ئەم کابرایە دەڵێت: 31 ی ئاب بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو!

Thursday, 02/09/2021, 12:46

12882 بینراوە


ئەمساڵ کە ساڵی (٢٠٢١)ـە، لە چاو ساڵانی رابردوودا یادکردنەوەی 31ی ئاب بۆ پارتییەکان زۆر جیاواز بوو. یەکێک لەو جیاوازیی و هۆکارانە پەیوەندیی بە شەڕ و ناکۆکی نێوان پاڤێل و لاهورەوە هەبوو، کە پارتیی بە ئاشکرا کورتانی لە کوڕەکانی تالەبانی بەست و یەکێتیی کرد بە (لقی 66ی پارتی).


دیسان ئەمساڵ لە یادی 31ی ئابدا، دەمی پارتییەکان گەرم بوو، 31ی ئابیان کرد بە رۆژی خەبات و رزگاری کوردستان و وڵاتپارێزیی و هەنگاونان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی. هەروەها باسیان لەوە دەکرد، کە بۆچی پێش سوپای عێراق کەوتن و هەولێریان داگیرکرد. کورد واتەنی (تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دزەکە خاوەنماڵی گرت). هەر بۆیە یەکێتییەکان بێدەنگ بوون و هیچیان بۆ نەمایەوە بەرگری لە خۆیان بکەن.
ئەوەی لێرەدا هانیدام بۆ نووسینی ئەو باسە، قسەی پاراستنێکە، کە خۆی بە کوردێکی نەتەوەیی دەناسێنێت و ناوی (حەمە رەشید هەرەس)ـە، کۆمەڵێک لە کەسی ساویلکە و پارتیی دوای خۆی خستووە، دەستخۆشی لێدەکەن، بە مامۆستا و هونەرمەند و نووسەر پێیدا هەڵدەدەن، ئەویش بە دەمێکی لیکاوی زەردەوە دەڵێت:
"31ی ئاب هەنگاوێک بوو بۆ بەرەو دەوڵەتی کوردی، بەڵام 16ی ئۆکتۆبەر موئامەرەیەکی قێزەون بوو".
ئەم قسەیەی لە فەیسبوکی خۆیدا و لە سایتی (باسنیوز)ی دەزگای پاراستندا نووسیوە، هەروەها لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، (کلیک) . 
لێرەدا منیش بە پێویستم زانی وەڵامێکی ئەم هەرەسی نەتەوەییە بدەمەوە، سەرەتاش لەسەر نەتەوەییبوونەکەی حەمە رەشید هەرەس دەست پێدەکەین، وەک خۆی دەڵێت:
(ئاخر من کەسێکی نەتەوەییم و ئەژمار بۆ هیچ کەس و لایەن و حیزبێك ناکەم، دژی فەلسەفەی بیری نەتەوەیی کوردی بێت):
1. ئەم کابرا نەتەوەییە وا ناسراوە، جاران کە لە زۆر بۆنەدا دەهاتە سەر عێراقی داگیرکەر و قسەی بە عەرەب دەگووت، باسی خورما و وشتر و بیابانی دەکرد. لە رێگای ئەم سێ شتەوە عەرەبی بە پێپەتیی و دواکەوتوو دادەنا. (قسەی زۆر کردووە، کە من کاتی ئەوەم نەبوو، بەدوای ئەو نووسینانەی کۆنیدا بگەڕێم، تا وەکو بەڵگە بیخەمە بەرچاوان).
ئەوەی جێگای سەرنجە، باسی کوردبوون و نەتەوەییبوونەکەیەتی. وەرە کابرا ئەوەندە روو قایم بیت، پارتیی بیت و سەر بە دەزگا بەدناوەکەی بیت، کەچی بڵێیت من نەتەوەییم. ئەوەتا ئەم کابرا نەتەوەییە، پشتگیری لە بروسک نوری شاوەیس دەکات. بروسکە دزەی ئەندامی لیژنەی مەرکەزی پارتیی، کە لەلایەن حکومەتی بەغدادەوە حوکمی زیندانی بۆ دەرچووە، تا ئیستاش پارتی نایدات بە دەستەوە، چونکە لەگەڵ حازم شەعلانی وەزیری بەرگریی پێشوودا زیاتر لە ملیارێک دۆلاریان پێکەوە دزیوە. بروسک ئەو کاتە لە وەزارەتی بەرگری عێراق کاری دەکرد، پێکەوە پارەکەیان دزیبوو، ئەم حەمە رەشید هەرەسی نەتەوەییەش، دەستخۆشی لەو دزە کرد و وتی چاکی کردووە پارەی دزیوە، دەنا حکومەتی عێراق پارەکەی دەدا بە تۆپ و فڕۆکە سەری کوردی پێ پان دەکردەوە، بەمەوە نەوەستا داوای لە بروسکیش کرد، نەختێک لەو پارەی دزییەی بداتێ، تا وەکو موفەڕک هەڵی بگرێت. (بۆ زانیاریی زیاتر کلیکی ئەو سێ لینکە بکە).
1- کوڕەکانی نوری شاوەیس، پیسخۆرەکانی ناو زەلکاوەکەی پارتیی (kurdistanpost.nu)
ئەم کوڕە نەتەوەییە بیرکردەنەوەکانیشی دانسقە و سەیرن، کە پیاو خۆی پێناگیرێت دەبێت بداتە پڕمەی پێکەنین و بە دوایدا خەفەت دایبگرێت، هەر بۆیە کەسێکی وەکو کامیار سابیری لێراست دەبێتەوە گاڵتە بە کوردایەتیی و نەتەوەییەکانیش دەکات.
2. حەمە رەشید هەرەس جاران لە دژی فارس و ئێرانییەکان لە رێگای هێرشکردنە سەر یەکێتیی، هەندێک قسەی دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەبەر خاتری چاوی کاڵی پارتیی هیچ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیتیلاعات ناڵێت، چونکە دەزانێت، هێشتا رێبازەکەی بارزانی لەگەڵ داگیرکەری فارسدا، بەشی رێگای خیانەت و جاشایەتیی تێدا ماوە، بۆیە زیادڕۆیی ناکات و لەسەر ئێران هیچی نییە بیڵێت.
3. لە دژی تورکیاش قسەی نییە، بەڵام ئەگەر ناچاری بکەن وەک وەڵامی کەسێکی دابووەوە، دەڵیت: (تورکیا سەر بە ناتۆیە و دەوڵەتێکی بەهێزە، خۆ ئێمە سەری ئەتۆممان نییە بە گژ تورکیادا بچینەوە). دیسان وەکو رەخنەی رێگاپێدراو هەندێک قسە دەکات، تا گومانی پارتیی و پاراستن لە خۆی بتەکێنێت، دەڵێت: (رژێمی تورکی فاشست و، ئەو یارییە خوێناوییەی بە هۆی پەکەکەوە لەگەڵ کوردی ئەکات.... هتد).
واتا کە باسی فاشستی تورک دەکات ئەویش خەتای پەکەکە دەگرێت، هەڵبەت ئەم رەخنەیەش پاراستن و پارتیی لێی دەکڕن و رێگایان پێی داوە، بەڵام حەدی چییە لەسەر پەیوەندیی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی قسەیەک بە تورکیا بڵێت قسەی زیاد بکات، وەک پەیوەندیی تورکیا و پارتیی و سیخوڕی کردن، یان لەسەر ئەوە قسە بکات، کە تورکیا دەڵێت هەولیر و کەرکوک شاری تورکومانە و کورد بوونی نییە، یان باس لە فرۆشتنی نەوت و بازرگانی و ئەو هەموو دەزگای میتە بکات کە لە کوردستاندا پارتیی رێگای پیداون و بەشێکی زۆری هەرێمیان بە تورکیا فرۆشتووە و تەراتێنی تێدا دەکەن.
کاکە حەمەی نەتەوەیی هیچ قسەیەکی لەسەر ئەوانە نییە، ئەگەر بیەوێت قسەیەک بکات و تێی بگیرێت دەبێت لە پێشدا پاراستن رێگای بدات، کە چۆن بیهۆنێتەوە و لەسەری بنووسێت.
4. حەمە رەشید هەرەس بۆ رۆژئاوا و باکور قسەی باشی پێ نییە، لە چاوی پارتییەوە وەکو دوژمنی کورد، لە باکور و رۆژئاوا دەڕوانێت، بە تام و لەزەتی پارتیی هێرش دەکاتە سەر (پەکەکە)ش، کە دەڵێت: (پەکەکە) بە دروستکردنی کوردستانی گەورە خۆی ناساند، ئێستاش نیخە نیخ خەریکی تێکدانی ئەم کوردستانە بچووکەیە!
ئەم کابرا نەتەوەییە، چونکە سەر بە دەزگای پاراستنە و لەسەر سیاسەت و پەیڕەوی پارتی قسە بە (پەکەکە) دەڵێت، بۆیە بە جاش و بەکرێگیراوی تورکیا لە قەڵەمی دەدات، دەڵێت: ئەگەر (بەم شێوەیە بڕوات ئیتر تورکیا پەکەکە پێش خۆی ناخات، خۆی راستەوخۆ کوردستان داگیر ئەکات).
5. ئەم هەرەسە کاتی خۆی لە ساڵانی 1974ەکاندا لە دەزگای پاراستن و لە رادیۆکەی دەرەوەی (دەنگی کوردستانی عێراق) کاری دەکرد. لە چەند زنجیرەیەکی شانۆگەریی و نواندندا کاری کردووە، بەڵام بیرکردنەوەوە و عەقڵە دواکەوتووەکەی بەرەو پێشی نەبردووە، بۆ نمونە ماوەیەک لە کەناڵی (NRT)ی دایان نا، بەڵام لەبەر دوو هۆکار لەوێ نەما.یەکەم: گومانی ئەوەی لەسەر بوو کە دەزگای پاراستن بۆ سیخوڕی ناردبێتیان، دووەمیش لەبەر ئەوەی بە عەقڵی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەڵسوکەوتی دەکرد و لەگەڵ گیانی سەردەمدا نەیدەتوانی وەکو بێژەر و هونەرمەندێک کار بکات، ئیتر لەوێ نەما و گومانی ئەوەش هەبوو کە دەریان کردبێت.
6. تا ئیستا حەمە رەشید هەرەس، یەک قسەی بە پارتیی نەوتووە، پارتیی بە هێزێک و حیزبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەزانێت، بەڵام کە تێی دەگیرێت دەڵێت: (من وەك هەموو بە ئاگایەك رەخنەم لە دەسەڵاتی کوردی هەیە، بەڵام ئەوەش دەزانم ئەگەر دووبەرەکی و چەند بەرەکی نەمێنێت، ئەئاوا نوقمی گەندەڵی و قوڕبەسەری نابین...).
7. حەمە رەشید هەرەس کابرایەکی کۆنەخواز و باوکسالارە، کە من لێرەدا نامەوێت بچمە ناو ژیانی تایبەتیی و خێزانییەوە، بەتایبەتی لە وڵاتی کەنەدا، ئەمە لێدەگەڕێین و کاری ئێمە نییە، بەڵام ئەوەی پێویستە باسی لیوە بکەین داوێپیسیی ئەم کابرایەیە، دوای ژنی یەکەمی، تا ئیستا بە ناوی ژنهێنانەوە لەگەڵ دوو سێ پیوەژنی کورددا هاوسەرگیری کردووە، لە سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندا خولاوەتەوە، تەنیا بۆ ماوەیەک ئەوانەی هێناوە، دوایی وازی هێناوە، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە، بۆ کەسی بە موراڵ و بەرەوشت کە نرخی ژن و خێزانی لابێت بەو شیوەیە هاوسەرگیری ناکات و بە فێل لەگەڵ ژناندا خۆی رێکناخات، کە لە رێگای ئەم شێوازە ژنهێنانەوە رێک بکەوێت و بۆ ماوەیەک لە گەڵیاندا بێت، دوایی وازیان لێبهێنێت. بەڵام کە دێتە سەر قسە، ئەوەتا لە نووسینێکدا دەڵێت: ژن تەواوكەری ژیانە نەك كەرەسەی رابواردنی پیاو.
من لەسەر ئەمە زیاتر قسە ناکەم، بەڵام ئەوەی لە نزیکەوە بیناسێت دەزانێت ئەمە رەوشتی هەرەسە، نەک کەسانی کوردپەروەر و نەتەوەیی، کە بەردەوام بە خۆیدا هەڵدەدات، کەسی نەتەوەیی، یان هەر بیروباوەڕێکی تر لە پێشدا دەبێت خاوەنی رەوشت و موڕاڵ بێت، نەک زمان و ناوگەڵ، ئەمەی حەمە رەشید هەرەس دەیسەلمێنێت، کە رەوشتی، تەنیا خەسڵەتی رەوشتی پاراستن و پارتیی و بنەماڵەی بارزانییە.
8. حەمە رەشید هەرەس یەکێکە لەو کەسانەی، موچە و خانەنشینی لە پارتیی وەردەگرێت، لای چەندین کەس لە هاوڕێ و خزمەکانی خۆی باسی کردووە، دەڵێت: ئەوەندەم پارە هەیە، خۆشم نازانم چۆن خەرجی بکەم.
9. کە باس دێتە سەر گەندەڵی و خیانەت و ناپاکی، لەمەدا قسە بە خۆفرۆش و خائینەکان دەڵێت، بەڵام پارتیی و بنەماڵەی بارزانی وەکو خائین و ناپاک ناوناهێنێت. تەماشابکەن بزانن چۆن فەلسەفاندویەتی کە دەڵێت: 
(کەس ژن و مێرد نابینێت سێکس بکەن، ئەی ئەو هەموو مناڵانەیان چۆن بوو؟
ئینجا قسەکەی تەواو دەکات و دەڵیت:
(کەسیش خۆفرۆش نابینێت، بە بێگانە خۆی بە سێکساندن ئەدات، ئەی ئەم هەموو زۆڵە کوردە چۆن قوت دەبنەوە؟).
کاکی نەتەوەیی باس لە سێکسی ژن و مێرد دەکات، خۆفرۆشێک و بێگانەیەکی داگیرکەریش وەکو ئەو ژن و مێردە دەچوێنێت، کە بەچکە زۆڵی کورد دەخەنەوە. منیش بە عەقڵی ئەو حەمە رەشید هەرەسە، نمونەکە زیاتر روون دەکەمەوە، وای لێدەکەین، پیاوەکە دەکەینە داگیرکەر، ئاماژە بە (تورکیا و میت) دەدەم. پارتیی و بنەماڵەی بارزانییش کە هاوپەیمانیی و گرێبەستیان لەگەڵ تورکیادا هەیە، بە حوکمی بەراوردکردنەکە دەکەینە ژنەکە، لەسەرەنجامی ئەو پەیوەندییەدا میت و پاراستن، یان تورکیا و بنەماڵەی بارزانی زۆڵە کورد دەخەنەوە، کەوابوو بەپێی تیورییەکەی کاکە حەمە رەشید هەرەس، ئەوا دەتوانین بیسەلمێنین، ئەو هەموو زۆڵە کوردانە کە ئەمڕۆ قوت بوونەتەوە، بەرهەمی ناوگەڵی بارزانییە، بە سواربوونی تورکیا، یەکێک لە بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەش، هەڵبەت دەبێت حەمە رەشید هەرەس بێت، ئەگەر حەمە رەشید هەرەس بڕوا ناکات با بچێت نووسینەکانی خۆی بخوێنێتەوە، (DNA)ی خۆی وەربگرێت، تا بزانێت ئایا بە رەچەڵەک دەبێتە بەچکەیەکی میت و پاراستن، یان دەبێتە رۆڵەیەکی رەسەنی کورد!؟
10. لە کۆتاییدا سەرنجتان بۆ شتێکی سەیرتر رادەکێشم ئەویش ئەوەیە، کە لە زمانی خۆیەوە ئەم بەسەرهاتەی خوارەوە دەگێڕێتەوە:
(ساڵی ١٩٨١ کرام بە چاودێر بەسەر قوتابیانی ناوندییەوە، کابرایەکی تورکومان لێپرسراوی تاقی کردنەوەکە بوو، یاریدەدەرەکەشی خانمێکی کورد بوو،...... قوتابییەك کوڕی شەهیدێکی شۆڕشی ئەیلول بوو، داوای لێ کردم یارمەتی بدەم، منیش ئەوەی توانیم یارمەتیم دا، مامۆستا عومەر ئاوەکەڵەییش، کە ئەویش وەك من چاودێر بوو هات بۆ لام وتی: قوتابییەك داوای یارمەتی ئەکات، منیش هیچی لێ نازانم، بەویشم وتەوە. خانمە یاریدەدەرەکە بە کابرای تورکومانی وت: ئەو دوو مامۆستایە بە قوتابییەکان ئەڵێنەوە، شیرازەی تاقی کردنەوەکەیان بچڕاندووە) (کلیک)
ئەرکی مامۆستا تەنیا وانە گووتنەوە نییە، بەڵکو دڵسۆزییە لە پیشەیدا. مامۆستا دەبێت لە رێگای پەروەردەی دروستەوە، خوێندکارەکانی پەروەردە بکات و هانیان بدات بخوێنن و فێربن، بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست بۆ کۆمەڵگا دروست بکات، لەو رێگایەوە کۆمەڵگا وشیار بێتەوە و بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێت. بۆ میللەتێکی ژێردەستەی وەک کورد، خوێندەواریی و ئەو جۆرە پەروەردەیە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە. دروستبوونی نەوەیەکی وشیار و زیرەک و بلیمەت ئەرکی مامۆستایە کە لە کارەکەیدا بەجێی بهێنێت و لەگەڵ گیانی سەردەمدا رێبکات و دوانەکەوێت، نەک بە ساختە و قۆپیکردن بڕوانامەیەک بە دەست بهێنن. مامۆستای دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان و نەتەوەکەی، کاتێک ئەرکێکی وای پێدەسپێرن دەبێت رێگری لە ساختەچێتیی قۆپییەکردن بگرێت، نەک خۆی یارمەتییان بدات، تا بە ساختە بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن. ئەگەر ئەم کابرایە مامۆستایەکی دڵسۆز و خاوەنی موراڵێکی بەرز بوایە، دەبوو رێگری لێبکردایە، کەچی بەشانازییەوە هاتووە بۆمان دەگێڕێتەوە، کە چۆن یارمەتی قوتابییەکی داوە و وەڵامی پرسیارەکانی بۆ داوەتەوە.
ئینجا قور بەسەر ئەو کوردەی، کە ئەم کابرا ساختەچییە دەم هەراشە، دڵسۆزی بێت، هەشەکەش بەسەری حەمە رەشید هەرەس، کە وەکو چاودێرێک ئەوە رەوشت و موراڵی بێت. ئیتر بزانە ئەم کابرایە، چۆن بێشەرمانە باس لە هەرەسی ئەخلاقیی خۆی دەکات، ساختەچیتیی و قۆپیەکردن بە کوردایەتیی و دڵسۆزیی لێک دەداتەوە، ئەوەندە بێشەرمە شانازیشی پێوە دەکات، کە چۆن یارمەتی قوتابییەکی تەمەڵی پارتی داوە، بە کارێکی جوان و دڵسۆزیی لێکدەداتەوە، گوایە ئەوەندە کوردپەروەر بووە، بۆیە ئەو مامۆستا تورکومان و ژنە کوردەش چوون خەبەریان لێداوە.
ئیتر بەسە من دەستم وشک بوو، هیچم پێ نەما، ئەم نووسینە بۆ ئێوە جێ دەهێڵم و لە کۆتاییەکەیدا وەکو برادەرێک دەڵێت: (میللەتێک حەمە رەشید هەرەسەکەی نەتەوەیی بێت، ئاخۆ خائین و ناپاکەکانی کێ بن و چۆن بن؟).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە