ئاڵای فەرەنسی و ئاماژەکانی لە ئۆسلۆوە بۆ هەولێر

Thursday, 09.02.2021, 20:36

2232 بینراوە


ئاڵای فەڕەنسی و ڕەنگەکانی سێ ئاماژەی جوانی باڵای، پڕ مانا بۆ مرۆڤایەتی، لە هەموو ئان و ساتێکدا، لە خۆگرتووە. کە ئەوانیش ئازادی و یەکسانی و برایەتین. 
فەرەنسا لە ساڵی 1794 ەوە، ئەم سێ ڕەنگەی بۆ ئاڵاکەی خۆی هەڵبژاردووە. کە ئەم سێ ڕەنگەش خۆی لە ئامانجەکانی شۆڕشی فەرەنسیدا ئەبینێتەوە. ئەو شۆڕشەی ماوەی ١٠ ساڵ درێژەی کێشا و تیایدا گەلی فەرەنسی و فەرەنسا بە گەورەترین کێشمەکێشی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیاندا تێپەڕین. بە کورتی لە ساڵی ١٧٨٩ ەوە، فەڕەنسییەکان دەست و پەنجەیان لە گەڵ بنەماکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی نەرم کردووە. ئیمانوئێل ماکرۆنیش کە لە ٢٠١٧ ەوە سەرۆکی فەرەنسایە، بۆ خۆیشی خاوەنی چەند بڕوانامەیەکە لە بەڕێوەبردن و خۆیندنی سیاسەت، تۆ بڵێی ڕەنگە پڕ ماناکانی ئاڵاکەی لە بلاجکتۆرە ڕەنگاوڕەنگەکانی دیواری قەڵای هەولێر جیانەکاتەوە؟
ماکرۆن گەیشتە "هەولێری ئازادی و هەولێری یەکسانی و هەولێری برایەتی". تا بڵێی لە شاشەکانەوە دیمەنی جوان و شایستەمان دی بەو سەرۆکە جیهانییە. ئەوە لە فەرشی سور ڕاخستن و چی کراوە و چی خوراوە لەو دیو پەرژینی ماڵەکەی سەرۆکەوە هەر بگەڕێن.
هەولێر لە چاوی کامێراکانەوە و بەو ڕووکەشییەی کە ماکرۆن بینی لە فەرەنسا ئازادتر ئەهاتە بەرچاو. ئەو فەرەنسا ئازادەی کە جورئەتی دایە پیاوێک، تا بەوپەڕی لە خۆ بووردەوە، شەپازلەیەک  لە ڕوومەتی سەرۆک بدات، بە بەرچاوی کامێراکانەوە. بەڵام ئاخۆ ماکرۆنیش و ئێمەش لە خۆمان پرسیوە، گەر ڕەش و ڕووتێکی هەولێر شەپازلەیەک بدات لە ڕوومەتی سەرۆک، لە نێو حەشامات و بە بەرچاوی کامێراوە، چارەنووسی بە کوێ دەگات؟ دەبا جەنابی ماکرۆن سەردانێکی زیندانیانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینانی کردبا لە زیندان، تا بیزانیبا چ ئازادییەک وا لەم هەرێمەدا بەرقەرارە؟ 
جا هیوادارم بەڕێز مامۆستا د.عادل باخەوانی سۆسیۆلۆجی گەورەی کوردی-فەرەنسیش، کە تیشکی زۆری خستۆتە سەر دۆستایەتی نێوان سەرۆکی فەرەنسی و سەرۆکی هەرێم. ئەرکی کێشابا و ئەم کورتە وتارەی کردبا بە فەرەنسی، تا بەو هیوایەی ماکرۆن چاوی پێ کەوتبا و تێفکریبا چ ئازادییەک وا لە هەولێرا! 
بۆ تێگەیشتنی جەنابی ماکرۆنیش لە یەکسانییەکەی دەسەڵاتدارانی پیرە هەولێرێ. با تەماشایەکی ماشێنەکەی سەرۆکی هەرێم بکردایە، کە دیمەنە دڵڕفێنەکانی شاری نیشاندا. با سەردانێکی ماڵەکەشی بکردایە و بیبینیایە کە تاکە ماڵی سەر ڕووی زەوییە، کە بە ماشێن بتوانی بە نێویدا بسووڕێیتەوە. لەوێشەوە بچوایە، بۆنێکی بەرباخەڵی خەڵکی باداوای بردایە و بیپرسییایە، ئەڕی بەڕاست ئەوە لە کەیەوە خۆتان نەشووشتووە؟ ئێوە زاهیدن یان چی؟ باوەڕ ناکەم لە کەم ئاوی بێت، بەوەی من دیوە لە ماڵی سەرۆک، دەبێ هەر نەبێ ئێوە هیچ کەم کوڕییەکتان نەبێت. ئەی گوایە یەکسانی ئەبێت چۆن بێت؟
بۆ برایەتیش باوەڕ ناکەم ماندووبوونێکی زۆری بوێ، ئەگەر تۆ لەم سەردانەدا لە پارتی و زێڕەڤانی و مام و کوڕ و بڕازایەک، زیاترت بینی بێ، ئەوە من بە هەڵەدا چووم. ئەگەر گێڕانەوەکانی نادیە موڕاد و وەفدی شەڕڤانان لە پاریس و شەنگالییەکان فەرقی نەبوو لە گەڵ گێڕانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، سەبارەت بە دۆخی برایەتی نێوان ئەوان و شەنگالییەکان و کوردانی ڕۆژئاوا، ئەوە دیسان من بە هەڵەدا چووم. خۆ ئەگەر زۆر وردی بکەمەوە بۆ برایەتی نێوان دەسەڵاتی هەولێر و حزبەکانی دیکە، بفەرموون سەرێکیش لە حزبەکانی سلێمانیش بدەن، بزانن ئەوان چی ئەڵێن. گەر نەیانووت لە برا زۆر بچووک و تێهەڵدراوەکە یان مشەخۆرێک زیاتر، دەنا ئەو برادەرانەی هەولێر، کەسیان بە برای ڕاستەقینە قبووڵ نیە، ئەوە دیسانەوە بە هەڵەدا چووم. جا با دروشمی سەرەکیشیان برایەتی بێت. دوا تکاشم جەنابی سەرۆکی فەڕەنسا ئەوەیە، گەر ئەم جارە هاتیتە دیدەنی برادەرانی هەرێم، هەوڵ بدە هەندێک لە ماناکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتییان بۆ شیبکەیتەوە، خۆ ئەوان شت هەر هەر لە تارانی ستەم و ئەنکەرەی ڕەگەزپەرستەوە، فێر بوون، با هەندێک بەهاش لە تۆوە فێر بن.

تێبینی:

سێ تەوالێتی گشتی، لە سەنتەری شاری ئۆسلۆدایە، کە بە تەنیشت یەکەوەن و بە ڕەنگەکانی ئاڵای فەرەنسا ڕەنگکراون. ئامانجەکانی شۆڕشی فەرەنسیشیان لە سەر نووسراوە. لەمەوە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە ئازادی و یەکسانی و برایەتی ڕاستەقینە، لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە، مەگەر لە توالێتدا، دەستەبەر بێت.