فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن (بەشی یەکەم)

Wednesday, 08/09/2021, 20:27

5353 بینراوە


پێشەکی

ئەمە پێشەکییەکە، بۆ ئەو وتارەم ( فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن)، کە چەند ساڵ لەمەوبەر بڵاوم کردووە و بە پێویستم زانی، بە سەریدا بچمەوە و جارێکی تر بڵاوی دەکەمەوە.
بەڕای من سیستەمی حیزبایەتی و ھەڵبژاردن و پەرلەمان، بۆ گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، دیاردەیەکی نامۆ و بێسوودە. کۆپییەکی قێزەوونکراوی تێگەیشتنێکی شارستانی خۆرئاوایە، لەگەڵ پاشخانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین ناگونجێت، حوکومەتەکانیان، بەدین بن یا بێ دین، چەپ بن یا ڕاست، بێجگە لە ڕوخسار کە لەیەک جودان، ھەمان ناوەرۆکیان ھەیە نموونە: سعوودییە، ئەفگانستان، ئێران و لبنان، تورکیا ....عێراق و ھەرێم و پاکستان و ....ھتد.
لەم وڵاتانەدا، ھەمان دەرس و زانستی زاستگەکانی، بریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمێریکا دەخوێنن، بەڵام دەرچووانی ئەم زانستگایانە ھیچ بیرکردنەوەیەکی جودایان لە کۆمەڵگاکاندا دروست نەکرد و نەبوونە بزووتنەوەیەک کە بتوانن ڕێبەرایەتی کۆمەڵگاکان بکەن و سیستەمە سیاسییەکە، بگۆڕن و ئەوەی لەماوەی خوێندنیاندا فێری بوون، لە ژیانی ڕۆژانەدا بۆ بنیاتناوەیەکی نوێی خۆیان و کۆمەڵگاکانیان بەکاری بێنن.
کۆمەڵگە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان، نەک نەیانتوانی، ڕایەکی گشتی لەمەڕ کێشەیەک دروست بکەن و کۆمەڵگا و ژنان ئامادە- و پەروەردەبکەن، بۆ گۆڕان وەر چەرخانێک لە بیرکردنەوەدا، زەمینەی ئازادی بسازێنن، بەڵکو زۆرجاران خۆیان بوون بە سەرچاوەی کێشەی نوێ بۆ کۆمەڵگا، ئەوانیش وەک حیزبە تەقلیدییە داڕزاوەکان، بوون بە چەند دەستەی دژ بەیەک و سەر بەحیزب یان کەسێک بوون لەناو حیزبێکدا، بووە کلتووری پێڕەوکراو، نەیانتوانی ببنە بزووتنەوەیەکی گەلی سەربەخۆ کە ڕۆڵیان هەبێت. 
ئەفسەرێکی سەرچڵ دەتوانێ بە کودەتایەک، چل ساڵ کۆمەڵگایەک بکاتە کۆیلەی خۆی. لیبیا، سووریا...هتد
مەلایەک بە چەند دروشمی ھەزار ساڵ لەمەو بەرەوە دەتوانێ، کۆمەڵگایەکی ھەشتاونۆ ملێۆنی بۆ ماوەی چل ساڵ بگەمژێنێ و چی بووێت پێیان بکات، ئێران.
حیزبێک بە لەشکرێکی ھوت بوو بە مادەھۆشبەرەکانەوە، دیمۆکراتییەتێکی دامەزراو (بە ڕواڵەت)، کە ناوەندی ھەموو چاپەمەنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بوو، وێران بکات و حوکومەت دروست بکات و حوکومات بگۆڕێ و لەسەر شەقام سەرۆک وەزیران بداتە بەر شەق، تیرۆری بکات و لێپرسینەوەشی لێ نەکرێت، لوبنان.
پیاوێک بێت و بە ناوی ڕێبازی باوکییەوە، کە میللەتێکی ئاشبەتاڵ پێکرد و لەسەر شانی میللەتێکی ئەنفالکرا و بۆمبارانی کیمیاوی کراو، ئەوەی ھۆشی ناجێگیریی دەیەوێ، بەسەر بەشێکی گەورە لە نەتەوەیەکدا بیسەپێنێ و پەلکێشکردنی دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە لە خەڵکەکە بکاتە (کوردایەتی!!) و کڕیارێکی زۆریش لە مامۆستایانی زاکۆکان!!! ئەم کاڵایەی بە تامەزرۆییەوە لێ بکڕنەوە، ھەرێمی باشووری کوردستان و بارزانی.
دوو کوڕ بێن و حیزبێک و دوو حیزب و ... لەسەر خۆیان تاپۆ بکەن و بڵێن ئەوە موڵکی باوک و باوەگەورەی خۆمانە و ئێمە ئاوا بڕیار دەدەین و مامۆستایانی زانکۆکانیش!!! بە تامەزرۆییەوە کڕیاری ئەم کاڵایە بن لێیان و خەڵکەکە چاوەڕوانی، ڕاوێژی ئەوان بن و چیان دەوێت ئەوە بکەن و بڵێن کارەکانی ئێمە عەینی حەقیقەتە، گرین زەون سلێمانی، بافێل تاڵەبانی.
دڵنیام ھەمووتان دەتوانن، لیستەیەکی درێژ لەم نموونانە لای خۆتان تۆمار بکەن.
ئەمەی ڕوودەدات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هەرێمیشەوە، شکستی پڕۆژەی ڕۆشبیریی و ھوشیاریی و زانستە، ڕمانی پارتە نەتەوەییەکان و ئەداوئەتواری ڕۆشنفکرانەی شاعیران و نووسەران و سینەماکارانە، چوونکە کۆپییەکی قێزەوونکراوی دیاردەیەکی شارستانی ڕۆژئاوایە و ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەی کۆمەڵگاکان نییە لەلایەن زانکۆ و قەڵەم و بیریارانی ئەو کۆمەڵگایانەوە.
شکستی ڕۆشنبیران و قەڵەمی کۆپیکراوی درۆزنانەی بەھەرزان فرۆشراوە، ھەڕاجکردنی ھونەر و ئازادییە، بە نانی ڕۆژ.
کام زانکۆیە دەتوانێت، چارەکی مزگەوتێک، گەنجەکانی کۆمەڵگا لە دەوری مەلایەکی خورافی، بۆ سیمیناری دکتۆرێکی زانکۆکەی کۆ بکاتەوە؟!
دەی تۆ ھەر بڵێ، ئەرکی من کۆکردنەوەی خەڵک نییە و لێکۆڵینەوەی زانستییە!!.
نەتوانیت بە لێکۆڵینەوە زانستییەکەت، ڕێگایەکمان پیشان بدەیت، چوونکە نەت بوو ئێمەش نەمان بینی، نەتوانیت خەڵکانێک لە دەرەوەی زانکۆ لێک نزیک بکەیتەوە و ڕێنمایان بیت بۆ بچووکترین، گۆڕانکاریی و لە زۆر حاڵەتیشدا، لە ڕەشەکوردەکە لە دواتری، نموونە: هیچ زانستگەیەکی هەرێم بەهەموو دامودەزگاکانییەوە، نەیتوانیووە وەک (کاک ئازادی جووتیار) تاقی کردنەوە و لێکۆڵینەوەی کردبێ!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە