داهێنان وەکو ئامراز

Saturday, 04/09/2021, 22:56

2647 بینراوە


هەموو داهێنانێک باشە ئەگەر وەک ئامراز بمێنێتەوەو خزمەتی مرۆڤ بکات،بەڵام هەموو داهێنانێک خراپە ئەوکاتەی مرۆڤ دەبێتە ئامراز بۆ بەخێوکردنی و مرۆڤ دەبێتە خزمەتکاری.
هەموو سیستەمێک کەدا ئەمەزرێت ،کە دائەهێندرێت دواجار دەگۆڕێت بۆ ئامانج و مرۆڤ دەخرێتە خزمەت هەڵسوڕانیەوە. هەموسیستەمێک لەسەرەتاوە فیکرو بیرکردنەوەیە ،بەڵام دواتر پاراستنی دەبێتە دۆگماو دژی بیرکردنەوە!چونکە بۆداهێنانی سیستەم پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی قوڵ و فرەلایەنە،بەڵام بۆ پاراستنی پێویستیمان بە بیرنەکردنەوەیە،هەموو سیستەمێک لەفیکرەوە لەدایک دەبێت و لە لەسەر بێ فیکری دەژیت.سیستەم بەرهەمی پرسیارو کێشەیە بەڵام کاتێک سیستەم دادەمەزرێت پرسیار دەبێتە کێشە بگرە دەبێتە تاوان!هەموو سیستەمەکان لەبنەڕەتدا بۆ پاراستنی شێوەژیانێک و لەقاڵبدانی مرۆڤ دێنەکایەوە،ئەوە سیستەم نییە دەکشێت و فراوان دەبێت بگوێرەی باڵابونی مرۆڤ،بەڵکو ئەوە مرۆڤە دێتەوەیەک و بچوکدەکرێتەوە بەگوێرەی سیستەم...هەموسیستەمێک کە دائەمەزرێت بۆئەوەیە بخرێتە خزمەت چۆنیەتی کارکردنی مرۆڤ،بەڵام دواتر مرۆڤ دەخرێتە خزمەت کارکردنی سیستەمەوە. لەدۆخی پشێویدا سیستەم دێتە کایەوە،بەڵام دواجار پشێوی بۆ پاراستنی سیستەم دێتەکایەوە. هەموو سیستەمێکی نوێخوازی داهێنەرانەیە بەڵام پاراستنی کۆنەخوازی و جێگیرییە. داهێنانی سیستەم گۆڕانە بەڵام پاراستنی جێگیری و نەگۆڕانە،ئامانج لەداهێنانی سیستەم گۆڕینی دونیایە بەڵام باراستنی ئامانجی نەگۆڕان و خولانەوەیە لەبازنەی سیستەمدا. سیستەمە گەورەکان لەپێناو گەورەبونی مرۆڤ دانەهێندراون،بەڵکو لەپێناو بچوکردنەوەو وەک یەک لێکردنی مرۆڤەکان داهێنراون.سیستەم بۆ پاراستنی پێویستی بەوەیە هەموانوەک یەک بیربکەینەوە و لەخزمەت سیستەمدابین.بۆیە مرۆڤ لەجیاتی ئەوەی هەوڵدات خۆی گەورەببێت،سیستەمی گەورەی داهێناوە لەپێناو بچوکردنەوەی مرۆڤ و وەستانی لەدۆخێکدا. هەموسیستەمێک لەقاڵبدانی مرۆڤە،بە سیستەمی بیرردنەوەشەوە،سیستەم دژی گەورەبون وگۆڕانەلەدژی سروشت و پەرەسەندنە،سیستەم دژە زانستە،خودی زانست دەبێتە ئامرازی پاراستنی سیستەم. سیستەم دژی فەلسەفەو بیرکردنەوەیە،چونکە فەلسەفە پرسیار لەهەموشت دەکات،بەڵام سیستەم پرسیار قبوڵ ناکات،لەبەر ئەوە هەموسیستەمێک دژی فەلسەفەیە. هیچ دۆگماتیزمێک نییە شان لەشانی ئەو دۆگماتیزمە بدات کە سیستەم دروستی دەکات . ئەوەی کە مرۆڤ پێی وابووە شتێک هەیە بەناوی قەدەر ئەوە خودی سیستەمە کە لەدژی ویستی مرۆڤەکان ئاوا کراوە و لەناو خۆیدا دەیانهاڕێت.تێپەڕکردنی سیستەم شۆڕشێکی گەورەدەبێت لە ژیانی مرۆڤایەتی،دەبێتە سەرەتایەکی نوێ،ڕوداوێک هێندە گەورەدەبێت کە بە هەزاران ساڵ مرۆڤ وەک جەژنێک یادی بکاتەوە.تێپەڕکردنی سیستەم بەئەندازەی دابڕانی مرۆڤ لە ئاژەڵە هاوچەشنەکانی ڕوداوێکی گەورەدەبێت ،تێپەڕکردنی سیستەم واتا تێپەڕکردنی مرۆڤ بە هەموو نەهامەتیەکانی،واتا ڕزگاربون لەقەدەری سیستەمەکان واتا ژیان بەویستی مرۆڤ نەک سیستەم .لەسەرەتاوە مرۆڤ سیستەم دروست دەکات،بەڵام دواجار سیستەم مرۆڤ دروست دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە