هەموو رۆژێکیان ٣١ی ئابە!

Monday, 30/08/2021, 21:15

2555 بینراوە


قازی محەممەد بە رەگەز کورد نەبووە، لە سەردەمی سەفەویەکاندا، کە لە ئیڕان دەسەڵاتدار بون لە وڵاتی گورجستانەوە هاتنە ناوچەی موکریان و لە شاری مهاباد جێگیربوون. ئەو بنەماڵەیە دەوڵەمەند و زەویداربون و خەڵكیی متمانەیان پێدەکردن. لە سەر پرسیی راگەیاندنی کۆمار لە لایان قازی محەممەدەوە زۆر بابەت گووتراوە، من ناچمە سەر بابەتەکان.
قازی محەممەد کەسایەتیەکی ناسراو بووە. بەڵام لە راگەیاندنی کۆماردا لە مهاباد نەیتوانی وەک سیاسەتمەدارێک هەڵسوکەوت بکا. چونکە زۆر متمانەی بە رووسەکان کرد و لە کۆتاییشدا لە سەر سات وسەودای ناونەتەوەییدا هەردووک کۆماری ئازەربایجان و کوردستان هاسان تێک رووخان و قازیش خۆی رادەستی بەرپرسانی نیزامی ئیڕان کرد و تەسلیم بوو پاشان بە فیتی ئامریکا لە داردرا (رەوانی شاد بێ)!.

مەبەستی من لەو گووتنانە:

لەسەرتەواوی کەموکورتیەکان سیاسی قازی محەممەد من ناتوانم پێی بڵێم، کەسێکی خایین بووە. چونکە بەکارهێنانی وشەی خەیانەت بۆ هەر سەرکردەیەکی کورد یان حیزبێکی کوردیی حەوجێی بە بەڵگە و داتای دیرۆکیی هەیە. قازی محەممەد خایین نەبووە، بەلام سیاسەتمەدارێکی لاوازبووە و پێگەی چینایەتی وی ڕێگای نەداوە بتوانێ پرسی کورد چارەسەر بکا. کەسی دەرەبەگ و زەویدار و دەوڵەمەند بۆی ناکرێ وەدووی چارەسەریی کێشە کۆمەڵگا و نەتەوەی خۆی بکەوێ. بەرژەوەندیەکانی ئەو چینە ئاستێك ڕێگا دەدارێگا ببڕێ.
خەیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی
ئەکرێ پیاوێک یان ژنێک بە نەهێنی خەیانەت دەگەڵ یەکتر بکەن. کوڕ یان کچێک دەتوانن خەیانەت بە دایک و باوکیان بکەن. جیران دەگەڵ جیران خەیانەت دەکا، ئەوانە رەفاتیی ناشیاون و جێگای پێداهەڵاگوتنیان نییە. بەڵام خەیانت بە نیشتمان ونەتەوە چۆن لێکدەدرێتەوە؟ مرۆڤێک بۆی هەیە ئایندار نەبێ تەنانەت دژی خوداش هەڵسوکەوتیی هەبێ، بەڵام هیچ مرۆڤێک رێگای پێنادرێ کە خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەی بکا بۆ بەرژەوەندیی خۆی. لە مێژووی مرۆڤایەتی وسیاسیدا گەلێک جار خەیانەتکاران لەرێگای دادگایەکی باوەڕپێکراو بە سزای خۆیان گەیشتوون.
رەشەی وشەی خەیانەت لە وشەی خەوەن وەرگیراوە بە واتای دژایەتیکردنە دەگەڵ ماف و پەیمانەکانی نەهێنیی هەر نەتەوە و ووڵاتێک. ئاشکراکردنی ئەو نەهێنیانە بۆ دوژمن بە خاتی مانەوە سەر دەسەڵات و بنەماڵە لە ڕێگای تاقمێک یان دەسەڵاتێک بە تاوان دەناسرێ و سزاکەشی لە تەواوی دونیادا یان مەرگی خایینە یان زیندانیی درێژخایین.
بەداخەوە لە ناوبەشێک لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەتایبەت لە باشووری کوردستان تاقم یان بنەماڵە تا بینەقاقا لە خەیانەت تیوەگلاون، کەچی بە ڕەوا یان بە ناڕەواو یان فێڵ و تەڵەکەی سیاسیی لە سەر حیسابی سەروەت و سامان وخاکی نیشتمان کە تەواوی ژیانیان پڕە لە خەیانەت و دزیی ئاشکرا بۆ دوژمنی کورد، رێزیان لێدەگێرێ و وەک سەرکردەیە لێهاتوو فیداکار دەنرخێنرێن!
بنەماڵەی بارزانی قوتابیی یەکەمن بۆ ئەنجامدانی پیشەی خەیانەت وهەزار رەنگیی. کاتیك باس لە خەیانەتەکانیان دەکرێ، مرۆڤ سەرگەردان دەمێنێتەوە لە ئاست تەواوی ئاکارە دزێوەکانیان! ئەو بنەماڵەیە هیچکات بە بێ خۆفرۆشیی وخەیانەت نەژیاون. تەنیا ٣١ی ئاب نییە، کە کوردیان وەک خۆیان چوک کردوە! دەیان پەڕتووک بەش ناکا لەسەر خۆفرۆشیی وخەیانەتی ئەو بنەماڵەیە.
ئەوەی کە مرۆڤ زیاتر لە خەیانەتکارانی ئەو بنەماڵەیە ئازار دەدا، ئەو کەسانەن کە بۆ پارەی مانگانە و بژیوی ژیانێکی سەرشۆڕانە چەک بۆ ئەو تاقمە هەڵدەگرن و ناوی خۆشیان دەنێن پێشمەرەگە! لەوانەش قێزەونتر بەشێک لە چین وتوێژیی خوێندەوارن لە باشووری کوردستان کە رۆژانە تۆوی خەیانەت بە سەر ئەو خاکە بریندارەدا دەچێنن!
دووبابەت لە باشووری کوردستان وەک شێرپەنجە ریشەی داکووتاوە. چاوپۆشیی خەڵك لە ئاکارەکانی سی ساڵەی ئەو دەسەڵاتە و دواکەتوویی گەلێکی خاوەن شەهید و پشتوانیکردنی وڵاتانی زلهێز و بێکەرامەت لە دەسەڵاتدارانی ئەو دوو بنەماڵەیە. ئێستێ بار و دۆخیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان وێنەی بارودۆخی سەردەمێکە کە ئەربابەکان و ئاغاکان وەها دەستان دەڕوا کۆمەڵگا وەک کۆیلە و بندەست و چاو لێبکرێ. مێژووی کۆیلەداریی پێمان دەڵێ، لە رابوردوودا کۆیلەکان بۆ ئازادکردنی خۆیان گیانی خۆیان بەخشی، لەو سەردەمەدا ئێـمە خەریکین کۆیلەدارانی سەدە دەپارێزین ودەبینە هاوبەشیی ئەو خەیانەتانەیان کە لە نیشتمان و گەل دەکرێ. چاو لە شیوەی ژیانی بنەماڵەیەک بکەن لە ساڵی ١٩٧٥ چۆن بووە، چاویش لە ژیانی خۆمان بکەین لە باشووری کوردستان چۆن دەژین؟ ژیانی ئەو بنەماڵەیە تەنیا هەر ٣١ی ئاب نییە، هەموو ڕۆژێکیان ٣١ی ئابە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە