سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


گووی هونەرمەند، بە نرخی زێڕ لە بازاڕی ئەوروپا

Thursday, 09.02.2021, 10:12

2788 بینراوە


ساڵی 1961 هونەرمەندی ئیتاڵی؛ (Piero Manzoni) نەوەد ( 90 ) قوتوو گوی بە قەبارەی ؛  (4,8 × 6 cm)  خستە بازاڕەوە، وەک کارێکی هونەری. بریتی بوو  لە ؛ سی ( 30) گرام لە پیسایی خۆی. لە سەر قوتوەکە نوسراوە ؛ (سی گرام گوی هونەرمەند، بە سروشتی پارێزاوە و تێکەڵ نەکراوە). هونەرمەند دەستەواژەی ڕێزی وەک؛ پیسایی یان هەر وشەیەکی تر بەکار نەهێناوە، بە ڕاستەوخۆ وشەی ڕەشۆکی گووی بەکار هێناوە، بە ئیتالی و فەرەنسی وشەی؛(merda) بە مانای؛ گوو دێت نەک پیسایی وەک چۆن بە ئینگلیزی دەڵێین ؛ شیت (schit). ئەم بەرهەمەشی بە نرخی سی (30) گرام بەهای زێڕی ئەو سەردەمە خستە بازاڕەوە، هەرچەندە لە سەردەمی خۆیدا کەمی لێ فرۆشرا، لەبەر ئەوەی هونەمەند لە تەمەنێکی لاویدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام ئەمرۆ زۆر لە قوتوەکانی لای کۆلەکسیۆنەرەکان و لە مۆزەخانەکاندا دانراون. ساڵی 1961 قوتویەک گووی هونەرمەند بە 40 ئۆرۆی نرخی زێڕی ئەو سەردەمە بوو، ساڵی  2016 بەهای قوتویەک گەشتە 275 هەزار ئۆرۆ، ئەمڕۆ نرخی قوتیەک گوی هونەرمەند نزیکەی سێ هەزار جار بەهای زێڕە، زیاتر لەوەی هونەرمەند چاوەڕوانی لێ دەکرد.
 دوای چل ساڵ لە مۆزەخانەیەکی دانیمارکیدا یەکێک لە قوتوەکان گوی لێ ئەچێت، ئەوەی شاراوە بوو هاتە دەرەوە، مۆزەخانەکە دەلێت؛ قوتویەک گوو بە بێ گوو بەهای نیە، بەڵام کۆمیسەری هونەری دەڵێن ؛ ئەگەر لێ شی بچێت ئەوا بەشداری دەکات لە کارە هونەریەکەدا. هەندێ قوتو لێی دەچیت هەندێکیشیان لێی ناچێت، دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە ئەوانەی لێیان ناچێت، گوایە هونەرمەند بۆمبی کاتی تێدا داناوە.

بێ گومان ئەم کارە هونەریە کاریگەری هونەری کۆنسێپتوێلی بەسەرەوەیە ؛ کاتێک گرنگی ئەدرێت بە بیرۆکە، بە کۆنسێپت، لەبری شکڵ و فۆرم، بەتایبەتی کاریگەری تەوالێتەکەی هونەرمەندی فەرەنسی ؛ مارسێل دوشا (  Marcel Duchamp )  کە داهێنەری هونەری ؛ ( ready-mades) بوو . 
ساڵی 1989 هونەرمەندی فەرەنسی ؛ Bernard Bazile ، لە پێشانگایەکدا وەک پێرفۆرمەنسێک قوتویەکی کردەوە لە بەردەم بانگهێشتواندا، بۆنی کرد و بە بینەرانی ڕاگەیاند کە بۆنی گوی لێ دێت، دوای ئەوە هونەرمەندی فەرەنسی ؛ بێن(Ben)،  قوتویەکی بچوکی تری خستەوە ناو قوتوە کراوەکەوە، بە 30 هەزار ئۆرۆ فرۆشرایەوە لە بازاڕدا وەک کارێکی هونەری نوێ. بێن، بە وەرچەرخاندنی  کاری هونەری ناسراوە.
لە ساڵی 1990 دا، بێن ( Ben )  لە پیشانگایەکدا، هەمان قوتوی هونەرمەندی دانابو، بە تەنیشتیەوە کەعبەی موسڵمانانی بە گەورەیی لە ژورێکدا وەک خۆی کردبوەوە بە بێ کۆمێنت.  لەو سەردەمەدا کاتێک ئەو کارەم بینی  وەک کارێکی ڕەخنەیی بینم لە کەڵچەری ڕۆژئاوا، ئەو بیرۆکەیەی خێرا بە بیرمدا گوزەری کرد، ئەوە بوو کە  هونەرمەند دەیەوێت پێمان بڵێت ؛ لە ڕۆژهەڵات خەڵکی بە دەوری کەعبەدا دەسوڕێنەوە و ئێمە لە ئەوروپا گرنگی بە گووی هونەرمەند ئەدەین. بێ شک هەڵە بووم. 
شیکاری فرۆیدی بۆ ئەم کارە هونەریە ؛( گوی هونەرمەند )، ئەوەیە لە سەردەمی منداڵیدا لە تەمەنی دوو هەتا سێ ساڵیدا، کە پێی دەوترێت سەردەمی ؛ ( کۆم، پیسایی )، منداڵ ڕێگری لە خۆی دەکات پیسایی بکات، لەبەر ئەوەی وەک بەشێک لە موڵکی جەستەی خۆی دەزانێت و نایەوێت بزڕی بکات، وەک کەرەسەیەکی بەهادار و گرێدراو بە خۆیەوە، بۆیە باوک و دایک لەو تەمەنەدا گالدانی منداڵەکانیان ئەدەن و زۆریان لێ دەکەن، بۆیان ڕون دەکەنەوە کە دەبێت پیسایی بکەنو گەمەش بە پیساییەکەیان نەکەن، هەر کاتێک منداڵەکە پیسایی دەکات بە خۆشی و شانازیەوە پیشانی باوک و دایکی ئەدات وەک بەرهەمێکی گرنگ و دیاریەکی بەهادار کە خۆی بەرهەمی هێناوە. گوایە هونەرمەندیش بە بێ ویست، بە ئەنستات پیسایی خۆی وەک کەرەسەیەکی بەهادار پیشانی خەڵکی ئەدات. 
بچوکترین ئەکسیۆن و کارێکی هونەری و شکڵێل کە هونەرمەندێک بەرجەستەی دەکات دەتوانێت دەیەها ئاراستە و ئامانج  بپێکێت، هەندێک جار لە مەبەستی دەستپێکی سەرەکی هونەرمەند خۆشی ڕاگوێست دەبێت. یەکێک لە پاڵنەرە بنەچە ڕاستەوخۆکانی ئەم ئۆبژێ هونەریە ئەوەیە، کاتێک لەو سەردەمەدا هەندێک لە تابلۆ هونەریەکان نرخیان گەشتبووە ئاستێکی خەیاڵی، بە جۆرێک هەندێک لە تابلۆکان ئاسیۆرانسەکان لە توانایاندا نەبوو ئاسیۆرانسی بکەن، لە کاتێکدا هەندێک لەو تابلۆیانە لە ژێرخانەکاندا دۆزرابونەوە. ئیتر خەڵکی بەدوای کاری هونەریدا وێڵبوون بە هەر نرخێک بێت، لەبەر ئەوەی نرخی تابلۆکان لە بازاڕدا هەمیشە وەک بازڕی بورسە لە هەڵکشاندندا بوون. ئەگەر جاران کۆلەکسیۆنەرەکان دەچونە ماڵی پیکاسۆ ئەو تابلۆیەیان هەڵدەبژارد کە بەدڵیان بوون، بەڵام سەردەمەکەمان تەواو گۆڕابوو، بەهای تابلۆکان بەهای بازاڕیان هەبوو، نەک بەهای مۆدێرنیتێ و هزر و هونەری، بەتایبەتی ناو و واژۆی هونەرمەندەکە  خۆی گرنگی هەبوو،  لێرەوە بازاڕی هونەری بازرگانی پەرەی سەند و گەلەری و بازرگانەکان کاری بە ڕوکەش هونەریان دەخستە بازاڕەوە و نوسەرێکیان دەدۆزیوە بۆ پیاهەلدانی بە وشەی باق و بریق و ئەکادیمی و پاشان دەفرۆشران وەک کارێکی هونەری بایەخدار، ئەم مۆدێلەش ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات لە پەرەسەندندایە، بۆیە کاردانەوەی هونەرمەند رادیکاڵانە و کۆمیکە بەرامبەر بەو دیاردە نوێیەی کۆمەڵگە و پێمان دەڵێت ؛ ئەگەر ئێوە بەڕاستی هونەرمەندتان خۆش گەرەکە، کەرەسەیەکی تایبەت بە هونەرمەندتان دەوێت کە پەیوەست بێت بە هونەرمەند خۆیەوە، ئەوا باشترین کەرەسە، گووی هونەمەرند خۆیەتی.
کاری هونەرمەندی فەرەنسیش ؛ بێن، هەڵماڵینی ڕویەکی تری هەقیقەتی ئەو قوتووەمان بۆ واڵا دەکات؛  لەبەر ئەوەی هەردوکیان ؛ قوتووە گوووەکە و کەعبەی موسڵمانان هەمان دەور دەبینن و بە هەمان مەبەست کراون؛ ملوێنەها خەڵک لە هەموو جیهانەوە دەچن بۆ کەعبە و بە دەوری بەردێکی ڕەشدا دەسوڕێنەوە، بەردەکە وەک ماتریال خۆی بەهایەکی ئەوتۆی نیە لە بنەچەدا و مرۆڤ گرنگی پێداوە، کەواتە ئەتوانین بەهاش بدەین بە گووی هونەرمەندێک کە توانای هەیە خەڵکی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە بە دیبەیت و لێکدانەوە و ڕوداو، جیاوازیەکە ئەوەیە کاری هونەرمەندەکە کارێکە بە ئاگاییەوە کراوە و کەعبە بە ئەنستات  بە بێ ئاگاییە، بە ئەنستات لەلایەن مرۆڤەوە کراوە بۆ گردبونەوە بە هەر نرخێک بێت لە دەوری شکڵێک، باسێک کە پێویستیەکی بنەڕتیە بۆ گردبوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە دەوری یەکتر، ئەم دیاردەیەش غەریزیەکە لای مرۆڤ لە ڕابوردودا بە داهێنانی تەوتێم و بت و پاشان وەهمی خودا، لەسەردەمی مۆدێرنیشدا بەجۆرێکی تر بەردەوامی پێ دەدرێت، بەڵام جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەم ڕوەوە، ئاگاییە بەم خاسیەتەی مرۆڤ و واڵاکردنیەتی بۆ بە ئاگاهاتنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە  لە سروشتی ومرۆڤ و لە ناخی خودی مرۆڤ و دەروبەرەکەی، لە ئەکسیۆنەکانی. هونەر و هونەرمەندیش کاریان واڵاکردنی ئەو هەقیقەتەیە. 

چۆن گەیشتینە قوتویەک لە گوی هونەرمەند وەک کارێکی هونەری؟ 

تابلۆکانی لیۆناردۆ داڤنچی و ڕامبرەند و هونەرمەندە ناودارەکانی سەردەمی ڕێنیسانس ئەگەر پۆرترێی کەسێکی ناودار یان باسێکی بایبلی و مێژوویی یان  لە خزمەتی سیستەمدا نەبونایە، بەهاین نەبوو لە بازاڕدا، هونەر و هونەرمەند وەک مرۆڤی ئەو سەردەمە ئازاد نەبوون لە دەربڕینی ڕاو بۆچوونیان، هەموو کۆمەڵگە لە ژێر داخوازی پیاوانی دینی و پاشان دیکتاتۆر و سیستەم، بە هەموو شیوەیەک هونەریان بە ئاراستەی ئامانجی دەسەلاتی خۆیاندا دەشکاندەوە و هانیان ئەدا،  نمونەیەکی زەقی ئەم بەلادابردنە بۆ خستنە گەڕی هونەر بە ئاراستەی ئایدۆلۆژی سیستەمێک لە سەردەمی مۆدێرندا، ڕیالیسمی سۆسیالیستی بوو لەسەردەمی ستالین و نازیەکاندا. بۆیە هونەرمەند بڕیاردەر نەبوو لە هەڵبژاردەی باسەکانی، ئەو کارانەی کە تایبەت بوون بە هونەرمەند خۆی، بەهایان نەبوو لە بازاڕدا، لەبەر ئەوەی شارستانیەت هەردەم گەرەکی بووە هەقیقەت بە شێوەیەکی تر خۆی نمایش بکات لەوەی کە هەیە، بەرگێکی ڕازاوە بکەن بە بەر هەموو شکڵێکدا بۆ پاساودان بە سیستەمەکەیان، بەڵام بەتەنیشت ئەم کارە هونەریە مێژویانەوە هونەرمەندان کاری تایبەت بەخۆیان کردووە بە پێی سەردەم، یان لەناو تابلۆ ریالیست و مێژویەکانیاندا کە باسی بایبڵ بوون یان پۆرترێی پیاوانی ناودار، بەشێک لەو هەقیقەتەیان  حەشارداوە بەشێوەیەکی هونەری، بۆیە هونەرمەندەکان هەرخۆیان بەهای تابلۆکانیان دەزانی، لەبەر ئەوەی بە ئاگاییەوە ئەو شکڵانەیان دەکرد و دەیان زانی بە چ مەبەستێک، هەر بۆیەش لیۆناردۆ داڤنچی مۆنالیزای بە پشتی کەر لە ئیتالیاوە برد بۆ فەرەنسا لەگەڵ خۆی، ئەو سەردەمە بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو بۆ خەڵکی جگە لە هونەرمەند خۆی نەبێت کە نرخی سپیریوێڵی هونەرەکەی دەزانی، بەڵام ئەمڕۆ وەک کارێکی دانسقە و پیرۆز دەیبینین ،کەس بۆی نیە لێی نزیک بکەوێتەوە نەوەکا بڕوشی، هەندێکیان دەچنە بورسەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین مێژووی هونەر، مێژووی خەباتی ئازادیە لە دەربڕینی هەقیقەت، هەڵماڵینی ئەوەی شاراوەیە بە دۆینەوەی زمانێک بۆ گوزارشت کردن لەو هەقیقەتە ئاڵۆزە.
 بۆ نمونە کاتێک هونەرمەندی ئیسپانی؛ ڤێلاسکێس(Diego Vélasquez   ) پۆرترێی پاپای( Innocent X ) دەکات لە ساڵی 1650 دا، ڤێلاسکێس بەوە ناسراوبوو کە دەیتوانی دەرونی کەسێک، هەقیقەتی ناخی کەسێک لە پۆرترێیەکی ڕیالیسمدا بەرجەستەبکات. وەک  دەبینین لەو شکڵە ڕیالیسمەدا هونەرمەند توانیویەتی ناخی دەرونی پاپامان بۆ واڵا بکات، هەقیقەتی ناخی پاپا چ کەسایەتیەکە ! دەتوانین کارەکتەر و دڵڕەقی لەو پۆرتێیەدا ببینین بە جۆرێک کاتێک پاپا سەیری تابلۆکەی کردووە لەو سەردەمەدا، سەری سوڕماوە و وتویەتی ؛ بەڕاستی پۆرترێیەکی زۆر هەقیقیە. بەڵام لەو سەردەمەدا هونەرمەند نەیدەتوانی لەو شکڵە کلاسیکیە لابدات بۆ دەربڕینی زیاتر لەو هەقیقەتە، دوای سێ سەتەی تر، فرانسیس بیکۆن (Francis Bacon )  هەمان تابلۆی ڤێلاسکێس دەکاتەوە، دەبینین چلۆن خەباتی هونەر لەگەڵ مێژودا ئەو ئازادیەی بە هونەرمەند بەخشیوە بە جۆرێکی تر و بە ڕاستەخۆ هەقیقەتی شاراوەی ئەو کەسایەتیەمان بە دیارتر بۆ نمایش بکات. دەبێت دەوری ئەوروپاش بە هەند وەرگرین لە هەنگاوە تۆکمە لەو خەباتەدا بە بزوتنەوە هونەریکەنیانەوە بۆ ئەفراندن و داڕشتنەوەی زمانێکی هونەری کە لە مێژەوە مرۆڤ لەگەڵ شارستانیەتا وەک غەریزەیەکی لێی دابڕابوو. لەبەر ئەوەی هەموو مرۆڤێک هونەرمەندە بە سروشتی، ئەگەر بێ گوومان بەهرەی هونەری تێدا بێت، ئەوا دەزانێت بە زمانی هونەری گوزارشت لە هزری بکات بە بێ ئەوەی کەسێک لەسەروی خۆیەوە ڕاهێنی بێت. ئەوەی دەبێتە بەربەست، یاسا کۆمەڵایتەیەکانن کە خۆیان لە مۆدێل و لە بازاڕدا دەدۆزنەوە و رووی هونەرمەند بە ئارستەی چەوتا دەبەن، ئەگەر نا هونەر وەک زمانی قسەکردن خودییە، غەریزەیەکە و یاساو ڕێسای خۆی هەیە، مرۆڤ بەسروشتی خاوەنداریەتی، شارستانیت ئەو غەریزەیەی  پێ بزر کردووە وەک توانای  هزر و جەستەشی. ئەگەر مرۆڤی ئەشکەوتەکان بە هاسانی توانیویانە گوزارشت لە هزریان بکەن، لەبەر ئەوەی روبەڕوی بەربەستی کۆمەڵایەتی نەدەبونەوە لە گوزارشتکردندا، بازاڕ و مۆدێل فشاریان لەسەر هونەرمەند نەبووە، ئەوە بوو لە سەدەی بیستەمدا بە بزوتنەوە هونەریەکانی هونەر لە ئەوروپا، توانرا جارێکی تر هەموو بەربەستێک بشکێندرێت و زمانێکی نوێ بۆ هونەر دابڕێژرێتەوە. کاتێکیش لەسەدەی بیستا، ئەوروپا بەئاگا هاتەوە لە کاریگەری دەوری هونەر بەشێوەیەکی کارا لە کۆمەڵگەدا، بە تایبەتی کاریگەری دەوری ئەمپرێسیۆنیستەکان لە بە دینامیکردنی کۆمەڵگە و داهێنانی شکڵێ نوێ، بە متریالکردنی هزر وەک پەنجەرەیەک بە ڕویی داهاتودا، گرگنیەکی گەورەیان بە دەوری هونەردا لە کۆمەڵگەدا. 
 وشەیەک کە بتوانێت باشە و هەقیقەت و جوانی بگرێتە خۆی، هارمۆنیە، بەڵام بە یۆنانای بە هارمۆنی وتراوە ؛ کۆسمۆس، کۆسمۆس ئەو ناوەیە کە دراوە بە گەردون، واتە جیهان بە واتا فراوانەکەی، ئەم گەردونەش لە ژێر قانون دایەو گرێدراوە بە ئۆردەرەوە، ئەو قانونانەی کە خۆیان دەسەپێنن بە کۆسمۆس بە چاو نایبینین، پێویستمان بە ئەنتەلێکت هەیە بۆ تێگەیشتن پێی، بۆ زۆر کەس ئەوە ماتماتیکە کە کۆسمۆس بە رێوە دەبات، هەتا ئەو ئاستەی کە سێکی وەک پیتاگۆڕ وتی ؛ ژمارە، زمانی خودایە، مەبەستی لە پرەنسیپی ئەفرنێدەر بوو. بۆیە ئەتوانین بڵێین هونەریش ماتماتیکە، واتە لۆژیکی وەرچەرخاندنی هزر بۆ شکڵ و فۆرم  لۆژیکێکی ماتماتیکیە، نەک قانونێکی سەپێندراوی مرۆڤ، راستە بزونتنەوە هونەریەکان جۆریک لە کۆنسێپتیان ئەفراند، بەڵام ئەو ئەفراندنانە لەسەر بنەمای زمانی هونەری بوو، بەردەوامی بوو لەسەر هەمان لۆژیک نەک قانونێکی هونەری.
دەتوانین بە چەندەها جۆر ڕاڤە بۆ هونەر بکەین، بەڵام ئەگەر هونەر کورت بکەینەوە لە ڕستەیەکدا، بە واتای؛ بەشکڵکردنی هزر دێت، شکڵکردن بە بەری هزردا، پێدانی شکڵ بە بیرۆکەیەک. بە بێ ڕێکەوتیش نیە کە لە زانستا ناوی ئەو تەنلۆکەیەی کە بارساتیی ئەدات بە ماتریاڵ، پێی دەڵیین ؛ گەردیلەی خودایی، ناوە زانستیەکەی ؛ (  boson de Higgs)،  لەبەر ئەوەی هەموو ئەم بۆشاییەی کە لە گەردوندا هەنە، بۆزۆنی هیگس شکڵ و بارستایی پێ بەخشیون. کاری هونەرمەندیش لە سەردەمی ئەشکەوتەوە هەتا ئەمڕۆ، پێدانی شکڵ بووە بە بەری ڕۆحدا، بە بەری هزردا. خۆ ئەگەر نیچ دەڵێت ؛ ( ئەوە مێژو نیە بەڵکو هونەرە گوزارشت لە ژیانی ڕاستەقینە دەکات، هونەرە و تەنها هونەر، خاوەنی هونەرین هەتا هەقیقەت نەمان کوژێت)، ئەوا هونەری سەدەی بیست توانی بەرگێکی ڕاستەقینە بکات بە بەری هەقیقەتا بە پێی ئەو توانایەی کە پێی درابوو، بێ گومان  وەرچەرخان (Transformation) ی تێدا کراوە، لەبەر ئەوەی هزر لە دۆخێکەوە وەرچەرخاوە بۆ دۆخێکی تر بە تێپەڕبونی بە جەستە و بە هزری هونەرمەندا.
ئێمەی مرۆڤی ساپیان ئەگەر مرۆڤین و جیاوازین لە ئاژەلان لەبەر ئەوەی کە توانای وەرچەرخان ( Transformation ) مان هەیە، لەبەر ئەوەی خۆمان بەرهەمی ترانسفۆرماسیۆنین، خاوەنی هزرێکین کە توانای وەرچەرخاندنی  پێداوین، بە وەرچەرخاندنی خۆمان و دەوروبەرمان لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر، جیاواز لە ئاژەلان کە بە شێوەیەکی سروشتی پەرە دەسێنن. یەکەم گۆڕانکاری(Transformation ) لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، گۆڕانکاری بوو لە سروشتا، بە گۆڕینی ئاژەڵانی کێوی بۆ ئاژەڵی ماڵی لە سەردەمی کشوکاڵیدا، بەڵام هونەر زۆر لە مێژەوە دەستی بەو گۆرانکاریە کردووە؛ پیش ئەوەی لە ئەفریقاوە بەرەو کیشوەرەکانی تر کۆچ بکات، بە گۆڕینی سەدەفی دەریایی بۆ ملوانکە، وەک یەکەم کاری هونەری، ئەم ترانسفۆرماسیۆنانە بەردەوام بوون هەتا گەشتینە قوتویەک لە گوی هونەرمەند بە وێنەی ئاڵۆزی شارستانیەتەکەمان.
 لەبەر ئەوەی هەموو ترانسفۆرماسێۆنێک لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر گۆرانکاری بە سەردا دێت، بەڵام قوتویەک گوی هونەرمەند لە دۆخی پێش ترانسفۆرماسیۆندا چی بووە ؟ کۆمەڵە بیرۆکەیەکن دەرئەنجام خۆیان لە قوتویەک گودا دەبینیەوە؛ لەسەرەتادا بەرپەرچدانەوە و بە لادابردنی ئەو هەڵپە هەڵپو چاوچنۆکیەی مرۆڤی سەدەی بیست بوو بۆ هونەر وەک وتمان لەسەرەوە، لەهەمان کاتا هەڵماڵینی ئەو هەقیقەتەی کە هیچ شتێک بەهادار نیە لە جەوهەردا؛ ئەگەر بەها ئەدەین بە سوژەیەک، بە ئۆبژیەک، غەریزەیەکە و ئەبێت ئاشنابین بەو غریزەیە، ئاشنایمان، بە ئاگاهاتنەوەمان لە دەروونی خۆمان، دەمان گەیەنێتە ئاستێکی تری هەقیقەت.
بۆ ئیفلاتون ، جوانی و هەقیقەت یەک شتن، ( بەڵام نابێت هەقیقەت بە روکەشی شتەکان تێ بگەین ) هەقیقەت لە ژێر شکڵی جیاوازدا گوزارشتی لێ کراوە. باشی و هەقیقەت و جوانی، هەرسێکیان یەک شتن لە گۆشەنیگای جیاوزەوە و بە زمانی جیاواز گوزارشتیان لێ کراوە، سەرچاوەی هەمویان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی پلاتون ناوی ناوە؛ باشە .
ئەگەر هەموو شکڵێکی نوێش دژایەتی کراوە و وەک کارێکی بەرەڵایی تەماشی لێ کراوە، لەبەر ئەوەی قبوڵکردنی هەقیقەت وەک ئەوەی کە هەیە گرانە، هونەرمەندان زۆرجار بە کەسانی شێت لە قەڵم دراون، لەبەر ئەوەی بەرهەمی هزرێکی نوێ بوون،  هەقیقەتێکی نوێ لە پەیوەندیە سۆشیالەکانماندا. هەموو هزرێکی نوێ ڕوبەروی دژ، ڕوبەڕوی ناکۆکی دەبێتەوە، ئەم میکانیزمەیە کە بە هونەرمەندا تێپەڕ دەبێت و خۆی دەنوێنێت، خۆی لە شکڵێکدا دەبینێتەوە، هونەرمەند تەنی وەرچەرخانە، هزر بەودا تێدەپەڕیت و شکڵ وەردەگرێت، ئێمەش خۆمان لە شکڵەدا دەبینینەوە پاش ئەوەی دژایتیەکی توندی دەکەین. هونەر ڕەنگدانەوەی سیتەمەکەمانە، بە ماتریالکردنی سیستەمە، هەر سیستەمێک خۆی لە هونەردا بینیەوە، واتە ئەگەر هونەرمەند توانی گوزارشتی لێ بکات، کەواتە ئەو فێنۆمێنە بۆتە مۆدێلێکی ژیان و قبوڵکراوە و پەیڕەوی دەکەین، بۆیە دەبێتە بنەچەیەکی پتەو بۆ بازدان بەسەر ئەو دۆخەدا و گەیشتنی بە دۆخێکی تر، ئەمەیە دیلەکتیکی بەردەوام بوون دژی چەقبەستوویی. 
کاری هونەرمەرند هەڵماڵینی هەقیقەتە لە ژێر شکڵیلی هونەریدا، نەک پیشاندانی روکەشی باسەکان وە ک ئەفلاتون ووتی. بە یۆنانی بە هەقیقەت دەوترێت ؛ Alétheat  بە مانای لابردنی پەردە دێت، پەردەی ڕوکەشی، بەڵام وشەکە بەمانای ڕاستی ( Réalité) ش هاتووە، بۆیە دەوری هونەر ئەوەیە کە راستی بنیات بنێتەوە لە هقیقەت خۆیدا. ئەگەر ئەو قوتووە چەندەها نیشانە دەپێکێت، لەبەر ئەوەی هەقیقەت خاڵێکی دەستپێکی نیە، ئامانجێک و نیشانەیەکی دیاریکراویشی نیە،  بۆیە بە ڕاستەوخۆ پێی ناگەین، هەقیقەت لێرەدا بە قوتویەک گوودا تێپەڕ دەبێت بۆ گەیشتنی بە مەبەستێک کە بریتیە لە چەندەها نیشانە.
 
هونەرمەندی ئیتالی؛  (Maurizio Cattelan) لەساڵی 2019تەوالێتێکی بە زێڕی پوختی هەژدە عەیار، وەک ئۆبژەیەکی هونەری دروستکرد بە ناوی ؛ (لە سەدا یەک). مەبەستی هەڵماڵینی ئەو ڕاستیە بوو کە سەرمایە بەدەست لە سەدا یەکی جیهانەوەیە. ئەم کارە هونەریە دیبەتیت و هەڵای زۆر نایەوە، کاتێک ترەمپ لە کۆشکی سپی بوو، داوای تابلۆیەکی ڤانگۆگی کردبوو بە مەبەستی هەڵواستینی لە کۆشکی سپی، بەڵام مۆزەخانەکە پێشنیارەکەی رەتکردبوەوە و پێشنیاری تەوالێتە زێڕەکەی بۆ کردبوو. پاشان ئەم تەوالێتە لە کۆشکی  palais de Blenheim   لە  Oxfordshire بۆ ماوەیەک دانراوخەڵی بۆیان هەبوو بۆ ماوەی سێ خولەک وەک لە سەدا یەکی دانیشتوان لەسەر تەوالێتێکی زێر خۆیان خاڵی بکەنەوە، بەلام هێندەی نەبرد تەوالێتەکە دزرا و هەتا ئەم ساتە دزەکان نەدۆزراونەتەوە، هەرچەندە بەهای چەندایەتی زێڕکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام نرخی لە بازاڕدا ملوێنێکو سیازدە هەزار ئۆرۆیە، کاتێک هونەرمەند هەواڵی دزینی پێ درا، ووتی ؛ توشی شۆک بووم و پێم سەیر بوو کە خەڵکی تەوالێتێک ئەدزن، لە بیرم چوو کە تەوالێتەکەم لە زێڕ بوو.
بەم شێوەیە هەڵماڵینی هەقیقەتی سەردەمەکەمان بەردەوامە لەکاری هونەریدا، بە دوبارەکردنەوەی ئەو روداوانەی هەموو ڕۆژێک بە تەنیشتیانەوە تێ دەپڕین و لەدەوروشتماندا روو ئەدەن، بەڵام ئەو کاتە توشی شۆکمان دەکەن کاتێک هونەرمەند کارەکە کۆپی دەکاتەوە یان دوبارەی دەکاتەوە وەک خۆی لە ساڵۆنێکدا وەک پێرفۆرمەنسێک هەتا دەگاتە هەڵماڵینی باری ژیانی پرۆلیتار.
 هونەرمەندێكی ئەمریکی بۆ ڕونکردنەوەی باری ژیانی پرۆلیتار، پەیکەرێکی مۆدێرن دەکات لە پێشانگایەکدا کە پێویستی بە ڕاگرتنیەتی لەسەر شەش پایە، بۆ ئەمەش داوای شەش کرێکار دەکات لە بازاڕدا بەنرخی موچەی ڕۆژێکی کرێکار، شەش کرێکاری پێست ڕەش کارەکە قبوڵ دەکەن، لە پێشانگاکەدا ماوەی هەشت سەعات ئەم شەش کرێکارە ئەو پەیکەرە مۆدێرنە دەخەنە سەرشانیان لە بەردەم بانگهێستوەکاندا، کە کارە هونەریەکە بۆ ئەو مەبەستە کراوە بە گوێرەی کێش و قەبارە. خەڵکی بەبینینی ئەو دیمەنە هونەرمەند بە کەسێکی فاشست و و هونەرەکە  بە کارێکی قیزەوەن دەبینن. هونەرمەندیش پێمان دەڵێت ؛ ئەوە من نیم کە فاشیستم، ئەوە ئەو سیستەمەیە کە هەمو ڕۆژێک ملوێنەها خەڵک دەخاتە ئەو دۆخەوە، من ئەو هەقیقەتە پیشان ئەدەم.
بەڵام پێ دەچێت هەموو ئەم کارانە جارێکی تر ببنەوە ڕوکەشێکی تری هەقیقەت، ئەوەی هونەرمەندێش گەرەکی بووە دژی بوەستێتەوە خۆی دەبێتە بە داپۆشینی ئەو هەقیقەتە و بە دوبارەکردنەوەی، لێرەوە لە وتەکەی نیچ باشتر تێ دەگەین کە دەڵێت؛ هونەرمان داهێنا هەتا هەقیقەت نەمان کوژێت.
پێ دەچێت ئێمەش وەک موسڵمانان بەدەوری بەردێکی بێ بەهادا بسوڕیینەوە، بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە کە ئێمە مرۆڤی بە ئاگاین، ئەم ئاگایەیە کە دەمان گەیەنێت بە ئاستێکی تری هۆشمەندی و بڕیاردان، گەیشتن بەوەی کە ناومان ناوە ئازادی واتە؛ ئازادی بڕیاردان .