە دیار فیلم کارتۆنەکانی گرێندایزەر و پیاوی ئاسنین، زۆربەی کات چاوی ئاشنای لاشەی کوژروانی جەنگی عێراق وئێران بووە لە دووتوێی بەرنامەی وێنەکانی جەنگ (صور من المعركه‌) ەوە، لەجێی بەرنامەی پەروەردەیی مڕۆڤانە و دروست و پڕ بە پێستی بەرائەتی مناڵی.  ئەوان باوک و مامەکانیان یان کوژراو و دیلی جەنگ بوون، یان پێشمەرگە یان شەهیدی کوردستان بوون، یاخود فیراری زەلیلی ماڵ و کونجی ژێر زمینەکان بوون، یاخود جاش و پیاوی بەعس بوون، بەشێکیشیان خۆیان و خێزانیان قوربانی ئەنفال و کیمیاباران و تەرحیل و تەبعیس بوون. لە هەموو حاڵەتەکانیشدا ئەوان نە تێر بوون لە زەردەخەنەی پڕ میهری دایکە چاو بە فرمێسکەکانی سەردەمی حەفتا و هەشتاکان، نە بە دڵی خۆیان دەست لە نێو دەستی باوکەکانیان چوونەتە بازاڕ. ئەوان یان مانگی جارێ باوکیان دیوە، یان بە دڕێژایی تەمەنیان نەیاندیون یاخود بە بێ باوک گەورە بوون و به گەورەیی باوکی خۆیان دووبارە دیوە.
ئەوان زۆربەیان گوێچکەیەکیان ئاخنراوە بە گوتاری پەروەردەی بەعس و گوێچکەکەی دیکەشیان بە گوتاری پەروەردەی ماڵەبابی دژ بە بەعس، ئەوان قسەی زمان و دڵیان بە درێژایی هەشتاکان چوون یەک نەبووە، لە دەرەوە شتێک و لە ماڵەوە شتێکی دیکە گوتووە.

٢- سەردەمی دوای ڕاپەڕین:-

یەکەم دیمەن کە ئەم نەوەیە بینی توند و تیژی ڕاپەڕین بوو، تاڵانی بوو، دیمەنی کوشتارگەی بەعسی و ئەمنەکان بوو لە نێو کوچە و کۆڵان و بارەگا و باڵەخانەی ئەمنەکان. دووەم دیمەن کە بینی نادادی حزبە شۆڕشگێڕەکان بوو. کە هەر زوو ئەم نەوەیەیان لەت و پەت کرد و دابەشیان کرد بە سەر خۆیاندا. حزبەکان لە جێی پەروەردەی نشتیمانی و خۆشەویستی خاک، تواناکانی ئەم نەوەیەیان قووتدا و بە حزبییان کرد وخستیاننە خزمەتی حزب، دژ بەوی دیکە، چەکیان دایە دەست و بەکاریان هێنان. نەوەیەک هەموو وەکو یەک خاوەن یەک دوژمن ویەک مەسەلە و یەک ئامانج و یەک ئازار بوون پێش ڕاپەڕین. دوای ڕاپەڕین بوون بە خاوەن چەندین مەسەلە و چەندین دوژمن وچەندین ئامانج و چەندین ئازار. حزب ئەوانی کرد بە خوێندەوار و چەکدار و کاسبکار و کادر و دواکەوتەو و مووچەخۆری خۆی. لە جێی ئەوەی بیانکات بە کادر‌ و کاسب و خوێندەواری وڵات و نشتیمان. ئەوان لە ڕاپەڕیندا بە خوێن چاویان کرایەوە و بە توند و تیژی و ناکۆکی گۆشکران، بۆ شەڕی براکانی خۆیان بران و بەکارهێنران. پێیان وترا گەندەڵی ئاساییە، دزی لە نشتیمان کێشە نیە. ئەوان لە جێی خوایە وەتەن ئاواکەی فێری خوایە حزب ئاواکەی کران. ئەوان نەک شەڕی براکوژیان لا پیرۆزکرا، بگرە خیانەتی نشتیمانیشان لێ گۆڕدرا بە نشتیمان پەروەری و لازم کرا بەرگری لێ بکەن. ئەوان خرانە سەر دەبابەی بەعس و خزێنرانە ژێر ئاڵا قێزونەکەی دوێنی. ئەوان بوون بە دۆستی تورک و عەجەم و دژ بە برکانی خۆیان. ئەوان ئیتر چاو و دەم و کوێچکە و دەست هزریان لێ سەنرا و درانە دەستی حزب تا چۆنی بوێن وا ببیستن، وا بیر بکەنەوە، وا بکەن و وا بڵێن. ئەوان لە جێی ئەوەی داینەمۆی گۆڕانکاری بن ئەمڕۆ، بوون بە ئاسایش و پۆلیس و قەڵەم بە دەست و خوێندکار و کاربەدەستی حزب. ئەوان لە سایەی گەندەڵترین و خراپترین جۆرەکانی حزب و دەسەڵات باڵایان کرد. ئەوانەشی لە هەوڵی بوون بە داینەمۆن بۆ گۆڕانکاری بوون، یان لە کونجی زیندانن، یان خەریکی هاتوهاواری سەر دیوار و نێو پەیجەکانی سۆشیال میدیان، یاخود بە ڕێکەوت ئەوەی لە دڵیانە لە دیمانەی تەلەفزیۆنی سەر شەقامەکان بۆ مایکە ئازادەکانی هەڵڕێژن.
فەلەک دەبێت تاوانی ئێمە و نەوەی داهاتوو چی بێت کە بە هیچ شێوەیەک پەروەردە نەکراوین؟  میللەت بۆ دەبێت چاوەڕوانی گەورە لە وەها نەوەیەک بکەیت، کە هیچ شتێکی بە سروشتی نەچووە بە ڕێوە؟ نەوەی حەفتاکان کە ئێستا وڵات بەڕێوە دەبەن لە دەست دەرچوون، نەوەی دوای ڕاپەڕینیش هەر چوون، ئاخۆ کێ بیری لای پەروەردەی نەوەی داهاتووە، تا قەدەری شووم نەبێتەوە بە نسیبی داهاتووی ئەم میللەتە ڕەش و ڕووتە!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە