جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق و داڕزینی هێزی بەرگری ئەو دوو وڵاتە

Saturday, 04/09/2021, 23:17

3355 بینراوە


پاراستنی جەوهەری لە رۆژئاوای کوردستان

یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەت، داماڵین و بێبەش کردنی گەلانە لە مافی پاراستنی جەوهەری. پاراستنی جەوهەر بنەمایەکی خۆزایی و زانستی هەیە. دوڵەتەکان دەیانەوێ پێچەوانەی راستینەی زانست و سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگا، جۆرێک کۆمەڵگا رێک بخەن تا بتوانن بە ئاسانترین شێوە بیچەوسێننەوە. چاو لێبکەن، کاتێک میکروب یان ڤایرۆسێک دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، خۆرۆکە سپییەکان (گلبول سفید)، بۆ بەرگری لە لەش دەکەونە خۆ. یان بیهێننە پێش چاوتان، کاتیک کە چاو هەست دەکات شتێکی وێدەکەوێت، بە بێ ئەوە تۆ بیری لێبکەیتەوە، چاو دەتروکێت. لە سروشتدا، گوڵ چەند ناسکە، بەڵام بۆ بەرگری لە خۆی دڕکی هەیە و ...هتد. دەتوانین ریزێکی بەرفراوانتر لەم نمونانە بهێنیتەوە. بە پێی هەموو پێوەرەکان، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ناتوانێ بێ پاراستن بمێنێتەوە. کاتێک کۆمەڵگا ئەم مافەی لەدەستدا، بەستەری بێ ئیرادە کردن، تەسلیمبوون و چەوسانەوەی خۆی فەراهەم دەکات. دەوڵەت ئەو بوتە خۆش خەت و خاڵەیە کە کۆمەڵگا بەرەزامەندی خۆی، خۆی تەسلیمی دەکات! دەوڵەتان لە ژێر ناوی ئەرتەش و ناوی جۆراجۆردا کە گوایا ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگایان دەکەوێتە ئەستۆ، کۆمەڵگا تەسلیمی خۆیان دەکەن. کۆمەڵگا ناچار دەکەن کە فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و وای نیشان دەدەن کە بەبێ بوون دەوڵەت، کۆمەڵگا لە بواری دەرەکی و ناوخۆییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە! ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتان بۆ خۆیان کۆمەڵگاکانیان لەو مافە بێبەش کردوە و درگای هەموو مەترسییەکیان بەرەورووی کۆمەڵگا کردۆتەوە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی توێژێک و ...
- بەم پێشەکییەوە، دەمەوێ هەڵسەنگاندنێکی کورت بکەم لە نێوانی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستان و عێراق.  
- رۆژئاوای کوردستان بۆ  پاراستنی گەل و دەستکەوتەکان، مافی پاراستنی جەوهەری بۆ گەلانی بەبنەما گرتوە. رۆژئاوای کوردستان بهێننە پێش چاوی خۆتان. ئەرتەشی دوهەمی ناتۆ (تورکیای فاشیست)، بەشار ئەسەد لەو فاشیستر، لەم لاوە خەتی خەیانەت بە سەرکردایەتی بارزانی، دەیان دەستە و تاقمی تێرۆریست و چەتە و مرۆڤکوژ، دەوریان داوە. زلهێزەکانیش وەکوو پێشەی هەمیشەییان خەریکی بێئەخلاقین، بە کورتی لە ناو ئاو ئاگردا نەتەنیا توانیویانە خۆیان بپارێزن، بەڵکوو سیستەمێکیان دامەزراندوە، کە هەموو مرۆڤێکی شرافەتمەند و ئازادیخواز شانازی پێوە دەکات و پاراستنی بە ئەرکی خۆی دەزانێت. لە پاڵ هەموو ئارگیومنتەکان، بێ ئەملاو ئەولا، پاراستنی جەوهەری یەکێک لە هۆکارەکانی شۆڕش، ئاوا کردنی سیستەمی خۆسەری و مانەوەیەتی. گەلان لە پاڵ ئەوە کە لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بەشێوازی راستەوخۆ بەشدارن و لە بەڕێوەبردن و دامەزراندندا بەشدارن، حازر نین لە ژێر هێج ناو و پاساوێکدا مافی پاراستنی جەوهەری لەدەست بدەن.
- لەو لاوە دوو دەوڵەتی عێراق و ئەفغانستان هەیە. گەورەترین زلهێزی دنیا پاڵپشتیانی کردوە. لە ساڵی ٢٠٠١ بەپاڵپشتی ئەمریکا دەوڵەتی نوێ ئەفغانستان دامەزرا و لە ٢٠٠٣یش رژیمی سەدام رووخا و لە ساڵی ٢٠٠٥ دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرا. لە دوای ٢٠ ساڵ لەو مێژووە لە ئەفغانستان و نزیک بە ١٦ ساڵ لە عێراق و دوای مەسرەفی تریلیۆن دولار و دامەزراندی سوپای جۆراوجۆر لە ژێر ناوی جۆراوجۆر و هەزاران نمایشی سەربازی ناوەرۆک فشۆڵ و ...هتد، کاتێک ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، تالیبان توانی لە ماوەیەکی کورتدا نیوەی زیاتری ئەفغانستان داگیر بکاتەوە. لە ئێستاشدا دەوڵەتی عێراق کۆنترۆڵی بەسەر بەشێک لە خاکی عێراقدا نییە و پێش بینی دەکرێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە ئەفغانستانی خراپتری بەسەر بێت. با لەو لاوە بوەستێ کە داعش توانی لە ماوەیەکی کورتدا هێزی سەربازی عێراق و سوریا بشکێنێت و روبەرێکی بەرفراوانی خاکی ئەو دوو وڵاتە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی تا سەرەنجام لە سەر دەستی شەڕڤانان تێکشکا.
- کۆتا قسە. لە رۆژئاوا ئیرادەیەک ئاوا بووە، گەلێک پەروەردە کراوە و رێکخراوە کە مافەکانی خۆی ناسیوە و بەرگری لێدەکات. سیستەمێک ئاوا بوە کە بۆتە سیمبول و قوتابخانەیەک کە دەکرێ وەکوو چارەسەری کێشە گەلان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناڤین بەتایبەت بەبنەما بگیردرێت. 
لەو لا، دوای ئەو هەموو ساڵە، کۆمەڵگایەکی لەبەریەک هەڵوەشاوە، کردنی کۆمەڵگا بە بورکانی رق و کینە و دژبەریی ئایینی و تایفی و نەتەوەی و ...، هێزی بەرگری فشۆڵی گەندەڵ و داڕزاو و گەلێکی بێ ئیرادە و تەسلیمبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە