ئەوان زۆربەی خاکی کوردستانیان فڕۆشتووە ئەوەی ماوەتەوە لەسەر خۆیان و منداڵەکانیان تاپۆ کردووە. سەرانی پارتی و یەکێتی بازرگانیان بە خوێنی کوڕی هەژاری میللەتی کورد کرد و دواتر کردیان بە میراتی سیاسیی و لەسەر کوڕ و ژن و ئامۆزا و خزم و کەسوکاریان تاپۆ کرد، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک منداڵوتواڵیان کرد بە سەرکردەی میللەت و خەباتگێرە کۆنەکانیان ملکەچی ئەو منداڵوتواڵە کرد.
ئەوان بست بە بستی باشووری کوردستانیان کردوە بە لانەیەکی ئارام، بۆ میتی تورکیی و ئیتیلاعاتی ئیرانی و سوپای تورکیا و سوپای پاسداران. لە ئەنجامی ناتەبایی نێوان سەرانی ینک و پدک، لە ساڵی ٢٠١٧دا جارێکی دی حەشدی شەعبیان هێنایەوە بۆ کەرکوک و ناوچەکانی دی. ئەوان زۆربەی ئەندامانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانییان بە هاوکاری ئیتیلاعات تیڕۆڕ کرد. چەند جارێک بە پێش سوپای پاسداران کەوتوون و هەڵیانکوتاوەتە سەر بنەکە و بارەگەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات. بە دەیان جار بوون بە چاوساغی میتی تورکیی و بەدەیان ئەندامی پەکەکەیان لە شارەکانی باشوور تیڕۆر کردوە. ئەوان بێشەرمانە بەدەیان جار بە پێش سوپای تورکیا کەوتوون بۆ هەڵکوتانە سەر بنەکە و بارەگەی پەکەکە. سەرەڕای هەموو ئەوانە کاتێک کە گەشتیان بۆ ئیران و تورکیا کردووە، سەردانی مەزارگەی ئیمام خومەینی و ئەتاتورکیان کردووە.