جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و وەڵامی بەشێک لە پارتە رۆژهەڵاتییەکان

Thursday, 09/09/2021, 19:31

2536 بینراوە


وەڵامی پارتە رۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی باشووری کوردستان بە هەڕەشەکانی سوپای پاسداران، وەڵامێکی شەرمێومنانەیە کە تەعبیر لە ئیرادەی پارتێک ناکات کە ئیرادە و سنوورەکانی داخوازی داگیرکەر بەرەسمیەتی ناناسێت. تەعبیرە لە ئیرادەیەک کە لە ژێرناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی باشووری کوردستان، لە چوارچێوە و سنورێکدا یاری دەکات کە داگیرکەر بۆی دیاری دەکات و ئەمیش بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەمجۆرە تەسلیمبوونە، بەرژەوەندییەکانی ئەوبەشەی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو هەرێمە دەکات ئارگیومنت بۆ ئەو رەوشە کە تێدایە غافڵ لەوە کە کاربەدەستانی هەرێمی باشووری کوردستان بەگشتی و لە ئێستادا بنەماڵەی بارزانی کە یارمەتی مانگانەیان ئەوانیش دابین دەکات، دەمێکە تەسلیمی ئیرادەی داگیرکەران بوونە. تازەترین بەڵگەش لێدوانەکانی نێچیر بارزانییە کە رایگەیاند ئێمە خۆمان بەبەشێک لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانین!
هەنگاوی یەکەمی تەسلیمبوون، ئەوەیە کە تۆ یەکەم خواستی داگیرکەر جێبەجێ بکەیت. بێگومان هەنگاوەکانی دیکەش بەدوادا دێت. چاولێبکەن، وەڵامەکان وەڵامی بندەستێکە بە باڵادەستێک کە هەوڵ دەدات بڵێ من لەو سنوورە کە تۆ بۆت دیاری کردوم، لام نەداوە، یان رازی کردنی لایەنێکە کە دەمێکە تەسلیمی ئیرادەی داگیرکەر بوە. ئێمە وامان نەکردوە وادەکەین و ئەمە راست نییە کە وامان کردوە و ....!
پارتە کوردییەکانی دەبێ ئەوە هێڵی سووریان بێت، داگیرکەر چی وت، لە دژی رابوەستن. هیچ پاساوێک ناکاتە ئەوە کە تۆ داخوازییەکانی داگیرکەر جێبەجێ بکەیت. پارتێک چۆن دەتوانێ لە سنووری خواستەکانی داگیرکەرێکدا یاری بکات کە خاکەکەی داگیر کردوە؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە