بە قوربانی سەددام بن!

Tuesday, 31/08/2021, 22:10

6519 بینراوە


سەردێڕیی ئەو کورتە وتارە قسەی من نییە. دەڵێن ئەگەر زۆر هات قەبڵە بەتاڵە. ئەوە قسەی پیرەپیاوێکی جیهاندیدەیە کە لە شاری هەولێر دەژی  لە کورتە ویدئۆیەکدا چون قسە دەکا و چۆن دەگری! ئەوشارەی کە چەند رۆژ لەوەی پێش نێچیروان بارزانی بەسەیارەی ٣٠ دەفتەر دۆڵاریی ماکڕۆنی سوارکرد و بردی بۆ کەبابخانەی ناو کۆشک و تەلارەکانی خۆیان تا پێکەوە نان بخۆن و بە ریشی خەڵكی داماو پێبکەنن! ئەرێ کەس بە ماکڕۆنی گووت شاری هەولێر بێ ئاوە؟ ئەگەر ئەوەیە ژیان، شیرینە نەمان! کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان گیرۆدەی پێنووسی بەناو رووناکبیر و زانکۆکار و نووسەر و شاعیری کوردە. ئەو چین وتوێژە ماڵی کوردیان بە سێ چەپەی بە قوڕ گرتووە. کەی رەوایە دوای رووخاندنی سەددام حوسێن و حیزبی بەعس خەڵکی داماو ئاویش نەبێ بیخۆنەوە، ئەویش دوای سی ساڵە لە چەتەگەریی ئەو دووبنەماڵەیە!
زۆر جار لە زۆر کەسی شارەزای سیاسی و دیرۆکیی دەپرسم ڕۆڵی ئەو دوو بنەماڵەیە لە رووخاندنی سەددام چی بووە؟ هەروەها ڕۆڵی دێمۆکڕاتەکان و کۆمەڵەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووخانی شای ئێران چی بووە؟ خەڵكی گەمژە باوەڕی بەوە هەیە کە ئەو حیزبانە بوونە هۆی رووخاندنی سەددام و شای ئیڕان! پاش ئەو هەمووە ساڵانە کۆمەڵگا بەوە گەیشتووە کە چۆن تاسکلاوی شەرعیی وسیاسیان چۆتە سەر! سایکۆپاتەکانی بنەماڵەی بارزانی خۆش خۆش باسی ئەوە دەکەن کە هەولێڕ پاتەختیی باشووری کوردستانە! کەچی دوای سی ساڵ خەڵکی وەزاڵەهاتوو دوعا بۆ سەددام و خۆزگە بۆ سەردەمی سەددام دەخوازن!
بارزانی راست دەکا، باشووری کوردستان ، ئەفغانستان نییە و پێشمەرگەی قارەمانی تێدایە کە بەرگریی دەکا! بەڵام ناڵێ کام پێشمەرگە؟ ئەو پێشمەرگانەی کە لە ژێڕ ناوی قیادە موەوەتە سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان وحیزبەکانی خەساند! ئەو پێشمەرگانەی کە بە بێ تەقە کەرکوکیان رادەستی بەغدا کرد! ئەو پێشمەرگانەی کە لە شەنگاڵ هەڵاتن و دایانە دەست دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی! هەروەها ئەو پێشمەرگانەی کە ٣١ی ئابیان خوڵقاند!
ئەو گێلە پیاوە دوای سی ساڵ دەسەڵات ئاوی شارێکی وەک هەولێری پێدابین نابێ، باسی شەڕی بەرگریی دەکا! کات هاتووە لە باشووری کوردستان کە کۆتایی بە سیستمی خێڵەکیی بێت.خەڵک نابێ فریوی ئەو شێوە قسانە بخوا، چون لە درۆ زیاتر چی لێ هەڵناکەوێ.
خەڵکتان فریودا تا بچنە دەنگدانی رێفڕاندۆم، ئاسەوارەکەیانمان بینی. ئێوە ئەگەرتۆزێک غیرەت و ئابروتان ماوە، با ئەو جار پێش هەڵبژاردنی مانگیی دە لە عێڕاق ، راپرسیەکی گشتی بێ جیاوازیی لە نێوان تەواوی حیزب و سازمانەکانی باشووری کوردستان بەڕێوە بەرن و تەنیا یەک پرسیاری روون راستەوڕاست لە خەكی باشووری کوردستان بکەن ودەنگیان لێوەرگرن.ئەویش پرسیارەکە ئاوابێ:
ئایا ئێوەی دانیشتوانی باشووری کوردستان دەخوازن ئێمە وەک نوێنەریی خۆتان قەبوڵ بکەن و دەسەڵاتمان بەدەست بێ؟
باشترین شیوە بۆ ئەو کارە کۆکردنەوەی واژۆیە لە ناو خەڵكدا لە لایان کەسانی باوەڕ پێکراو و دڵسۆز. ئەو کەسانە بە شێوەی رێکخستنی شار بە شار و گوند بە گوند با واژۆ لە خەڵک وەرگرن.
گوتنێکی کوردیی هەیە کە دەڵێ: قونی رەش وسپی لە حەمام دەردەکەوێ. دوای واژۆکۆکردنەوە قوونی ئێوەش دەردەکەوێ کە چەندی دەکۆشیی دوژمن دایە.
کات هاتووە لە نیسێی خۆتان بترسن.دەنگی ئەو پیاوە پیرەتان بیست؟ چۆن دەگریا و دەڵێ: هەموتان بە قوربانی سەددام بن. ئەوە بەرهەمی سی ساڵ خەیانەتەکانی ئێوەیە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە