سەلەفییە کوردەکان خائین و خۆفرۆشن، لە پارتیی و یەکێتیی مەترسیدارترن


هه‌ڵبژاردنی عێراق وانه‌یه‌ك بۆ مێژوو!

Sunday, 08.29.2021, 20:27

584 بینراوە


دوابه‌دوای هێرشی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان به‌سه‌ركێشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر رژێمی به‌عسی رووخاوی عێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رژێمه‌ و دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی ئینتقالی"كاربه‌رێكه‌ر"، و گۆایا داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوری نوێ عێراق و ریفراندۆمی ده‌ستور له‌ 2005 یه‌كه‌مین خۆلی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌پاش رووخانی رژێمی به‌عسی عێراقی"وه‌كو هه‌ندێ كه‌سیش به‌پرۆسه‌ی ئازادی عێراقی ناوی ده‌به‌ن"، به‌رێوه‌ چوو، 2009 و 2013 و 2018ش خۆلی دووهه‌م و سێیه‌م و چواره‌م هه‌ڵبژاردن پێكهاتن و له‌ئێستاشدا هه‌وڵه‌كان پاش 17 ساڵ هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان هه‌موو هیواكان له‌سه‌ر ئه‌م خۆله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵچێندراوه‌ و چاوی هه‌موو عێراقیه‌ك له‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ببێته‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ رزگاربوون له‌م ته‌نگه‌ژانه‌ی عێراقی پێوه‌ ده‌ناڵێنێت. به‌تایبه‌تی گه‌لی عێراق هیوایان وایه‌، ئیدی حكومه‌تی پشك پشكێنێ نه‌مێنێت، حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی و كارامه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شاره‌زایی و ئه‌زموونداری و لۆژیك دابمه‌زرێت. حكومه‌تێك كه‌ بتوانێت له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، باری لاساری ژیانی خه‌ڵك راستبكاته‌وه‌. زه‌مینه‌ی بێكاری نه‌هێڵێت و ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌نجان و بێ كاران بڕه‌خسێنێت. گه‌نده‌ڵكاران له‌به‌رێوه‌بردن دوور بخرێنه‌وه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌خوێنی عێراقیه‌كاندان سۆره‌، دادگایی بكرێن. كۆتایی به‌ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بهێنێت و ئیراده‌ی بڕیاردان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق و گه‌له‌كه‌ی. حكومه‌تێك دابمه‌زرێت كه‌ سنورێك بۆ هێزه‌ میلیشیاكان دابنێت و چه‌ك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت. له‌ئێستادا ئه‌مانه‌ سه‌ره‌تایی ترین داواكاریه‌كانی خه‌ڵك و گه‌لانی ناو سنوری عێراقه‌. جا كام له‌م هێزانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ كێبڕكێ له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ و توانیان داواكاریه‌كانی گه‌لی عێراق جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌وا به‌بێ یه‌ك و دوو گه‌ل ده‌نگ و متمانه‌ی خۆیانیان پێده‌ده‌ن، به‌ڵام پرسه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هێزانه‌ كامیان خاوه‌ن هزر و به‌رنامه‌یه‌كی جیاوازن له‌رابردوو؟! ئایا ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌توانێت له‌ماوه‌یه‌كی كۆرتدا ئه‌م داخوازیانه‌ی گه‌ل جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ته‌ئكید ناتوانن و مۆسته‌حیله‌ كه‌ هیچ لایه‌نێك له‌و لایه‌نانه‌ هێزێكی وای هه‌بێت كه‌ بتوانێت ئه‌و داواكاریانه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كۆرتدا جێبه‌جێ بكات.
ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانیش به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌لایه‌ك و وڵاتانی ئه‌ۆروپایی له‌لایه‌كی تر ئامانجی جیاوازیان هه‌یه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌عێراقدا به‌رێوه‌ بچێت. ئه‌مریكا وه‌كو سه‌ره‌كێشی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له‌دژی عێراق به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بووه‌ ده‌بێت، ده‌وڵه‌تی عێراق بۆنیادبنێته‌وه‌، جا ئه‌و بۆنیاده‌ له‌سه‌رحیسابی كێ ده‌بێت زۆر گرنگ نییه‌، له‌خزمه‌تی گه‌لدا ده‌بێت، یا پێوانه‌كانی دیموكراسی به‌رێوه‌ ده‌بات، زۆر بۆ ئه‌مریكا گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌كو چه‌كێك له‌ده‌ستی ئه‌مریكادا بمێنێت و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌جینداكانی خۆیدا له‌هه‌رێمه‌كه‌ به‌رێوه‌ی ببات. وڵاتانی ئه‌ۆروپایش هه‌م و غه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فۆرمی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌، هه‌تا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان پارێزراو بێت هاوشێوه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو. ئه‌وه‌تا ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ش له‌ئه‌فغانستان وایكرد له‌كۆتاییدا ئه‌مریكای به‌هه‌ڵدێردا برد و به‌په‌له‌قاژه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كشێته‌وه‌ و ته‌سلیمی ئه‌و واقعیه‌ته‌ بوو كه‌ له‌و وڵاته‌دا باڵاده‌ستبوو. واتا سۆز و به‌ڵێنێكی ئه‌مریكا بۆ بۆنیادنانی دامه‌زراوه‌یه‌كی دیموكراتیك نه‌ له‌ئه‌فغانستاندا بوونی هه‌بوو و نه‌ش له‌عێراقدا بوونی هه‌یه‌. ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمیه‌كانیش به‌ئێران و توركیا و سوریاش له‌ناودا له‌ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر عێراق ببێته‌ نموونه‌یه‌كی باشتر له‌ وڵاته‌كه‌ی ئه‌وان ئه‌وا گه‌لانی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش به‌ئاسانی لێیان قه‌بووڵناكه‌ن و ده‌سته‌وبرد ئه‌وانیش راپه‌ڕن. له‌لایه‌كی تر فۆبیای كورد به‌تایبه‌ت له‌مێشكی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران و توركیا و سوریاش وای كردووه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی هه‌ر هه‌وڵێك بكه‌ن كه‌ بۆنی كوردی لێوه‌بێت. 

ده‌بێت خەڵکی چی بكات؟!

گه‌لی عێراق پاش 17 ساڵ له‌رووخانی رژێمی به‌عس له‌وڵاته‌كه‌یاندا، هه‌تا ئاستێك بێ هیوا بوونه‌ له‌وه‌ی كه‌ گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م هێز و لایه‌نانه‌ بێته‌ ئاراوه‌. له‌وانه‌ش گه‌لی كورد له‌هه‌موویان زیاتر؛ چونكه‌ گه‌لی كورد له‌عێراقدا هه‌مووی هیوایه‌تیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌گه‌ر رژێمی به‌عسی سه‌دامی نه‌مینێت، چی و كێ بێته‌ سه‌رده‌سه‌ڵات له‌وه‌ باشتره‌. كه‌چی ئێستا كوردیش زیاتر له‌هه‌موو كه‌س و لایه‌نه‌كانی ناو عێراق له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی تووڕه‌ و عاجزن. بۆیه‌ش پێش هه‌رشتێك ده‌بێت گه‌لی عێراق له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌وڵبده‌ن كه‌سانی دڵسۆز و نیشتیمانپه‌وه‌ر ده‌ستنیشان بكه‌ن و ده‌نگ و متمانه‌ی خۆیانیان پێ بده‌ن. په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فیان له‌گه‌ڵدا واژوو بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌پاش ده‌رچوونیان له‌سه‌ر ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ كاروخه‌بات بكه‌ن. 
گه‌لی عێراقیش تاڵی زووری چه‌شتووه‌، نابێت له‌وه‌ زیاتر پشت به‌و لایه‌نانه‌ ببسترێت، كه‌سانی بێ لایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ ده‌ستنیشان بكرێت كه‌ خاوه‌ن ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆن و ته‌سلیمی ده‌سه‌ڵات و كۆرسی و پاره‌ نه‌بوونه‌. به‌ماڵ و مۆڵك هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێندرێن، متمانه‌ و ده‌نگ بده‌ن ئه‌و كه‌سانه‌.
هه‌روا كه‌ی نابێت چاوه‌ڕوانی سیحر و جادوو له‌و لایه‌نه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ 2005ه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدان به‌هه‌مانشێوه‌یه‌ش ده‌بێت هیچ هیوا و ئۆمیدێكیان به‌زلهێزه‌كان و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی نه‌بێت. 
ئه‌گه‌ر گه‌ل به‌مشێوه‌یه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ڕوانی ئه‌وا ده‌نگه‌كانی به‌فیرۆ ناچێت و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش ده‌بێته‌ وانه‌یه‌كی باش له‌مێژووی عێراقدا، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش هاوشێوه‌ی خۆله‌كانی رابردوو، شتێك ناگۆڕدرێت و پاش هه‌ڵبژاردنیش بارۆدۆخی عێراق روو له‌خرابتر ده‌كات.