کەپ

Tuesday, 09.07.2021, 5:50

1385 بینراوە


لە نیشتمانی ئێمەدا مرۆڤەکان کاتێک گوزەر ئەکەن هەردوو چاویان بە تووندی نووقاندوە و نایانەوێ ناشرینییەکان ببینن. ئەو چاوانەی کە پێویستە کراوە بن ، داخراون.. هیچ کات وەك ئێستا پێویستمان بەوە نیە کە چاوەکانمان بە کراوەیی بهێڵینەوە، لەبەرئەوەی ناشرینی و خیانەت و هەراجکردنی نیشتمان و فەرهود کردنی سامانی سەر و ژێر زەوی بە ڕۆژی نیوەڕۆ، حەپەلووش ئەکرێ.. ڕەنگە ئە گەر هەنووکە چاوەکانمان نەکەینەوە ئێدی ئەوەی هەمان بووە و ئەوەی ماوەتەوە بە تەواوی گسکی لێ بدرێت و پارچە مقەبایەکی شڕیش دوای خۆیان ، جێناهێڵن.
لەسەردەمی دزین ، پیسخۆری، شەڕواڵ پیسی، گەندەڵی، نیشتمانفرۆشی، تیرۆرکردنی مرۆڤ، ئازادیی، یەکسانی بزر، هەڵفڕانی نیشتمانخوازن، قەلفڕی گەنجان، کوشتنی ژنان، دەیان و سەدان دیاردەی نامۆی تر کە یەخەی کۆمەڵگای کوردەواریی گرتوە و هەناوی لێبڕیوە، هاونیشتمان و مرۆڤە جوانەکانی ئەم نیشتمانە تەنیا سەریان نزم کردۆتەوە و لە زەوی ئەڕوانن. یان بە چاویلکەیەی ڕەش و تەڵخ خۆیان بەدوور ئەگرن و نایانەوێ چاوەکانیان ڕاستیەکان بپێکن. 
ئێمە لەم سەردەمەدا هەرچی کون لەدەم و چاوماندایە ئاخنیومانن و کڵۆمان داون، ئاخر کەی کاتی ئەوەیە چاوەکانمان بە دەستی خۆمان و بە ئەنقەست بزەی لێ بستێنیوە.. چۆن ئەبێ چاوەکانمان ئەرکی بینین و چاودێری و پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگا و بەرژەوەندیە بەرزەکانی نیشتمانی لێ زەوت بکەین؟ چۆن ئەبێ وەك گوێمان کەڕ کردوە لەئاستی دەسەڵاتە بەکرێگیراوەکەی جووت بنەماڵە، ئاوهاش چاوەکانمان تییلکەین لەئاستی سەراپا ناهەمواریەکان؟!.
ئێمە تەنیا چاوەکانمان لەسەر لاواز و بێ پشت و پەنا و لانەوازەکانە، چاوەکانمان تەنیا ڕەش و سپی مرۆڤە جوانەکان ئەبینێ و پێچەوانەکەیان، نابینێ. کەی ئەرکی چاو داخستن وکوێربوونە، کوێربوونێکی دەست کردەیە لەئاست تاوان و ڕەشەکوژی ئەم  دەسەڵاتە دز و چەتە و خاکفرۆشانە؟!
کوا ئەم سەردەمە هی ئەوەبێ چاوەکانمان نەکەین بە چوار چاو تا بتوانین هەڵە و تاوان و چەوتیەکان چارەسەر بکەین و بگەڕێین بەدوای ژیانێکی شایستە و باشتر بۆ نەوەکانمان . ناکرێ تا سەر لەسەر هەر چاوێك، کەپێکی لێ ببەستین.