سەرکردەیەتی حیزبی کوردی،گەورەترین بەڵا!

Thursday, 02/09/2021, 21:00

2330 بینراوە


لەدایک بوونیان: بوویە لەدایک بوونی ناکۆکی.
گەورە بوونیان: بووە ھۆی تەشەنەکردنی زامەکان.
کە لە شاخ بوون: بوونە بەڵا بۆ گیانی گوندییەکان.
کە دابەزین: بوونە نەفرەتییەکی درێژ خایەن بۆ شارەکان.
دەڵێی پەڵەیەکی ڕەشن بەڕۆحی سپی نەتەوەکەوە، ھەتاکو دێت ئەم پەڵە گەندەڵە، گەورە دەبێت و گەورە دەبێت، خۆیان زەمینەسازیی گەندەڵ بوون و قین و نەفرەتن، چوونکە دوو ئەندامیان نادۆزییەوە، ڕقیان لەیەکتر نەبێت. 
کلتووری ڕق و نەفرەت، ھەر دەتوانێ لە ڕەگەزی خۆی بەرھەم بێنێ، بۆیە تا دێ: 
 • نەفرەتەکە درێژتر و 
 • قینەکە قوڵتر و 
 • زامەکە بەسۆێتر دەکات.
من تێناگەم، بۆ گەلەکەم لە ڕۆژھەڵات  و باشووردا، حەفتاساڵە ئەم مەتەڵەی بۆ ھەڵنایەت کە ناوی (سەرکردەیەتی) حیزبی کوردییە؟!.
من تێناگەم، دایک و خوشک و ھاوژینی کورد، چۆن دەتوانن، کوڕ و برا و مێردەکانیان، قەبوڵ بکەن، بە:
 ⁃ مێشکێکی گەندەڵ و 
 ⁃ گیرفانێکی پڕ پیسایی و
 ⁃ بەرگێکەوە کە بۆنی ڕۆحێکی ڕزاوی لێدێ!!.
لە ئامێزیان بگرن، ماچیان بکەن، پێیان بڵێن:
 ⁃ ماندوو نەبی: کوڕم
 ⁃ بەخێربێیتەوە: کاکە
 ⁃ چاوڕێت بووم: ئازیزەکەم
چۆن دەتوانی، دایەی کوردی؟!
چۆن دەتوانی، خوشکی کوردی؟!
چۆن دەتوانی، براژنی کوردی؟!
گەل، لێ پرسراوە بەرانبەر بە فەرمانڕانیی: سەرکردەیەتی نیشتمان فرۆش، بەرپرسی خیانەتکار و حیزبگەلی گەندەڵ!!.
سەرنج/
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیمدا، بۆ ژنانی کوردی نیشتمانپەروەر و ھەموو ئەو گیانە کوردستانیانەی لە پێناوی کوردستانێکی ئازاددا ماندووبوون و گیانیان بەخشی و ئەوانەشیان، کە ئێستا لە مەیدانی تێکۆشانێکی کوردستانیدا، لە پێناو بە دەستھێنانی ئازادی بۆ نیشتمان و بەرھەم ھێنانی سیستەمێکی دادپەروەردا، لە ژێر ئەشکەنجەی حیزبی دەسەڵاتدا، وان لە زیندانەکان، یا لە گۆشەیەکی ئەم نیشتمانە زامدارەدا، وەک قەڵەمێکی ئازاد و تفەنگێکی ئامانجدار کە تەنیا و تەنیا ڕووی لە دوژمنانی کوردە، درێژە بە خەباتە کوردستانییەکە دەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە