تاڵیبان و موراجەعە

Wednesday, 08/09/2021, 20:40

4139 بینراوە


کاتێ لە شوێنێکی ئەم دنیایەدا، فۆڕمێکی دەسەڵاتی دینی دێتەوە ناو واقع، ئیتر پێویستە ئێمە تۆزێ بگەڕێینەوە دواوە بۆ ناو مێژوو، بزانین ڕۆژێك لە ڕۆژان، دەسەڵاتی دینیی چیکردوە بۆ دنیاو چی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردوە، تاکو لە ئێستادا دووبارەی بکەینەوە؟
عەقڵی دینی بەردەوام خەو بە دوێنێوە ئەبینێ و بەڵێنی گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی باوان و پێشینان ئەدات، لەکاتێکدا ئەو دوێنێیە هیچ نیە جگە لە دۆزەخێك کە نمونەیەکی ناشرینی سەردەمی کۆنیش بووە، چجای ئەوەی کە بیکەیت بە نمونەیەك بۆ دنیای مۆدێرن و سەردەمی ئێستا!
شەڕی بەردەوامی نێوان دینەکان، شەڕی بەردەوامی مەزهەبەکانی ناو هەر یەکێ لە دینەکان، کوشتن و سەرپەڕاندنی ئینسان لەسەر جیاوازی دینیی، کردنە دەرەوەی ژن لە بازنەی ماف و کەرامەتی ئینسانیی، کوشتنی فەیلەسوف و زاناو داناکان لەلایەن دەسەڵاتی دینییەوە بە فیتی کاهینەکان.. ئەمانەو دەیان نمونەی قێزەونی تر، کە مرۆڤایەتی تێیپەڕاندوە، ئایا ئەکرێ لە بەرگی دیندا بکرێتەوە بەرمان و نەشپرسین بۆ؟
دۆزەخەکە لە فیکرێکی تاریکەوە دێت کە پێویستە بیخەینە بەردەم ڕووناکی عەقڵ و بیرکردنەوە. مەسەلەن کاتێ تاڵیبان ئەڵێن ئێمە بە شەرع حوکم ئەکەین، ئایا دەستبڕێن، کوشتنی مورتەد، سوکایەتی بە جیا دینەکان، بە کۆیلەکردنی ئینسان و فرۆشتنی لە سوقی نیخاسە، فرەژنی و بەشودانی کچی مناڵ و بە عەورەت ناسینی ژن و کورتکردنەوەی لە جەستەدا.. ئایا مەبەستیان لە حوکمی شەرع ئەمانەیە؟ 
ئەگەر مەبەستیان ئەوەیە، با هەموو ئینسانێكی ئازادو هۆشیار، دژی فیکری تاریکیان بوەستێتەوە. ئەگەریش مەبەستیان ئەوە نیە، با ڕاستەوخۆ ڕایگەیەنن کە دین بێبەرییە لەو شتانەو چیتر ئەوان بڕوایان بەو پۆخڵەواتانە نیەو بە دینی نازانن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە تاڵیبان و داعش و بۆکۆحەرام و سەلەفی و ئیخوان و ئیسلامییەکانی خۆشمان، جورئەتی ئەوەیان نیە موراجەعەو موحاکەمەیەکی عەقڵیی و مێژوویی حوکمە شەرعییەکان بکەن!
ئیتر ئێمەش حەقی خۆمانە لە دۆزەخەکەی شەرع و وەحشەکانی ناوی بترسین. ئیتر ئێمەش حەقی خۆمانە هەموویان بە چاوێك سەیربکەین، مادام توندو نەرمیان بڕوایان بە هەمان پۆخڵەواتەکانی حوکمی شەرعی هەیەو کەسیان بە ڕاشکاویی ڕەتی ناکەنەوە. تەنانەت لێرەدا توندڕەوەکان بڕێك ڕاستگۆترن، چونکە بە ئاشکرا ئەڵێن شەرع ئەوەیەو جێبەجێ ی ئەکەین. بەڵام نەرم و میانڕەوەکان فێڵ و نیفاقمان لێ ئەکەن و لەمسەرەوە نایدەن بەدەستەوەو بۆمان هەڵئەگرن بۆ ئەوسەر!
ئیسلامی و دیندارەکان لەبری ئەوەی ئێمە بخەنە بەردەم هەڕەشەو تیرۆرو تۆقاندن، وا چاکە فیکری خۆیان بخەنە بەر نەشتەر. بۆئەوەی چیتر خۆیان و دینەکەشیان لەوە ناشرینتر نەبێت و دنیاکەش لەوە کاولتر نەکەن. ئەوانەی لەسەر ئەم قسانە بە ئێمەمانان ئەڵێن زندیق و کافرو مولحید، لەبری تۆمەت و تەکفیرو کوشتنمان، با جوابی پرسیارەکانمان بدەنەوەو با گفتوگۆ کۆمان بکاتەوە، نەك خوێن و فیشەك. تۆزێ عەقڵمان فراوانکەین دنیاکە جێگای هەموومانی تێدا ئەبێتەوە،، ئەوە تەنیا عەقڵی تەسك و تاریکە، کە ناتوانێ پێکەوەژیان بفامێ و بە هەڕەشەو تیرۆر، جیاوازیی ئەکاتە دەرەوەی دنیاکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە